ئیبراهیم تاریمورادی ئیزنی مەرەخەسی دەرمانی پێدرا

19:13 - 9 گەلاوێژ 2722

ئەمڕۆ یەکشەممە ٩ی گەلاوێژ، ئیبراهیم تاریمورادی زیندانیی سیاسیی کورد لە زیندانی ناوەندیی سنە، ئیزنی مەرەخەسی دەرمانی پێدرا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو زیندانییە سیاسییە بەهۆی نەخۆشیی دڵ و پشت ئێشە بۆ ماوەی دە ڕۆژ هاتووەتە مەرەخەسیی.

ڕۆژی یەکشەممە ١ی جۆزەردان، ئیبراهیم تاریمواردی کوڕی محەممەد  ساڵح خەڵکی گوندی "هەمڕۆڵە"ی شاری سنە پاش بانگهێشت کردنی بۆ لقی ٤ی جێبەجێکاری یاسایی کەیفەریی ئەو شارە، بۆ جێبەجێکردنی حوکمەکەی دەسبەسەر و ڕەوانەی زیندان کرابوو.

ئەو هاووڵاتییە ئەو بانگهێشتنامەیە ڕۆژی دووشەممە ٢٦ی بانەمەڕ لەلایەن لقی ٤ی جێبەجێکردنی یاسای کەیفەریی سنە بە دەستی گەیشتبوو.

ڕێبەندانی ساڵی ڕابردوو، دادگا ئەو هاووڵاتییە کوردەی بە تۆمەتی "پڕۆپاگەندە دژی نیزام و پەیوەندی و هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزیبە کوردییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی حکوومەتی ئێران" لەلایەن لقی ١ی دادگای ئینقلابی ئەو شارە بە سەرۆکایەتی دادوەر "سەعیدی" بە ساڵێک زیندانیی تەعزیری و ٣٠ ملیۆن تمەن سزای نەختی، مەحکووم کردبوو.

 ڕۆژی یەکشەممە ٤ی ڕەزبەری ١٤٠٠، ئیبراهیم تاریمورادی بە دانانی بارمتە بە شێوەی کاتی هەتا قۆناغی کۆتایی دادگاییەکەی لە زیندانی سنە ئازاد کرابوو.

ئەو هاووڵاتییە لە ماوەی دەسبەسەرکرانیدا لە "چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵە" و "دەسپێڕاگەیشتن بە پارێزەر" بێبەری و پاش تەواوبوونی ماوەی لێپرسینەوەکەی لە گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە بۆ زیندانی ئەو شارە ڕاگوێزرابوو.

شەوی شەممە ٢ی گەلاوێژی ١٤٠٠، هێزە ئەمنییەتییەکان بە بێ بەڵگەی یاسایی هێرشیان کردبووە سەر ماڵی ئەو هاووڵاتییە و پاش پشکنینی ماڵەکەی ناوبراویان دەسبەسەر کردبوو.

هێزە ئەمنییەتییەکان لە کاتی پشکنینی ماڵی ئیبراهیم تاریمورادی، هەندێک کەرەستەی کەسیی ناوبراویان لەگەڵ خۆیان بردبوو.