كۆمەڵكوژی لە كوردستان لەزاری شایەتحاڵان و لە دووتوێی ئامارەكاندا + ڤیدیۆ

ئاژانسی كوردپا: پاش شۆڕشی گەلانی ئێران، زنجیرەیەك كۆمەڵكوژیی خەڵكی شار ‌و گوندەكانی كوردستانی ئێران دەستی پێكرد و كۆمەڵێك لە خەڵكی كوردستان پێچەوانەی یاسا و رێوشوێنە نێودەوڵەتییەكان و بێ‌ هۆ بوونە قوربانی.

ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا، لە راپۆرتێكدا و بە مەبەستی خستنە رووی هێندێ‌ زانیاری و ئاماری ئەو كوشتارانە، لەگەڵ چەند كەس لە شایەتحاڵانی ئەو رووداوانە لە شار و گوندەكانی كوردستان دیمانەی پێكهێناوە و لەزاری ئەوانەوە ئامارەكان دەخاتە روو و باس لە دیمەنی هەژێنەری كوشتنی خەڵكی كوردستان دەكات.
\"6081.jpg\"
راستیی كۆمەڵكوژییەكان لە كوردستان لەزاری شایەتحاڵانەوە
بەهمەن دێهقان:

بەهمەن دێهقان خەڵكی گوندی \"پیرانجوق\"ی سەر بە ناوچەی سۆمای ورمێ‌ كە خۆی شایەتحاڵ و بینەری رووداوی كۆمەڵكوژیی گوندەكەیان بووە، بەم چەشنە رووداوەكەی گێڕایەوە و وتی: \"رێكەوتی 7ی خاكەلێوەی ساڵی 1362ی هەتاوی گوندێك بەناوی \"پیرانجوق\" كەس رە بە شاری ورمێ یە، كاتژمێر 5ی سەرلە بەیانیی هێزەكانی ئەرتشی حكوومەتی ئیسلامیی ئێران بە چاوساغیی هێندێ‌ هێزی خۆجێی فریودراو دەوری گوندیان دا و بۆ ماوەی 7 سەعات گوندیان دایە بەر هێرشی تۆپ و خۆمپارە و كاتیوشا و بە شێوەیەی زۆر دڕندانە و بێبەزیی و دژە مرۆییانە، ئەوەیان بۆ گرینگ نەبوو كە كێ‌ ژنە و منداڵ و پیر و پەككەوتەیە، تەنیا مەبەستیان ئەوە بوو كە كوردە دەبێ‌ چاوترسێن و قەلاچۆ بكرێت\".

\"لە ئەنجامی ئەو هێرش و كوشتارەدا 17 دانیشتووی گوندی پیرانجوق لە ژن، منداڵ، لاو و پیرەوە بگرە بوونە قوربانی، بەڵام ئەگەر خەڵكەكە و هێزی بەرگری دیفاع و بەرەنگارییان نەكردبا، بێگومان 80%ی خەڵكی گوندیان دەكوشت، چونكە ئەو هێزانە هەموو ئامانجیان ئەوە بوو و بۆ ئەوەش هاتبوون كە تێكڕای دانیشتوانی پیرانجوق قەڵاچۆ بكەن.

بەهمەن دێهقان لە درێژەی لێدوانەکەیدا بۆ ئاژانسی کوردپا وتی: \"رووداوەكە بەم چەشنە بوو، خەڵك لە ترسی گیانیان لە ماڵان نەدەهاتنە دەر و هێزەكانی حكوومەتیش بۆ دەرپەڕاندیان ماڵانیان دەدایە بەر تۆپ و گوللەباران و كاتێك خەڵك دەردەكەوتن دەستڕێژیان لێدەكردن و دەیانكوشتن، یەك لەو رووداوانە كەلە گشت هەژێنەرتر بوو بۆ من، ئەوە بوو كە یوونس دێهقان كە تەمەن 7 ساڵان بوو كاتێك دەیهەویست لە ماڵی خۆیانەوە بڕواتە ماڵێكی تر و خۆی حەشار بدات، لەلایەن یەكێك لە پاسدارەكانەوە درایە بەر دەستڕێژ و زیاتر لە 20 گوللەی لێدا و گیانی لێ‌ ئەستاند\".

ناوی قوربانییان بریتین لە: \"نحۆ عەلیزادە، فەهیم خالیدی، مەحموود خالیدی، جاسم میكائیلی، حەلیمە میكائیلی، محەممەد رۆستەمی، عەلائەدین عومەرزادە، جەهانگیر پەرستار، حوسێن زەنگەكانی، عەبدولڕەحیم زەنگەكانی، ئەسعەد نەخشینی، سەلاح زەنگەكانی، سەبری شەفیقی، سافێ‌ خدری، یوونس دێهقان، مەعسوومە تاهیری و جایزە عەلیزادە و جیا لەو كوژراوانە كۆمەڵێكی دیكەی خەڵك بریندار كران\".

بەهمەن دێهقان ئاماژەی بەوەش كرد، كە \"هێزەكانی حكوومەتی ئیسلامی بیانوویان ئەوە بوو كە خەڵك و دانیشتوانی ئەو گوندانە داڵدەی هێز و ئۆپۆزیسیۆنە كوردییەكان دەكەن، بەڵكوو بە خاترجەمییەوە دەڵێم كە لەو كات و ساتانەدا لەو دەورووبەرە هیچ هێزێكی چەكدار و پێشمەرگەی كورد نەبووە، بەڵكوو ئامانجی ئەوان تەنیا كوشت و بڕ و لەناوبردنی كورد و سەپاندنی دەسەڵاتی كۆماری ئیسلامی بوو\".

\"6082.jpg\"
حەبیب حەسەن سیفەت:
\"حەبیب حەسەن سیفەت\" هاووڵاتیی خەڵكی گوندی \"سیناوە\"ی سەر بە ناوچەی سۆما لە شاری ورمێ‌ كە خۆی یەكێك لە شایەتحاڵانی رووداوی كۆمەڵكوژیی گوندەكەیان بووە، بەم چەشنە بۆ ئاژانسی كوردپا دوا: \"كاتژمێر 5ی بەیانیی رێكەوتی 27ی رەشەممەی ساڵی 1363ی هەتاوی، لەلایەن هێزی ئەرتش بە هاوكاریی هێزە ئیتلاعاتییەكانی حكوومەتی ئیسلامیی ئێران هێرش كرایە سەر گوندەكەمان، لەو ناوچەیە لەبەر ئەوەی هێزی بەرگری هەبوو، خەڵك بەرگرییان لە خۆیان كرد، بەڵام سەرەنجام هێرشیان هێنا و كۆمەڵێكی بەرچاو خەڵكیان قۆڵبەست كرد و دەستیان كرد بە ئازار و ئەشكەنجەی گیراوەكان و دەیانەویست ئەوانەش كە لەناو ماڵان خۆیان حەشار دابوو، بكوژن\".

حەبیب لە درێژەدا وتیشی: \"سەرەنجام دوو مامم بەناوەكانی \"حەسەن و حاجی حەسەن سیفەت\" و چوار ئامۆزام بەناوەكانی \"كامیل بەشیری، رەشید بەشیری، بزۆ سین ئابادی و سەفیەدین دۆسین ئابادی\" لەلایەن هێزەكانی سپای پاسدارانەوە تیرباران كران و تەنیا لە گوندی ئێمە 6 كەس بوونە قوربانی و هەر لەو كاتەدا دایكم كە چووە سەر تەرمی مامم دڵی لە لێدان كەوت و كۆچی دوایی كرد\".

ئەو شایەتحاڵە لەو باوەڕە دایە \"بەهۆی ئەوەی كە گوندەكانی دەورووبەری سنوور زیاتر هێزی چەكدا \"پێشمەرگە\"ی هێزە كوردییەكان تێیاندا دەمانەوە، لەلایەن حكوومەتەوە بە تەواوەتی پشت گوێ‌ خراون و جیا لە ئازار و ئەشكەنجە و كوشتن، هیچ چەشنە ئیمكانات و پێداویستییەكی خزمەتگوزاییەكیان بۆ جێبەجێ‌ نەكراوە\".

\"6083.jpg\"
بێهزاد سمكۆ:
یەكێكی تر لە شایەتحاڵان و خەڵكی ئاوایی \"گنگەچین\" لە ناوچەی سۆما بەم چەشنە باس لە رووداوی هێرش و كوشتاری ناوچەكەی خۆیان دەكات: \" لە ناوچەی ورمێ‌ و دەورووبەری دوای شۆِشی گەلانی ئێران چەندین حیزبی وەكوو حیزبی دێمۆكراتی كوردستانی ئێران و كۆمەڵە\" و چەندین فكری دیكەی ناوچەیی هەبوون و سەرقاڵی چالاكی بوون و كۆمەڵێك لایەنگرییان بۆ خۆیان هەبوو، حكوومەتی ئیسلامیی ئێران دەیهەویست بە كوشتار و چاوترسێن كردنی خەڵك نفووزی ئەو حیزبانە نەهێلێت و لە بنەڕەتدا شۆڕشی كورد لەو ناوچەیە لەناو بەرێت و رێگا لە چالاكییەكان بگرێت\".

بێهزاد سمكۆ ئاماژەی بەوەش دا كە \"لە ساڵەكانی 61، 62 و 63ی هەتاوی بەردوام لە چەندین گوندی دەورووبەری ورمێ‌ و بەتایبەت ناوچەی سۆما كردەوە كوشتاری بەكۆمەڵ لەلایەن هێزەكانی سەر بە حكوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە روویان داوە\".

وتیشی: \"لەناو كوژراوەكاندا ژن و پیاو، منداڵ، لاو و پیر و كەسانی بەساڵاچووش هەبوون و بۆ حكوومەت گرینگ نەبوو و تەنیا شتێك بۆ ئەوان گرینگ بوو، سەركوت و داپڵۆسینی خەڵك و لاواز كردنی شۆڕشی خەڵكی كوردستان بوو، بێهزاد سمكۆ لە درێژەی لێدوانەكەی بۆ ئاژانسی كوردپا وتیشی: \"بوونی هێزە كوردییەكان و پشتیوانی كردنی خەڵك لە پێشمەرگە هەموو لەلایەن حكوومەتەوە بیانوو بوون، چونكە ئەوان ئامانجێكی دیكەیان لە كوشتار هەبوو كە ئەویش لەناو بردنی فیزیكی و سڕینەوەی فەرهەنگ و زمانی نەتەوەیی كورد بوو\".

بێهزاد سمكۆ هۆكارێكی دیكەی ئەو هێرشانەی حكوومەت بۆ سەر ناوچەكانی ورمێ‌ و دەورووبەری دەگەڕێنێتەوە بۆ \"بوونی شۆڕشە یەك لە دوای یەكەكانی وەكوو سمكۆ و كۆماری كرودستان و گریچدراویی خەڵك بە هزری كوردایەتی و دەیهەویست نفووزی خۆی نیشان بدات و پچڕانی ئەو پێوەندییە بە كوشتار و تۆقاندن و چاوترسێن كردنی خەڵكی ناوچەكە جێبەجێ‌ بكات\".

بەشێك لە ئاماری كۆمەڵكوژی لە گوندەكانی كوردستان
لە ماوەی پتر لە 33 ساڵ دەسەڵاتداریەتی حكوومەتی ئیسلامیی ئێران گەلێك رووداو، كوشتاری بەكۆمەڵ، ئیعدام و گوللەباران و رەشەكوژیی خەڵكی بێتاوان، چالاكانی سیاسی، مەدەنی لە شار، شارۆچكە و گوندەكانی كوردستانی ئێران ئەنجام دراون.

ـ 28ی گەلاوێژی ساڵی 1358 ‌و دەركردنی فیتوای جیهادی خومەینی بۆ سەر خەڵكی كوردستان و دەسپێكی شەڕێكی درێژخایەن ‌و هێرش بۆ سەر كوردستان.
ـ رێكەوتی 11ی خەرمانانی ساڵی 1358 پاش هێرشێکی بێبەزەییانە بۆ سەر گوندی \"قاڕنی\"ی سەر بە شاری نەغەدە 68 كەس بوونە قوربانی.
ـ رێكەوتی 13ی خەزەڵوەری ساڵی 1358ی هەتاوی كوشتاری خەڵكی ئیندرقاش ‌و وسووكەندی سەر بە شاری مەهاباد 35 كەس بوونە قوربانی.
ـ رێكەوتی 13ی خەرمانانی ساڵی 1358ی هەتاوی كوشتاری بەكۆمەڵی خەڵكی بێدیفاعی گوندی \"قەڵاتان\"ی نەغەدە نزیك بە 45 كەس بوونە قوربانی.

\"6085.jpg\"
ـ رێكەوتی 28ی خەزەڵوەری ساڵی 1359ی هەتاوی بەهۆی هێرش بۆ سەر خەلكی بێتاوانی گوندی \"سۆفیان\"ی ناوچەی شنۆ 13 كەس بوونە قوربانی.
ـ بەهۆی هێرشی ساڵی 1360ی هەتاوی خەلكی گوندەكانی قەرەگۆل ‌و سەوزی لە ناوچەی چۆمی مەجیدخانی مەهاباد لەسەر یەك 27 كەس بوونە قوربانی.
ـ كوشتاری بێ‌ وێنەی نەورۆزی سنە
ـ رێكەوتی 23ی خەرمانانی ساڵی 1360 كوشتاری كرێكارانی كوورەخانەی گوندی \"ساروقامیش\"ی سەر بە شاری بۆكان تێیدا 18 كەسی بێتاوان بوونەتە قوربانی.
ـ رێكەوتی 18ی خەزەڵوەری ساڵی 1360ی هەتاوی لە ئەنجامی هێرش بۆ سەر گوندی خەڵكی گوندی \"بایزاوێ\"ی نەغەدە كە 9 كوژراوی لێكەوتەوە.
ـ رێكەوتی 1ی جۆزەردانی 1361ی هەتاوی لە ئەنجامی هێرش بۆ سەر هەڵەقووش، گێچە و كانیڕەش لە ناوچەی سۆمای ورمێ‌ كۆمەڵێك بوونە قوربانی كە هەتا ئێستا ناوی 13 كەسیان شناسایی كراوە.
ـ رێكەوتی 25ی رەشەمەی ساڵی 1361ی هەتاوی هێرش بۆ سەر خەڵكی گوندەكانی \"دێمەسوور، جەعفەرئاوا و مەرجان\"ی سەر بە شاری مەهاباد كە كۆمەڵیك خەڵك تێیدا بوونە قوربانی، بەڵام هەتا ئێستا تەنیا ناوی 9 كەسیان ئاشكرا بووە.
ـ رێكەوتی 4ی خاكەلێوەی ساڵی 1362ی هەتاوی هێرش كرایە سەر گوندی چەقەڵ مستەفا لە شاری نەغەدە و 21 كەس بوونە قوربانی.
ـ رێكەوتی 7ی خاكەلێوەی ساڵی 1362ی هەتاوی بەهۆی هێرش بۆ سەر گوندی پیرانجوق لە ناوچەی سۆمای ورمێ‌ 17 كەس بوونە قوربانی.
ـ رێكەوتی 13ی خاكەلێوەی ساڵی 1362ی هەتاوی كوشتاری خەڵكی دوو ئاوایی \"گێچێ و هەڵەقووش\" لە ناوچەی سۆمای ورمێ‌ 13 قوربانیی لێكەوتەوە.
ـ رێكەوتی 5ی خاكەلێوەی ساڵی 1362ی هەتاوی كوشتاری بەكۆمەڵی خەڵكی گوندەكانی: \"چەقەڵ مستەفا، خەڵیفەلیان ‌و گۆڕخانە\"ی سەر بە شاری نەغەدە تێیدا 41 كەس بوونە قوربانی.
ـ رێكەوتی 12ی جۆزەردان ساڵی 1362ی هەتاوی ئیعدامی 59 لاوی مەهاباد.
ـ رێكەوتی 23ی خەرمانانی ساڵی 1362ی هەتاوی كوشتاری بەكۆمەڵی گوندەكانی: جبرییل ئاوا، گوندەوێڵە ‌و دووئاو\" لە ناوچەی شنۆ تێیدا لەسەر یەك 6 كەس بوونەتە قوربانی.
\"6086.jpg\"
کوشتاری خەڵکی گوندی \"قاڕنێ\"ی سەر بە شاری نەغەدە
ـ رێكەوتی 24ی خەرمانانی
ـ رێكەوتی 18ی خەزەڵوەری ساڵی 1362 ی هەتاوی بەهۆی هێرش بۆ سەر خەڵكی گوندی \"باییزئاوا\"ی نەغەدە 12 كەس بوونە قوربانی.
ـ هێرش و كوشتاری دانیشتوانی گوندەكانی: دیلان چەرخ، حەڵبێ‌، كۆیكان، كەرێزەی شكاكان ‌و وێنسلیان لە ناوچەی نەغەدە كە لەسەر یەك 40 كەسیان بوونەتە قوربانی.
ـ بەهۆی هێرش بۆسەر گوندەكانی سۆفیان ‌و كولیج ‌و سەروكانی لە ناوچەی شنۆ زیاتر لە 20 كەس بوونە قوربانی.

ـ بەپێی ئاماری جۆراوجۆر لە مەودای نێوان ساڵەكانی 1358 هەتا 1370ی هەتاوی 832 كەس لە شار و شارۆچكە و ناوچە جیاجیاكانی كوردستانی ئێران گوللەباران كراون و رێژەی ئەو كوشتار ‌و ئیعدامە بەكۆمەڵ ‌و تاكەكەسییانەی كە لەناو زیندانەكان بەنهێنی ئەنجام دراون هەتا ئێستا روون نەبۆتەوە ‌و لە ساڵی 1370ی هەتاوی بەم لاشەوە بە شێوازی جۆراوجۆر ‌و بەپێی سیاسەت ‌و تاكتیكی جیاواز زۆرێك لە چین ‌و توێژەكانی كوردستان بوونەتە قوربانی و لە رێگاكانی تەقەی راستەوخۆ لەسەر سنوورەكان و ئیعدام و ... گیانیان لێ‌ ئەستێنراوە.

بۆ رەشەكوژی و كوشتاری بەكۆمەڵ؟
بەرلە هەموو شت ئەم پرسیارە دێتە گۆڕێ‌ ئاخۆ بۆ قەتڵ ‌و كوشت ‌و كوشتاری بەكۆمەڵ؟
دەركردنی فتوای جیهاد لەلایەن \"ئایەتوڵڵا خومەینی\" بەدژی خەڵكی كوردستان لە 28ی گەلاوێژی ساڵی 1358دا دەسپێكی شەڕێكی درێژخایەن ‌و هێرش و رەخساندنی دۆخێكی ئەمنیەتی و پۆلیسیە كە پاش زیاتر لە 33 ساڵ ئێستاش هەر بەردەوامە.

ئەم رەوتە لە شێوازێكی دیكەدا هەر درێژەیان هەبووە كە دەتوانین ئاماژە بە كوشتاری بێ‌ وێنەی نەورۆزی خوێناویی سنە، ئیعدامی 59 لاوی مەهاباد، رووداوی شەڕ و تێكهەڵچوونی نەغەدە، كوشتاری بەكۆمەڵی گوندی قاڕنێ‌ لە ناوچەی نەغەدە و دەیان گوندی دیكەی ناوچە جیاجیاكانی كوردستان بكەین.
بە وتەی شایەتحاڵان، زیندانیانی سیاسی كەلە زیندان ئازاد بوون كوشتن، ئیعدام و گوللەباران و رەشەكوژیی خەڵكی بێتاوان، هاووڵاتیی مەدەنی و تەنانەت زیندانیە سیاسییەكانیش بەبێ‌ بەڕێوە چوونی دادگایەكی داپەروەانە هێندێكیان بە نهێنی و هێندێكیشیان راشكاوانە بەڕێوە چوون ‌و هیچ یاسا ‌و ریسایەك تێیایاندا رەچاو نەكراوە.

زۆربەی دادگاییەكان لە كوردستان و بەتایبەت لە دەیەكانی50 و60ی هەتاوی كە كوردستان رووبەڕووی شەڕێكی نەخوازراو ببووە، رەوتی ئاسایی خۆیان نەدەپێوا و خێرا لەلایەن چەند نوێنەر و روحانییەكەوە كە حكوومەت بۆ یەكلا كردنەوەی بڕیاری كوشتار و ئیعدامەكانی دیاری كردبوو، دەر دەكران ‌و هیچ پارێزرێكیش لە گۆڕێدا نەبوو. كە \"سادق خەڵخاڵی و غوڵامڕەزا حەسەنی، دوكتور مستەفا چەمران، محەممەد لاجەوەردی، مەعبوودی\" و خاوەن پلەی نیزامیی دیكە لەو کەسانە بوون.

بە وتەی ئەو زیندانییە سیاسییانەی كەلە دەیەی 60ی هەتاوی لە زیندان بوون و خۆیان لە نزیكەوە بینەری ئەو رووداوانە بوون \"ئەو كەسانەی كە بڕیاری هێرش و كوشتاریان داوە زۆرن و بەبێ‌ بەڕێوەچوونی دادگایەكی فەرمی و یاسایی و بە شێوەیەكی رەمەكی ‌و بە هێنانە بەرباسی دوو پرسیار زرۆ بە ئاسایی ئەنجام دراون\".

شایەتحاڵەكان و بەتایبەت دانیشتوانی گوندەكان باس لەوە دەكەن: \"زۆر جاریش خەڵكی بێتاوانی گوندێك لە ماوەی چەند خولەكدا بەكۆمەڵ بڕیاری كوشتنیان بۆ دەرچووە كە هیچكات بەڵگە ‌و فاكتێك بۆ تاوانبار بوونیان لەبەر دەستدا نەبووە ‌و تەنیا بە تاوانی كوردبوون ‌و بیر‌وڕای جیاواز گیانیان لێ‌ ئەستێنراوە، كە نموونەی لەم جۆرە كوشتار ‌و رەشەكوژییانە لە مێژووی مرۆڤایەتیدا كەم وێنە بووە\".
بەپێی بەڵگە و فاكتە فەرمییەكان كە ئێستا لەبەر دەست دان كوشتار، ئیعدام و گوللەبارانی چالاكانی دەیەی 60ی هەتاوی لەلایەن سادق خەڵخاڵی وەك حاكم شەرع ‌و نوێنەری (تامل الاختیار)ی خومەینی لە پرۆسەیەكی بەرین ‌و لە ماوەیەكی كەم ‌و لە دادگایەكی چەند خولەكیدا بڕیاری كوشتنی سەدان كەس لە چالاكانی سیاسی و خەڵكی بێتاوانی نەتەوەی كورد جێبەجێ‌ كران.

زۆرێك لە شارەزایان ‌و كۆمەڵناسانی بواری كۆمەڵایەتی و جینایەتە جەنگییەكان ‌و ژێنۆساید لەو باوەڕە دان كە ئەو كردەوە نامرۆڤانانەی كەلە كوردستان بەرامبەر نەتەوەی كورد ئەنجام دراون، دەڕۆنە چوارچێوەی ژێنۆساید ‌و سڕینەوەی نەتەوەییەوە كە پێویستی بە لێكۆلێنەوەیەكی سیاسی ‌و كۆمەڵایەتیی چڕ‌وپڕ ‌و هەمەلایەنەوە هەیە كە هەتا ئێستا حكوومەتی ئیسلامی رێگەی بە لێكۆڵەران نەداوە لەم بارەوە راستیەكانی ئەو رووداوانەی كوردستان بخەنە روو.