گۆلۆباڵیزاسیۆن و مەسەلەی کورد

13:35 - 5 خەزەڵوەر 2713
Unknown Author
ئیبڕاهیم لاجانی

گۆلۆبالیزاسیۆن بەو پڕۆسەیە دەوترێت کە دونیای هاوچەرخی کردۆتە گوندێک وخەریکە بایەخی سنوورە سیاسیەکان کەم دەکاتەوە یان لە نێویان دەبات. ئەو پرۆسەیە لە یەک کاتدا لە بوارەکانی ئابووری، سیاسی، فەرهەنگی وتکنۆلۆژیدا دەڕواتە پێش.

هەندێک لێکۆڵەرەوە بە گەشبینیەوە دەڕواننە بەرهەم و ئاکامەکانی ئەو دیاردەیە. زۆریشن ئەوانەی بە شک و گوماننەوە تەماشای دەکەن. هەندێک پێیان وایە ئەو دیاردەیە تازەیە و لە دەیەی کۆتایی چەرخی بیستەمدا بە کۆتایی هاتنی شەری سارد و هاتنەکایەی تکنۆلۆژی ئینترنیت و گوڵکردنی سیاسەتی ناسنامەخوازی گەلان و کەمایەتیە چەوساوەکان دەستی پێکردوە. هیواش هەن لەسەر ئەوبڕوایەن ئەو دیاردەیە دەگەرێتەو بۆ چەرخی چواردەهەمی زاینی، سەردەمی گەڕان و دۆزینەوە گەورەکانی ئورووپاییەکان. منیش بە تەعبیرێکی تر پێموایە ئەوە دیاردەیەکە لەوکاتەوە دەستی پیکردوە کە مرۆڤ لە ئەشکەوتەکانەوە هاتۆتە دەر.

جەوهەری گۆلۆبالیزاسیۆن ئەوەیە کە ئەو یاساو قانوون و سوننەت و عورف و عادات و پڕاکسیسانەی بەدەوری دوڵەت و چونیەتی کارکردی دەوڵەتەکاندا درووست بوون و تا ئێستا کاریان پێ کراوە، بەرەبەرە کەمڕەنگ دەبنەوەوبایەخی خۆیان لەدەست دەدەن .

پرسیار ئەوەیە کە ئایا ئەو واحیدە سیاسیانەی تا ئێستا بە ناوی دەوڵەت کاریان کردوەو دونیایان لەنێوخۆیاندا دابەش کردوە، دەمێنن یان سازماندەیی و شێوازێکی دیکەی پێکەوە ژیانی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی دێتە کایەوە؟

یەک شت روونە. ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بە هەموو گرنگی و بایەخێکەوە کە ئەمڕۆ لە بەرێوەبردنی کارووباری دونیادا هەیەتی، بەو سازمان و کاراکتەرەی ئێستا یەوە، ناتوانێ رەوتی گۆلۆبالیزاسیۆن و ئاکامەکانی ئیدارەو مەهار بکا. ئێمە ئەوە لە دەستەوەستانی ئێستای ئەورێکخراوەدا لە ئاست کێشەکانی دونیادا دەبینین. لە لایەکی دیکەشەوە کۆمپانیا فرە نەتەوەییەکان و شیرکەتە گەورە نێونەتەوەییەکان تا دێ دەستەڵاتێکی زۆرتری سیاسی و ئابووری وەدەست دێنن. واباشە بزانین کە زۆربەی سەرمایەی دونیا ئێستا لە ئیختیاری کۆمپانیا زەبەلاحەکاندایە تا دەوڵەتەکان.

ئەوەش بە جۆرێک دێموکراسی دەخاتە ژێر پرسیار. ئاخر ڕێکخراو و ئۆرگان و سیاسەتمەدارو و کاربەدەستانی هەڵبژێردراو لە لایەن خەڵکەوە لە سەڵاحیەت دادەڕنێ.

لە لایەکی دیکەشەوە گۆلۆبالیزاسیۆن دەبێتە هۆی خێراتربوون و زۆرتر بوون و ئاسانتربوونی گواستنەوە و هاتووچۆی کالا، کەرەسەی خاو، هێزی کار و سەرمایە لە نێوان وڵات و بازاڕ و کۆمەڵگا و ناوچە جیاجیاکانی دونیادا. ئەوەش ئاستی مەسرەف و ڕەفاهیەتی کۆمەڵانی خەڵک دەباتە سەر.لەو دوو دەیەدا گۆلۆبالیزاسیۆن توانیویەتی بەسەدان ملیۆن ئینسان لە هیند و چین لە هەژاری و نەداری موتڵەقەوە بینێتە دەر. دیارە ئەو پەرەسەندنە ئابووریە هەندێک ئاکامی نەخوازراویشی بۆ ژینگە بەدواوەیەو وبارێکی قورسی دەخاتە سەر.

هەربەوجۆرە گۆلۆبالیزاسیۆن دەرفەتێکی لەباری بۆ گواستنەوەی زانیاری و تکنۆلۆژی ، ڕوانگە و ئیدەو زانست و فەرهەنگ و کولتوورە جۆراوجۆرەکانی لە نیوان وڵاتان و گەلاندا پێک هێناوە.

تادێ نرخی بڵییتی تەیارە و کەشتی و قەتار و گفتوگۆی تەلەفۆنی و کەڵکوەرگرتن لە خزمەتگوزاریی بانکیی هەرزانتر دەبێت. ئەوانە لە گەڵ تەلەفۆن، ئینتڕنێت، سکایپ، فەیسبووک، تویتەر، یوتیوب، سەتەلایت، تەلەفزیۆن، روداو، جەزیرە، سی ئێن ئێن، بیبیسی، هەموو کەس و هەموو کون و قوژبنی دونیایان پێکەوە گرێداوە.

بەواتەیەکی دیکە مەسافەت بە مانای فاسیلە نیە، دەورانی کۆتایی جوگرافیایە.

ئەگەر جوگرافیا مانای جارانی بۆ مانۆڕدان بمێنی، ئەوە تەنیا لە ئاستی مەنزوومەی شەمسی و ئەولاوەتری سنووری کاکێشانی خۆماندایە..

ئەوەش وەزعێکی پێک هێناوە کە هەموو خەڵک و ولاتان و ناوچەجیاجیاکانی دونیا کەوتوونە ژێر شوێنەواری یەک. ئێمە لە نۆروێژ ئەگەر یەک هەفتە میوەو سەوزیمان لە ئاسیا و باشووری ئووروپاو تورکیاوە بۆ نەیەت، بەرنامەی خواردنمان لە سەرتاسەری باخچەکانی ساوایان و نەخۆشخانە و تەنانەت ماڵەکانیشماندا دەشێوێ و کارەسات درووست دەبێت.

لایەنێکی دیکە گۆلۆبالیزاسیۆن ئەوەیە کە کۆمپانیا گەورە فرە نەتەوەییەکان، بۆ کارو چالاکی خۆیان سنوورێک ناناسن. ئەوان لەکوێ قازانجیان زۆرتر بێت ڕوولەوێ دەکەن. هێزی کار و کەرەسەی خاوی هەرزانیان دەوێ، بازاڕی گەورەو پڕقازانج و کراوە و ئەمن لە کوێ بێ، دەچنە وێ. دیارە ئەوەش لە ئاستی محەلیدا گیروگرفت درووستدەکات. زۆر جار چەوسانەوەی هێزی کاری بەدوادادێ. کەچی ئەگەر لەوبارەوە لە کەسێکی بەنگلادیشی یا ئەفریقایی یا تورکیایی بپرسی، دەڵێ من کار بە حەقدەستی کەمترەوەم پێ لە بێکاری و نەبوونی کار باشترە. بەڵام ئەوەش روونە کە لەو کێ بەركێ یەدا، ئەوەی دەرکەوتوە ئەوەیە کە وڵاتانی هەژار هەژارتر و وڵاتانی دەوڵەمەند دەوڵەمەنتر بوون.

گۆلۆبالیزاسیۆن ئاکامی سیاسی و فەرهەنگی و کولتووریشی بەدواوەن. بۆ نموونە تادێ تەکنۆلۆژی راگەیاندن پتر گەشەدەکات. ئیدی دەورانی سانسۆرو سەرکوت و زەبرووزەنگی تووندووتیژ خەریکە بەسەر دەچێ. دەوڵەتەکان ناتوانن وەک رابردوو، بێ وەبەرچاوگرتنی بیرورای جیهانیی بەکەیفی خۆیان سیاسەتی سەرکوت لە نیوخۆی وڵاتەکانیاندا بەرێوەبەرن. هەموو شەڕوکێشەو ململانێکان ڕاستەوخۆ دەگوێزرێنەوە بۆ نێوماڵەکان. من لەسەر کلاس دەرس دەڵێمەوە بیبیسی پەیامەکم بۆ دەنێری و لە تەقینەوەی هەلێر دەستبەجێ لەوسەری دونیا ئاگادارم دەکات.

پەرەگرتن و بلاوبوونەوەی مافەکانی مرۆڤ و کۆنڤانسیۆنە جیاجیاکانی مافی مرۆڤ، مافی کەمایەتیەکان، مافەکانی منداڵان، ژنان، کەم ئەندامان، یەکێک لە ئاکامە ڕاستەوخۆکانی گۆلۆبالیزاسیۆنە.

گۆلۆبالیزاسیۆن لەلایەک هەموومان لە یەکتر نزیک دەکاتەوە. کەچی لە هەمان کاتدا دەبێتە هۆی ئەوەی باشتر خۆمان بناسین بگەرێین خۆمان بدۆزینەوە. بۆکانی کە چۆ مەهابادێ وەبیری دێتەوە کە خەڵکی بۆکانێ یە. دهۆکی لە سڵیمانی وەبیری دێتەوە کە دهۆکیە. ماسی نازانێ لە ئاودا دەژی.

ئەوە هەر درەخت نیە کە رەگی دەوێت، مرۆڤیش پێویستی بە رەگ و ریشەهەیە. واتە مرۆڤ جگە لە قاچ ڕەگیشی پێویستە. ئەوە ڕەگە تەعەلوق و هەویەتی دەداتێ.

گۆلۆبالیزاسیۆن دەرفەتی ئەوەما دەداتێ کە زۆر لێک نزیک بینەوە. بۆ نموونە هەلی ئەوە دەرەخسێنێ کە هەموومان تەماشای فیلمە ئەمریکاییەکان، هەواڵەکانی بیبیسی و سیئێن ئێن بکەین، پیتزابخۆین، شاڵواری کاوبۆ لەبەرکەین، میکدۆناڵ و کۆکاکۆلاو پیپسی و ویسکی و جین و کۆنیاک ببێتە بەشێک لە ژیانی ڕۆژانەمان،لە ئایپاد و ئایفۆن و سامسۆنگ و مەک بووک کەڵک وەرگرین. بەڵام هەموو ئەوانە بەو مانایە نین کە ئێمە بوینەتە ئەمریکایی. زیواری کچم و سەحەری هاوڕێێ وەک بوولبول ئینگلیسی دەڵێن و لە ئاخرین تکنۆلۆژی ئەمریکایی بۆ ڕاپەراندنی کاری ڕۆژانەی خۆیان کەڵک وەردەگرن و ستایلی ژیان و جلوبەرگیشیان لە ژێر کاریگەری ستایلی نیۆیۆرک دایە، بەڵام هەر کوردن. لە هەولێر مێکۆدۆناڵ دەخۆن، کۆکا کۆلا و پیتزا مەسرەف دەکەن ماشێنی یابانی و ئاڵمانی سواردەبن، ئایپاد و سامسۆنگ بەکار دێنن و كراوەت دەبەستن و بەڵام سەرەڕای هەموو ئەوانە هەر کوردن و تادێ هەستی کوردایەتیەکەشیان بە هێزتر دەبێت. تا پتر دەچنە نێو دونیای گۆلۆبال باشتر کوردایەتیەکەیان گوڵ دەکات و تووندتر لەسەر مافە ڕەواکانی خۆیان وەک کورد پێ دادەگرن.

گۆلۆبالیزاسیۆن شانسی ئەوەمان دەداتێ کە ڕەگەڵ بزووتنەوەیی جیهانی مافی مرۆڤ کەوین. ببینە بەشێک لە بزووتنەوەی عەداڵەتخوازی دونیا، ڕەگەڵ بزووتنەوەی ژینگەپارێزی دونیا کەوین و بۆ ئیدەئاڵە دێموکراتیەکان لە گەل باقی بەشەریەتی پێشکەوتوو کاروخەبات بکەین و ببینە بەشێک لەو ڕەتە.

بەمجۆرە ئاشنا بوونی خەڵک لەگەڵ دونیا و گەلان و میللەتانی دیکە و کاڵ بوونەوەی نەخشی دەوڵەت، دەرفەت بۆ گوڵکردنی هەویەتخوازی و ناسنامەخوازی و گەرانەوە بۆ ڕەگ و ریشەی خۆ بۆ هەموو کەس و بە تایبەتی کەمایەتیەکان و گەلانی ژێر دەستە پێک دێنی.

لە خۆڕانیە لە ئاخروئۆخری ساڵانی ١٩٩٠ی زاینیەوە، یانی دوای تەواوبوونی شەری سارد و دەستپێکردنی دەورانی گڵۆبالیزم ، بزووتنەوەی هەویەتخوازی گەشەدەکات .
ئەوەی تا ئێستا لەوبارەوە دەرکەوتوە ئەوەیە کە ئەوە فاکتۆرە دەرەکیەکانن کە لە پێوەندی دەگەڵ مەسەلە سیاسیەکاندا، قسەی ئەوەڵ بۆ سیاسەت گوزاری لە نیوخۆی وڵاتەکاندا دەکەن. هەموو دەوڵەتەکانی ئەندامی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، لەسەریانە خۆیان و سیاسەتەکانیان لە هەموو بوارەکاندا، لەگەڵ چاوەڕوانیەکانی کۆمەڵگای نێونەتەوەیی و کۆنڤانسوێنە نێونەتەوەییەکان هاوئاهەنگ بکەن. واتە بەرپرسایەتی لە خۆیان نیشاندەن. بە پێی مەنشوری نەتەوەیەکگرتووەکان، حاکمیەتی دوەڵەتێکی ئەندامی ئەو رێکخراوە تەنیا ئەوکاتە ڕەوایە، کە بەرانبەر کۆمەڵگای نێونەتەوەیی و خەڵکی وڵاتەکەی مەسئولیەت لە خۆی نیشانداو کۆنڤانسوێنە نێونەتەوەییەکان بەرێوەبەرێ. یانی دەوڵەت ، هەر دەوڵەتێک بێ ، ناتوانێ بەکەیفی خۆی لە ژێر ناوی حاکمیەتی میللیدا، ستەم و سەرکوت و زەبروزەنگ بە خەڵکی خۆی رەوا ببینێ. ئەوە لایەنی هەرە زەقی شوێنەواری گڵۆبالیزمە لەسەر وەزعی وڵاتەکان. لە داهاتوودا دەوڵەتەکان تەنیا کاتێک دەتوانن بمیێننەوە کە خۆیان دەگەڵ ئەوە وەزعە تازە رێکخەن.

بەو جۆرە ڕەچاوکردنی مافەکانی مرۆڤ بەگشتی و کۆنڤانسیۆنی مافە مەدەنی سیاسی، ئابووری، کۆمەڵایەتی و فەرهەنگیەکان لەلایەک و پیادەکردنی کۆنڤانسیۆنەکانی مافەکانی منداڵان ، ژنان ، کەم ئەندامان و کۆنڤانسێۆنەکانی دیکەی مافەکانی کەمایەتیەکان و خەڵکەخۆجێکان لە لەیەکی دیکەوە، دەبێتە ئەرکی هەرە ئەساسی دەوڵەت لە نێوخۆی وڵاتەکەیدا. یانی دەوڵەتێک دەتوانێ بمێنێتەوە کە ئەومەئموریەتە بەرێوەبەرێ کە کۆمەڵگای جیهانی و کۆنڤانسوینە نێونەتەوەییەکان پێی دەسپێرن. لەباری ئابووری شەوە ئەوڕەخنانەی لە گۆلۆبالیزاسیۆن دەگیردرێن، بەوە چارەسەردەکرێن کە گەشەکردنی ئابووری، هاتووچۆی ئازادی سەرمایەو کەرەسەی خاو و هێزی کار بخرێتە ژێر ئیدارەی سیاسەت.

لەوەزعێکی ئاوادا دەکرێ پەرەسەندی ئابووری، بە وەبەرچاوگرتنی قازانج و بەرژەوەندیەکانی خەڵکە خۆجێکان هیدایەتبکرێ و هەلومەرجێک پێکبێ کە بتوانن کۆنتڕۆڵی سەرچاوەسروشتیەکانی خۆیان بکەن.

هەر لەڕۆژی هەوەڵی دامەزراندی عیراقەوە تا ئێستا داهاتی بیرەنەوتەکانی کوردستان بە دژی خەڵکی کوردستان بەکار هاتوە. ئەوە دەساڵە کوردەکان خێرێکیان لەو سەرمایە گەورەی خۆیان پێدەبڕێ . ئەوە بەو مانایەیە کە ئیمکانی ئەوە پێکدی بە دەخالەتی خەڵکەکەخۆیان ، پەرەسەندی ئابووری سیمایەکی ئینسانی و عادڵانەتر بۆ خۆوەبگرێ. ئەزموونی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەو دەساڵەی دواییدا ڕاستی و دروستی ئەو قسەیە دەردەخات.

گۆلۆبالیزاسیۆن دەرفەت و هەلی ئەوە دەرەخسێنێ کە گەلان و میللەتان و خەڵکانی وڵاتە جۆراوجۆرەکان، بە ئاشنابوون دەگەڵ یەکتر و شێوەژیانی یەکترو دەسکەوتەکانی پەرەسەندنی یەکتر، ژیانی خۆیان لە گەڵ ژیانی خەڵکان و گەلانی دیکە بەراوردبکەن. خەڵکی ئێران تێگەیوون کە میللەتانی دیکە چۆن لە نیعمەتی ئازادی و دێموکراسی کەڵک وەردەگرن. بۆیە تێدەکۆشن دێموکراسی وەدەستخەن. ئەو بەراوردکاریە دەکرێ وەک سەرچاوەی ئیلهام و هێزی مەعنەوی و ئەخلاقی لە خەبات بۆ ئازادی و دێموکراسیدا کەڵکی لێوەرگیرێ. ئێمەی کورد ئێستا لە هەموو کاتێک باشتر دەزانین کە گەورەترین نەتەوەی بێ دەوڵەتین و لە ژێرستەم و سەرکوتداین. ژیانی خۆمان و وەزعیخۆمان لەگەڵ گەلان و میللەتانی دیکەی دونیا بەراورد دەکەین.

خەڵکی بەنگلادیش، ئێریتریا، گانا، سوماڵی و ،، دەزانن کە ئاستی ژیانی خەڵک لە نۆرویژ و ولاتانی سکەندیناڤیچظەند لە سەرێ یە. بۆیە ستانداردێکی لەوچەشنەی ژیان بۆ خۆشیان داوا دەکەن. کێ دەتوانێ بڵێ کە ئەوان مافیێکی کەمتریان لە خەڵکی نۆروێژ هەیەو شایانی ئەو رەفاهیەتە نین؟ کەواتە گلۆبالیزم دەرفەتی ئەوە پێکدێنێ کە دیالۆگێکی گڵۆباڵ لە ئاستی دونیادا پێک بێ و لەوەش زیاتر باس لەوە دەکری کە خەریکە ویژدانێکی گلۆباڵ بەرەبەرە دێتە کایەوە.تەنانەت باس لە چارەنوسێکی گلۆبالێ هاوبەش بۆ هەموو مرۆڤایەتی دەکرێ.

لیبڕالیزمی سیاسی و فەرهەنگی، بازاری ئازاد ، دێموکراسی و مافەکانی مرۆڤ نێوەرۆکی گۆلۆبالیزاسیۆنن. ڕەوتی دێموکراسیۆن بە شێوەی شەپۆل دەچێتە پێش.

پاش ئوورووپای رۆژئاوا و شیمالی و ئووروپای جنووبی و ئەمریکای لاتین وڵاتانی سۆسیالیستی پێشوو، ئێستا شەپۆلەکە ڕووی لە رۆژهەلاتی نیوەراستە. ئەوڕەتە دەرواتە پێش و گەڕانەوەی بۆنیە. ڕاستە ژان و ئازاری زۆری لەگەڵە. بەڵام کۆرپەی دێموکراسی لەو ژان و ئازارەوە لە ناوچەدا سەرەنجام لە دایک دەبێت و گەشەدەکات. دوکتۆر شەرەفکەندی دەیگوت ئەگەر ڕۆژێک لە تاران دێموکراسیەکی ڕاستەقینە هەبێت، ئەوە ئەو دێموکراسیەی تاران بە شکڵی خودموختاری لە کوردستاندا خۆی نیشان دەدات.

گۆلۆبالیزاسیۆن لە مێژە رٶژهەلاتی نێوەراستی گرتۆتەوە. ئەو ناوچەیە بە هۆی بایەخی ئابووری و بازرگانی و سیاسی و ژیئۆپۆلیتیکی، هەمیشە جێگای بایەخی هێزە نێونەتەوەییەکان بووە.

سامەکان کە نەتەوەیەکی دابەش کراون و لە ناوچە سنووریەکانی نێوان نۆروێژ و سوئید وفینلاند و رووسیەدا دەژین، سەرمایەگوزاری زۆریان لەسەر ئەوەکردوە کە ئەگەر رٶژێک بێت و سکەندیناڤی هەمووی ببێتە بەشیك لە یەکیەتی ئورروپا، ئەوە بە شێوەیەکی ئەتۆماتیکی سامەلاند، واتە نیشتیمانی سامەکان لە نێو یەکیەتی ئوورروپادا یەکپاڕچەیی ئەرزی خۆی وەک نیشتیمانی سامەکان لە نیێو واحیدێکی سیاسی گەورەتردا وەدەست دەخاتەوە. ئەوەیە کە دەڵێن لایەنێکی گرنگی گۆلۆبالیزم گۆلۆکالیزمە.

گلۆکالیزم وشەیەکە لە گڵۆبالیزم و لۆکالیزم درووستبووە. ماناکەی ئەوەیە کە کاڵاو شمەک و بەرهەمەکانی کۆمپانیاکان کە بۆ بازار بەرهەمدێن، دەبێ خۆیان لە گەڵ زەوق و سەلیقە و داخوازەکانی خەڵکی بازاڕەکان، و ناوچەجیاجیاکان بگونجێنن تا بتوانن سەرکەون. ئەو ئیستلاحە یەکەم جار لە لایەن یابانیەکانەوە دەکارکراوە.

مێکدۆناڵز لە هیند و کۆریادا، بە گوێرەی زەوقی خەڵکەکانی ئەو وڵاتانە جۆرەتامێکی دیکە لە بەرهەمەکانیدا بەکار دەهێنێ کە لە نۆروێژ یا لە ئانکاراو سلێمانی کەڵكی لێوەرناگرێ.

کوردیش وەک سامەکان نەتەوەیەکە نیشتیمانەکەی کوردستان لە نێوان چەند دەوڵەتدا دابەشکراوە. واتە ترانس ستەیت نەتەوەیە. چوونە پێشی گۆلۆبالیزاسیۆن لە ناوچەکەدا دەرفەتی ئەوە بۆ کورد دەخولقێننی کە ئەو سنورە سیاسیانەی نیشتیمانی ئەویان دابەش کردوە، لە کردەوەدا نەمێنن و تەنیا وەک داوێکی نەدیتراو عەمەل بکەن. بەم جۆرە نیشتیمانی کوردان وەک یەکەیەکی ئابووری و فەرهەنگی و کۆمەڵایەتی خۆی بنوێنێ. لەوەش زیاتر ئەگەر تورکیە بێتە نێە یەکیەتی ئورروپا، بەشی هەرەگەورەی کوردستان نیشتیمانی کوردان دەبێتە بەشێک لە یەکیەتی ئورروپا وئەدەم کۆنڤانسوێنەکانی یەکیەتی ئووروپا ئێمەی کوردیش دەخەنە ژێر پوششی خۆیان.

ئێستا هەرێمی کوردستان بۆتە دەرگای کرانەوەی کوردستان بە ڕووی دونیای گۆلۆبالدا، بە هەزاران کۆمپانی و شیرکەت و کونسوڵخانەی بیانی لەو مەڵبەندەدا چالاکی دەنوێنن. ئەوە دەرفەتی تێکەڵاوبوونی کوردستانی لە گەڵ دونیای گۆلۆبال پێکهێناوە و شانسێکی گەورەی بۆ چوونەپێشی کێشەی کورد لە باری سیاسیسەوە خوڵقاندوە.

ئێمە لەسەرتاسەری دووسەدەی ڕابردوودا تەنیا شاخەکانی خۆمانمان وەک دۆست شک بردوون و لە تەنگانەدا بۆ خۆپاراستن کەڵکمان لێوەرگرتوون. ئێستا گۆلۆبالیزاسیۆن دەرفەتی دیکەی بۆخوڵقاندوین. هاوکارێکی نۆرویژیم هەیە دەڵی برایم کوردەکان لە ئاسمانێ لە رێگای سەتەلایتەکانیانەوە کوردستانیان وەک نیشتیمانی یەکگرتتوی خۆیان بە کردوە درووست کردوە. مەگەر ئەوەنیە ڕووداو ئەو رۆڵە دەبینێ. مەگەر ئەوەنیە تیشک و تەلەفزیۆنەکانی دیکەی ئۆپۆسیۆنی کوردی رۆژهەلات پەیامی بزووتنەوەی کورد و داخوازەکانی کورد هەمیشە بە کون و قوژبنەکانی کوردستان دەگەیەنن. ئێستا ئێمە نەک هەر کێوەکان هەموو دونیای گۆلۆبالمان کردۆتە مەیدانی خەبات. گۆلۆبالیزم شانس و دەرفەتی گەورەی بۆ ئیمە و خەباتەکەمان خولقاندوون، بەڵام دەبێت لێوەشاوەیی ئەوە لە خۆماندا درووست کەین لەو شانسانە کەڵک وەرگرین.نەک هەرکێوەکانی کوردستان دەبێ هەموو دونیا بکەینە مەیدانی خەبات.