گرینگی زمانی زگماکی و چەند تێبینییەک!

12:40 - 30 رێبەندان 2713
Unknown Author
رێبوار ئەحمەدزادە

ڕۆژی زمانی دایک لەسەر پێشنیاری بنگلدش ناونراوە کە لە نۆڤەمبەری ساڵی ١٩٩٩ی زایینی لەسەر ئەو بنەمایە ئاراستەی ڕێکخراوی یۆنسکۆ کرا. گەڵاڵەی بنگلدش و ئەنجومەنی جیهانی لایەنگرانی زمانی دایکی لە سیهەمین دانیشتنی گشتی یۆنسکۆ دا لە لایەن وڵاتانی ئەندامەوە، پەسند کرا.

لە پەنجاوپێنجەمین دانیشتنی گشتی ڕیکخراوی نەتەوە یەکگرتوەکاندا ڕاگەیەندرا کە ڕۆژی جیهانی زمانی دایکی دەبێتە هۆی دروست بوونی ڕێزی بەرامبەری فەرهەنگ و زمانە جۆراوجۆرەکان و هەروەها دەبێتە هۆی دەوڵەمەندتر بوونی فەرهەنگ و داب و نەریتەکان. لەو دانیشتنەدا پێداگری کرا کە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتوەکان و یۆنسکۆ بەدوای ڕێگا چارەیەک دان بۆ پاراستنی زمانەکان وەک میراتی هاوبەشی مرۆڤایەتی و سیستەمی چەند زمانی بۆ وڵاتەکان پێشنیار دەکەن.

دیوید کریستاڵ زمان ناسی ئینگلیزی، گرینگی جۆراوجۆر وبونی زمان وەک جۆراوجۆر بوونی مرۆڤەکان و هێزی ئاوەزیی زمانیش وەک توانای بیۆلۆژیکی مرۆڤ پێناسە دەکات و دەڵێت، لەناوچونی هەر زمانێک ، بە واتای لەناوچونی ڕوانگە و تێروانینێکی تایبەت و ناوازەیە.

بەشی زانستی فەرهەنگی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتوەکان- یۆنسکۆ ساڵی ٢٠٠٨ی زایینی وەک ساڵی زمان ناودێر کردبو.

کوئیچیرو ماتسورا، بەرپرسی یۆنسکۆ لە یەکێک لە پەیامەکانی خۆیدا جارێکیتر داوای لە وڵاتان کردبو کە \" لە سیستەمی خوێندنی فەرمی و نافەرمی خۆیان و کاروباری بەڕێوەبەریان دا، بەرنامەگەلێک بگونجێنن کە بە یەکەوە ژیانی هاوشێوە و بەرامبەر و پڕ بەروبومی زمانەکانی هەر وڵاتێک دابین بکات. بەو شێوەیەیە کە ئێمە لە پاراستن و بەهێز کردنی وڵاتانی چەند زمانی دا سەرکەوتو دەبین و ئەو کارەش دەبێتە هێمای نیشاندانی ڕێزی تەواو بۆ سەرجەم لایەنە جۆرواجۆرە فەرهەنگی و داب و نەریتیەکان.\"

گرینگی زمانی دایکی لە چیدایە؟
زمانەکان ڕوحی مرۆڤایەتین. زمانەکان میراتی مەعنەوی مرۆڤەکانن، لە دایک دەبن، پێدەگەن و لە هەندێک حاڵەتیشدا لەناو دەچن. ئەگەر هەوڵی خۆمان بۆ ڕزگاری زمانەکان بخەینە گەڕ،لە بەرژەوەندی خۆماندایە. دەبێ تەواوی هەوڵی خۆمان بۆ پاسەوانی و کێشک گرتن لە زمانەکان بە کار بهێنین و ئەوەش لە ژێر سایەی سیستەمی فێرکاری چەند زمانیدا بە دەست دێت.

مرۆڤەکان لە رێگەی ئاخاوتن لەیەکتر تێدەگەن. ڕەهەندی پێگەییشتنی مرۆڤ لە کۆمەڵگادا لە ڕێگەی زمانەوە بۆ جیلەکانی داهاتو،دەگوازرێتەوە. ئەگەر زمان لە کۆمەڵگا بستێندرێتەوە‪,‬سووڕ و خولی کۆمەڵگا ڕادەوەستێ.

زمان دەسمایەی فەرهەنگی یە.کاتێک باسی پاراستن،پەرەپێدان و بەهێزکردنی داب و نریتی کۆمەڵگایەک دەکرێ، ئەوە زمانە کە ڕابردو و ئێستای ئەو کۆمەڵگایە بەیەکەوە گرێدەدا.

بێبەش کردنی هەر نەتەوەیەک لە زمانی زگماکی و داب و نەریتی تایبەت بە خۆی،مەترسی هەڵوەشان و لێکترازانی بۆنە مرۆڤی و سرووشتیەکانی نێوان تاکەکانی کۆمەڵگای، بەدواوەیە.

\"کەسێک کە تا تەمەنی حەوت ساڵە بە زمانی زگماکی قسەی کردوە و دواتر لە قوتابخانە ناچار دەکرێ بە زمانێکی دیکە قسە بکات، ئەوە جۆرێک لە دایک کوشتنە و تا بڵێی بە ئێش و ئازارە.

دەبێ بەردەوام بە شێوەیەکی دیکە بیر بکەیتەوە،هەمیشە لە مێشکی خۆتدا کاری وەرگێڕان بکەی و ئەوەش دەبێتە هۆی لە ناوچونی زۆرێک لە داهێنان و لێهاتووییەکان.

زمان یەکێک لە ئەندامە زۆر گرینگ و حەیاتیەکانی ژیان،تێڕوانین،ڕوانگە و هەڵسوکەوتەکانی ئێمەی مرۆڤە.

دەگمەن کەسێک هەیە کە بڵێت لە ژیانی ڕۆژانەدا لە قسەکردن بە زمانی زگماکی تام و چێژ وەرناگرێ.

هەر کام لە ئێمە هەر ئەندازەیەک کە زاڵ بین بەسەر زمانێکی بێگانەدا،زمانی گرینگ و حەیاتی بۆ دەربڕینی هەست یان تێگەییشتنمان، هەمان ئەو زمانەیە کە بۆ یەکەم جار لە ڕێگەی ئەوەوە قسەمان کردوە و پەیوەندیمان گرتوە.

بەڵێ هەروەک باسکرا زمانی دایکی تایبەتمەندگەلێکی کە لە هیچ زمانێکیتردا بەردەست ناکەوێت. بەڵام بە داخەوە بە درێژایی دەیان دەیە هەوڵی لە ناوبردن و سڕینەوەی زمانی کوردی لە لایەن داگیرکەرانی کوردستانەوە دەدرێ و ویستویانە و دەیانهەوێ ئەو دیاریە سروشتیەیان لێ بستێنن و بێ ناسنامەیان بکەن،چونکە زمان گەورەترین ناسنامەی هەر گەل و نەتەوەیەکە.

لە وڵاتی بە زۆر بەیەکەوە لکێندراوی \"ئێران\"ی ئەمڕۆ نزیکەی ٨٥ ساڵ لەمەوبەر و لەسەردەمی ڕەزا شای گۆڕبەگۆڕەوە بە مەبەستی دروست کردنی وڵاتێکی یەک نەتەوە و یەک زمان،هەوڵی تواندنەوە و لە ناو بردنی زمان و فەرهەنگی نەتەوە نافارسەکان دراوە و تا بە ئەمڕۆکەش لە لایەن نەوەکانیەوە بەردەوامە.
پاشماوەکانی ڕەزا مەیتەر لە هەوڵێکی تازەیاندا بە مەبەستی درێژە پێدان بە سیاسەتی لەناوبردنی زمان و فەرهەنگی نەتەوە نافارسەکان کە یەکێک لەو نەتەوانە گەلی کوردە، دەستیان داوەتە گونجاندنی شێعرێکی فاشیستیانە و ڕەگەز پەرستانە بە ناوی \"ای زبان فارسی\" لە پەرتووکی وانەیی پۆلە سەرەتاییەکاندا.
لە دەقی پەرتووکی فارسی ساڵی شەشی سەرەتاییدا شێعرێکی غولامعەلی حەدادی عادل لە ژێر ناوی\"ای زبان فارسی\"بە پێدا هەڵکوتن و ڕێز لێنانێکی زۆر لە زمانی فارسی وەک زمانی دایکی، گونجێندراوە کە نەک سازگار نیە لەگەڵ زمان و فەرهەنگی کۆمەڵگای فرەنەتەوەیی و چەند زمانیی خەڵکانی دانیشتووی جوگرافیای بە زۆر پێکەوە لکێندراوی \"ئێران\"، بەڵکو جۆرێک لە تێڕوانینی پان فارسیستی و فاشیستی و یەک زمانی بەسەر تەواوی خوێندکارانی دانیشتووی جوگرافیای ناوبراودا کە زیاتر لە ٧٠٪ی ئەوان زمانی دایکییان نا فارسی یە،دەسەپێنێ.

ئەم شێعرە تەنها لە پەرتووکی وانەی قوتابخانەکانی پارێزگا فارس نشینەکاندا نیە و بەسەر سەرجەم پارێزگا نافارسەکانیشدا سەپاوە و دەبێ قوتابیە نافارسەکانیش ئەو شێعرە بخوێنن و لەبەری بکەن.

دێڕی سەرەتا و کۆتایی ئەو شێعرە بەو جۆرەی خوارەوەیە:
دێڕی سەرەتا \"ای زبان فارسی،ای در دریای دری /ای تو میراث نیاکان،ای زبان مادری\"
دێڕی کۆتایی \"فارسی را پاس می داریم، زیرا گفتەاند / قدر زر، زرگر شناسد قدر گوهر،گوهری\"

وتنەوەو وانەدانی ئەم دەقە بە قوتابیانی قوتابخانەکانی وڵاتی بەزۆر بەیەکەوە لکێندراوی \"ئێران\" چ ئەوانەی کە زمانی دایکییان فارسی یە و چ ئەوانەی کە زمانی دایکییان نافارسییە، ئەوە دەگەیەنێ کە گشت خوێندکارانی ئەو \"وڵاتە\" دەبێ زمانی فارسی بە زمانی دایکی خۆیان بزانن و سەرەڕای ئەوەش دەبێ لە \"ئێران\"دا کێشکی لێ بدرێت و پاسەوانی لێ بکرێت.

حەددادی عادل چ هۆنراوەیەکی پێ خۆشە با بیهۆنێتەوە و تەنانەت دەتوانێ کرماشان،ئیلام،خوڕەم ئاوا،سنە و ورمێ،ش بە مڵکی زمانی زگماکی فارسی ناوزەد بکات،چونکە هیچ کەس بە تاوانی پان فارسیستی یان تێکدانی بیروڕای گشتی و شەڕ لە گەڵ خوادا دادگایی ناکا، ئەو هەر جۆرێک کە پێی خۆشە با ڕوانگە و بۆچونەکانی ناو مێشکی خۆی بکاتە هۆنراوە و بەرەو کوێی پێ خۆشە با ئەسپی خۆی تاو بدات،بە زمانی دایکی خۆی هەڵبڵێت و پەرتووکەکەشی چاپ و بڵاو بکاتەوە، بەڵام نە ئەو و نە هیچ کەسی دیکە لە ڕووی یاساییەوە بۆی نیە ئەو جۆرە شێعرانە بهێنێتە ناو پەرتووکی وانەی قوتابخانەکانی ناوچە نافارسەکان.
ئەوان چونکە جڵەوی دەسەڵاتیان لە دەست دایە بۆیان نیە مێشکی پاک و بێگەردی قوتابیە نافارسەکان کە زمانی زگماکییان فارسی نیە،بە سەپاندنی ئەوەی کە زمانی دایکی ئێوە فارسییە،شێواو و ئاڵۆز بکەن.

زمانی دایکی شتێک نیە کە بە سەپاندن و گونجاندنی زمانی زگماکی خەڵکانی دیکە لە ناو دەقەکانی پەرتووکی وانەی قوتابخانەکاندا، بتواندرێ ساوا و کۆرپەلەکان لە زمانی دایکی خۆیان بێگانە بکرێن، نەونەمامەکانی کوردستان لە سەرەتای لە دایک بوونیان، ئەوین و خۆشەویستی بێ سنووری دایکانی دڵسۆز و بە بڕیار و ئیرادە،و زەحمەت و غیرەتی باوکانی خۆیان لە یەکەیەکە وشە کوردیەکاندا بە گوێچکەی دڵ بیستوە و بونەتە هۆگری.

هەرگیز ئەو ،،آب،،ەی کە لە قوتابخانە لە گۆشەوکەناری لاپەڕە بێ گیانەکانی پەرتووکی ساڵی یەکەمی سەرەتایی بە ڕق و کینە و هەڕەشە و تەنانەت سزادانی مامۆستاوە فێری قوتابیەکی کورد دەکرێت تام و چێژی ئەو ئاوەی نیە کە لە دەستانی پڕ لە خۆشەویستی دایکان،و باوکانی زەحمەتکێشی خۆی وەرگرتوە و نۆشی گیانی کردوە، بەڵام ئەو لە بارودۆخێکدا دەژێت بۆ فێربونی خوێندەواری هیچ دەرەتانێک جگە لە خوێندن بە زمانی فارسی بەدی ناکات، کەوابو چونکە ئەوان ناچارن نابێ مێشکیان بە بابەتگەلێک پڕ بکرێت و بشێوێندرێت کە هیچ پەیوەندیەکی مەنتقی و بەرچاوی لەگەڵ ژینگەی فەرهەنگی و زمانیی ئەواندا نیە.

دیارە ئێمە وەک کورد هیچ بێ ڕێزیەک بە زمانی فارسی یان هیچ زمانێکی دیکە ناکەین وبە مافی ئەوانی دەزانین کە هەوڵی فێربوون و پاراستنی زمانی خۆیان بدەن، بەڵام دەبێ ئەوانیش ڕێزی بەرامبەر ڕابگرن و هەوڵی سەپاندنی زمان و داب و نەریتی خۆیان بەسەر ئێمەدا نەدەن. ئەمڕۆ ئەگەر شێعری پاوانخوازانەی \"زمانی فارسی\" لە پەرتووکی وانەی زیاتر لە ٧٠٪ی قوتابیانی نافارسی دانیشتووی \"ئێران\"دا دەگونجێدرێت و بە ناوی زمانی زگماکی دەرخواردیان دەدرێت،بەو واتایە نیە کە نافارسەکان زمانی دایکی خۆیان بۆ گرینگ نیە و لە دەست داوەو ناخوازن بە زمانی زگماکی خۆیان بخوێنن،یان لە جێگای فێربونی دەقە مرۆڤ دۆست و پێشکەوتووەکانی پەرتووکە کوردیەکان،دەخوازن فێری شێعرە دژە ژنیەکانی فیردەوسی توسی ببن کە دەڵێت:
\"زن و اژدها هر دو در خاک بە --- جهان پاک از این هر دو ناپاک بە
چون زاد دختر دهیدش بە گرگ --- کە نامش ضعیف است و ننگش بزرگ\".
هەر کوردێک وەک ئاغای حەددادی عادڵ یان هەر فارس زمانێکی دیکە، ئەوین و خۆشەویستی هەیە بۆ زمانی دایکی خۆی و بە دڵ و گیان خۆشی دەوێت و پێی خۆشە لە جێگای شێعری \"ای زبان فارسی\" ئاغای حەددادی عادڵ، شێعری: بە کوردی دەژیم بە کوردی دەمرم،ی مامۆستا هەژار لە دەقە وانەییەکانی ئەواندا بگونجێندرێت.

ڕۆڵەکانی گەلی کورد ئەگەر لێهاتویی زمانی خۆیان بە زیاتر لە زمانی فارسی نەزانن، لە هیچ بوارێکدا بە کەمتری نازانن و ئەوەش بە مافی بێ ئەم لاو ئەولای خۆیان چاو لێدەکەن.

کەوابو بۆ پێشەوە بۆ پاراستن و پەرەپێدانی زمانی زگماکی کوردی.