کەرکوک لە نێوان بەردەئاشی عیراقیبون و کوردستانیبوندا

15:08 - 2 خەزەڵوەر 2713
Unknown Author
مەهدی خالید خەمبار

لە وڵاتانی دونیای پێشکەوتوو بە پێچەوانەی وڵاتی ئێمە ( کوردستان) دەستوور و یاسا باڵادەسترین دەسەڵاتن، بە پێی ئەو دەستور و یاسا و ڕێسایە ئەرک و مافەکان دیاری دەکرێن، لەکەسی قبوڵ ناکەن بستێک لە سەروی یاساوە بێت ، هەمو تاکەکانیش لە بەرامبەر یاسادا یەکسانن .

لەم وڵاتانەدا هەم حکوومەت و دام و دەزگاکانی و هەمیش ئەو دارییەی کە لە کۆی سەرچاوەی داهاتەکانیەوە دەستدەکەون، بەوپەڕی ڕاستگۆیی و ڕوونیەوە دەخرێنە خزمەت هەموو چین و توێژە جیاجیاکانی کۆمەڵگا، دابینکردنی ژیانی نوێ، هەڵکردن لە گەڵ جیهانگیری و ڕەوتی پێشکەوتنی هاوچەرخ ، دابینکردنی ئاسایش و ئۆقرەیی ، پێشکەش کردنی گشت جۆرە خزمەتگوزارییەک ، لەوانە پلانسازی تۆکمە ، بنیاتنان ، بووژانەوە ، تەندروستی و چارەسەرکردنی بێکاری بەشێکن لە شاکارەکانی ئەم حکوومەت و وڵاتانە.

ئەم وڵاتە ( فینلەند) بەم هەژاری و دەستکورتیەی خۆیەوە کە نە خاوەنی بیرە نەوتێک و نە کانزایەکی ئەوتۆیە، جگە لە دار و دروستکردنی کەشتی و وەرگرتنی باج و هەندێ کۆمپانیای وەک نۆکیا، کەچی توانیویەتی لە زۆربەی بوارەکاندا لەوانە ( نەبونی گەندەڵی و خوێندن و پەروەردە و پاک و خاوێنی ) یا لە پلەی یەکەمدا یا لە ژمارە نایابەکانی تردا جێگای خۆی بکاتەوە.

لە وڵاتی ئێراقیشدا کەرکوک وەک نمونەی تەنها شارێکی ئەم وڵاتە پڕ لە نەوت و سامانی سروشتیە دەهێنمەوە، کەرکوک بە حوکمی لکاندنی بە عێراقی عەرەبیەوە، وەک شارێکی کەڤنار و دێرین و دەوڵەمەندی ( کوردستان ) ی هەم لە ڕابردو و هەم لە ئێستادا کراوە بە چەقی یەکلاکەرەوەی ململانێ و کێشە سیاسیە ناوخۆیی و ئیقلیمیەکان. ئەم زێڕە ڕەشەشی کە لە خاکەکەیەوە هەڵدەقوڵێت و بازارەکانی دونیای پڕکردوە لە خۆشگوزەرانی ، کەچی بۆ خەڵکەکەی هەمیشە لە جیاتی ئاوەدانی و دابینکردنی خۆشگوزەانی و پەروەردە و ژیانی ئاسودە و دابینکردنی ئاسایش و پاراستنی سەر و ماڵی دانیشتوانەکەی، بە پێچەوانەی هەموو ئەمانەوە وەک گەورەترین سەرچاوەی دابین و پڕچەک کردن و گەڕانی ماشینی جەنگی سەربازی و لەناوبردن و وێرانکاری و سوتماک کردن و داپڵوسین لە دژی خەڵکی سڤیل و هاونیشتیمانیانی کوردستان لە لایەن حوکمڕان و حکوومەتە یەک لەدوای یەکەکانی عێراقەوە سودیان لێ وەرگیراوە و وەردەگیرێت.

چارەنوسی کەرکووک و کەرکووکیەکان بەهۆی ئەو مامەڵە سیاسی و ئەو چەڵەمەشکێنە و پەتپەتێنەیەی کە لە دەرەوەی ئیرادەی ( کوردە کەرکووکیەکانەوە) ئەنجامدراون و دەدرێن ، (راکێش راکێشی پەتی کەرکووک لە نێوان حکومەتی مەرکەزی و لایەنی کوردی) ، (لایەنی کوردی و حیزبە ئیسلامیە شیعیەکان و سونیەکان) ، ( تورکمانەکان و کورد وڵاتانی ئیقلیمی و عێراق)، سەرباری ئەمانەش ( راکێش راکێشی نێوان هەردوو حیزبی خاوەن دەسەڵات ) ( پارتی و یەکێتی ).

لێداوانە عەنتیکەکانی لایەنی کوردی و ناوزەدکردنی کەرکوک بە ( دڵ و گورچیلە و مێشک و سیکڵدانۆچکە و قودس و مەکە و مەدینە) ، دەوترا کەرکوک شارێکی کوردستانیە، بەغدا و تورکیا ئاگریان دەکردەوە ! وتیان نەخێر شارێکە عێراقیە بەڵام ( هەویە و جنسیە و دەفتەر خدمەی کوردستانی لە باخەڵە) شاری ( پێکەوە ژیانی نەتەوەکانە) ، لە بەرامبەردا عێراقی عەرەبیش دەیفەرموو ( کەرکووک شارێکی عێراقیە وەک بەسرە و رۆمادی) ، ئەم جۆرە پیاهەڵگوتنە بە کەرکوکدا ماوەیەکی خایاند، تا پەتی پێیەکانی بەغداد و هەولێر کرانەوە و هاتوچۆکان و گفتوگۆی دوو قۆڵی نێو ژورە تاریکەکان بە شێوەیەکی گەرمتر دەستیان پێکردەوە و شەکراوی گرێبەستە نەوتیەکان لە هەولێر خورایەوە، هەولێر دوای ئەوە ئیتر لە بارەی کەرکوکەوە بو بە ماستی مەیو ، چاوی هیواکان کەوتنە سەر یەکێتی و سلێمانی ، ئەوانیش لەم هەڵبژاردنەدا زۆر بە کەمی بە ئاقاری کەرکوکدا گوزەریان کرد ، لەم چەند ڕۆژەی ڕابردوش جەنابی ( مالکی ) فەرموی ( کەرکووک شارێکی عێراقیە وەک چۆن سلێمانی و بەسرە عێراقین )

پرسیار ئەوەیە ! گەلۆ ئەمجارە نە هەولێر و نە سلێمانی نووقەیان لێوە نەهات !!؟؟ ئەمجا ئێمەی کەرکوکی بڵێین چی؟ شارەکەمان عێراقیە یا کوردستانی؟؟ سوپاس بۆ ئەوەی وەڵامی ئەم پرسیارەی کوردە کەرکووکیەکان دەداتەوە ؟.