کۆمەڵە و حیزبی دیمۆکرات هەنگاوێکی گەورە لە ٣٠ ساڵ خەبات

22:21 - 5 خەرمانان 2712
Unknown Author
رەفێق حوسێن‌پەناهی

بیستنی هەواڵی رێککەوتنی دوو حیزبی خاوەن تێکۆشان لە مێژووی گەلەکەماندا هێندە دڵ خۆشکەر بوو که برسیەتی و گوشار و نەهامەتی لەبیر کوردی رۆژهەڵات بردەوە. دەمێکە ئاە و ناڵەی دایکانی هەزاران شەهیدی ئەم گەلە بندەستەمان روو لە ئە حزابی کوردییە کە تەنها و تەنها یەکریڕیتان خۆشحاڵمان دەکات و برینەکانمان خۆش دەکات. ئەم هەواڵە کە سەرتاسەری کوردستانی گرتەوە هێندە کاریگەریی هەبوو کە دەنگی نەیارانی گەلەکەمانی کپ کرد. لە مێژووی 30 ساڵ خەباتی کوردی رۆژهەڵات دیارە ئەمە یەکەم هاوکاری و یەکەم رێککەوتن نیە لە نێوان ئەحزابی کوردیدا، بەڵام ئەم رێککەوتنەی کۆمەڵە و دێموکرات بەڕای من کەم وێنە بووە.

دوای راپەرینی گەلانی ئێران لە بەهاری 57ی هەتاوی، دوو حیزبی سەرەکی لە کوردستان شانبەشانی یەک دژ بە داگیرکەران و دژ بە حکوومەتی تازە بە دەسەڵات گەیشتووی ئاخوندی دەستیان دایە خەبات بۆ بەدیهێنانی مافەکانی گەلی کورد لە رۆژهەڵات کە بەداخەوە رووبەڕووی رژیمێک وەستانەوە کە نەک دانی بە مافی گەلی کورددا نەدەنا، بەڵکوو هەموو هەوڵی خۆی وەگەڕ خست بۆ لەناو بردنیشی، بەڵام خەلکی کوردستان کە خاوەنی ئەم دوو حیزبە (کۆمەڵە و دێمۆکرات) بوون، هەستیان بە پاڵپشتێکی زۆر بەهێز دەکرد لە بەرامبەر داگیرکەران. کە خەباتی چەکداری لە کوردستان سەپا بەسەر گەلەکەماندا، ئەم دوو حیزبە کە زۆریش خاوەنی ئەزموون و خاوەن ئیمکانات نەبوون بەڵام مێژوویەکی گەورەیان تۆمار کرد. وەک شەڕی 24 رۆژەی سنە و شەڕی 3 مانگە کە دوای فەرمانی هێرش بۆ سەر کوردستان لەلایەن خۆمەینییەوە درا.

لەو سەردەمەدا کۆمەڵە و دێمۆکرات زۆر لێوەشاوانە بەرەنگارییان کرد لە بەرامبەر ئەو هێزە داگیرکەرانە کە باڵیان بەسەر کوردستاندا کێشابوو، لە رێککەوتنێک کە ئەوکات لە نێوان کۆمەڵە و دێمۆکرات و ئەحزابی تری ئەوکاتدا کرابوو بەرەنگاری شەڕی 3ێ مانگە لە کوردستان، نیشانی دا کە هاوکاری و پێکەوە بوون چەندە کاریگەریی هەیە.

بەڵام ساڵانی دواتر بەداخەوە ئەو نەهامەتییە بەسەر گەلەکەماندا هات و کۆمەڵە و دێمۆکرات لە بەرامبەر یەکدا وەستانەوە و ورەی خەڵک و تێکۆشانی خەڵکی کوردستانی تووشی نائومێدی کرد و بزووتنەوی حەقخوازانەی گەلی کوردی تووشی گرفتیکی گەورە کرد. لە م کارەساتە زۆر ماڵوێرانیی بەدواوە بوو بۆ خەڵکی کوردستان. ئاسەوارە خراپەکەی تا ئەم ساڵانەش هەر لەسەر خەڵکی کوردستان ماوەتەوە.

لەم ساڵانەی رابردوودا کە ئەحزابی کوردی لە باشووری کوردستان گیرسانەوە، گەلێک نەهامەتی و ناخۆشیتر رووی تێکردن کە ئەمەش نائومێدیی زۆری لەنێو خەڵکدا دروست کرد. وەک نموونە دابڕانەکان و ئینشعابەکان و قسە وتن بە یەک و زۆر شتێ لەم بابەتانە. ئەمەش بۆ خۆی لە کەناری ئەو نائومێدیانەوە جێگای گرت.

ئەحزابی کوردی کە لەم ساڵانەدا هەرکامەیان بوون بە خاوەن میدیای خۆیان و رۆژنامە و گۆڤار و هتد، نەبوونی گۆتارێکی هاوبەش و یەک هەڵوێست بوون لە زۆر بواردا و نەبوونی کۆ دەنگی، وای کردبوو کە خەڵکیشی تووشی قەیرانی نەبوونی گوتاری هاوبەش کردبوو. ئەمانەی سەرەوە ئاماژەیەکی زۆر کورت بوو کە هەموومان شاهیدی بووین لە مێژوودا کە خەڵکی ئێمەی بەڕاستی نائومێدکردبوو بەرامبەر بە ئەحزابی کوردی.

سەردەمی ئێستە کە کورد بەگشتی و کوردی رۆژهەڵات بەتایبەتی تێدایە، رەنگە ئەوەش هەموومان بیزانین و پێویست بە لێکدانەوە نەکات، بەڵام من لێرە هەوڵ دەدەم زۆر بە کورتی ئاماژە بە بارۆدوخی ئێستای کورد بەگشتی و کوردی رۆژهەڵات بەتایبەتی بدەم.

رەنگە تازە نەبێت بەڵام وەبیرهێنانەوەی لە روانگەی خۆمەوە بە خراپی نازانم: شەپۆلی گۆڕانکارییەکان لە ناوچەکە بەگشتی و لە وڵاتانی عەرەبی بەتایبەتی، وای لێ هاتووە کاریگەریی لەسەر دونیا داناوە و ئەم باهۆزە گۆڕانخۆازانە سەرجەم مروڤەکانی ناوچەکەی وە خۆ هێناوە و رووخانی یەک لە دوای یەکی دیکتاتۆرەکانی ئەم ناوچە ورەی خەڵکی چەوساوەی ئێمەشی زیاد کردووە، بە نیسبەت کوردەو تا دێت گۆڕانکارییەکانی ئەم ناوچە بە قازانجی کورد بەگشتی تەواو دەبێت، ئەوەتا کوردی رۆژئاوا خەریکە دەبێتە خاەن شوناس کە تا ئێستا لێی بێبەش بووە و بە هەموو کەمو کووڕییەکانیەوە یان بە هەموو ئەوەی کە هێشتا بە تەواوەتی چارەنووسی کوردی رۆژئاوا نادیارە، بەڵام دڵنیام کە لانیکەم کورد دەتوانێت لە و بەشە ببێتە خاوەنی ناسنامەی خۆی.

کوردی باکوور کە لە وڵاتی تورکیە دەژین، لەم ساڵانەی دوایی زۆر هەوڵی داوە کە روخساری خۆی لە دونیا بگۆڕێت و نیمچە دێمۆکراسییەک لەو وڵاتە نیشانی دونیا بدات. هەموو هەوڵی تورکیە ئەوەیە کە بتوانێت ببێتە یەکێک لە وڵاتانی یەکیەتیی ئورووپا و لەم بوارەشدا زۆر هەوڵی داوە کە گۆڕانکاریی جیددی لە خۆیدا پێک بێنێت. لە بواری ئابووریدا تورکیە لەم ساڵانەدا گەشەیەکی بەرچاوی بە خۆیەوە بینیوە.
بە نیسبەت کێشەی کوردەوە من رام وایە کوردی باکوور ئەگەر ژیرانە مامەڵە بکەن، دەتوانن ببنە خاوەن مافی خۆیان، لەبەر ئەوەی کێشەی کورد لە تورکیە کێشەیەکی نەشاردراوەیە، بۆ ئەو وڵاتە و دەبێت دێر یان زوو هەنگاوی بۆ هەڵێنێت. بە بڕوای من بێ مەیل نیە لەم بارەشەوە. ئەمێنێتەوە بۆ ئەوەێ کوردی باکوور چڵۆن ئەو وەزعە بە قازانجی خۆیان دەقۆزنەوە.

کوردی باشووریش کە هەموومان بە چاوی خۆمان دەبینین سەرەڕای کێشە و گرفتەکان و کەم کارییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەڵام رۆژ لە گەڵ رۆژ روو لە گەشەیە و خۆشبەختانە ئێستا حکومەتدارانی ئەم بەشەی کوردستان  
خاوەنی راوێژکارانێکی شارەزان لە هەموو بەشەکاندا و گوێیان بۆ دەگرن و دەتوانن ئەم حکومەتە بە باشی بپارێزن. ئەوەی بۆ ئەم باسەی ئێمە گرنگە بارودۆخی ئێران و کوردی ئەو بەشە و ئەحزابەکەیەتی کە بنەمای سەرەکی باسەکەی ئێمەیە. وەک باسم کرد شەپۆلی گۆڕانخوازی لە ناوچەکە هێندە بە توندی دەڕوات کە بە زوویی ئێرانیش دەگرێتەوە. حکوومەتی ئێران توانایی حکوومەت کردنی لە ئێران نەماوە، چ لەنێوخۆ چ لە دونیا قبووڵ کردنی کارێکی هاسان نیە و جێگای ریفۆرمیشی تێدا نەماوە. خەڵکی ئێران بە جیددی چاوەڕوانی کاتن کە هەستنەوە دژ بەم رژیمە دیکتاتۆرە . گرانی و بێکاری و دەیان کێشە وای لە خەڵکی ئێران کردووە کە ئامادەی هەموو جۆرە بەرەنگارییەکن دژ بەم حکوومەتە.

بە نیسبەت خەڵکی کوردستانی رۆژهەڵاتیش هەموومان شاهیدی ئەوەین کە کوردی رۆژهەڵات چەندە تینووی ئازادی و رزگارین و لەم رێگایەشدا بە سەروماڵی هەزینەیان داوە. بەڵام هەمیشە کە باسی گۆڕان لە ئێران دەکرێت، باس لە نەبوونی ئاڵترناتیڤ دێتە ئاراوە لەبەر ئەوەی خەڵکی ئێران نەبوونی ئاڵترناتیڤی بەهێز گرفتێکی گەورەیە بۆیان، بەڵام ئەم گرفتە لە کوردستان نیە. خەڵکی کوردستان 30 ساڵە خاوەن ئاڵترناتیڤن کورد خاوەنی دەیان حیزب و رێکخراون کە هەر کامەیان خاوەن پێگەن و دەتوانن ئاڵترناتڤێکی بەهێز بن بۆ گەلەکەمان لە رۆژهەڵاتی کوردستان. گرفتەکە لای کوردی رۆژهەڵات ئەوەیە کە ئەحزابەکەی تا ئێستا کۆ دەنگ نین و نەیانتوانیوە بەگشتی ببن بەو ئاڵترناتیڤە بەهێزە کە بتوانێت بێ کێشە و گرفت داخۆازیکار و پارێزەری مافەکانی خەڵکی کوردستان بێت لە ئێران 

وەک باسم کرد ئێستە هەلێکی باش رەخساوە بۆ کورد بەگشتی، بەڵام چۆنیەتیی قازانج کردن لەم هەلە ئەمەیە که ئەرک دەخاتە سەرشانی ئەحزابی کورد و دەبێت ئەم هەلە بە قازانجی گەلەکەمان بقۆزنەوە. لێرە دایە ئەم هەنگاوەی کۆمەڵە و دێمۆکرات خۆی نیشان دەدات و چەندە هەست بە بەرپرسیاریەتیان لەم بارودۆخە هەستیارەدا نیشان دەدات. ئەم رێککەوتنەی نێوان ئەم دوو حیزبە بە ئەزموون و خاوەن رابردووە، بەڕای من رچەشکێن بوو کە ئاکامەکەی دەتوانێت هەنگاوی گەورەتری بەدواوە بێت. وەک بینیمان کە خەڵکی کوردستان چلۆن توونیەتیان شکا بە بیستنی ئەم هەواڵە، ئەمە وەڵامی چەندین ساڵەی خەڵکی کوردستان بوو. ئەم هاوکارییە و هاوئاهەنگییە، وەڵامی مانگرتنەکەی 19ی گۆڵانی خەلکی کوردستان بوو. ئەم هەنگاوە وەڵامێک بوو کە زۆر پرسیاری بێ وەڵامی، وەڵام دایەوە.

لە کۆتایدا هیوادارم ئەمە کۆتایی هەنگاوەکان نەبێت و سەرجەم لایەنکانی تریش ئەم هەنگاوە بە پۆزەتیڤ بزانن و خۆیان لەو هاۆپەیمانیهدا ببیننەوە کە کۆمەڵە و حزبی دێمۆکرات رچەکەیان شکاند. بە پیویستی دەزانم لێرەدا دەست خۆشی لە دوو هەڤاڵی تێکۆشەر و خاوەن رابردوو هەڤاڵانی بەرێز کاک عەبدۆڵڵا موهتەدی و کاک مستەفا هیجری بکەم کە دڵی گەورەیان پیشانی کوردی رۆژهەڵات دا.

بە داوای لێبووردن لە خوێنەرانی ئەم بابەتم ئەگەر چی کورت و رەنگە زۆریش بە هێز نەبێت و تۆزقاڵیکش بە سەر شتە مێژووییەکاندا تێپەر بووبێتم ، هیوادارم لە ناوەرۆکی بابەتەکەم کەم نەکاتەوە و توانیبێتم مەبەستی خۆمم گیاندبێت. بە هیوای سەرکەوتن.