\" کۆماری سێدارە شێرپەنجەی سەردەمە\"

20:58 - 20 رەزبەر 2718
Unknown Author
زرێبار مەریوان

ئەوەی راستی بێ تەنیا خەڵکی ئێران نین کە لە دۆزەخی ئێران و لە ژێر دەستی داعشی ئەتۆمیدا دەژی بەڵکوو وڵاتانی خۆرهەڵاتی ناوین بە شێوەی ڕاستەوخۆ و وڵاتانی رۆژئاوایی بە شێوەی ناڕاستەوخۆ لە لایەن ئەو هزرە گەندەڵەی حکومەتی ئیسلامیی تارانەوە خەسارمەندن.

کۆماری ئیسلامی بێجگە لەوەی کە بە شێوەی سیستماتیک پێوەندی بە گرووپە توندڕەوە شێعەکانی ناوچەکەوە هەیە تەنانەت زۆربەی حیزب و رێکخراوە توندئاژۆ سووننەکانی ناوچەکە خۆراکی مادی و مەعنەوییان لە ئێرانەوە دابین دەبێ . بێجگە لەو پێوەندییە کە باسمان کرد ئێران لە گەڵ ئەحزاب و وڵاتانی کۆمۆنیستی جیهان پێوەندی ستراتیژیکی هەیە و لە تیکنۆلۆژی ئەوان سەبارەت بە ئاڵۆزکردنی ناوچەکە کەڵکی ناتەندرووست وەردەگرێ ۰ لە مەرامی شێعەگەرییدا ئەسڵێک نییە کە دژی ئابووریی ئازاد بێ تەنانەت هەموو ئایینەکان لە بواری بیرۆکەی ئابوورییەوە لە سەر هێڵ و بیری دنیای سەرمایەدارین ئیتر دژایەتی شێعەکان لە گەڵ دنیای رۆژئاوا نە باری فیکری هەیە و نە پێشینیەیەکی سەدان ساڵە و مێژوویی هەیە۰ دنیای چەپ و کۆمۆنیست لە باری هزرییەوە ئایین بە ئەفیۆنی نەتەوەکان دەزانێ وتەنانەت پێی وایە کە دینەکان پێش زەوینەی درووست بوونی ئیمپریالیزم و دنیای سەرمایەدارین.

کۆماری ئیسلامی لە ماوەی چوار دەیەی رابردوودا بە شێوەی بەربڵاو پەلی هاویشتووەتە ناوچەکە و لە گەشەی رادیکاڵیزمی ئیسلامی ناوچەکەدا شوێنی زۆری داناوە۰ کۆماری ئیسلامی لەو بوارەدا ئەوەندە چۆتە پێشەوە کە ئەتموسفۆری خۆرهەڵاتی ناوینی یەکپارچە تووشی ئاڵۆزی و قەیران کردووە و ئەوەی کە ئەو دەیخوازێ بۆی هاتۆتە دی ۰ پرۆژەی کۆماری ئیسلامی بەوە کۆتایی نایە و بۆ دەرکەوتنی ئیمامی زەمان پێویستە فەساد، فەحشا ،کوشتار، نادادپەروەری و گەندەڵی زیاتر پەرە بسێنێ.

کۆماری ئیسلامی بە پێکهێنانی کەش و ئەتمۆسفۆری شەڕ و ئاڵۆزی دۆخێکی دروونی و پڕ لە مەترسی بۆ تاک تاکی خەڵک پێکهێناوە کە بە شێوەی خوازراو و نەخوازراو هەموو رەوتە ئیسلامییەکان ڕووبەڕووی شەڕ و پێکدادان بوونەتەوە۰ باندۆری ئەو ئاڵۆزییە لە سەر وڵاتانی رۆژئاوایی بە ریز بریتین لە
۱ـ کۆچ و کۆچبەری: یەکێ لە هۆکارەکانی کۆچ کردن نەبوونی ئەمنیەت و هێمنایەتییە۰ هێمنایەتی بریتییە لە ئەمنیەتی سیاسی، ئابووری، کۆمەڵایەتی، ئیش و کار، رۆحی و دەروونی و ۰۰۰هتد۰ کاتێک ئەو ئەمنیەتگەلە لە کۆمەڵدا بوونی نەبوو ئیتر هەر یەک بە هۆکارێکەوە پەنا بە کۆچ کردن دەبات۰ شەپۆلی کۆچ کردن لە سوریا ، عیراق و تەنانەت خودی ئێران لەو چەند ساڵەی دواییدا نموونەی ئەو راستییەیە ۰روسیا و ئێران کە خوڵقێنەری ئەو دۆخەن رێگای کۆچبەر و پەنابەر نادەن۰ وڵاتانی ئورووپایی بۆ چارەسەری کێشەی کۆچبەری داوا لە تورکیا و ۰۰۰ دەکەن کە سنوورەکانی خۆیان تووندوتۆڵتر کەن و تەنانەت هەندێک جار یەکیەتی ئورووپا یارمەتی ماڵی ئەو وڵاتانە دەکەن۰ دیاردەی کۆچبەری لە داهاتوودا بۆ ئورووپا و خەڵکەکەی کێشەی قەرەبوونەکراو دەخوڵقێنێ.

۲ـ بازرگانی بە ماددە هۆشبەرەکان: ئێران هەم لە باری هەڵکەوتی جوغرافیاییەوە و هەم لە باری هزرییەوە دەتوانین وەک هۆکارێک بۆ گواستنەوەی ماددە هۆشبەرەکان ناو ببەین۰ ساڵانە بە دەیان کەسی ئێرانی بە هۆکاری گواستنەوەی ماددەی هۆشبەر لە وڵاتانی دیکەدا دەگیرێن۰مافیاکانی ماددە هۆشبەرەکان لە دەرەوەی سنوورەکاندا هەر یەک بە جۆرێک پێوەندییان بە میلیشیاکانی سپاوە هەیە۰ ساڵانە ئێران لە بەردەم بیروڕای گشتیدا بە ناو چەندین تۆن ماددەی دەست بە سەرداگیراو دەسوتێنێ و بە سەدان کەس ئێعدام دەکات۰ وادیارە ئەوانەی ئێعدام دەکرێن سەربەخۆ قاچاخی ماددەی هۆشبەریان کردووە و بە هێزەکانی سپاوە لینک نەبوون
۳ـ تیرۆر و نائەمنی لە وڵاتان: ئیدئۆلۆژیی ویلایەتی فەقیهی هەر وەک خومەینی دەڵێ بە سنوورەکانی ئێرانەوە نەبەسراوە و دەبێ بگوازرێتەوە بۆ جیهان۰ ئەو فەلسەفەیە نە تێکەڵ بە هزری دیکە دەبێ و نە لەواندا دەتوێتەوە.

ئەو شێعانەی بەستراوەی ویلایەتی فەقیهن لە تاراوگەدا بە بێ دەنگ دانانیشن وەک باقی ئایینەکان دەستوراتی دینی خۆیان بەرێوە ببەن بەڵکوو بە شێوەی نهێنی لە ئەگەری کێشە ناکۆکییەکی ناو ئەو وڵاتانە دەبنە پاڵەپەستو و هۆکاری گڕگرتنی کێشەکان۰ ئێران لە زۆربەی وڵاتانی ئورووپاییدا بە شێوەی راستەوخۆ یان بە هۆی دەست و پێوەندییەکانیانەوە تیرۆریان کردووە و بە هێزی ئابووری خۆیان لەو تاوانە دەرباز کردووە۰ ئێران پێوەندی راستەوخۆی لەگەڵ ئەلقاعیدە و داعش هەیە و تیرۆر و خوڵقاندنی کەشی ترسناک لە وڵاتانی رۆژئاواییدا لە کارە درێژماوەکانییەتی۰ تیرۆر لە رۆژئاوادا لە حاڵەتەوە بووە بە دیاردە و لە داهاتووشدا پەرە دەستێنێ.

٤ـ تێکدانی ژینگە: لە سەرهەڵدانی ئاڵۆزی و قەیراندا ژینگە گەورەترین خەساری لێدەکەوێ۰ لەو دۆخەدا ژینگە هیچ بودجەیەکی بۆ دیاری ناکرێ و هەروەها هیچکەس لە بیری ئەوەدا نییە ئاوڕ لەو بابەتە بداتەوە۰لە سووریا و عێراق و تەنانەت خودی ئێرانیشدا نەبوونی ئاوی پاک بۆ خواردنەوە گەیشتووە بە هێڵی سوور۰ لە ٦۰۰ دەشتی ئێران۲۹٦ دەشت بوون بە بیابان۰ دارستانەکان لە ناوچوون۰ دەریاچە و رووبارەکان رۆچوون و تەواو بوون و ...

دەرئەنجام و لێکەوتەی ژینگەکوژی سیستماتیکی کۆماری ئیسلامی کۆچ و کۆچبەرییە۰ خەڵک بەرە بەرە روو دەکەنە ناوچە خۆش ئاو و هەواکان۰ لە عێراق و سوریا کەرتی کشتوکاڵ گەیشتووە بە هێڵی سوور۰ خەڵک بە تەواوی بەستراوەی مووچەی دەوڵەتی بووە و دەوڵەتیش بەستراوەی ئابووریی تاک مەحسوڵ واتە نەوت بووە۰ کۆی قەیرانی ژینگە لە داهاتوودا داوێنگیری ئورووپا دەبێتەوە۰ قەیرانی ژینگە کۆبوونەوەی خەڵک لە ناوچە پڕئاوەکان و تێکدانی دیمۆگرافی و هاوسەنگی حەشیمەت و بێکاری و لە ئاکامدا شەڕ و ئاڵۆزی لێدەکەوێتەوە.

لە کۆتاییدا پێویستە بیروڕای گشتی چ لە ناوخۆ و چ لە دەرەوە ئاگاداری کۆی ئەو قەیرانخولقێنیەی کۆماری ئیسلامی بکرێتەوە و بە هێنانە ئارای بیرۆکەیەکی تازە هەموو وڵاتانی ناوچەکە بێنە سەر هێڵ۰ هەر لایەن و هێزێک لە گەڵ کۆماری سێدارەدا هاوپەیمان بێ لە تەندرووستی سیاسی خۆی بترسێ۰ بێگومان مێژوو لەوانە خۆش نابێ کە بە ناوی دێموکراسیخوازی و یەکسانیخوازی لەگەڵ گەندەڵترین هزری سەردەمدا یەک کەوتوون.

بژی و بەردەوام بێ راسان


ناوەرۆکی ئەم بابەتە روانگەی نووسەرەکەیەتی و ئاژانسی کوردپا لێی بەرپرسیار نییە.