کورد لەنێوان داعش و مالیکیدا چی دەستەبەر ئەکات ؟

22:29 - 3 پووشپەڕ 2714
Unknown Author
بێستوون تۆفیق حەمەلاو (بێستون هەورامی)

هێرشی چەکدارانی داعش بۆسەر سوپای ئێراق لەپارێزگای موسڵ و تکریت و هەندێک لەقەزاو ناحیەکانی کەرکووک وێڕای ئەوەی بە راگەیەندراوێکی داعش و فتواکەی ئایەتڵڵا(علی سیستانی) شەڕی تائیفی سوننەو شیعەی گەڕاندەوە بۆ سەردەمی کوشتنی نەوەکانی پێغەمبەرو لەهەمانکاتدا کاردانەوەگەلێکی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی بەدوای خۆیدا هێناو تابلۆی چەند سیناریۆیەکی جۆراوجۆری وەک: دابەشکردنی ئێراق بۆ سێ‌هەرێمی کورد، شیعە و سوننە ئەم ئاماژەیە زیاتر بەبیرۆکەی جۆزیف بایدن ناودەبرێ‌، دابەش کردنی ئێراق بۆ سێ‌هەرێمی کۆنفیدراڵ و مانەوەی بەغدا وەک ناوەندێکی بڕیاردان نەک بەو دەسەڵاتە دەستوری و یاساییەی ئەمڕۆوە یان دابەش کردنی ئێراق بۆ سێ‌دەوڵەتی سەربەخۆی کورد شیعەو سوننە، یان مانەوەی ئێراق بەم شێوازەی ئەمڕۆ بەڵام بە کەم کردنەوەی دەسەڵاتەکانی مالیکی و هاوبەشی بونێکی راستەقینە کۆی پێکهاتەکانی ئەم وڵاتە لەهەموو ماف و ئەرکێکدا.

هێنایە بەرباس و پێموایە کێشانی هوتافی (یەک پارچەی ئێراقی)ش بەسەرچوو، کە لایەنە کوردییەکانی هەرێم لەدوای پرۆسەی ئازادی گەلانی ئەم وڵاتەوە هەتا ئیستا لەلایەنە عەرەبیەکان باشتر سینەزەنیان بۆ دەکرد، بۆیە لەم نێوەندەدا نابێ‌بیر لەمیانگیری ئەم شەڕە تائیفە بکەینەوە لەسەردەستی خۆمان چونکە رەگێکی قووڵ و لە مێژینەی هەیەو لەدوای پرۆسەی ئازادی گەلانی ئەم وڵاتەوە رۆژ لەدوای رۆژ بەرەو بەرپابونێکی ئاشکرا هەنگاودەنێ‌، بۆیە جێگای خۆیەتی قسەی کورد ئیتر لەبارەی سەرخستنی کام لەو سیناریۆیانە بێ‌بە پێناسەی سیاسەت، یان چی بکەین بۆ ئەوەی ئێراق بەرەو ڕاگەیاندنی سێ‌دەوڵەتی سەربەخۆدا بەرین هەرچەندە لەم کاتەدا لەباکوور پرۆسەی ئاشتی بەردەوامەو لەڕۆژئاوا بەکۆی سەرنج و تێبینیەکانەوە سێ‌کانتۆن ڕاگەیەندراوەو لەڕۆژهەڵاتیش سەرەڕای سزا ئابورییەکان بۆسەر ئێران، گەلانی ئەو وڵاتە بێدەنگیان هەڵبژاردووەو لەباشوریش هەرێم شانسی بەرفراوان بوون و دەسکەوتی زیاتری بۆ هاتووەتە پێش و ئەوەش مایەی خۆشحاڵییە کۆی لایەنەکانی چوار پارچەکەی کوردستان لەبارەی سەرکەوتنی هەر سیناریۆیەک لە ئێراقدا یەکبونێکی نەتەوەییان لەبارەی هەرێمەوە هەیە ، بەڵام ئەوەشمان لەبیرنەچێ‌وڵاتانی کارئەکتەری ناوچەکە ڕۆڵێکی کارا لەدیاری کردنی چارەنووسی ئێراق بۆ هەریەکێک لەو سیناریۆیانە ئەگێڕن و ئەو وڵاتەش لەم ناوچەیەدا زۆرترین سوودو بەرژەوەندی لەیەک پارچەیی ئێراقدا هەیە.

بێگومان ئەم کارئەکتەرە، کۆماری ئیسلامیی ئێرانەو چاوەڕێش دەکرێ‌هاوکاری سیخوڕی و سەربازی پێشکەش بەمالیکی بکات و هەروەها لەهەوڵی ئەوەشدایە دوڕیانێکی بەشداری پێکردنی هێزی پێشمەرگە لەشەڕی داعشدا لەنێوان( پارتی و یەکێتی )دا دروست بکات!! بەوپێیەی هەم ئێراق لەپارچە پارچە بون بپارێزێ‌و هەمیش مالیکی لەو ڕەوشەی تێیکەوتووە دەربازی بکات ، بەبڕوای من لەم کاتەدا تەنها رەوانەکردنی هێزی پێشمەرگە بۆ دوا بستی خاکی کوردستان و قایم کردنی سەنگەرەکانیان بەسە بۆ ئەوەی بزانین لەداهاتودا چیدیکە دیتە ئاراوەو بەپێی ڕوداوەکان هەڵسوکەوتی زیاتر بکەین و لەواقعی حاڵیشدا ئەبێ‌لەهەوڵدابین بۆ ئەوەی لەوکۆنسرێتە دیپلۆماسییەدا واچاوەڕوان دەکرێت لەنێوان وڵاتانی ناوچەکەو ئەوروپاو ئەمریکادا ئەنجام ئەدرێ‌ژەنیارێکی باش بین و هەنگاوی یەکەمی ئەو کۆنسرێتە ئەوەیە کەدەستێوەردانی حکومەتی تاران لەکاروباری ناوخۆی ئێراق و هاوکاری وڵاتانی ئەهلی سونە بۆ چەکدارانی داعش کۆتایی پێ بهێنرێ‌و لەم نێوەندەشدا هەڵوێستی وڵاتانی ئەوروپاو ئەمریکا لەبارەی ڕەوشی ئێراقەوە ناڕونیێکی پێوەدیارەو لەدوڕیانی یەک پارچەیی و دابەشبوونی ئەم وڵاتەدا لێدوانی هەمەجۆر ئەدەن؟!

بەبڕوای من پێویستە سەرکردایەتیی کورد لەهەرێم بانگهێشتی لایەنەکانی چوارپارچەکەی کوردستان لەمەڕ خستنەڕوی ستراتژییەک بۆ داهاتوی کورد لەئێراقی دوای ئاڵۆزییەکان و یاخود لەئێراقی درێژکێشی ئاڵۆزیەکاندا گفتوگۆ یەکی چڕ لەبارەی کۆی سیناریۆکانی داهاتوی ئەم وڵاتەوە بکەن، چونکە پێموایە ئەوەی بەکەمترین بەرژەوەندی هاوبەش لەگەڵ ناوەندەکانی بڕیاردەر لەچارەنوسی ئێراق بۆهەر سیناریۆیەک ئەمێنێتەوە گەلی کوردەو ئەوەش لەسەر ئەرزی واقع و لەئێراقی ئەمڕۆدا هاتووەتە بون بەشێک لەسیاسەتکاران پێمان ئەڵێن‌: سەرەتای هەڵوەشاندنەوەی پەیماننامەی لۆزانە هەرچەندە پێموایە بۆ ئەم ئاماژەیە کات زۆری ماوە، بەڵام لەدونیای سیاسەتی بەرژەوەندخوازانەی ئەمڕۆدا دەکرێ‌واش لێی بڕوانین . ئەوەش لەم دوا وێردەی بابەتەماندا وەک پرسیارێک چ ئاراستەی سەرکردایەتی کوردو هەروەها لەبەرخۆیمانەوە لێکی بدەینەوە ئەوەیە ئایا: کورد لە نێوان داعش و مالیکیدا چی دەستەبەر ئەکات؟.

ئەم بابەتە روانگە نووسەرەکەیەتی و ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا لێی بەرپرسیار نییە.