ڕێکخراوە مەدەنییەکانی بۆکان بۆ بژیوی خەڵک لە قەیرانی ئێستای کوردستاندا ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردەوە
کۆی ڕێکخراوە مەدەنییەکانی شاری بۆکان ڕوو لە خەڵکی بۆکان ڕاگەیەندراوێکی بەنیسبەت ئەو قەیرانەی کە بەهۆی کۆرۆنا بەسەر کوردستاندا زاڵ بووە و خەڵكی تووشی کێشەی داهاتی بژیوی ژیان بوونە بڵاو کردەوە.
دەقی ڕاگەیەندراوەکە بەم چەشنەیە:
هاووڵاتیانی خۆشەویست
خەڵکی بەشەڕەفی شاری بۆکان
بەداخێکی گرانەوە هەر وەک ئاگادارن بەهۆی بڵاوبوونەوەی ویرووسی کڕۆنا و پەرەئەستاندنی ئەم پەتایە لە وڵات، زۆربەی هەرە زۆری دووکان و بازاڕ و ئەو شوێنانەی خەڵک بژیوی ڕۆژانە ژیانی لێ دابین دەکەن داخراون.
نرخی هەموو کەلوپەل و خواردەمەنیی ڕۆژانە لە هەڵکشان دایە. کار بۆ دەرمانی چاوێشەش وەگیر ناکەوێ. زۆر کەس هەن بێ پاشەکەوت، خەرجی بژیوی ژیانیان لە کاری ڕۆژانەیان دابین دەکەن.
ئەگەر ئێمە وەک مرۆیەکی هەستیار چاوێک بە دەوروبەرماندا بگێڕین ڕەنگە هەر لە کۆڵانەکەمان، لەناو خزم و کەسی نزیک، دۆست و ئاشنا، پیرەپیاو و پیرەژنێکی پەککەوتە هەبێ کە توانای وەرگرتنی نانیشی نەبێ.
داوا دەکەین بۆ دەربازبوون لەو قەیرانە، هەرکەس بە قەرایی هیمەت و گەورەیی، جوامێری و پیاوەتی خۆی دەستی ئەو هەژار و پەککەوت و دەسکورتانە بگرێ، بۆ ئەوەی لەو ڕۆژە ئاستانگانەدا کەس هەست بەتەنیایی و بێکەسی نەکات، ڕوو زەرد و شەرمەزاری ژن و منداڵ نەبن.
ئێمە دڵنیاین هیمەت و جوامێری کوردانە ئەمجارەش وەک هەموو جارەکانی دیکە ناهێڵێ کوانووی هیچ بنەماڵەیە بێ ئاگر بمێنێتەوە. دەستی گەورەیی و کەرەمی ئێوە بەدڵنیاییەوە ناهێڵێ دەستێکی سارد و سڕ و بێ ئەناوا لە دەوروبەری بوونی هەبێ.
کۆی ڕێکخراوە مەدەنییەکانی شاری بۆکان