ڕێبەری سێبەر لە نێوان دوو چەمکی مەشھووریەت و مەشرووعیەتدا(عەوڵا و عەولەمە)

عارف شێخ ئەحمەدی

پێشەکی: لەم بابەتەدا ھەوڵ دراوە بە پێی توانا شیکاری بۆ پێناسە و تایبەتمەندی مێژوویی و ئێستای ڕێبەر و سەرکردە لە چەند ڕەھەندی جیاوازدا بکرێت، پێوەرەکانی کاریزما بوونی ڕێبەران لە قۆناخە جۆراوجۆرەکاندا چی بوون، جیاوازی لە نێوان بەناوبانگ بوون(مەشھووریەت) لە تەک خۆشەویستی ڕاستەقینە و(مەشرووعیەت)ی سەرکردە لە کوێ‌دا دەردەکەوێت و خوێندنەوەی نوێ بۆ گوتاری مەشرووعیەتی سیاسی و کۆمەڵایەتی تاکی ڕێبەر لەم سەردەمەدا و لە کۆتایشدا مەبەست لە ڕێبەری سێبەر چیە و کێ لەم بازنەیەدا خۆی دەبینێتەوە.

پێناسەی ڕێبەر بە کورتی بریتیە لەو کەسەی کە بە ھۆی تایبەتمەندی سەرنجڕاکێش و ڕەنگدەریی بەرچاو لە ئاخاوتن و کرداردا کاریگەری لە سەر جەماوەر دادەنێت. پێناسەی مێژوویی ڕێبەر لە گشت بوارەکاندا وێڕای ئەم وەسفە کورتەی باسمان کرد، بریتیە لە کەسێک کە لە ناو ماڵ و خێزان و عەشیرە، لە کات و زەمانێکی تایبەتدا توانیویەتی بە پێی داب و نەریتی سەردەم، جۆری کۆمەڵگەکان و شێوازە ژیانی چاخی خۆی، گەرا دابخات و ھاوکات لە دەرفەتێکی گونجاودا خۆی پێناسە بکات.

لێرەدا تاکی ڕێبەر دەتوانێت بە ڕاکێشانی ڕای جەماوەر یان خود بە خۆسەپاندن پانتایی ھێز و دەسەڵات بەرفراوان بکات و ھێژمۆنی دەسەڵاتی خۆی بە فەرمی ڕابگەیێنێت.

ئەفلاتوون وەک یەکێک لەو بیرمەند و زانایانەی کە باسی پێکھاتەی فەلسەفەی سیاسی و کۆمەڵایەتی کۆمەڵگە دەکات، ڕای وایە ڕێبەر و سەرکردە دەبێ لە خاوەن بیر و ڕۆشبیران بن و چینەکانی دیکەی کۆمەڵ بە سادە و ساویلکە کە تەنیا مەبەستیان ژیانێکی ئاساییە ناو دەبات.

بە باوەڕی ئەم زانایە کە ناوەندی \"ئاکادێمی\" بۆ ڕاھێنان و پەروەردی بیری گشتی بنیات نابوو، ئەم ناوە لە\" Academus\" کە یەکێک بووە لە قارەمانان و شەڕ کەرەکانی یۆنانی وەرگرتووە کە وەک ڕێبەڕێکی بە ناوبانگ ناسراوە.

بە پێی تیۆری کاراکتەر، چوار جەوھەر دەبێ لە درووستبوونی ڕێبەردا دەخیل بن کە بریتین لە شەخسیەت، گونجان لە تەک زەمان، پێوەندی بە تاک و کۆ ، توانایی و ھێز.

ئەگەر چی لەمڕۆدا زۆر پارامتری شەخسیەتی دیەکەش وەک کاریگەری درووست کردن و شوێن دانان لە سەر بیروڕای گشتی و سەروەت و سامان و ڕێچکەی عەشایری و...ھتد، تەواوکەری پێناسەی ڕێبەرن بەڵام بە ھۆکاری پێشەوەچوونی زانستە مرۆڤایەتیەکان لەمڕۆدا زانایان ڕای جیاوازیان لە سەر چۆنیەتی سازان و گونجانی تاکی ڕێبەر لەگەڵ بارودۆخی ناو کۆمەڵگاکاندا ھەیە.

\"ابن خلدوون\" وەک زانایەک کە لە سەردەمی شکست ھێنانی ڕێبەری سیاسی موسڵمانان لە ئیسپانیا، دەستی بە لێکۆڵینەوە کردووە، ڕای وایە کە پێوەندی خوێن و خزمایەتی بەشێک بووە لە ھۆکاری درووست بوونی پێکەوە ژیان و ھاوکات ڕێبەریش بەم پێوەری خزمایەتیە ھەڵبژێردراوە.

\"ماکیاول\"یش وەک بیرمەندێکی ناسراو کە ژیان و لێکۆڵینەوەکانی ھاوکات بووە دەگەڵ ابن خلدوون و تەنانەت سنووری جوگرافیایی ژیانی ئەوان زۆر دوور نەبووە لەمبارەیەوە ڕای خۆی ھەیە.

ماکیاول، چەمکی\" Virtue\" کە پێش لەو زۆر مانای دیکەی وەک چاکەکاری لە ڕێگەی خودا و ڕەوشتی فێرکاری و ھێزی بازوو...ھتد، مانا دەکرایەوە قەبووڵ نەبوو، ماکیاول ڕای وایە تەنیا خواستی ئازادی شارۆمەندانە کە ڕێبەر و حکومەت دەھێڵێتەوە نەوەک ھێز و بە زۆر خۆسەپاندن. بە باوەڕی ئەم زانایەش ھیچ ڕێبەرێک ناتوانێت بەدەر لە چوار چێوەی خواستی خەڵک خۆی بسەپێنێت.

کاتێک ڕێبەر یان خود سەرکردەیەک زنجیرەیەک تایبەتمەندیی دەگمەن وەک کەسایتی باوەڕ پێکراو، ھەست و سۆزی ڕێک و پێک دەرحەق بە خەڵک و...ھتد، لە چوارچێوەیدا درووست دەبێت لە حاڵەتی سادە و ساکار بوونی کەسایەتی دەردەچێت وەک \"کاریزما\" ناوی دەبەن.

بەڵام زۆر جاران ھەموو ئەو ڕەنگدەرە باشانە کە لە کلکسیۆنی کاریزمادا وجوودیان ھەیە ناتوانن ببنە ھۆی گۆڕینی جێگە و پێگەی سەرکردەیەک لە خۆشەویستیەوە بۆ مەشرووعیەت، واتە خۆشەویست بوون و کاریزما بوون دوو شتی جیاوازن، تەنیا کاتێک کەسێک دەتوانێ ئاستی خۆشەویستی خۆی بۆ پێگەی کاریزما بوون بەرز کاتەوە کە جەماوەر بە دڵ و دەروون وەری بگرن و ببێتە سکۆی ئافڕاندنی خولیاکانی خەڵک و کۆمەڵگا.

لە سەردەمی کۆندا پێوەری تایبەت بۆ ناسینی کاریزما تا ئاستێکی زۆر دەگەڵ پێوەری ئەمڕۆیی جیاواز بوون، لە دەورانی \"ناچێرالیسم\" واتە سەردەمی پەرستش و کوڕنۆش بردن بۆ جەوھەرە سرووشتیەکان، ئەو کەسانەی کە سێحر و جادوویان زانیوە و تیماری نەخۆشەکانیان کردووە، جۆری پۆشاک و خۆراکیان تایبەت بووە، پێشھاتەکانی وەک شەڕ و قات و قڕیان پێشبینی کردووە، بوونەتە کاریزمای سەردەم، دواتر لە سەردەمی \"دووئالیسم\" واتە دوو خودایی، زانایانی دینی و ئایینی دەورێکی بەرچاو دەبینن و تا ڕادەیەک دەچنە پێشەوە کە شێوەیەک قەداسەت و پیرۆزیان بۆ دەڕازێنەوە کە دەگەڵ پاشا و حوکمڕانی زەمان جیاوازیان نابێت.

لە ئایینی \"زەردەشتی\"دا بۆ نموونە، \"موسمەغان\"کە بە مانایی گەورەی موغەکانی زەردەشت ناویان دەبەن، وێڕای پیرۆزی ئایینی، وەک کەسایەتیەکی کاریزما و مەشرووع چاویان لێدەکرا.

لە جیھانی ئیسلامیدا و لە سەردەمی \"حجاج ابن یوسف\"، کەسێک بیھەوێت ببێتە خاوەن پلە و پایەی سیاسی و کۆمەڵایەتی دەبێ سەروەت و سامانی زۆری ھەبێت و لەگەڵ ئەمەشدا بتوانێت خۆی بسپەێنێت، بۆیە کاتێک خەڵکی گازەندە لە ناوبراو دەکەن کە زۆر توڕەو دڕندەانە بە گژ نەیارانی خۆیدا دەچێتەوە، دەڵێت:\" ئێوە خۆتان ئێمە مانان درووست دەکەن، بۆیە ئەگەر منیش فەرمانڕەوا نەبم، عەقڵی ئێوە لەمن خراپترتان تووش دەکات، کەوابوو ھەر خۆم بمێنمەوە باشترە\".

بە ڕای زۆربەی زانایان، جیاوازیەکی بەرچاو ھەیە لە نێوان\"محبوبیت\" و \"مشروعیت\"دا، لە چاخە جوراوجۆرەکانی مێژوویی کۆمەڵایەتی گەلاندا کەسانێک ھەبوون بە ھۆی سەرکوت و زەبر و زەنگەوە ناویان دەرکردووە و بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا نەیانتوانیوە بچنە ناو دڵەکانەوە و تەنیا ناویان لە کتێبە مێژووییەکاندا نووسراوە، ئەگەر چی بەشێک لە ڕێبەرانی دیکتاتۆر و خوێنمژ توانیویانە لە پێوەری ناوچەیی خۆیاندا ناویان بەرز بکەنەوە و خۆشەویست بن و حوکمڕانیەکەیان مەشرووع بوو بێت، بەڵام بە پێوەری گەورەتر و جیھانی وەک دیکتاتۆر و خوێنمژ ناویان دەبرێت، کەسانی وەک تەمووچین، چەنگیزخانی مەغۆل، بیسمارک، ھیتلەر، تەیمووری لەنگ و خومەینی، ڕەنگە بە ھۆی سەرخستنی بیرو باوەڕی عەشایری، گەورەکردنەوەی کیانی قەومی، باوەڕ بە خوێن پاکی نەتەوەیەک...ھتد، لە ناو کۆمەڵگەی خۆیان و بەشێک لە جیھاندا خۆشەویست بن و ھەموو کردارەکانیان مەشرووعیەتی پێ درابێت، بەڵام ھاوکات لە پێوەری فراوانتردا وەک مرۆڤ کوژ و سەرەڕۆ و تێکدەری کۆمەڵگای مرۆڤایەتی چاویان لێ دەکرێت و ڕەنگە ھەر ئەم کردەوە دزێوانەشیان مەشھووریان بکات، بەڵام مەشرووعیەتی دەسەڵاتی ئەوان بە ھەر پێوانەیەک بپێوین ڕەتکراوەتەوە.

لە ئێستادا و لە سەردەمی گلۆبالیزم و عەولەمەدا کە شۆڕشی نوێی مرۆڤایەتی لە بوارە جیاوازەکاندا پێشەوەچوونی زۆر و ڕۆژانە تۆمار دەکات و زانستی ئینفۆرماتیک و ئەنترنێت ھەموو سنوورەکانیان بەزاندووە، ئیتر تاکی ڕێبەر و سرکردە ناتوانن تەنیا بە پێوەری ڕابردوو خۆیان پێناسە بکەن.

ئێستا ئیتر ھەر کەس دە بزن و مەڕی ھەبوو و ئەسپێکی ڕەش، ناتوانێت بیانفرۆشێت و بە پارەی ئەسپە ڕەش ماشێنێکی جام ڕەش بکرێت و سمێڵی لێ بۆیاخ بکات و لە جیاتی مەڕە و بزنەکان پێشدەرکەبان و خزمەتکار لە پێش دەرکەی ڕاوەستن و لە جەماوەر ببێتە سەرکردە و ڕێبەر.

پێوەرەکانی مەشرووعیەتی سیاسی و تیۆری مەشرووعیەت لە دەسەڵاتدا خوێندنەوەی سەردەمیانەیان بۆ کراوە، دام و دەزگای زەبەلاحی ناوچەیی و جیھانی و کۆنوانسیۆنی تایبەت بە مافی مرۆڤ بوونیان ھەیە، دەنگی تاک دەبیسترێت، کەوابوو نابێت ئەو کەسانەی خولیای کورسی و دەسەڵاتن تاک ڕۆیانە بڕیار بدەن لە شەو و ڕۆژێکدا خۆشەویست بن و لە پڕ و بە زۆرداری کیانێک درووست بێت کە دەسەڵاتی ئەوان مەشرووع بنوێنێت.

لەمڕۆدا ئەو بەشە لە سەرکردە و ڕێبەرانی سیاسی، کۆمەڵایەتی، ئایینی...ھتد، کە زیاتر دەخوازن لە ڕێگای ڕیکلام و ھێز سەپاندن و درۆ و گاڵتەجاڕی بە عەقڵی خەلکیەوە خۆیان وەک سەرکردەی سیاسی، نەتەوەیی و ئایینی پێناسە بکەن، پێیان دەگوترێت \"ڕێبەری سێبەر\".

ڕێببەری سێبەر بە تاکێک دەگوترێت کە بە ھۆی خولیابوونی بۆ ڕێبەرایەتی تێدەکۆشێت، بەڵام ھیچ پێوەرێکی شەرعی و زانستی و سەردەمیانەی لە خواستەکەیدا بەدی ناکرێت، زۆرتر پێوەری عەشایری کۆن و ئیکسپایەر، خۆ فەڕز کردن و خۆسەپاندن، خۆبەستنەوەی خۆی بە خەبات و کاروانی کەسانی ڕابردوو، و دەگەڵ ھەموو ئەمانەش کە گەیشتە کورسی، سەرۆک عەشیرە، حیزب، نوێنەری گوند و شار، سکرتێری گشتی، مەلای ئاوایی...ھتد، لە کورسی دانابەزێت و تێیدا دەئاوسێت.

گرنگترین پێناسەی ڕێبەری سێبەر ئەوەیە کە ڕێگە نادات دەنگی جیاواز بەرز بکرێتەوە یان خود کەس یان کەسانی شایستە شوێنی بگرنەوە، دەگەڵ ھەموو ئەمانەشدا وەک دیکتاتۆرێک لە پێوەری کات و زەمانی خۆیدا، ھیچ کەس یان خود دامەزراوەیەکی سەردەمیانە، ناتوانێت لێپرسینەوە یان خود لێپێچینەوە لە چۆنیەتی کار و باری بکات تا بزانن تەنیا مەشھووریەتی ھەیە یان مەشرووعیەت.

کەوایە ھەرکەس ناوی عەوڵا(عبداللە) بێت و خاوەن سەروەت و سامان بێت لە سەردەمی عەولەمەدا، نەدەتوانێت بە ھۆی ناوەکەیەوە لە خوا ترس بێت، نە سەروەت و سامانی ڕابردوو و بابردووی دەسەڵاتی لە داھاتوودا بۆ ساغ بکاتەوە، بەڵکوو دەبێت یەکەم لە جێگە و پێگەی چینایەتی و سیاسی خۆی دابەزێت، تا جەماوەر بتوانن بە ئازادی پێی بڵێن تەنیا ناوبانگی ھەیە یان خود مەشرووعیەتی سیاسی، کۆمەڵایەتی و ئایینی بۆ خۆی درووست کردووە.

ئەم بابەتە روانگەی نووسەرەکەیەتی و ئاژانسی کوردپا لە ناوەڕۆکی بەرپرسیار نییە