ڕۆژی زمانی دایکی و بایەخ و گرنگیی زمان بۆ ئیمەی کورد

20:22 - 4 رەشەمه 2712
Unknown Author
ئاریتما موحەممەدی

ڕیکخراوی یونسکو ڕۆژی 21 ی فۆریە بەرامبەر بە 2 ی ڕەشەمەی وەک ڕۆژی زمانی دایکی ناودێر کردووە!

ناونانی ئەم ڕۆژە لە ساڵی 1999 لایەن یونسکو بە مەبەستی خزمەت بە جیاوازییە زمانیەکان و هەروەها بۆ پارێزگاری کردن و زیندو ڕاگرتنی ئەو زمانانەی کە لە ژێر مەترسی ئاسمیلە بون و لەبەین چونیان لە سەرە،بووە. هاوکات بە بۆنەی گرینگی زمانی دایکیەوە، ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان (UN)ساڵی 2008 وەک ساڵی جیهانی زمانەکان ڕاگەیاند.

هاوکات وەک ڕێز گرتنێکیش لە کارەساتێکی ناخۆش کە لە ساڵی 1952 لە لایەن دەسەڵاتدارانی بەنگلادیش (ئەوکات لەژێر دەسەڵاتی پاکستان دا بوو و بەپاکستانی ڕۆژهەڵات دەناسرا) ڕویدا کە تێیدا 5 خوێندکاری زانکۆ گیانیان لە دەست دا، ئەم رۆژە دیاریکرا.

شایانی وتنە کە خۆپیشاندانێک کە لە لایەن خوێندکارانی بەنگالی رەگەز لە بەنگلادش، کە بەمەبەستی بە فەرمی کردنی زمانی نەتەوەییان ساز کرابو، کەوتە بەر هێرشی سپا و پۆلیس و بە توندی پەلاماری خۆپیشاندەران درا. وەک لە سەرتاشدا ئیشارەی پێکرا بەنگلادیش لەو سەردەمدا بەشێک لە پاکستان بوو کە پاشان بە سەرۆکایەتی شێج موجیب ئەڵرحمن سەربەخۆیی وەرگرت و دەوڵەتی نەتەوەیی خۆی ڕاگەیاند.
گرینگی زمانی دایکی

ئەگەر چاو لە جاڕنامەی مافەکانی مرۆڤ بکەین ئەوا بە روونی دەبینین لە بەندی 2 ی ئەو کونوانسیونە باس لە مافەکانی مرۆڤ بە بێ جیاوازی ڕەنگ، کەلتور، نژاد، نەتەوە و زمان و ئایین کراوە، زمانیش بەشێک لەو بەندە پێک دێنیت و راوەستان لە بەرابەر پێشێل‌کارانی دەچێتە خانە پارێزگاری کردن لە مافەکانی مرۆڤەوە.

ئەوەی جێگای سرنج و تێڕامانە کۆماری ئیسلامی ئیران ئەو جاڕنامەیەی واژۆ کردووە، بەڵام تاکو ئیستاش ئەو ڕۆژە واتا ڕۆژی زمانی دایکی لە ڕۆژمێری فەرمی کۆماری ئیسلامی هیچ ئاماژەیەکی پێنەکراوە و ڕێزی لێ ناگیردرێت. لەوەش خراپتر ئەوەیە کە لە ئێرانی ئەمرٶدا چەندین نەتەوە و هەروەها ئیتنێک دەژین کە هەرکام خاوەن زمانی خۆیانن. بەڵام وەک دەبینین حکوومەتی ئێران نەک هەر ئەو زمان گەلە بەفەرمی ناناسێ، بەڵکە بە هەمو شێوەیەک هەوڵ بۆ پەراێز خسیتنیان دەدات. کە درێژەی ئەم سیاسەتە بوەتە هۆی بێ‌بەشکردنی نەتەوەکانی غەیرفارس لە خوێندن و نووسینی زمانی دایکیان کە نەتەوەی ئێمە(کورد) یەک لەو نەتەوانەیە.

وەک دەزانین زمانی ئامرازی پێوەندی گرتن و دەربڕینە، هاوکات زمان ئامرازی بیرکردنەوەشە، بێبەش کردنی منداڵانی کورد لە خوێندن و نوسین بە زمانی دایکی، دەبیتە هۆی گۆشە گیری و لاوازی، هەروەها وەک کۆسپی سەر ڕێی پێشکەوتنەکانی منداڵی کورد دێتە ئەژمار و ڕێگە لە گەشەکردنی هزری منداڵ دەگرێت.

ئەو منداڵانەی کە بە زمانی دایکی دەخوێنن لە ڕێکخستنی ڕەستە و دەربڕنی بۆچونەکانیان سەرکەوتوترن و باشتر دەتوانن خۆیان لە گەڵ دەوروبەر بگونجێنن، هەروەها دەبنە خاوەنی کەسایەتییەکی کۆمەڵایەتی و جێگیر و لە هزر و بیروبۆچونیشدا گەشە دەکەن. پێچەوانەش ئەو منداڵانەی کە ناتوان بە زمانی زگماکی و زمانی دایکی بخوێنن و درێژە بە خۆوێندن بدەن دەبنە کەسانێک کە لە هزر و بیر و بۆچوندا لاواز دەبن و ناتوانن لە تواناییەکانی خۆیان دڵنیا بن. هەر بۆیە یان خوێندن بەجێدەهێڵن یان گۆشەگیر دەبن. چونکە ئەگەر منداڵێک بە زمانێکی دیکە دەرس بخوێنێت هەمیشە ناچارە کە بە دوای وشەدا بگەڕێت بۆ ساز کردنی ڕەستە تا بتوانێ لە دەربڕنی ئەو شتەی کە مەبەستێتی سەرکەوتو بێت.

ئەوەش کاریگەریی نێگەتیڤی لە سەر مێشک و هزری منداڵی کورد دادەنێت و وا لەو منداڵە دەکات کە باوەڕ بە لیهاتویی خۆی نەکات و هەروەها بەشێوەیەکی مدەوەن و زانستی فێری زمانی دایکی خۆی نەبێت. ئەوەش یەکێ لەو هۆکارانەیە کە منداڵی کورد لە خوێندن، دابونەریت، کولتور و کەلەپور و زمانی کوردی دوور دەخاتەوە.

زمانی دایکی زمانێکە کە لە دایک و باوک و خزمەکانمان فێر بوینە و بە وتەی شارەزایانی ئەو بوارە، منداڵ لە سکی دایکی دا بە ئامرازەکانی ئەو زمانە ئاشنا دەبێت و لە کاتی لە دایک بونیدا ئەگەر گریا، بە زمانی دایکی قسەی لە گەڵدا بکەیت ئەهوەن دەبێتەوە و گوێت لێ دەگرێت.

منداڵ لە کاتێکی زۆر کەمدا بە تەواوەتی بە وشە و زمانی دایکی ئاشنا دەبیت و بە ڕەستەی بچوک و کورت دەست پێدەکات و فێر دەبێ کە چۆن لە گەڵ دەوروبەری خۆی پێوەندی بگرێت و داخوازی و ویستەکانی خۆی ئارەستەی نزیکەکانی بکات.
منداڵ زمانی دایکی خۆی دەناسێت و هەوڵ دەدات کە دەوروبەریشی هەر بەو زمانە بناسێت، هەر بەو زمانەشە ڕوانین و ڕوانگەی خۆی سەبارەت بە کۆمەڵ دەخاتەڕو. هەروەها زمانی زگماکی یەکەمین زمانە کە منداڵ هەست و خۆشەویستی و ئاسایشی دوروبەری پێدەگات و لە روانین و ڕوانگەی هەست و خۆشەویستی ئەوان سەبارەت بە خۆی تێدەگات.

لە کاتی قسە کردن بە زمانی زگماکی زمان و ددان و هزر و مێشک و هەست هەر هەموان پێکەوە دەبنە یەک و پێکەوە لە پێوەندییەکی نزیکدا دەبن بۆ ئەوە مرۆڤ باشترین ڕەستە و جوانترین هەست بە دەروبەر بگەیەنێت و ببەخشێت و خەڵک لە هەست و بۆچونەکانی باش تێبگەن.

قسەکردن و دواندن بە زمانی زگماکی دەبێتە هۆی زیندوکردنەوە و بەهێز کردنی هزر و ئەندیشەی مرۆڤ. هەروەک لە سەرەوە ئاماژەم پێدا منداڵ بە زمانی زگماکی فێری جوانترین وشە و خۆشترین ئاوازەکانی ژیانی دەبێت و هەر بەو زمانەشە گوێی لە ئاوازە خۆشەکانیش دەگرێت و هەستی دەبزوێ.

ئەو هەست و خۆشەویستییەی کە منداڵ لە سەردەمی منداڵی فێر و گوێی لێی دەبێت، تا دواترین کاتەکانی ژیان لەگەڵی دەبێت، چونکە ئەوە یەکەمین دونیای هەست و ئاوازێتی و یەکەمین دونیا و ویستگەی ڕوانگە و ڕوانینیەتی و هەمیشە ئەو ڕۆژانە و ئەو قسانەی لە بیرە. زمانی زگماکی باشترین ڕێگەیە بۆ دەرخستی دونیایی دەرون و قوڵایی هەست و نەستیش. بۆیە گەر قۆناخی خوێندن و پەروردە بەو زمانە نەبێت، بۆشایەک دەکەوێتە ناو ژیانی منداڵەوە کە بێگومان شوێنەواری مەنفی و خراپی لەسەر ژیان و داهاتووی منداڵ دەبێت.

هەر منداڵێک لە کاتی دەست پێکردنی خویندن و ڕۆیشتن بۆ قوتابخانە واتا لە تەمەنی 6 ساڵیدا دوو ڕێگای لە پێش دەبێت، یەکەم ئەگەری خوێندن بە زمانی دایکی و دووەم ئەگەری خوێندن بە زمانێکی دیکە واتا بیگانە، ئەم دو ڕێگایە ژیان و داهاتوی مرۆڤ بونیاد دەنێن و سەرکەوتن و نشست و بەرەو پێشەوەچون و گەشەکردن و لاواز بونی منداڵ ڕێکدەخات و دەبێتە بناغە و بنەمای تەواوەتی داهاتوی مرۆڤ. ئەوە ڕاستییەکی حاشا هەڵنەگرە . زۆربەی هەرە زۆری ئەو کەسانەی کە لە سەر ئەم پرسە توێژینەوەیان کردووە لە سەر ئەو باوەڕن کە قوتانخانە ویستگەی ناوەندیی منداڵە، چونکە قوتابخانە زانینە فێر بووەکانی منداڵ لە نێو خێزان تەواو دەکات و مۆرکی زانستی و عەقڵانیان پێدەبەخشێت.

ئیتر قوتابخانە وەک ماڵێکیتر و دونیایەکیتر بۆ منداڵ دێتە بەرچاو، ئەگەر منداڵ بە زمانی دایکی نەتوانێ لە گەڵ دەوروبەری پێوەندی بگرێت توشی تێڕمان دەبێت و بەچۆکدا دێت.

ئەوەش وا لەو منداڵە دەکات کە لە هەموو ئەو شتانەی کە فێری بووە زیز بێت و بە شوێنی ڕێگەی نوێدا دەگەڕێت کە خۆی قوتار بکات. دیارە کە ڕێگا نوێکەش هەمان وەرگرتنی زمانی بێگانە و زمانی داگیرکەرە کە منداڵ لە نەتەوە و زمانی خۆی بێگانە دەکات. ئەو پرسیارەش هەمیشە مێشکی منداڵی کورد داگیر دەکات، پێویستە ئاماژە بەوەش بکەم کە منداڵ لە تەمەنی مندالیدا ئەو توانایەشی نییە کە پرس و بابەت و پرسیارو وڵامەکان شرۆڤە بکات و بە ئەنجامێکی دروست و باوەڕ پێهێنەر بگات.

بۆیە دوور خستنەوەی منداڵ لەو زمانە و لەو کەلتور و دابونەریت و قسە و وشانە کارەساتی ڕەوانی و دەرونی بۆ دەخوڵقێنێت و لەوانەیە ئەو منداڵە توشی گیر و گرفتی کۆمەڵایەتی و گۆشەگیری و نەگەشاوەیی هزری بکات.
دیاری کردنی ڕۆژی 21 ی فۆریە بەرامبەر بە ٢ ی ڕەشەمە لە لایەن یونسکو بە واتای گرینگی پرسی زمان و زمانی دایکی دێت کە کاریگەریی لە سەر مێشک و هزری مرۆڤ دادەنێت و دەبیتە هۆی گەشەکردنی کەسایەتی مرۆڤەکان.

پلانی کورد و فاشیزمی ئێرانی
کاتێک کە زمانی کوردی لە وانەی قوتابخانەکان یارمەتیدەری منداڵی کورد نابێت، ئیتر زمانی بێگانە دەبێتە هۆی ئەوە کە سرنجی ئەو منداڵە بۆ لای خۆی ڕابکێشێت.
کۆماری ئیسلامی لە سەرەتای هاتنە سەرکار و قورخ کردنی دەسەڵاتەوە سیاسەتەکانی حکوومەتی پەهلەوی‌یەکانی درێژە پێدا ودەستی کرد بە لادان و ئاسمیلە کردنی زمانی نەتەوە جیاوازەکانی ئێران و بەتاییبەت زمانی کوردی کە بووەتە هۆی سیمبولی ژیانەوە و خەبات و تێکۆشان و پارێزگاری کردنی نەتەوەی کورد لە ئاسمیلە بون.

تاکو ئیستا سیاسەتە چەوتەکانی کۆماری ئیسلامی لە مەڕ زمانی کوردی بووەتە هۆی بەربەست و دوور کەوتنەوەی ڕۆڵەکانی نەتەوەی کورد لە زمانی و کەلەپوری خۆیان، ئەوەش کەسایەتی مرۆڤی کورد تێکدەشکێنێت و دەبێتە هۆی لاوازی منداڵی کورد.

کۆماری ئیسلامی بۆ لەبەین بردن و تواندنەوەی نەتەوەی کورد هەم رێگەی کوشت و کوشتاری لە پێش گرتووە، هەم ڕێگەی ئالودەکردنی لاوەکان بە مادە هۆشبەرەکان، هەم ڕێگەی بێکاری و ئابوری، هەم ڕێگەی ئاسمیلە کردنی زمان و ناسنامەی نەتەوایەتی نەتەوەی کورد.

کۆماری ئیسلامی دەیهەوێت ئەو \"ژێن\"ـە کەلتوری و نەتەوەییەی کورد کە لە باوەو باپیرانمانەوە و لە نەسڵەکانی پێشمانەوە بۆمان ماوەتەوە تێک بشکێنێت و وەک داردەست وکەرەستەی خۆی بەکارمان بهینێت. ئەوەش دەرخەری ئەو ڕاستییەیە کە ڕژیمەکانی ئێران بە مێحوری کردنی زمانی فارسی، دژی ویست و داخوازی نەتەوەی کورد بونە و ئیستاشی لە گەڵ بێت هەر هەن!

شویینزمی ئێرانی (کە لە زمانی فارسی دا خۆی دەنوێنێ) لەو بروایە دایە کە نەتەوەی کورد بووەتە هۆی سەرهەڵدانی وشیاریی نەتەوەیی لە ناو نەتەوە ژێردەستەکانی دیکەشدا، بۆیە دژایەتی بزووتنەوەی رزگاریخوازیی نەتەوەی کورد لە خالی یەکەم بە ڕیزەوە دێت و هەمو هەوڵ و توانای خۆیان بۆ پەکخستن و بێ هیوا کردنی کورد لە پێش دەگرن. ڕژیمی شا ئەو ڕێگەیەی پێواوە و خومەینیشی پێدا هات و ئەگەر پارت و لایەنە سیاسییەکانی کورد لە ڕۆژهەڵات بەرنامە و پلانیان بۆ داهاتو نەبێ، لەوانەیە ڕژیمی داهاتوی زاڵ بە سەر ئێران ئەو دەرفەتەش )وەک شۆڕشی گەلانی ئێران( لە کورد بستێنێ و کورد نەتوانێ کیانێکی سیاسی و نەتەوەیی بۆ خۆی چی بکات. بەو شێوەیەش کورد دیسان دەبێتەوە قوربانی نەبونی بەرنامە وپلانی سیاسی و نەتەوەیی و بە دڵنیاییەوە دەوری خراپ و نامەسئوولانەی ڕێکخراوە سیاسیەکان لەو حاڵەتەدا حاشاهەڵنەگر دەبێت.

ئەگەر لە هەر وڵاتێکی فرە زمانی و فرە نەتەوەیی دا تەنیا زمان و کەلتور و ناسنامەی نەتەوەیەک ببێتە مۆرکی نەتەوەیی ، بێگومان دەسەڵات و سیستەمی حکوومەتیی ئەو وڵاتە دیکتاتوری و توتالیتاری دێتە ئەژمار. بۆ نمونە ئەو وڵاتانەی کە کوردستانیان بە سەر دابەش کراوە بە یەک کەلتور و زمان و ناسنامە خۆیان پێناسە دەکەن و وڵاتەکانیان تەنیا بە مڵک و ماڵی یەک نەتەوە دەزانن.

تورکیە کە هەر بە ناوەکەشیدا دیارە کە دیکتاتورییە، زمان و ناسنامەیەکی تورکی بۆ خۆی ساز کردووە و لە گێژاوی رەگەز پەرستی و فاشیستی بوندا دەکوڵێت، لەو لاشەوە خۆی بە سیتمێکی نوێ و دیموکراتی پێناسە دەکات، کەچی نەتەوەیەکی ژێر دەست دەتوێنێتەوە و بە هەمو شێوەیەک هەوڵ بۆ تێکشکاندنی دەدات. وڵاتەکانی دیکەش (ئێران، عیراق و سوریە) دەس کەمێکیان لە تورکیە نی‌یە.

کۆی وتار و ئەنجام
ئێمە وەک کورد دەبیت گرینگی بە هەمو زاراوە کوردییەکانی زمانەکەمان بدەین و بە هەموو شێوەیەک هەوڵ بۆ زیندوو ڕاگرتنی ئەو زاراوە و وشانە بدەین کە زمانی کوردیان دەوڵەمەند کردووە.
لە زۆربەی هەرە زۆری وڵاتە پێشکەوتووەکان بە بایەخەوە دەڕواننە زاراوە جیاوازەکان و بەدەر لە زمانی فەرمی وڵات، چونکە ئەوە بە سەرمایەی نەتەوەیی و زمانەوانی گەل دەزان کە ڕێگر بونە لە توانەوە و لەبەین چون و ئاسمیلە بونی نەتەوە و زمانەکەیان.

زمانی هەر نەتەوەیەک گرینگی تاییبەتی خۆی هەیە، بێگومان زمانی کوردیش هەر بەو شێوەیە. بەتایبەت لە هەلومەرجی ئێستادا کە کورد خاوەن کیانی سەربەخۆ نی‌یە، راگرتن و گەشەپێدانی زمان (وەک تا ئێستە رەمزی مانەوەمان بوە)بۆ ئێمە بایەخی تایبەتی هەیە. چونکو ئەوە ئەو زمانەیە کە تاکو ئیستا نەتەوەی کوردی بە یەکڕیزی و یەکێتی پاراستووە. زمانی کوردی لە بەر هۆکاری ئەو هەلومەرجە سیاسییەی کە ئیستا بە سەریدا سەپاوە، کەوتووەتە ژیر کاریگەری کەلتور و زمانی نەتەوەکانی باڵادەست(فارس، تەرک عەرەب)، بۆیە زۆر گرینگە بۆ ئێمە کە هەنوکە دەوڵەتی نەتەوەیی خۆمانمان ساز نەکردووە، بە بایخەوە بروانییە زمانەکەمان و بە گیان و دڵ و هزر و مێشک پارێزگاری لێبکەین.

داواکاری من لە ڕۆژی زمانی دایکی لە ڕۆڵەکانی نەتەوەی کورد ئەوەیە کە هاوکات لەگەڵ خۆ دەقدان لەگەڵ پێشکەوتن و چوونە پێشی زەمان، گرینگی بە زمان و کەلتوری کوردی بدەن و وێرای خۆ دوور راگرتن لە خورافات و کۆن پارێزیەکانی حکوومەتی ئیسلامی خۆیان بە زانستی ڕۆژ و ئەدەبیاتی کوردی و مێژوی سیاسی و فەرهەنگی و ڕابردووی گەلەکەیان تەیار بکەن و زانست و خوێندن بکەنە پردی پەڕینەوەی ئەم قۆناغە پڕ لە هەورازونشیوەی نیشتمانەکەمان و گواستنەوەی بۆ قۆناغی پاش ڕزگاری,

لە کۆتاییدا داوایەکم لە تەلەفزیونە کوردیەکانی تاراوگە هەیە کە چیتر کەسانی ناشارەزا لە زمان و ڕێزمانی کوردی لە کاناڵەکەیان دانەنێن. لە بەر ئەوە کاریگەریەکانی تیڤی لە سەر ڕوانگە و ئاکاری مرۆڤ زۆرە و لە هەمان کاتیشدا لە هەمو ماڵێک تیڤی بونی هەیە. بۆیە دەبێت بە بایەخەوە بڕوانینە ئەو پرسە، ئەوە پرسێکی هەستیارە و نابێت کۆمەڵانی خەڵک بە زمانێکی سەقەت و ناتەواو گۆش بکرێن.