چەمکی رێفۆرم لە سیستمی کۆماری ئیسلامیدا و دەرفەت و قەیرانەکانی بۆ کورد

22:14 - 30 پووشپەڕ 2713
Unknown Author
سەردار کاوە

سەرەتا پێناسەیەک لە چەمکی رێفۆرم دەکەین و دواتر سەرنجێک دەخەینە سەر سیستمی کۆماری ئیسلامی و هەڵسەنگاندنی گونجاوبوون یان نەگونجانی چەمکی رێفۆرم لە گەڵ سیستمی ئەو رێژیمەدا.

ریفۆرم یان چاکسازی بە واتای گۆڕانکاری لە پێناو دابینبوونی دادپەروەری و یەکسانیی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابووری و بەرینتر کردنی رووبەری بەشداریی سیاسیی توێژە جۆراوجۆرەکانە لە کۆمەڵگادا. رێفۆرم رەوتیکی گۆڕانکارییە کە بە لەسەرخۆیی و بە دوور لە توندوتیژی و بە مێتۆدگەلی نەرم و هێمن هەوڵ بۆ گۆڕینی ژیانی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابووری دەدات.

رێفۆرم جیاوازی هەیە لە گەڵ شۆڕش یان revolution . شۆڕش خوازیاری گۆڕانکاریی قووڵ و بنەڕەتی لە پێکهاتەی سیستم و یاساو ریبەڕیی و ئورگان و دامەزراوە حکوومەتیەکانە. رێفۆرم لە چوارچێوەی یاسا و سیستمی هەنووکەیی خوازیاری گۆرانکارییە. شۆڕش و رێفۆرم لەباری رووبەری داخوازییەکان و خێرایی و ئاراستەی گۆرانکارییەکان لە سیستمی کۆمەڵایەتی و سیاسیدا جیاوازی هەیە.

کەواتە ریفۆرم بە شێوەی گشتی لە لایەکەوە لە بەرانبەر کۆنەپەرستی و کۆنسێرڤاتیزم و لە لایەکی دیکەوە لە بەرانبەر شۆرشدایە و دیاردەیەکی جیاوازترە لە پێناو گەیشتن بە ئامانجێکی جیاوازتر.

پاش روونکردنەوەو شرۆڤەیەکی کورتی چەمکی رێفۆرم، چاوێک دەخشێنین بە سەر سیستمی کۆماری ئیسلامیی ئێراندا. لە سیستمی کۆماری ئیسلامیدا هەرچەند مەجلیسی نوێنەرانی شارەکانی ئێران بوونی هەیە، بەڵام ئەو نوێنەرانە گوزارشت لە ئیرادە و خواستی راستەقینەی خەڵکی ئیران ناکەن، چوونکە دەبێ لە کۆمەڵێک فیلترینگی کۆماری ئیسلامی تێپەڕن و تا وەفاداری و دەروەستییان بە بایەخەکانی نیزامی ئێران نەسەلمێنرێت، تەئید سەلاحییەت و پەسندی رێژیم نابن.

هەروەها سەرۆک کۆماریش لە ئێراندا کە پاش وەلی فەقیه بەرزترین دەسەڵاتی فەرمیی ئێرانە، ناتوانێت لە بەرانبەر دەسەڵاتە رەهاکانی وەلی فەقیهی نیزام دەسەڵاتێکی ئەوتۆی بێت. کەواتە وەلی فەقیە و رێبەریی ئێران واتە خامنەیی دەسەڵاتی یەکەمی ئیرانە و دیاریکردنی هێڵە گشتییەکانی رێژیم و سەرۆکەکانی دەسەڵاتی دادوەری و دەنگ و رەنگ و فەقێکانی شۆرای نیگابان و فەرماندەی گشتی سوپا و واژۆکردنی حوکمی سەرۆک کۆماری پاش هەڵبژاردن و کۆمەڵێک دەسەڵاتی گرنگی دیکەی لە ئاستی نیوخۆیی و دەرەکیدا لە ئەستۆیە .

هەڵبژاردنی وەلی فەقیە کە بە پێی یاسای ئێران لە لایەن مەجلیسی خێبرەگانی رێبەرییەوەیە، پێویستی بە رەزامەندی و دەنگدانی خەڵک نیە و خۆی بە نوێنەری خوا نەک خەڵک لە سەر عەرز دەزانێت، بۆیە لە بەرانبەر خەڵکدا خۆی بە بەرپرسیار نازانێت. چەند ئورگانێک هەن کە لە سیستمی ئێراندا گرنگن وەکوو مەجلیسی خیبرەگان و شۆرای نیگابان و کۆڕی دیاریکردنی بەرژەوەندییەکانی نیزام کە خامنەیی راستەوخۆ لە دیاریکردن و هەڵبژاردنی ئەندامەکانیان دەستیوەردان دەکات و بێ ئەمری خامنەیی توانای بڕیاردانیان نیە. هەرچەند بە پێی یاسای ئێران مەجلیسی خیبرەگان بە مەرجگەلێک سەلاحییەتی لێپرسینەوە و تەنانەت لابردنی رێبەریی هەیە، بەلام لە کردەوەو واقعدا ئەو مەجلیسە ناتوانیت جێبەجێکاری ئەو سەلاحییەتە بێت. پەسند کردنی سەلاحییەتی سەرۆک کۆماریش لە ئەستۆی شۆرای نیگابان و بە تەئیدی رێبەرییە کە شۆرای نیگابانیش مڵکەچی بڕیارەکانی رێبەرییە. کەواتە دەسەڵات و هێزی یەکەم و بڕیاردەر لە سیستمی کۆماری ئیسلامیدا وەلی فەقێ واتە خامنەییە. ئەو دەسەڵات و هێزی یەکەمە هەڵبژێردراوی خەڵک نییە و رەوایی گشتی نییە و پۆستێکی شەرعی و ئایینییە و یاساکانی خۆی بە پێی بنەمای دینی ئیسلام داڕشتووە و بنەماکانی ئیسلامیش نەگۆڕ و ئەبەدین، بەو هۆیەوە سیستمی دەسەڵاتدارێتیی ئێران تا لە ژێر هێژمۆنی و باڵادەستی دیندا بێت شیاوی رێفۆرم و گٶڕان نییە.
هەرچەند لە ئێراندا چوار ساڵ جارێک هەڵبژاردنی سەرکۆماری و نوێنەرانی مەجلیس و شۆرای شار و گۆندەکان بەڕێوە دەچێت، بەڵام ئەو هەڵبژاردنە بە مانای راستیی چەمکی هەڵبژاردن نییە و تەنیا رەواڵەتێکە لە هەڵبژاردن و گۆزارشت لە ئیرادەو ویستی هاووڵاتییان ناکات. درووستە بۆ نموونە ئەمساڵ حەسەن رووحانی لە لایەن خەڵکەوە دەنگی پێدرا و وەک سەرۆک کۆمار دیاری کرا، بەڵام بژاردەکانی سەرۆک کۆماری لە ئیراندا بژاردەی دڵخوازی خەڵک و نوێنەری راستەقینەی داخوازییەکانی خەڵک نین، بەڵکوو نوێنەری پاراستنی بەرژەوەندییەکانی سیستمی کۆماری ئیسلامین. هەموو بژاردەکانیش لە ماوەی دەسەڵاتدارێتیی کۆماری ئیسلامیدا پێبەندی و وەفاداریی تەواویان بە چوارچێوە و بنەما فیکرییەکانی سیستمەکە دەربڕیوە. ئەگەر دەروەستی نیزام نەبن تەئید سەلاحییەت ناکرێن.

کەواتە مانا هەقیقییەکەی چەمکی هەڵبژاردن وەک یەکێک لە کۆڵەکە سەرەکییەکانی دێموکراسی کە رەنگدانەوەی ویستی ئازادانەی خەڵک بێت، لە ئێراندا بوونی نیە و تەنیا دەمامک و مانۆڕێکی رەواییە بۆ ناوەرۆکی نادیموکراتیکی ئەو سیستمە.

هاتنە سەرکاری حەسەن رووحانی کە یەکێک لە شەش ئوسووڵگەرا بەربژێرەکانی ئەمجارەی بەناوهەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری ئیران بوو، خەڵکی تووشی وەهم و دڵخۆشییەکی بێمانا کرد. شەش ئوسووڵگەرا کە سەعید جەلیلی لە رەوتی رادیکاڵەکان لە لایەک و حەسەن رووحانی لە رەوتی میانەڕەوەکان لە لایەکی دیکە تەنیا بەربژێرانی ئەم خولە بوون و ئەمجارەش رێژیم لە ئەوپەڕی دۆخی قەیراناویی سیاسی و ئابووری و رەوایی نێوخۆیی و دەرەکی و گۆشەگیرییەکی نێودەوڵەتیدا توانی بە ئەندازیارییەکی دیکی هەڵبژاردن، دەرفەت و دەربازبوونێکی کاتیش بێت، بۆ خۆی دەستەبەر بکات.

با کەمێک لە بابەتەکە قووڵ بینەوە و بزانین سەرکەوتووی سەرەکیی ئەمجارەی بەناو هەڵبژاردن کێ یان چ کەسانێک بوون .

قەیرانی بارودۆخی بژێوی ژیان و ئابووریی خەڵک و شەپۆلێک لە ناڕەزایەتیی پەنگ خواردووی هاووڵاتییان و تەنانەت هێندێک لە بەرپرسانی نیزام لە هەمبەر قەیرانە نێوخۆیی و دەرەکییەکاندا کە بەتایبەت لە دەورەی دەوڵەتی دەیەم زەقتر بۆتەوە و کۆمەڵێک گەمارۆ و هەڕەشەی نێودەوڵەتی لێکەوتۆتەوە، کەشوهەوایەکی بۆ رێفۆرمخوازانی حکوومەتی و لایەنگرانی تەواوییەتی نیزام و تەنانەت بەشێک لە ئوپوزسیۆنی گۆڕانخوازی دەرەوەش پێک هێنا تا تەبلیغاتی بەربڵاو و بەرین بۆ پێویستیی بەشداری رێک بخەن. دیسان بژاردەی \"خراپ و خراپتر\" زەق بۆوە و خراپەکە هەڵبژێردرێت تا ئاست و بەرینی قەیرانەکان زیاتر نەبێت و رێژیم لە ئەگەری رووخان رزگار بکرێت. ئەوەش رێک خواستی خامنەیی و دەسەڵاتە سەرەرۆکەی بوو کە گرنگ لای ئەوان بەشداری بە مانای رەوایەتدان بە کۆماری ئیسلامی بوو.

کۆماری ئیسلامی ئەمجارەش بەرنامەداڕێژراو و بە چەندین پیلان توانی کەشوهەوایەک بخوڵقێنێت کە رێفۆڕمخوازانی حکوومەتی و بەشێک لە ئوپوزسیۆنی دەرەوەش کە بۆ بەشداری یان بایکوتکردن، دڕدۆنگ بوون، هان بدات بەشداری بکەن. خامنەیی چەندین جار جەختی کردۆتەوە کە بەشداری بەمانای رەوایەتدان بەنیزامە. رێفۆرمخوازانیش بە پیشاندانی روخسارێکی میانەڕەو و گۆڕانخواز لە حەسەن رووحانی کە کەسێکی نزیک لە هاشمیی رەفسەنجانی ناسراوە و لە دەورانی دەوڵەتی خاتەمیدا وتووێژکاری ناوکیی بووە، هاندەرێک بوون بۆ راکێشانی خەڵکی گۆڕانخواز بۆ سەر سەندووقەکانی دەنگدان.

چالاکانی سیاسی و راگەیەنە فارس زمانەکانیش لە دەرەوە شەپۆلێکیان بۆ بەشداریی خەڵک رێکخست. تیڤییەکانی بی بی سی و دەنگی ئامریکا کۆمەڵێک شارەزای سیاسییان بانگهێشت کرد کە خەڵکیان هان دەدا بەشداریی ئەم بەناو هەڵبژاردنە بکەن و بە دەنگدان بە بژاردەی خراپ، پێش بە سەرکەوتنی خراپتر بگرن و حکوومەت لە تووشبوون بە قەیرانی زیاتر و زاڵبوونی تاڵبانیزم بە سەر وڵاتدا دوور بخەنەوە و بەم شێوەیە کەشوهەواکەیان گەرمتر کرد.

رێژیمیش ئەمجارە چەند پیلانی بەکارهێنا تا وزەی بەشداری لەناو خەڵکدا بگەشێنێتەوە و رادەی بەشداربووان زیاتر بکات. لێرەدا بە کورتی ئاماژە بە چەند پیلانێکی رێژیم لەو رێڕەوەدا دەکەم .

⦁ رێفۆرمخوازانی حکوومەتی دەستیان دایە بڵاوکردنەوەی ئەو فیکرییەتە کە زۆمی خامنەیی و دارودەستەکەی لە سەر سەعید جەلیلییە و ناوبراو بە هۆی حیزبوڵاهی بوون و ئینقلابییەکی رادیکاڵەوە بژاردەی دڵخوازی خامنەیی و سوپای پاسداران و ناوەندەکانی دەسەڵاتە و ئەوان بە توندی دژی هاتنەسەرکاری حەسەن رووحانین. بۆیە ئەو فیکرەیان لای خەڵک درووست کرد کە دەنگدان بە رووحانی واتە دەنگنەدان بە خامنەیی و دارودەستەکەی.

⦁ رەدی سەڵاحییەتی رەفسەنجانی یەکێکی دیکە لە پیلانەکان بوو کە کەشی یارییکەی گەرمتر کرد. رەفسەنجانی لە ئاخر ساتەکان و بە مەرجی رەزایەتی خامنەیی خۆی بەربژار کرد و چوونکە لەم ساڵانەی دواییدا وەک کەسێکی تارادەیەک رەخنەگری حکوومەت ناسرا، بە بەربژاربوونی تینێکی بە خەڵکانی رەخنەگری نیزام دا و دواتر رەدی سەلاحییەتی ناوبراو هەیەجانێکی بە کەشی هەڵبژاردنەکان دا. هاتنی رەحیم مەشایی و کۆمەڵێک تەبلیغاتی ناوبراو و دواتر رەدی سەلاحییەتی ئەو و رەدی سەلاحییەتی فەلاحییان و کشانەوەی حەداد عادڵیش ئاشەکەی گەرمتر کرد کە گوایە ئوسوولگەرا توندڕەوەکان لە حاڵی پاشەکشەدان و مەیدان بۆ کەسێکی میانڕەو وەک رووحانی خۆش دەکەن.

⦁ دواخستنی هەڵبژاردنی شۆرای شار و گوندەکان و هاوکات کردنی لە گەڵ هەڵبژاردنەکانی سەرۆک کۆماریدا.

⦁ سازکردنی کەمپەینی داوەتکردن لە خاتەمی یەکێکی دیکە لە پیلانە داڕێژراوەکان بوو بۆ راکێشانی سەرنجی خەڵک و بەشدارییان لە هەڵبژاردنەکەدا.

تەبلیغات دەکرا ئەگەری هاتنی خاتەمی بۆ نێو بازاڕی هەڵبژاردنەکان هەیە و ئومێد و هیوایەکی بەخشییە لایەنگرانی خاتەمی و رێفۆرمخوازییەکەی. بەڵام خاتەمیش نەهات و دواتر لە گەڵ رەفسەنجانی و بە کشانەوەی عارفیش پشتیوانیی خۆیان بۆ روحانی دەربڕی و بە پێچەوانەی بانگەشەی خودی رووحانی، وەک کەسێکی رێفۆرمخواز و گۆڕانخواز پێناسەیان کرد و سەرنجی لایەنگرانی خۆیان هەناردە کرد بۆ لای رووحانی. رووحانیش هێندێک بەڵێنی و وادەی گشتی و ناروونی بە خەڵک دا کە هێندێک جیاوازتر

⦁ و سەرنجڕاکێشتر بوو، وەک وادەی ئازادیی بەندکراوانی سیاسی و پێڕاگەیشن بە داخوازیی بە وتەی خۆی \"اقوام\" و یەکسانکردنی مافی هاووڵاتییان و چارەسەرکردنی پرسی ناوکی و ... ، بەڵام پرسیارێک لێرەدا دێتە ئاراوە کە گەلۆ رووحانی چ پڕۆگرامێک و کاتبەندییەکی روونی داوە بۆ جێبەجێکردنی بەڵێنەکانی و بە کەڵکوەرگرتن لە کام هێز و سەرچاوە و ئامراز، چاکسازی و گۆڕان لە بوارە جۆراوجۆرەکاندا لە بیاڤی نێوخۆیی و دەرەوەدا دەکات؟

⦁ لایەنێکی دیکەی یارییەکە خودی رووحانی بوو. رووحانی لە لایەک وەک کەسێکی ئەمنییەتی و جێگای متمانەی وەلی فەقیە کە ماوەی ١٦ ساڵ سەرۆکی شۆرای ئەمنییەتی نەتەوەیی بوو و لە لایەکی دیکەوە بژاردەی بە ناچاریش بێت بەشێکی بەرچاو لە خەڵک و رێفۆرمخوازانی حکوومەتی و تەنانەت بەشێک لە فارسە ئوپوزسیۆنەکان، و بۆ کەمکردنەوەی گوشار و ناڕەزایەتییە نێوخۆیی و دەرەکییەکان دەیتوانی بژاردەیەکی گونجاوتر بێت. کاتێک کە پرسیار لە خۆشی دەکەن کە ئایا ئوسووڵگەرایە یان رێفۆرمخواز دەڵێ: من کەسێکی میانەڕەوم و لە سەرەتاشەوە لە گەڵ رێفۆرمخوازان و ئوسووڵگەراکاندا نێوانی باشم هەبووە و دەبێت. بۆیە رێژیم بەم پیلانانە دیسان قارەمانێکی دیکەی رۆژە سەختەکانی نیزامی خوڵقاند و رووحانی بەم شێوەیە بووە خاڵی بەستنەوەی خامنەیی- رەفسەنجانی- خاتەمی. دیسان بە سناریۆیەکی دیکە ناڕەزایەتییە پەنگخواردووەکەی خەڵک کاناڵیزە کرا و بە هیوایەکی وەهمی بە ئاراستەی مانەوەی رێژیمدا چوو. بەم لێکدانەوەیە دەتوانین بەو ئاکامە بگەین کە رووحانی بە راکێشانی دەنگی لایەنگران و بەشیکی بەرچاو لە ناڕازییانی رێژیم لە نێوخۆو دەرەوە سەرکەوتنێکی گەورەی دیکەی بۆ خامنەیی و نیزامەکەی تۆمار کرد. بەم شێوەیە سەرکەوتووی سەرەکیی شانۆکە بێ پێویست بوون بە پەنا بردن بۆ ساختەکاری، خامنەیی بوو.

⦁ خامنەیی بەم بەناو هەڵبژاردنە سەرکەوتنێکی دیکەی بۆ خۆی گەرەنتی کرد. ئەویش ئەوەیکە روونە رووحانی لەو سیستمەدا ناتوانێت گۆڕان یان لانی زۆر گۆڕانێک پێک بێنێت کە لە چوارچێوەی بەرژەوەندییەکانی رێژیم بەدەر بێت و ئەمیش هەر تەداروکچییەک دەبێ کە پایە لەرزۆکەکانی رێژیم بۆ ماوەیەکی دیکە رادەگرێ و وڵامدەری ویست و داخوازیی خەڵک نابێت. لەو حاڵەتدا خامنەیی دەڵێ خەڵک خۆی هەڵیبژارد و نوێنەری ویست و ئیرادەی خەڵک بوو و شکەستەکان دەکەوێتە پێی رووحانی و دەنگدەران بە رووحانی.

⦁ بەم پێیە کوردیش وەک بەشێک لە کۆمەڵگای ئێران رووبەڕووی دەرفەتێک نابێتەوە کە بتوانێت داخوازییەکانی خۆی کە قووڵتر و بەربڵاوتر لە بۆ نموونە خەڵکی پایتەخت نشینە، بەدی بێنێت. داخوازیی گەلێک کە خۆی لە پرسی شوناس، نەتەوە ، زمان، خاک و جوگرافیادا دەبێنێتەوە. رێژیمێک کە تەنانەت مۆڵەتی رەخساندنی هەلێکی بچووکی ریفۆرمیش نادات و بازنەی روانینی بۆ ئازادییەکان و هاتنە ئارای داخوازیی خەڵک و چاکسازی، بەردەوام تەسک و دوگم دەبێتەوە و رێگە بە هیچ بونیاد و بنکە و کاناڵێکی دەربڕینی ناڕەزایەتی لە پێناو وەدیهاتنی ئەو داخوازییانە نادات، چۆن دەبێ چاوەڕوانی هاتنە ئارای دەرفەتێک بین کە کورد بتوانێت داخوازییە نەتەوەییەکانی تیدا جێگیر بکات. بەشێکی لە خەڵکی ناڕازی و چالاکانی سیاسیی رێفۆرمخوازی حکوومەتیی کورد لە ناوخۆ بە پەرداخێک ئاو کەوتوونەتە مەلە و بە چەند وادە و بەڵێنیی رووحانی دڵخۆش بوون کە گوایە.

ناوبراو باسی مافی نەتەوەکانی ئێرانی کردووە و ئەوە دەرفەتێکە کە دەتوانن کەڵکی لێوەربگرن. بەڵام رووحانی چەند رۆژ دوای شانۆی هەڵبژاردنەکە لە لێدوانێکدا وتی: لە ئێراندا فرە نەتەوەیی بوون نیە و یەک نەتەوەمان هەیە ئەویش نەتەوەی ئێرانە و کوردیشی بە وردە کولتوور ناوبرد. رووحانی خۆی باش دەزانێت کە سنووری دەسەڵاتی سەرۆک کۆمار لە ئێراندا هێند بچووکە کە توانای جێبەجێکردنی داخوازی خەڵکی نیە بۆیە ئەویش وەک باقیی دەسەڵاتدارەکانی رێژیمەکە تەنیا وەک مانۆڕ و سەرنجڕاکێشانی خەڵک وادەو بەڵێنی دەدەن. سەرۆک کۆمارەکانی دیکەش وادەی دڵخۆشکەریان بە کورد دابوو بەڵام قەد نەیانتوانی جێبەجێی بکەن. ئەوان تەنانەت توانایی جێبەجێکردنی مادەی ١٥ و ١٩ی یاسای بنەڕەتیی ئێرانیشیان نیە.

رووحانی کە خۆی کەسێکی ئەمنییەتییە و تێرۆری رێبەرانی کورد لە ئالمان و کادر و پێشمەرگەکانی حیزبەکانی رۆژهەڵات لە باشووری کوردستان لە دەورانی بەرپرسایەتیی ئەو لە شۆرای ئەمنییەتی میلیدا بوو، رووی دا. پرسی کوردیش هەمیشە لە ئێراندا وەک مەسەلەیەکی ئەمنییەتی سەیر کراوە. بۆیە دڵخۆش بوون و چاوەڕوانیی دەرفەت رەخساندن لە کەسێکی وا هیچ لۆژیکی نیە. بەم هۆیەوە کۆمەڵگای کوردستان دیسان لە ناو قەیرانەکانی خۆی لە بواری سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابووریدا دەتلێتەوە. ئەزموونی خاتەمی لە بیر ماوە کە بەشێک لە کورد و چالاکانی ناوخۆ وەدوای دروشمەکانی کەوتن و دیتمان کە داخوازییەکانی خەڵکی کوردستانی جێبەجی نەکرد. ئەزموون کردنی ئەزموونێکی دۆڕاو، شکەستە.