چیرۆک بۆ منداڵان .. رەنگــان

13:38 - 16 بانەمەڕ 2713
Unknown Author
رەزا شوان

رۆژێک رەنگەکان لە شوێنێکدا بە یەکتری گەیشتن .. هەر رەنگە و بە شان و باڵی خوێدا هەڵیدا و ، خۆی بە جوانترین رەنگ دەزانی .

سـوور : من رە نگیلاوی و جوانیم، رەنگی راپەڕین و شۆڕشم، رەنگی خوێنم، رەنگی گەرمی و ئاگرم، رەنگی گوڵە ئەرخەوان و گوڵاڵە سوورەم ، دیارە من لە هەمووتان جوانترم .

زەرد: من لای خەڵکی رێزێکی تایبەتیم هەیە ، چونکە رەنگی گەنم و گەنمە شامیم ، رەنگی زێڕم ، رەنگی لیمۆم، رەنگی گوڵە زەردەم ، بە شانازیشەوە دەڵێم ، کە رەنگی رۆژەکەی سەر ئاڵای کوردستانم.

سەوز: جا ئەگەر ئێوە وەک من جوان بن چیتان دەوێ، من رەنگی بەهارم ، رەنگی چیمەن و گیا و سەوزەم ، رەنگی هیوا و ئومێدم ، رەنگێکی پیرۆزم ، یەکێم لە چوار رەنگەکەی ئاڵای کوردستان .

شین : من لە هەمووتان زیاترم ، رەنگی ئاسمانی بێ کۆتاییم ، رەنگی ئاو و رووبار ودەریا و دەریالۆشەکانم ، لە لای زۆر کەس پەسەند و جوانم .

سپی: من رەنگی ئاشتی و دڵپاکیم ، رە نگی کراسی بووکێنیم، رەنگی لۆکە وزیوو و بەفرم ، رەنگی پەلکە جوانەکانی گوڵە نێرگز و حاجیلەم ، رەنگی شیر و شەکرم ، رەنگی... هتد .

هەریەکەش لە رەنگی مۆر و پەمەیی و قاوەیی وپورتووقاڵی و رەشیش ، کەمیان نەوت و ، بە هەوەسی خۆیان بە شان و باڵی خۆیاندا هەڵیان دا .

رەنگەکان لەسەر ئەوەی کە کامیان شایانی نازناوی ( شاڕەنـگ ) ـە ، بوو بە هەرایان و ، لە یەکتری زویر و لووتەلا بوون .

لەم کاتەدا منداڵێکی چاوگەش، هاتە نێوانیانەوە ، لە جانتاکەیدا پەڕەیەکی کاغەزی سپی و قووتوویەک بۆیەی ئاویی دەرهێنا ، چوو ئاویشی هێنا. بە پێنووسێکی رەش لەسەر دیوێکی لاپەڕەکەدا ، دیمەنێکی جوانی کوردستانی کێشا .. کە بریتی بوو لە گوندێکی قەشەنگ لە پاڵ چیایەکی زنجیرە چیایەکدا، چەمێکیش کەوتبووە ناوەڕاستی گوندەکەوە.. وەرزیش بەهار بوو .

منداڵەکە دەستی کرد بە رەنگکردنی دیمەنەکەی .. چیاکانی دەوروبەری گوندەکەی قاوەیی و سەوز کرد ، سەر لووتکەکانیشیانی سپی کرد ، دەشتی دامێنی چیاکانی سەوزکرد و ، بە گۆڵاڵە سوورە و نێرگز و ، بە چەندین گوڵی هەمەجۆرەی رەنگاوڕەنگ رازاندییەوە .. ئاوی چەمەکە و ئاسمانی سەرووی شاخەکانی شین کرد .. دار و درەختەکانی رۆخی چەمەکەشی سەوز کرد .. لە نێوان دوو لووتکە چیای زنجیرە چیاکەدا خۆرێکی گەش و تیشک زێڕینی بە رەنگی زەرد کێشا .. لە ئاسمانی گوندەکەشدا ، بە رەنگی رەش پۆلێک باڵندەیەکی هەڵفڕیوی کیشا .. خانووەکانی گوندەکەشی هەریەکە بە ڕەنگێک رازاندەوە .. لە سەر قوتابخانەی گوندەکەشدا، بە ستوونێکی درێژەوە ، ئاڵا چوار رەنگییەکەی کوردستانی شیرینمانی کێشا.. منداڵەکە تابلۆیەکی زۆر جوان و رەنگینیرازاندەوە.. هەر هەموو رەنگەکانی لە خۆ گرتبوو.

رەنگەکان کە ئەو تابلۆ رەنگینەیان بينی.. سەرسام بوون.. هەستیان بەوە کر ، کە راستە هەر رەنگێک جوانی و حەزلێکردەی خۆی هەیە.. بەڵام پێکەوە جوانتر و رەنگینترن. رەنگەکان ئاشتبوونەوە و دەستیان خستە ناو دەستی یەکترییەوەو، داوای لێبووردنیان لە یەکتری کرد .. دەستخۆشیشیان لە منداڵە هونەرمەندە کرد و، چەپڵەیەکی درێژ و قاییمیان، بۆ خۆی و بۆ تابلۆ رەنگینەکەشی لێدا .