چیرۆکی کەڵەکێوییە ترساوەکان

17:24 - 10 پووشپەڕ 2712
Unknown Author
سولەیمان دڵسۆز

(پێشکەشە بەو مامۆستایەی ٣٦ رۆژە چیرۆکی خۆڕاگری و سەرڕاکردنمان بۆ دەگێڕێتەوە)

ـ \"منداڵەکان! هەبوو، نەبوو... جا بۆ هەبوو، نەبوو؟ منداڵەکان! لەمەودوا کە چیرۆکمان گێڕایەوە دەڵێین: هەیە، نییە، باشە؟\"
منداڵەکان تێڕا گوتیان: باشە مامۆستا.
ـ \"هەیە، نییە، لە دەشتێکی بژوێن و لە دەم ئاوێکدا، ڕەوەیەک کەڵ و گامێش و کەرەکێوی بە ئاشتی و ئارامی پێکەوە دەژین و بۆخۆیان دەلەوەڕێن. لەناکاو، لە ناو دەوەنەکانەوە، سەروسەکوتی شێرێکی ڕووتەڵە پەیدا دەبێ. ئیتر \"لاقە قوونێ قوتار کە\"، هەر کەس پەلەیەتی گیانی خۆی دەرباز بکا و پێش ئەوانی دی لە ئاوەکە بپەڕێتەوە. دەبێتە تەپوتۆز و زرمەی لاقان، ئاغا ڕووتەڵەی جەنگەڵیش سەرمەست لەوەی ئەو هەموو گیاندارە لەبەری هەڵدێن، هەر جارێ ڕوو دە یەکیان دەکا، ڕەپێیان دەنێ و دابڕ دابڕیان وێ دەخا.

ئاخیری چڕنووک لە پشتی کەڵێکی قەڵەو گیر دەکا، نێچیر سەرەنگرێ دەبێ. شێر دەمی دە تین‌تینۆکەی دەنێ، نێچیر قرخەی لێ دەبڕێ و، ئاغا ڕووتە بە ئیشتیا مل دە بەر خواردنی دەنێ. پاش کەمێک کۆمەڵێک کەمتیاری ڕیوەڵە و داڵی چرچ و سیسارکی کەچەڵ دە پاشماوەی کەلاکەکە وەردێن.

گیاندارە ترساوەکان هەروا هەڵدێن ئاوڕ نادەنەوە. تەنیا کەڵەکێوییەکی بچووک، لەوبەری ئاوەکە ڕادەوەستێ، دەگەڕێتەوە و سەیری دیمەنی دڵتەزێنی خورانی کەڵەکە دەکا. لە ڕقان هەموو گیانی دەلەرزێ. بیر دەکاتەوە: \" ئێمە هەزارانین و ئەو هەر یەکێکە، باشە بۆ هەڵدێین؟...\" ئینجا لە ئاوەکەدا لە وێنەی خۆی دەڕوانێ کە لە سەر تەپڵی سەری، دوو گردی چکۆڵانە هەڵتۆقیون. بۆ ساتێک چاو لێک‌دەنێ و دیمەنی خۆی وا دێتە بەرچاو: کەڵەکێوییەکی باڵابەرز، بە دوو شاخی ئەستووری تێک‌ئاڵاوەوە.

شەو دادێ، گیانلەبەرەکان لە قۆپییەکەی ئەوبەر لە ماندوویەتییان هەر زوو خەویان لێدەکەوێ. بەر لە خەوتن هەر هەموویان ئەو ترسەیان بە دڵدا دێ کە نەکا نێچیری سبەی ئەوان بن؟

بۆ بەیانی کە خۆر دەدرەوشێتەوە و گیای تازە سەر وەدەردەنێ، گیاندارەکان دیسان دەچنەوە شوێنە بژوێنەکەی دوێنێ. بەڵام کەڵەکێوییە چکۆلە، لە ئاوەکە دوور ناکەوێتەوە و چاوی هەر لای ئەو دەوەن و پچکە دارانەیە کە هەر لەحزەیەک بۆی هەیە شێرەکە لەوێوە پەیدا بێ. دیسان لەناکاو دەبێتە زرمەی ڕاکردن و تەپ‌وتۆز و، دواجار بە جێمانی کەلاکێک.

دیسان شەو دادێ و گیاندارەکان بە دەم ترسەوە خەویان لێدەکەوێ. بەڵام ماوەیەکە کەڵەکێوییە چکۆلەکە، شەوانە زۆر بیر دەکاتەوە و تا درەنگ خەوی لێناکەوێ.\"
...
چووم لە بەر پەنجەرەکە ڕاوەستام و لە دەرەوەم ڕوانی. منداڵەکان لە هەموو ئەو ماوەیەدا بێدەنگ بوون، پاشان یەکێک لە قوتابییەکان، کە لەبەر بچووکی باش دیار نەبوو گوتی:
\"ـ مامۆستا تۆ دەزانی کەڵەکێوییە چکۆلەکە شەوانە بیر لە چی دەکاتەوە؟\"
...