٧چالاکه‌ڕۆژهه‌ڵاتییه‌که‌بۆچی و تاکه‌ی له‌به‌ندیخانه‌ی هه‌ولێر دا ده‌مێننه‌وه‌؟

12:22 - 17 سەرماوەز 2713
Unknown Author
قادر وریا

بۆ مانگێک ده‌چێ ٧ چالاکی کوردی ڕۆژهەڵات لە هەولێر بەند کراون. ئەگەر چی قەرار بوو ببرێنە دادگا و بەردەم دادوەر و بڕیاریان لە سەر بدرێ، بەڵام هێشتا نەبراونە دادگا و چارەنووسیان هەر وا ناڕوونە.

لە یەک مانگی ڕابردوودا، ئەوەی لە میدیاکان‌و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا قسەی لەم ٧ کەسە کردووە، بە زۆری کوردەکانی ڕۆژهەڵات و کەسوکاری گیراوەکان بوون‌و قسەکردنەکەشیان بە داکۆکی لە گیراوەکان و ڕەخنەگرتن لە دەستبەسەرکردنیان سەرەڕای بێتاوانییان بووە. چەند جارێکیش کاربەدەستانی حکوومی لە ئاستی جۆراوجۆر‌دا باسی ئەو گرتنەیان کردوە و یاساشکێنی و بەردبارانی کۆنسۆڵگەریی کۆماری ئیسلامی لە هەولێریان وەک هۆی گرتنی ئەوان باس کردوە. بێئەوەی وڵامی ئەو پرسیارەی بیروڕای گشتی بدەنەوە کە ئایا ئەم ٧ کەسە هەر لە جێدا لە بەردبارانی کۆنسۆڵگەریدا بەشدار بوون یان نا؟ ئەگەر بەشدار بوون بۆ چی نادرێنە دادگا تا بە پێی یاسا سزا بدرێن؟ هەر لە جێدا، سزای بەرددادان بە کۆنسۆڵگەریی وڵاتێک چییە؟ بۆ نموونە لە وڵاتانی دێمۆکراتیک و خاوەن یاسای وەک فەرانسە و دانمارک و هتد کە هەر ئەمساڵ و ڕاست وەک ناڕەزایەتیدەربڕین بە ئێعدامەکانی ئەم دوایانەی ئێران، شایەدی بەربارانی ناڕازییانی کورد و ئێرانی بۆ سەر سەفارەتخانەکانی کۆماری ئیسلامی بوون، بەردهاوێژەکان چ سزایەک دران؟ ئەگەریش ئەم ٧ کەسە لە بەردبارانی کۆنسۆڵگەریی کۆماری ئیسلامی دا بەشدار نەبوون، بۆ چی و بە پێی کام یاسا ماوەی مانگێکە لە گرتووخانە دا راگیراون؟
بەڵام هەر وەک لە لێدوانی کاربەدەستان دا وڵامی هێندێک پرسیاری بە جێ نادرێتەوە، بەشی بەرچاوی ئەو کەس و لایەنانەش کە دژی ئەم دەستبەسەرییەی چالاکانی کوردی ڕۆژهەڵات دەدوێن و دەنووسن، بە لای وڵامی هێندێک پرسیار دا ناچن و یەک لایەنە باسی ئەم مەسەلەیە دەکەن. بۆ نموونە وڵامی ئەو پرسیارە نادەنەوە کە بەردبارانی هەر بنکە وبارەگایەکی سیاسی، هی هەر حیزب و ڕیکخراو و دەوڵەتێک بێ، مادام بە ئاشکرا و بە شێوەی ڕەسمی و قانوونی کار و چالاکی دەکا، کارێکی ڕەوا و دروست و ڕێگەپێدراوە؟ ئەگەر وڵامەکە \"نا\"بێ، کە بە بڕوای من هەر وایە، ئەو کات ئەو پرسیارە دێتە پێش، ئایا دام و دەزگای ئەمنی و دەسەڵاتی سیاسیی وڵات، لە ئەگەری ڕوودانی ئەم جۆرە حاڵەتانە‌دا بەرپرسایەتییان ناکەوێتە سەرشان؟ بێگومان بەرپرسایەتییان دەکەوێتە سەر شان.

ئەم بەرپرسایەتییە لێیان دەخوازێ پێشی ئەم جۆرە حاڵەتانە بگرن و بەدواداچوونی پێویست بکەن. ئەم پرسیارەش لە جێی خۆی دایە کە ئایا هەرێمی کوردستان، لە باری سەقامگیری و پێویستی بە وڵاتانی دەوروبەر وئەو پیلان و هەڕەشانەی لە سەریەتی، لەگەڵ وڵاتانی ئورووپایی شیاوی بەراوردە؟ لێرەش دا وڵامەکە هەر\"نا\"یە و بە دڵنیاییەوە، هەرێمی کوردستان بارودۆخێکی جیاوازی هەیە. هەر بە دەرکی ئەم جیاوازییەشە کوردەکانی ڕۆژهەڵات بە گشتی و زۆربەی حیزب و ڕێکخراوە سیاسییەکانی ئەو بەشە بەرامبەر ئەزموونی هەرێمی کوردستان بەرپرسانە جووڵاونەوە. ئەمەش بەر لە هەر شتێکی دیکە، لە هەڵوێستی نەتەوەییان سەرچاوەی گرتوە. ئەگەر وایە بەردبارانی کۆنسۆڵگەریی کۆماری ئیسلامی لە هەولێر دەچێتە چ خانەیەک؟!

بەردبارانی کۆنسۆڵگەریی کۆماری ئیسلامی، نەک هێرشێکی بەرنامە بۆ دانراو، بەڵکوو حەرەکەتێکی خۆڕسکی کۆمەڵێک کوردی ڕۆژهەڵاتیی بێزار و تووڕە لە ئێعدامی خوشک و براکانیان بە هۆی کۆماری ئیسلامییەوە بووە. بە بۆچوونی من - هەر وا کە پێشتر بەڵێنیان پێدرابوو- ئەگەر ڕێگایان پێدرابا وەک جارەکانی پێشوو، لە نزیک کۆنسۆڵگەری، خۆپێشاندانی هێمنانە بکەن و دروشم و داواکانیان ڕابگەیەنن، هەم هۆ و پاڵنەر بۆ بەردباران لاواز دەبوو، هەم هێزەکانی ئاسایشپارێز، ئامادەیی زیاتریان بۆ پێشگیری لە بەردباران دەبوو. دیارە نەک هەر لە کوردستان، لە زۆر شوێنی دنیا، لە جەنگەی خۆپێشاندان و ڕێپیوان و کۆڕو کۆبوونەوەی هێمنانە‌دا، شتی چاوەڕواننەکراو ڕوودەدەن کە پێویستە دەرسیان لێ‌وەربگیرێ.

ئەوە کە خەڵکی لایەنگر و سەر بەم یا ئەو لایەنی سیاسی لە نێو بەردهاوێژەکان‌دا بوون یان نا، هیچ لەم راستییە ناگۆڕێ کە بەردبارانەکە، لە دەرەوەی ویست و رەزامەندیی حیزبەکان و دڵسۆزییان بەرامبەر ئاسایش و سەقامگیریی هەرێمی کوردستان بووە. ئەم رووداوە و ئاسەوار و ئاکامەکانی، بۆ هەموو لایەنە پێوەندیدارەکان دەرس و پەیامیان تێدابووە و وای دەبینم کە لە چالاکییەکانی داهاتوودا، ئەم دەرس و پەیامانە بە هیند وەردەگیرێن. بەڵام ئێستا گرنگترین خاڵ ئەوەیە کەکۆتایی بە راگیرکرانی لەمە زیاتری ئەو ٧ چالاکە کوردەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بێت بۆ ئەوەی ئاکامەکانی ئەو دەستبەسەرکردنە زۆرخایەنە، شوێنەواری خراپ دانەنێتە سەر پێوەندیی نەتەوەی کورد لە دوو بەشی رۆژهەڵات و باشووری کوردستان.

لە بیرمان بێت ئەو خراپیانەی لە سەر خاکی هەرێم و لە سێبەری دەسەڵاتی کوردیدا لەلایەن ڕێژیمی تێرۆریستی کۆماری ئیسلامی لە دژی تێکۆشەرانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ئەنجام دراون و لێیان نەپرسرایەوە، ئەوەندە زۆر هەن کە رووداوێکی لەم چەشنە لە ئاست ئەوان، شیاوی ئەم هەمووە گرنگی پێدانە نەبێت.