چارەسەریی کێشەکانی کۆمەڵگەی کوردستان

13:46 - 17 خاکەلێوه 2714
Unknown Author
حەسەن خزرنیا

لەسیاسەتدا، بەتایبەت لەناو ئێمە کورداندا بەردەوام باسی چارەسەریی کێشەکان دەکرێت. زۆر کەس لەوانەیە باوەڕی بەچارەسەرییەک نەبێت، لەبەرئەوەی تەجرەبە و ئەزموونی خراپی لەسیاسەت و بەربەرەکانێدا هەبێت، یان پێی وابێت بەم ڕێگەیەداچوون، سەروماڵمان تیادەچێت. بەڵام بەباوەڕی من دۆزینەوەی چارەسەریەکانی کۆمەڵگەی کوردستان کردەویەکە، کەدەبێت بەسەرئەنجامی خۆی بگات و هیچ مرۆڤێک ناتوانێت ژیانێکی ئاسایی هەبێت لەکاتێکدا زۆرینەی جەماوەری کۆمەڵگەکەمان لەژیردەستیدا دەژێن. سیاسەت گووتار نییە، پلان و کردەوەیە- بۆ ئەمڕۆ و بۆ داهاتوو. ژێرخانی فیکری و هەست و دەروونی مرۆڤەکان پێکدێنێت و مرۆڤ ناتوانێت هەتاهەتایە لە بێ ئاگایی و ناوشیاریی و نەزانیدا بژیت.

هەتا من خۆم لەم گرفتە ڕزگار نەکەم و هەتا جەماوەر لەبندەستیدا بژین، تۆ وەک تاکێک ناتوانێت لەسەربەستیدا بژیت. ناتوانیت هەست بەوە بکەیت کە لەمەڕ ژیانی خۆت و خێزانت بڕیاری سەربەخۆ دەدەیت. کەواتە گرفتی کۆمەڵگە، گرفتی ژیانی تۆیە. ژیانی تۆ، وەک تاکی کورد، وەک سیاسەتوان، یان، وەک مرۆڤێکی ئاسایی، بە چارەنووس و داهاتووی کۆمەڵگەوە گرێدراوە.

تۆ کە نەتوانیت کێشەکانی خۆت چارەسەر بکەیت، کێشەکانی جەماوەر و کۆمەڵگەش لەسەرشانەکانت قورسایی دەکات و دنیات لێ پڕدەبێت لەژەهر و ئێش و ئازار- هەم هی خۆت و هەم ئاستەنگییەکانی جەماوەر و کۆمەڵگە. تۆ دەتوانیت هەتا ماوەیەک خۆت لەبێهۆشی و بێ ئاگایی و نەزانیدا ڕابگریت، بەڵام هەر ناچار دەبیت ئاوڕێک لەژیانی دەروبەری خۆت بدەیتەوە و لەهۆیەکانی ڕۆچوون و ڕووخانی مرۆڤ و کۆمەڵگەی کوردستان بکۆڵیتەوە.

تەنیا کورد نییە، گرفتی هەیە و گرفتەکانی کورد، هەموو گرفتەکانی دنیا نییە، بەڵام جەماوەری کۆمەڵگەپێشکەوتووەکان بەدوای چارەسەریەکاندا دەڕۆن و ئاسوودەیی و ئارامی لەکۆمەڵگەکانی خۆیان دابین دەکەن. ئەوان جگە لەگەڕاندنەوەی ژیانی فەوتاویان و دیاریکردنی چارەنووسیان بەدەستی خۆیان، کارێکی دیکە ناکەن. کە واتە کورد گرفتەکانی، تەنیا زمان و لەتبوون و داگیرکران و هەندەران و پێشلکرانی کەرامەتی مرۆڤانەی نییە، کە ئازاری دەدات. کێشە ناوخۆییەکان، گەرووی بەتووندی دەگوشێت. دۆخی تەندروستی ناتەواوە. زانیاریی و خوێندەواری باشی نییە.

تووشی گەندەڵییە و وێڕای ئەمانەش لەهەژاری و برسیەتیدا دەژیت و ناتوانێت ژیانێکی ئاسوودە و داهاتوویەکی گەشی هەبێت...
لەماوەی ڕابردوودا لەمێدیاکاندا شاهیدی ئەوەبووین کە هەندێک لەجەماوەر، تفەنگەکانی ڕاویان فڕێداوە و نایانهەوێت چیدیکە ژیانی سروشتیی ئاژەڵەکانی ناو چیا و دارستانەکانی کوردستان بشێوێنن. کۆمەڵێک لەجەماوەر، جگەرەکانی خۆیان خستە ناوئاگرەوە بۆ ئەوەی ماڵئاوایی بکەن لەو ژەهر و دوکەڵەی دەروونیان ڕەش دەکات و تووشی نەخۆشی سیەکان و شێرپەنجەیان دەکات. کۆمەڵێک قەفەسەکانیان شکاند بۆ ئەوەی کەوەکان بگەڕێنەوە بۆ سەرچیاکان و کێوەبەرزەکانی کوردستان، بێبەری نەبن لەقاسپەقاسپی کەوان. کۆمەڵێک جلی ئافرەتانیان لەبەر کرد، هەتا بڵێن: نا بۆ سووکایەتی بەژنان و سزادانیان. کۆمەڵێک وەڕێکەوتن، هەتا ژینگەکانمان پاک بکەنەوە لەو هەموو پیساییەی کە مرۆڤەکان لە دەر و دەشت و چیاکاندا پێکی دێنن. لەباکووری کوردستان سەدان ژن دەبن بەسەرۆکی شارەوانی و... ئەمانە هەموویان مەبەستێک دەپێکن: ئەوەی کە ئێمەی کورد وەخەبەر هاتووین و دەڵێین نا بۆ هەموو نادادوەریەکان. نا بۆ هەموو هەڵاواردنەکان. نا بۆ هەموو پیسی و چەوتیەکان... بەڵێ ئێمە خۆمان ئامادە دەکەین بۆ ژیانێکی ڕێزدارانە و سەربەستانە.

ڕاستە ئێمە ناتوانین هەموو کێشەوگرفتەکانمان بەخیرایی و لەماوەیەکی کورتدا چارەسەر بکەین، بەڵام دەزانین کە گۆڕینی ڕەواڵەتی دنیا نە خەونە و نە ئەفسانەیە. ڕاستییەکی شیرینە و منیش بەرەوپیری دەچم. لەخۆمەوە دەستی پێدەکەم. لەپاک وخاوێنییەوە، بگرە هەتا پاراستنی ژینگە و دەوروبەرم. ئەرکی کەس نییە ئەرکەکانی من ڕاپەڕێنێت. من خۆم بەخاوەن ئەرک و کەسێتی دەزانم. من قوڵی خۆمی لێ هەڵدەماڵم، چاوەڕوانی ئەوەش لە تۆ دەکەم کە ئەرکی خۆت بەجێ بگەیەنی. ئەرکی تۆ نە پیرۆزە و نە لەکتێبە ئایینییەکاندا نووسراوە. من نە مامۆستای تۆم و نە تۆش خوێندکاریی. ئێمە مرۆڤین و گووتارمان ڕوژێکی نوێ و ژیانێکی نوێیە. خۆناسینەوەیە.