پشتیوانانی راستەقینەی ئامانجەکانمان کێن ؟

19:31 - 18 سەرماوەز 2713
Unknown Author
ئەژین بەهرامی

پشتیوانانی راستەقینەی ئامانج و بەرژەوەندیی هەر رێکخراوێک یان حیزبێک یان ...، ئەو ئەندامانەن کەلە رێکخستنی فەرمیی ئەو رێکخراوەدا کار دەکەن بە هەموو ئاستە جیاوازەکانیانەوە. بەڵام ئەو ئەندامانەی کە بەهۆی رێکخستنی نافەرمیەوە لەو رێکخراوەدا کار دەکەن و خۆیانی پێوە دەلکێنن، ئەوا هەوڵی بەدیهێنانی ئامانجە تایبەتەکانی خۆیان دەدەن، یا گۆرینی ئامانجی رێکخراو. بۆیە پێویستە لەسەر مودیریەتی ستراتیژی ئەو حیزبە یان ئەو رێکخراوە، ئەو هۆکارانە رونن بکاتەوە کە دەبێتە هۆی دروسبوونی ئەو جۆرە رێکخستنە نافەرمیانەو هەوڵ بدات هەڵیان بوەشێنێتەوە. لەم ئەسڵەی سەرەوەدا کە ئەسڵێکی مودیریەتیەو من وەک دەرسێک فێری بوم، بۆم دەردەکەوێ : ئەو ئاڵۆزیانەی کە دێتە پێش لە نێوان ئەو کەسانەی کە لە ئەندامی حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان نین و بە شێوەک کاری سەربەخۆی سیاسی یا مەدەنی یا فەرهەنگی دەکەن بەڵام لە راستی دا ئەوان لە رێکخستنێکی نافەرمی حیزبەکاندا قەراریان گرتووە جا هەر کامەیان بەپێی نزیکی بیروباوەڕی خۆی لە یەکێک لە حیزبەکان دا.

ئەمە لە حاڵیکدایە کە ئەو کەسانە بەردەوام لەنێو بیروڕای گشتیدا خۆیان بە کەسانی بێ لایەن و سەربەخۆ دەناسێنن و بە جۆرێک باوەڕیشیان بە خۆیان هێناوە کە سەربەخۆن، بەڵام لە راستیدا هەموو ئەو کارو هەڵسوکەوتانەی ئەوان لە چوارچێوەی رێکخسنێکی نافەرمی حیزبەکاندا شکڵیان گرتوە، و بە ئامانج و بەرژەوەندییەکی جیاواز لە ئامانچ و بەرژەوەندیی حیزبەکان، بەشێوەک کە باوەریان وایە کارکردن لە چوارچێوەی رێکخراوێک یا حیزبێک ناتوانێ ئامانجەکانیان پێک بێنێت، یان ئەوەی کە خۆیان لە قاڵبی سیاسەت و ئامەنجەکانی ئەو حیزبانەدا نابیننەوە، بەڵام لە پاڵەوە بەردەوام هەموو هەڵسووکەوت و کردار و چالاکییەکانیان گرێ دراوەتەوە بە حیزبەکان تەنانەت زۆربەی هەرە زۆری ئەو بابەتانيش کە باسی لێوە دەکەن یان ئەو کێشەو قەیرانانەی کە ئەوان دەنگی لەسەر هەڵدیێنن بابەتی پەیوەندیدار و گرێدراو بە کار و سیاسەتی حیزبەکابە، جا رەخنە گرتن لە سیاسەتە گشتی یا سیاسەتە کاتییەکانی حیزبەکان بێت یان بابەتەکانی پەیوەندی دار بە یەکگرتن و لێک ترازانی حیزبەکان یان هەڵوێستە جیاوازەکانی حیزبەکان لەسەر رووداو پرسە گرینگەکانی رۆژ، ئەمانەو چەندین پرسی تر کە بەردەوام موداخەلەی تێدا دەکەن و نەزەرو بۆچوون و رەخنەو پێشنیاری خۆیانی لەسەریان دەردەبرن، بەڵام ئەوەی کە زۆرتر بەرچاوە لە دەربرینی ئەو کەسانەدا رەخنە گرتن و بە جۆرێک دژایەتی دروسکردنە یان ئاراستەدار کردنی مەسەلەکە بە خەتێکی فکری جیاواز و بە ئەمانج و بەرژەوەندیەکی جیاواز لە ئامانج و بەرژەوەندی حیزبەکان ئەمەش وا دەکات جۆرێک لە دژ دروسکردن یا تەفرەقە دروسکردن بخاتە نێو ژینگەی دەرەوەی رێکخراوەکە، وە زۆرجارێش هەر بەهۆی ئەو رێکخستنە نافەرمیە کە باسمان لێوە کرد ژینگەی ناوەوەی رێکخراو یا حیزبەکەش بکاتە ئامانچ. کێشەو ناکۆکیەکان لێرەدا دروست دەبن، لە کاتێکدا کە بەرهەڵستییەک یان بەگژداچوونەوەیەک لەنێوان ئەندامە فەرمیەکانی ئە رێکخراوە یا ئەو حیزبەدا دروست دەبێ بە هۆی ئەو خۆتێهەڵقورتاندنەی کەسە نافەرمیەکان کە ئامانجیکی جیاوازیان هەیە لە بەرامبەر ئەندامانی فەرمیی رێکخراوەکان کە بە پشتیوانی گرتن لە رێکخراوەکەیان دێنە دەنگ و توشی کێشمەکێشمێکی هەڵە دەبن کە ئەمەش لە راستی دا بە زەرەری رێکخراوەکە یا حیزبەکە تەواو دەبێت. یا زۆر جار ئەم دۆخە دەرواتە ناوەوەی رێکخراوەکەو دوبەرەکییەک لەنێو رێکخراوەکەدا دروست دەکا لەنێو ئەندامە فەرمییەکانی رێکخراوەکەداو لێرەدایە کە قەیران لەنێو خۆی رێکخراوەکەدا سەرهەڵئەدات. ئەرکی حیزبەکانە لێرەدا بۆ پارێزگاری کردن لە حیزبەکەیان و ئامانج و بەرژەوەندیەکانیان، لەرێگەی مودیریەتی ستراتیژی رێکخراوەوەکەیانەوە هەوڵ بدەن ئەو هۆکارانە ببیننەوە کە بۆتە هۆی دروسبونی ئەو دیاردەیەو ئەو رێکخستنە نافەرمیانەی کە سەریان هەڵداوە لێکیان بترازێنن و لە چوارچێوەو سیستەمی رێکخراوەی خۆی دووریان بکەنەوە و هەوڵ بدەن سنورێک دیاری بکەن بۆ رێکخستنە فەرمی و نافەرمیەکانی خۆیان بە لەبەرچاوکردنی وەزعیەتی مەوجودی خۆیان و لەلایەکی تریشەوە گرینگی دان بە لێک جیاکردنەوەی دڵسۆزی و بۆچونوە بنیاتنەرەکان لە دووبەرەکی و بەرژەوەندیی خوازە تایبەتییەکان لە یەکتر. لە کۆتایدا، پێم خۆشە ئەوە بڵێم کە هیچ کەس و گروپێک لەم بابەتەدا نەکراوەتە هەدەف و جێگەی سەرنج، تەنیا بە پێویسم زانی لەم هەلوومەرجەدا کە بەجیهانیبوون و بچووک بوونەوی دونیا هەموو کۆمەڵگا لە لاپەرەیکی بچووکی ئەلکترۆنیدا گەیشتۆتە ئەوپەڕی خۆی و جۆرێک لە سەرلێشێواوی هەیە لە بارودۆخی ئۆپۆزسیۆنی رۆژهەڵات بە هەموو لایەن و ئاستەکانیەوە. ئەمە هۆکارێک بوو بۆ نوسینی ئەم بابەتە.

ئەم بابەتە روانگەی نووسەرەکەیەتی و ئاژانسی هەوالدەریی کوردپا لەمەڕ ناوەرۆکەکەی بەرپرسیار نییە.