وەرزشوانێکی کەمئەندام: بە دوو میداڵی جیهانییەوە موسافێرکێشی دەکەم

ئاژانسی کوردپا: وەرزشوانێکی کوردی خەڵکی شاری کرماشان، کە خاوەنی دوو میداڵی جیهانی و دوو میداڵی ئاسیاییە، بۆ دابینکردنی بژێوی ژیانی موسافێرکێشی دەکات.

وەرزنەبەدارێکی کورد بە ناوی \"سەمەد عەباسی\" خەڵکی شاری کرماشان کە وەرزشکارێکی کەمئەندامە، ڕایگەیاندووە: \"من خاوەنی دوو میداڵی زێڕی جیهان و دوو میداڵی زێوی ئاسیاییم، بە هۆی نەبڕینەوە و دیارینەکردنی مووچەی مانگانە لە لایەن فێدارسیۆنەوە، بە ناچاری بۆ دابینکردنی بژێوی ژیانم، موسافێرکێشی دەکەم.\"

ئەو وەرزشوانە کوردە، لە وتووێژێکدا لەگەڵ هەواڵدەریی \"ئیسنا\"ی کرماشان ڕاگەیاندووە: \"سەرەڕای بەدەستهێنانی چوار میداڵی جیهانی و ئاسیایی لە لایەن فێدارسیۆنەوە، مووچەم بۆ نەبڕاوەتەوە و ئەمەش لە حاڵێکدایە کە، ئەو وەرزشوانانەی کە کەمئەندامیش نین، لەلایەن فێدراسیۆنەوە، مووچەی مانگانەیان هەیە.\"

\"سەمەد عەباسی\" هەروەها وتوویەتی: \"فێدارسیۆن تەنیا پارەی ئەو کەمئەندامانە دەدات کە میداڵی پارائۆلەمپیکیان بە دەست هێناوە.

ناوبراو هەروەها دەڵێت: \"بە هۆی کەمئەندام بوونم تاکسیشیان پێی نەدام و بەناچاری بە ماشینی پرایدی خۆمان موسافێرکێشی دەکەم کە بەو بۆنەشەوە چەند جارێک لە لایەن پۆلیسەوە سزا دراوم.\"