هەڵسووکەوتناسی ئەحزاب و لایەنە کوردیەکان لە کاتی هەڵبژاردن لە ئێران دا

ئارش ساڵح

دیارە هەندێک فاکتەری سەرەکی هەن کە پێویستی هەلسووکەوتی سیاسی بۆ چالاکی ناوخۆ لەگەڵ حیزب یان لایەنی سیاسی ئۆپۆزیسیۆن جیا دەکاتەوە. پێش لە هەرشتێک لە ناوخۆ دا ئێمە خاوەنی حیزب یان هەرچەشنە تەشکیلاتێک نین کە هێزی بەسیجی نیرو و پێکهێنانی تەشکیلاتی هەبێت بۆیە ئەم وتارە زیاتر هەوڵ دەدات کە هەلسووکەوتی ئەحزابی کوردستانی رۆژهەڵات و ئۆپۆزیسیۆن لە هەمبەر هەڵبژاردن دا روون بکاتەوە.

پرسیاری سەرەکی ئەم وتارە هەڵدەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە بۆچی هەڵسوکەوتی ئەحزاب یان لایەنە سیاسیەکانی دەرەوەی وڵات لە هەمبەر هەڵبژاردن جیاوازە.

باسی گشتی ئەم وتارە ئەوەیە کە هەڵوێستی ئەو لایەنانە لەهەمبەر هەڵبژاردن پێوەندی زۆری هەیە بەو شیوازەی کە خۆیان هەڵدەسەنگێنن یان بەو ناسین و ئاگاییەی کە حیزبەکان لە خۆیان هەیانە. هەڵسووکەوتی ئەحزابی کوردی رۆژهەڵات لە ماوەی چەند ساڵی رابردوو لە پێناو هەڵبژاردنەکان دا کەم تا زۆر ئەوە دەردەخات کە هەرچەند حیزبێک باوەڕی بە توانایی خۆی بۆ بەسیجی نیرو لە دەست بدات زیاتر ئەگەری ئەوەی هەیە کە بەرەوە هاندانی خەڵک بۆ بەشداری لە هەڵبژاردن دا بڕوات. بۆیە دەکرێت بوترێت کە رادەی متمانە بە خۆ بوون لە ناو حیزبەکانی رۆژهەڵات کاریگەری راستەوخۆی لەسەر هەڵسوکەوتی ئەوان لە هەڵبژاردن دا هەیە.

هەروەها دەکرێت فاکتەرێکی تر وەکوو بۆشایی ئێستراتیژیک لەم باسە دا بخرێتە بەر چاو. هەندێک لایەن کە تووشی خەلەئی ئێستراتیژیک بوون بەردەوامی ژیانی سیاسی خۆیان گرێداوەتە داواکردن لە بەشداری لە هەڵبژاردنەکان لەبەر ئەوەی پێیانوایە کە ئەوان هەرچی داوا بکەن کە خەڵک بەشداری نەکەن رێژەی بەشداری کردن زیاد دەبێت و ئەمەش هۆکارێکی تۆقێنەرە یان مەترسی دارە بۆ پێگەی زاهیری ئەوان. بۆیە بە تەحریم نەکردنی هەڵبژاردن هەم ژێستێکی غیرموتاعەرەف و هەڵوێستێکی زاهێرەن پراگماتیکتر دەگرن هەم ئەوەی پیشاندەدەن کە لە گۆڕانکاریەکان بەجێنەماون.

بۆ ئوپوزیسیونی دەرەوەی وڵات زۆر گرینگە کە هەڵوێست گرتنی لە هەمبەر هەڵبژاردنەکان خوێندنەوەی زۆری لەسەر کرابێت. دیارە ئۆپۆزیسیۆنێک کە لەدەروەی وڵاتە ناتوانێت باس لە بەشداری لە هەڵبژاردن بکات لەبەر ئەوەی هیچ مێکانیزمێکی نیە کە بتوانێت لەسەر دوو شت کاریگەر بێت: یەکەم ئەو باسانەی کە لە کاتی کەمپەینەکانا دێنە ئاراوە و ئەو فەزا گشتیەی کە لەو کاتە دا دەرەخسێت و هەندێک کەس لەگەڵ جۆرێک لە تەحەرۆکی سیاسی هەڵەی دەگرن. دووهەم هیچ مێکانیزمێکیان نیە کە دەرکەوتەی هەڵبژاردنەکان لە چوار چێوەی خواستە سیاسیەکانی خۆیان دا تاریف کەنەوە یان کاریگەریان لەسەر هەبێت. بۆ وێنە هەندێک جەرەیانی ئۆپۆزیسیۆن بە بیانووی ئەوەی کە هەڵبژاردن فەزا پێک دەهێنێت یان ئەوەی کە ئەگەر نوێنەرەکان پیاوی چاک بن دەتوانن کاریگەری باشیان هەبێت بە خەڵک دەڵێن کە لە هەڵبژاردن بەشداری بکەن.

ئەم لایەنانە پێویستە وەڵامی دوو شت بدەنەوە یەکەم ئەوەی مێکانیزمی ئێوە چیە بۆ ئەوەی کە ئەو فەزایە کە لە ناو هەڵبژاردنەکانا پێک دێت دەکەوێتە خزمەتی گوتاری حیزبەکەی ئێوە و گەشەی تەشکیلاتی ئێوە؟ دووهەم مێکانیزمتان چیە بۆ ئەوەی کە دیار بکەن ئەو کاندیدە پیاو چاکە(وەک خۆیان دەڵێن) کێیە و خەڵک دەنگی پێ بدەن؟ دواتر ئەو پیاو چاکە چۆن لەبەرامبەر ئێوەدا بەرپرسیارە؟
دیارە تەواوی ئەو ئێستێدلالانە دەکەونە دوو خانەوە یەکەم فەزای هەڵبژاردن دەتوانێت باس و خواست بێنێتە ئاراوە و هەندێک جووڵە درووست بکات، دووهەم بە بەشداری کردن لەهەڵبژاردن خەڵک دەتوانن هەندێک پیاو چاک بنێرنە پارلەمان.

سەبارەت بە یەکەمین ئێستێدلال پێویستە بووترێت ئەو جووڵانە کە لە هەڵبژاردن دا دێنە ئاراوە جووڵەی ئاراستە دار و مەحدوودە. ئەو فەزایە بە تەواوەتی لە دژی گوتاری ئۆپۆزیسۆنی رۆژهەڵاتی کوردستانە بەوانەشەوە کە داوای بەشداری لە هەڵبژاردن دەکەن. لە ئاکام دا ئەگەر ئەو گووتارەی کە بەسەر فەزای هەڵبژاردن دا زاڵە لە کوردستان زاڵ ببێت و سەرکەوێت دەبێتە هۆی پەراوێز کەوتنی زیاتری جوڵانەوەی رزگاری خوازی گەلی کورد و ئەو لایەنە سیاسیانە. دیارە هەرچەند هەڵبژاردن و فەزای هەڵبژاردن لە کوردستان بەهێزتر و گەرمتر بێت ئەو گوتارە لە کوردستان دا زۆر بەهێزتر دەبێت و زیاتر لایەنگر دروست دەکات. بۆیە لە راستی دا داوای گەشە دان بە تەنووری هەڵبژاردن لە لایەن هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆنەوە داوای گەرمتر کردنی تەنووری خۆ سووتاندنە. لەبەر ئەوەی ئەو گوتارەی کە بەرنامەی پێکهێنانی گۆڕانکاری لە رێگەی هەڵبژاردنەوە هەیە و دەتوانێت بەشداری ئەو فەزایە ببێت بنەما تیۆریکەکانی بە تەواوەتی لە دژی خواستی نەتەوایەتین. فەعال بوونەوەی ئەو گووتارە لەکوردستان دا و لە رێگەی هەڵبژاردن بەو مانایەیە کە خەڵکی کورد خواستی نەتەوەییان کەم رەنگتر دەبێت وئەوان دەبنە رێبەری کەلێنە سیاسی و کۆمەڵایەتیەکانی ناو کوردستان و پاشان خەڵکی کوردستانیش بە چەمک و دەستەواژەی ئەوانەوە کێشە و کەلێنەکانی خۆیان تاریف دەکەنەوە.

ئەو شتەی کە تائێستا رووی داوە هەر ئاوا بووە، بە تەسلیم بوون لە بەرامبەر روانگەی گۆڕانکاری لە رێگەی هەڵبژاردنەوە تەسلیمی گوتاری مەرکەز مێحوەر و ئاراستەیێک بوین کە کێشەکان تەنیا لە چوارچێوەی بەرتەسکی حقوقی فەردی دەبینێتەوە. لەبەر ئەوەی ئەو لایەن و کەسانەی کە رێگای ئەکتیڤ بوون لەو فەزایەیان پێ دەدرێت تەنیا هەڵگری ئەو گوتارەن. (دیارە لێرە ئێمە باسی تاک ناکەین و باسی لایەنی خاوەن گوتاری سیاسی دەکەین. تاک لێرە هیچ کاریگەریێکی نیە) ئەمە یەکەم کاریگەری راستەوخۆی دەبێت بەوەی کە دوای چەند ساڵی تر ئەو چەمک و دەستەواژە و گوتارەی ئوپۆزیسیۆن لە لای خەڵکی کوردستان بێگانە دەبن واتە ئەو لایەنانەی ئۆپۆزیسیۆن کە داوای بەشداری لە هەڵبژاردن دەکەن خەریکن بە دەستی خۆیان ئەدەبیاتی خۆیان لە بەرچاوی شارۆمەندانی کوردستانەوە دەکەنە ئەدەبیاتی ئەشکەوت نشینەکان.

سەبارەت بە دووهەمین ئێستێدلال پێویست ناکات قسە بکرێت لەبەر ئەوەی زۆر ناسیاسی و ساویلکانەیە و هیچ شیکارێکی سیاسی یان ئەکتەرێکی سیاسی هیچ بەرنامەیێک لە سەر بنەمای پیاو چاکی و پیاوی خراپی دانانێت. بۆیە ئەوەش ئەو ئێستێدلالە دەکات باوەڕی پێ نیە. تەنیا یەک شت زیاد دەکەم ئەویش ئەوەیە داوا لە رێبەرایەتی کورد دەکەم خۆی فێر کات لە بەکار هێنانی ئەو چەمکە باوکسالارانە خۆ بپارێزێت.

بۆیە بە باوەڕی من ئەوەی کە ئوپوزیسیۆنی دەرەوەیە تەنیا یەک هۆکاری هەیە کە هەڵبژاردن تەحریم ناکات ئەویش لە دەست چوونی متمانە بە خۆیە. یەکەم نیشنانە بۆ ئەوەی پیشان بدرێت کە داوای تەحریم نەکردن لە راستی دا لە نەبوونی متمانە بەخۆ سەرچاوە دەگرێت، دەرکەوتنی سەر لێ شێواوی یان بزر بوونێکی زۆرە کە لە هەڵوێستەکانی ئەو لایەنانە دیاری دەدات. بۆ وێنە زمانی رێبەرایەتی ئەو بەشە لە ئۆپۆزیسیۆن کاتێک کە رووبەرووی دوو پرسیار لەو زەمینە دەبنەوە تووشی کەمووکورتی چەمک دەبێت و ئەو دەستەواژانە کە بە کار دەبەن هەموو کات چەندین مانای لێ دەر دێت و هیچکات بە روونی قسە ناکەن.

ئەم بزر بوونە لە دوو شتەوە سەرچاوە دەگرێت یەکەم نەناسینی مێکانیزمی گۆڕانکاری سیاسی لە ئێرانداو دووهەم ئەو لایەنانە بە گشتی متمانە بە خۆیان لەدەست داوە و پێیان وایە هێزی بەسیجی نیروویان لە دەست داوە. دیارە نەناسینی مێکانیزمەکان و لەدەست چوونی باوەڕ بەوەی کە حیزب کارامەیی بۆ بەسیجی هێز لە ناوخۆ لەدەست داوە وا لەو لایەنانە دەکات کە هەوڵ بۆ شاردنەوەی ئەو راستیانە بدەن. ئەم لایەنانە هەوڵ دەدەن بە پێشبێنی کردنی ئەوەی کە رادەی بەشداری زیاتر دەبێت داوای بەشداری کردن لە خەڵک بکەن بۆ ئەوەی بە لایەنگرانی خۆیان و بە جەماوەر وا پیشان بدەن کە ئەوانیش لانی کەم بەشێکن لە مەوجەکە.

هەروەها نەناسینی میکانیزمی گۆرانکاری کۆمەڵایەتی و سیاسی لە کوردستان و لە ئێران دا وا لەو لایەنانە دەکات کە خۆ بپارێزن لە هەرجۆرە هەوڵ دان بۆ کاریگەری لەسەر رێژەی بەشداربوون و تەسلیمی پێشوەختی ئاقاری رووداوەکان دەبن. ئەمە لە حاڵێک دایە کە ئەو حیزب یان لایەنانە هەڵگری درووشمی شۆڕشگێرانەن و داوای شکاندی پێکهاتەکان دەکەن. بۆیە هەموو کات تووشی کێشە دەبنەوە کە چۆن ئەم دژبەریە لە ئاراستەکانیان دا بە یەکەوە گرێ بدەنەوە. ئەمە هۆکاری ئەو دیاردەیەیە کە پێشتر باسمان لێ کرد واتە کێشەی زمانی روون و هەڵوێستی دیار.

لە ئاکام دا پێویستە بگوترێت کە هەڵسووکەوتی لایەن و ئەحزابی ئۆپۆزیسیۆن لە رۆژهەڵاتی کوردستان لە هەمبەر هەڵبژاردن لە ژێر کاریگەری رادەی کارامەیی هەر حیزبێک لە بەسیجی هێز لە ناوخۆدایە. دەرکەوتنی ئەو راستیە بۆ حیزبێک کە توانای بەسیجی هێزی نەماوە وا لەو حیزبە دەکات کە متمانەی ئەوەی بە خۆی نەبێت کە داوایێکی راستەقینە لە خەڵکەکەی بکات. ئەمە لە ژێر کاریگەری دوو فاکتەری تر کە بریتین لە یەکەم نەبوونی ئێستراتێژی و دووهەم لاواز بوونی ناسینی ئەو ئەحزابە لە مێکانیزمی گۆڕانکاریە سیاسی و کۆمەڵایتیەکان، وا دەکات کە ئەو لایەن و ئەحزابە بە شێوەی پێشوەخت تەسلیمی ئاقاری گۆڕانکاریەکان ببن و تەحریمی هەڵبژاردن نەکەن بۆ ئەوەی وەک مێکانیزمێکی بەرگری سایکۆلۆژیک خۆ لە راستیەکان بدزنەوە.

ئەم بابەتە روانگەی نووسەرەکەیەتی و ئاژانسی کوردپا لە ناوەڕۆکی بەرپرسیار نییە