هەڵبژاردن لە ئێران لە زمانی بڵاوکراوە بیانیەکانەوە- بەشی یەکەم

22:58 - 7 جۆزەردان 2713
Unknown Author
جەماڵ پوورکەریم

شانۆی کۆمێدیی هەڵبژاردنی ئازاد لە ئێران ( واشنگتۆن تایمز)
هەر چوار ساڵ جارێک کۆماری ئیسلامیی ئێران لەگەڵ کۆنتڕۆڵی پێکەنیناوی هەڵبژاردن و مەسەلەی سەرۆک کۆماری بەرەو ڕوویە و هەر چوار ساڵ جارێک شانۆیەکی کۆمێدییەک لە ژێر ناوی هەڵبژاردنی سەرکۆماری بەڕێوە دەبا، بەو ئامانجەی کە ئەو گومانە لە ناو خەڵکدا درووست بکەن کە ئێرانیەکان بۆ خۆیان ڕاسته‌وخۆ لە دەسەڵاتدا بەشدارن.

لە هەمان کاتدا ئەو شانۆیە لە زۆر بوارەوە ئەگەر بۆ خەڵکی ئێران دەستکەوتی نەبووە بۆ ئه‌مریکا دەستکەوت و سەرکەوتنی بەدواوە بووە.

پەردەی شانۆیەکی دیکەی هەڵبژاردن بۆ ڕۆژی ١٤ ی ژووئەن بەرنامەی بۆ داڕێژراوە.

لە مانگی \"مارس\"دا و لە سەرەتاکانی ئەمساڵدا ، لە کاتی کۆبوونەوە بۆ تەئیدی سەڵاحیەتی \"ڕیچارد ئارمیتاژ\" وەک جێگری وەزیری دەرەوەی ئه‌مریکا، ناوبراو بە ئاشکرا ئێرانی بە ( دێموکراسی ) ناوبرد و لە درێژەدا \"چاک هیگڵ\" وەزیری بەرگریی ئه‌مریکاش ئەو هەڵەیەی \"ئارمیتاژ\"ی دووبارە کردەوە.

ئەو گوتی: ئێمە چ پێمان خۆش بێ و چ پێمان ناخۆش بێ کۆماری ئیسلامی لە ئێران دەولەتێکی بژاردەوە و مەشرووعەو خەڵک ڕەواییان پێ داوە.

هەرچەندە لە درێژەی ئەو کۆبوونەوەیەدا سیناتۆری دێمۆکرات میشیگیان کارل لوین، ناچاری کردن کە ئەو لێدوانە هەڵەیان ڕاست کەنەوە .
وەزارەتی کاروباری دەرەوەی ئەمریکاش بەردەوام ئەو هەڵەیە دووپاتە دەکاتەوە.

لە ڕەوتی ڕکابەرییەکانی هەڵبژاردن ( شانۆی هەڵبژاردن ) لە ساڵی ٢٠٠٩ دا وەزارەتی ناوبراو دەستووری بە تەلەفیزیۆنی دەنگی فارسیی ئەمریکادا تاکوو پشتیوانی لە سەرۆک وەزیرانی پێشووی ڕێژیم واتە میر حوسێن مووسەوی بکا ، بەو هیوایەی کە ئەو بتوانێ ڕوخسارێکی باشتر و سیمایەکی جوانتر لەو ڕێژیمە لە ئاستی نێونەتەوەییدا نیشان بدا.

تا کاتی ناڕەزایەتییە بەربڵاوەکان و پاش ئەوەی زۆرینەی خەڵکی ئێران باسیان لەوە کرد کە تەقەلوب و ساختەکاریی بەرنامە بۆ داڕێژراو لە دەنگدانی ژووئەنی ٢٠٠٩ دا کراوە، مووسەوی بە هیچ شێوەیەک مەبەستی نەبوو کە هەوڵ بۆ گۆڕانی بنچینەیی لە ڕێژیمی ئیسلامیی دا بدا.

لە ڕاستیدا مووسەوی وەفاداری و ئەمەگی خۆی بە کردەوەکانی ڕژیمی ویلایەتی فەقێ کە لە ماوەی ٣٤ ساڵی دەسەڵاتیدا حاشای لە خواستە دێمۆکراتیکەکانی خەڵکی ئێران کردووە، نیشان داوە و سەڵماندوویەتی کە لە گەڵ نیزامی کۆماری ئیسلامی هیچ جۆرە دژایەتی و کێشەیەکی نییە.

بۆ نموونە شووڕای نیگابان کە پیک هاتووە لە کۆمەڵێک مەلای دیاری کراو لە لایەن خامنەییەوە و بڕیار لە سەر پەسەندکردنی کاندیداکانی سەرۆک کۆماری دەدا، وەها بەڵێنێک لە سەرجەم کاندیداکان وەردەگرن که‌ده‌بێ وه‌فادار به‌و رژیمه‌بن، بەواتایەکی تر، ئەگەر کەسێک باوەڕمەند و پیبەند بە مەلاکان و گەورەیی ئەوان نەبێ، ناتوانێ ببێتە سەرۆک کۆمار.
هەر بەو هۆیەشە، ئەمن ئەو هەڵبژاردنانە تەنیا وەک شانۆیەک لە قەڵەم دەدەم.

عەلی ئەکبەری هاشمی ڕەفسنجانی، سەرۆک کۆماری پیشووتر، یەکێک لە مەلا فێڵبازەکانە کە وەک دەوڵەمەندترین کەس لە ئێراندا ناوبانگی هەیە و ماوەیەکی زۆر لە لای وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا و لابیەکانی لایەنگری ڕژیمی تاران خۆشەویست بووە و جێگە و پێگەی تایبەتی هەبووە ، چوونکە کەسێکە کە دەکرێ کاری لە گەڵ بکەی. !!

پێدەچێ لە ئەنجامی ڕاسپاردنی خامنەیی (کە ڕەفسنجانی گوتی تا ڕێبەر رازی نەبێ بەشدار نابم) ڕەفسنجانی لە ١١ی مانگی مەی ڕایگەیاند کە لە هەوڵ دایە بۆ خولیکی دیکە پۆستی سەرۆک کۆماری بە دەستەوە بگرێ.

دەنگی ئەمریکا و بی بی سیی فارسی بە خیرایی ئەو هەواڵەیان بڵاوکردەوە و خستیانە ژێر پۆششی خەبەریی خۆیانەوە، وەک ئەوەی سەرکەوتنی ڕەفسنجانی لە هەڵبژاردنەکاندا سەدا سەد بێ.

ڕەفسنجانی لە سەرەتاوە یەکیک لە ئەکتەرە سەرەکیەکانی ڕێبەری ڕژیمی ئیسلامیی ئێران بووە، ئەو سەرەتا ڕاوێژکاری ئایەتووڵڵا خومەینی و دواتر وتەبێژی ( سەرۆکی ) مەجلیس و فەرماندەی گشتیی هێزەکانی ئێران لە سەردەمی شەڕی نێوان ئێران و عێراق لە ساڵانی ١٩٨١بۆ ١٩٨٨ و دواتر لە ساڵانی ١٩٨٩ بۆ ١٩٩٧ سەرۆک کۆمار بووە.

بەشێوەیەکی بەر بڵاو ئەو باوەڕە لە گۆرێ دایە کە ڕه‌فسه‌نجانی ، خومەینی بۆ دەستپێکردنەوەی بەرنامەی چەکی ناوکیی ئێران لە ساڵی ١٩٨٥ دا هانداوە و بۆ ماوەیەکی زۆر لە گرنگترین لایەنگرانی ئەو بووە.

لە ساڵی ٢٠٠١ پاش بەجێهێشتنی پۆستی سەرۆک کۆماری ، ڕۆڵی سەرەکی وەک سەرۆکی کۆمەڵەیەک لە ژێر ناوی کۆڕی دیاری کردنی بەرژەوەندییەکانی نیزامدا گێڕاوە.

ڕەفسنجانی گوتوویەتی کە گەلانی ئیسلامی دەبێ بۆ یەکسانیی هێز و توانایان بەرامبەر بە ئیسرائیل ببنە خاوەنی چەکی ناوکی.

ئەو لە ڕەوتی کۆبوونەوەیەکدا کە لە ژێر ناوی ( ئازادکردنی ئۆرشەلیم لە چنگی ئیسرائیل ) بەڕێوە چوو گوتی : کەڵک وەرگرتن لە بۆمبی ناوکی بە دژی ئیسرائیل ، تەواوی ئیسرائیل بە گشتی لەناو دەبا و نابوودی دەکا ، لە حالێکدا کەڵک وەرگرتن لە بۆمبی ئەتۆمی بە دژی جیهانی ئیسلام تەنیا خەساریکی بچووکی لیدەکەوێتەوە .ڕەفسنجانی وەک دار و دەستەکەی لە کۆمەڵگەی دەسەلاتدا ، تیرۆریزم وەک باسکی سەرەکی و کرداریی سیاسەتی دەرەکی لە قەلەم دەدا.

دەزگای قەزایی ئارژانتین ئەوی وەک یەکیک لە بڕیاردەرانی سەرەکیی بۆمب دانانەوەی بۆینس ئایرس کە لە ئەنجامیدا ٨٦ کەس کوژران ، خستە ژێر بەدواداچوون و مەحکوومی کرد.

رێکخراوێکی ئەمنیەتی نەتەوەیی ئەمریکا رایگەیاند کە گرووپی تیرۆریستی کە لە مانگی جولای ١٩٩٦ دا هێرشیان کردە سەر تاوەرەکانی ( خەبەر ) لە عەرەبستانی سەعوودی و ١٩ کەس لە هێزەکانی ئاسمانیی ئەمریکای تێدا بووە قوربانی ، پێوەندیی راستە و خۆیان بە شەخسی ڕەفسنجانیەوە هەبووە .

هەروەها پێشینەی زۆری هەیە لە دەستتێدا بوون لە پیشێلکاریی مافی مرۆڤ لە ئێراندا.

ئەو لە مەقامی سەرۆکی مەجلیس و سەرۆک کۆماریی ئێراندا، دامەزراوەو ڕێکخراوه‌ سیخوری و ئیتلاعاتیەکانی بۆ دۆزینەوەی پێ و شوێن و تیرۆری دژبەرانی سیاسی لە دەرەوەی وڵات لە سەرەتاکانی ساڵی ١٩٨٠ دا رێبەرایەتی کردووە .(( وه‌ک تیرۆری ڕێبه‌رانی کورد و ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی)).

ره‌فسه‌نجانی وەک سەرۆکی شووڕای دیاری کردنی بەرژەوەندییەکانی نیزام پشتیوانی لە سەرکوتی ناڕەزایەتیی خویندکاران لە ساڵی ١٩٩٩دا کرد و لە سەرکوتەکانی پاش هەڵبژاردنی ساڵی ٢٠٠٩ دا بێدەنگی نواند.

لە بارەی ئەو دا تووشی هەڵە مەبن : ئامانجی ڕەفسنجانی لە بەدەستەوە گرتنی پۆستی سەرۆک کۆماری یارمەتی دانە بە ڕژیمی ئیسلامی بۆ رزگار بوون لە گەمارۆ نێودەوڵەتیەکان و فشارە دیپلۆماتیکەکان لە رێگەی نمایش کردنی ڕوخساری پیکەنیناویی خۆی بۆ داپۆشینی تیرۆری ناوخۆیی و نێونەتەوەیی. ((هه‌رچه‌ند دوور نییه‌ڕه‌دی سه‌ڵاحیه‌تی ڕه‌فسه‌نجانی ، فێڵێکی نوێی مه‌لاکان له‌ئێران بێ ))

خەلکی ئێران باش دەزانن کە هەڵبژاردنی عادیلانە و دێموکراسیانە چۆنە ، لە راستیدا ڕژیمیش دەزانێ ، چونکە کاتێک ڕەفسنجانی سەرۆک کۆمار بوو، ئەندامانی رژیم لە ساڵی ١٩٩٤دا بەیانیەی ( بین المجالس ) یان سەبارەت بە پێبەند بوون بە ڕێوشوێنی هەڵبژاردنی ئازاد و دادپەروەرانە واژۆ کرد.

ڕێوشوێنی هەڵبژاردنی ئازاد و دادپەروەرانە بریتییە لە : مافی هەموو شارۆمەندێکە خۆی وەک کاندیدا ناو نووس بکا بە بێ لەبەر چاوگرتنی بیر و باوەڕی سیاسی و مەزهەبی ، هەموو حیزبە سیاسییەکان بە بێ دەستێوەردانی دەوڵەت مافی خۆڕێکخستن و بەشداریان هەیە ، ئازادیی بەیان و بیر و ڕای سیاسی و دەستڕاگەیشتنی بەربژێرەکان بە ڕاگەیاندن و بڵاوکراوەکان و پشتیوانیی یاسایی لەو ئازادیانە مافی هەموو لایەنێکە ، به‌ڵام هیج کام لەو مەرجانە هیچ کات لە ئێران نەهاتوونەتە دی.

وێدەچێ دیپلۆمات و ڕێبەرانی زۆر یەک لە وڵاتانی ڕۆژئاوایی دیسان بەم شێوەیە خۆیان هەڵخەڵەتاندبی کە کاتێ مەلایەک لە ژێر عەباوە پیدەکەنێ ، ئەوە هەڕەشەکانی ئەو ڕژیمە بە دژی جیهان لە ناو دەبا و کۆتاییان پێهاتووه‌.

ئێستاکە کاتی ئەوە هاتووە کە کۆتایی بەم شانۆیە بهێندرێ . لە باتی پشتیوانی لە شانۆی هەڵبژاردنی ڕەفسنجانی یان هه‌ر مۆره‌یه‌کی دیکه‌ی ئه‌و رژیمه‌ ، کاتی ئه‌وه‌هاتووه‌که‌ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی دەبێ خوازیاری ئەوە بن و داوا بکەن کە ڕژیمی ئێران بە پێی ئەو ستانداردانەی کە بۆخۆیان بە شیوەی جیهانی لە گەڵی هاوڕا و هاودەنگ بوون و پەسەنکراون و ئەوانیش واژۆیان کردووە ، هەلبژاردنی ئازاد و دادپەروەرانە بەڕێوە ببەن ( کە ئەوەش لە ژێر سایەی وەلیی فەقیە دا ئیمکانی نییە )

بەڕێوەنه‌چوونی هەڵبژاردنێکی ئازاد ، ئازادیەکانی هەموو جیهان لە گەڵ مەترسی بەرەو ڕوو دەکا ، چونکە توانای ئەو ڕژیمە ڕۆژ بە ڕۆژ بۆ دەستڕاگەیشتن بە چەکی ناوکی زیاتر دەبێ .

ن: کێنت تیمێرمان
و: جەماڵ پوورکەریم

کێنت تیمێرمان سەرۆک و ئەندامی هەیئەتی بەڕێوەبەریی ناوەندی داکۆکی دێموکراسی لە ئێرانە و ساڵی ٢٠٠٦ بە هۆی چالاکیەکانی لە بارەی ئێرانەوە بووە بەربژێری وەرگرتنی خەڵاتی نۆبێل بۆ ئاشتی