٧ هاووڵاتی لە شارەکانی سەلاسی باوەجانی و کرماشان دەسبەسەر کران

ئاژانسی کوردپا: حەوت هاووڵاتیی کورد لە شارەکانی سەلاسی باوەجانی و کرماشان لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر کران.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی سێشەممە، ٥ی سەرماوەز، هێزە ئیتلاعاتییەکان ٦ی هاووڵاتیی کوردیان بە ناوەکانی "بورهان سوبحانی، سەرکەوت ئەحمەدی، عوبەید ئەحمەدی، سالار نەورۆزی، ئاکۆ ئەیازی و بورهان کاکەییـ"ـیان لە سەلاسی باوەجانی دەسبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگواست.

هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، هیچ زانیارییەک لە هۆکاری دەسبەسەرکردن و شوێنی ڕاگیرانی ئەو ٦ هاووڵاتییە کوردە لەبەر دەستدا نییە.

لە لایەکی دیکەوە، ڕۆژی چوارشەممە، ٢٩ی خەزەڵوەر، هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی "سوحبەت ئومیدی" لەلایەن ڕێکخراوی سپای پاسدارانەوە لە کرماشان، بە تۆمەتی "بەشداری لە کۆبوونەوە ناڕەزایەتییەکان" دەسبەسەر کرا.

ڕۆژی هەینی، ٧ی سەرماوەز، ئەو هاووڵاتییە کوردە پاش ١٠ ڕۆژ لە دەسبەسەرکرانی، لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا، دەسبەسەرکرانی خۆی لەلایەن ڕێکخراوی ئیتلاعاتی سپای پاسدارانەوە پشتڕاست کردەوە.