هاووڵاتییەکی مەهابادی پاش بانگهێشتکردنی بۆ ئیدارەی ئیتلاعات دەسبەسەر کرا

11:35 - 27 بەفرانبار 2720

ڕۆژی پێنجشەممە ٢٥ی بەفرانبار، هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی "سۆران محەممەدی" خەڵکی شاری مەهاباد، پاش بانگهێشتکردنی بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەو شارە، دەسبەسەر کرا.

ئەو هاووڵاتییە کوردە، پاش دەسبەسەری بۆ لێپرسینەوە ڕەوانەی یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەتییەکانی شاری ورمێ، کراوە.

هەتا ئێستا لە هۆکار و تۆمەتی‌وەپاڵدراوی دژی ئەو هاووڵاتییە مەهابادییە، هیچ زانیارییەک لە بەردەستدا، نییە.

لەو پەیوەندییەدا، ڕۆژی شەممە ٢٠ی بەفرانبار، دوو هاووڵاتیی دیکەی مەهابادی بە ناوەکانی "ئیمان عەبدی" و "سۆران حوسێن‌زادە" خەڵکی ئەو شارە، لە لایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە، دەسبەسەر کران.

هەروەها لە هەمان ڕۆژدا، هاوکات لەگەڵ دەسبەسەرکردنی ئەو دوو هاووڵاتییە کوردە، ٥ هاووڵاتیی دیکە بە ناوەکانی "سالار ڕەهەوی، دەریا تاڵبانی، شەپۆل خزری، ئەفشین مام ئەحمەدی و سیروان نووری" لە شاری مەهاباد، لە لایەن ‌‌‌هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کران.