هاووڵاتییەکی سنەیی بە دانانی بارمتە بە شێوەی کاتی ئازاد کرا

09:59 - 25 رەزبەر 2720

ڕۆژی پێنجشەممە ٢٤ی ڕەزبەر، هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی "مادیح فەتحی" کوڕی محەممەد خەڵکی شاری سنە، پاش تەواوبوونی ماوەی لێپرسینەوەکەی بە دانانی بارمتە، بە شێوەی کاتی هەتا کاتی دادگاییەکی لە گرتنگه ئازاد کرا.

ئەو هاووڵاتییە کوردە، لە ماوەی دەسبەسەرکرانیدا، چەند جار پەیوەندیی تەلەفوونی لەگەڵ بنەماڵەکەیدا هەبووە و لە دەسپڕاگەیشتن بە پارێزەر بێبەری کراوە.

هەتا ئێستا هۆکارێکی ڕوون سەبارەت بە دەسبەسەرکردن و تۆمەتی ‌وەپاڵدراوی ئەو هاووڵاتییە کوردە نییە.

ڕۆژی دووشەممە ٢٠ی گەلاوێژ، هێزە ئەمنییەتییەکان بە بێ بەڵگەی یاسایی هێرشیان بردووەتە سەر ماڵی ئەو هاووڵاتییە کوردە لە شارەکی "بەهاران" و پاش پشکنینی ماڵەکەی، ناوبراویان دەسبەسەر کردبوو.

هێزە ئەمنییەتییەکان لە کاتی چوونە ناو ماڵی ئەو هاووڵاتییە کوردە، هەوڵی شکاندنی دەرگا و پەنجەرەی ماڵی "مادیح فەتحیـ"ـان دابوو.

ڕۆژی پێنجشەممە ٢٢ی ڕەشەمە ٩٨، "سەحەر کازمی"، چالاکی مەدەنی و ژینگەپارێزی، و هاوژینی مادیح فەتحی، پاش تەواوبوونی ماوەی زیندانییەکەی لە بەندی ژنانی زیندانی سنە ئازاد کرابوو.

ئەو چالاکە مەدەنییە مانگی بەفرانباری ساڵی ٩٧، لەلایەن لقی یەکی دادگای ئینقلابی سنە، بە سەرۆکایەتی "سەعیدی"، بە تۆمەتی "هەوڵدان دژی تەناهی نەتەوەیی" بە ٥ ساڵ زیندانیی تەعزیری مەحکووم  کرابوو کە ئەو حوکمە لەلایەن لقی ٤ی دادگای پێداچوونەوەی سنەوە بۆ ٢٠ مانگ کەم کرابووە.

"سەحەر کازمی"، ڕۆژی پێنجشەممە ١٨ی گەلاوێژی ٩٧،  لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکان دەسبەسەر کرا، هەروەها، ڕۆژی پێنجشەممە ٢٤ی خەزەڵوەر، "مادیح فەتحی" هاوژینی "سەحەر کازمی"، چالاکی مەدەنی و دایکی ئەو چالاکە مەدەنییە بە ناوی "مەهوەش ئەمیری"، پاش بانگهێشتکردنیان بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە دەسبەسەر کرابوون.