هاتنە دەرەوە لە لیستی ترۆریستی و گۆڕینی سیاسەتێك

18:57 - 10 رەزبەر 2712
Unknown Author
كامیل نورانی فەرد

رۆژی ٢٨ی سێپتامبری ٢٠١٢ بە رەسمی هاتنە دەرەوەی رێکخراوی موجاهیدینی خەڵقی ئێران لە لیستی ترۆریستیی ئەمریكا وەك دوایین لیستی ترۆریستی راگەیەندرا. هاتنە دەرەوەی رێکخراوی موجاهیدین لە لیستی رەش,وەك گەورەترین ئۆپۆزسیۆنی رژیمی ئێران ولایەنێكی گرینگی رووداوەكانی پێوەندیدار بە ئێران,كە زۆر جار بۆتە قوربانی موعامەلەی وەڵاتە خاوەن هیزەكان و دیكتاتۆری ئێران، هەڵگری چەندین پەیامە و رووداوێكی جێگەی سەرەنجە. سەرەتا باسێكی كورت لە مێژووی چوونە ناو لیستی ترۆریستی رێکخراوی موجاهیدین.

پێوانە بۆ چوونە ناو لیستی ترۆریستی ئەمریكا:
- پێویستە رێكخراوێكی دەرەوەیی بێ.
- دەبێ چالاكیی ترۆریستی هەبێ و یان ئامانجی تێكەڵ بوون بە چالاكیی ترۆریستی وكردەوەی ترۆریستی بێ.
- چالاكیە ترۆریستیەكان دەبێ ئەمنیەتی ئەمریكا، هاوەلاتیان و ئەمنیەتی نەتەوەیی(بەرگری نەتەوەیی، پێوەندییە دەرەوەییەكان و یان بەرژوەندییە ئابوورییەكان)ی ئەمریكا بخاتە بەر هەڕەشە و مەترسیەوە.

مێژووەكی كورت لە چوونیەتی چوونە ناو لیستی ترۆریستیی رێکخراوی موجاهیدین:
مێژووی هەوڵدانی رژیم بۆ ترۆریست ناساندنی موجاهیدن دەگەرێتەوە بۆ ساڵەكانی شەری ئێران و عێراق كە لە كاتی پەروەندەی \"ئێران گیت\" ( ئەو دەستەواژەیە بە پەروەندەی فرۆشتنی چەك و چۆڵ لە لایەن ئەمریكا و ئیسرائیل بە رژیمی ئێران و تایبەت كردنی داهاتەكەی بۆ یارمەتی شۆڕشیەكانی نیكاراگۆئە (كۆنترا) دەوترێ‌ كە راستەوخۆ لە كۆشكی سپی بە بێ ئیزنی كۆنگرەی ئەمریكا بەرێوەچوو و تێیدا چەندین یاسای ئەمریكا پێشێل كرابوو) ئەو راستیە دەركەوت .

دواتر كاتیك كە دەوڵەتی رێگان كومیسیۆنێكی بە ناوی كومیسیۆنی تاور بۆ لێكۆڵینەوە لەسەر ئەو بابەتە تەرخان كرد، دەركەوت كە رژیمی ئێران لەرێگەی دڵاڵێك بەناوی مەنوچێری قوربانی فەر، داوای لەوەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا كردووە لەبەرانبەر ئازادكردنی بارمتەكانی ئەمریكایی لە وەڵاتی لوبنان دەبێ لە راگەێندراوێكدا موجاهیدین بە ترۆریست و ماركسیست بناسێنێ‌. لە پەروەندەی ئێران گیت ئێران و ئەمریكا وێرای ووتووێژ لەسەر تەحویل دانی مووشك و چەك و چۆڵ باسی بوونی موجاهیدین لە ئەمریكا و پشتیوانیەكانی كرابوو و نارەزایەتی پیشان درابوو.

لەدەورانی سەرۆك كۆماری بووشی باوك و هاوكات سەرۆك كۆماری رەفسەنجانی لە ئێرانیش سیاسەتی خۆنزیككردنەوە لەرژیمی ئێران لەسەر حیسابی ئۆپۆزسیۆن بەردەوام بوو و وەزارەتی دەرەوە لە راگەێندراوەكانی تۆمەتەكانی سەر موجاهیدینی دووبارە دەكردەوە. لە ساڵی ١٣٧٣ی كۆچی خۆری لەدەورانی بیل كلینتۆن لە كاتێكدا هەناردەكردنی ئەمریكا بۆ ئێران گەیشتبوویە یەك ملیارد دۆلار و ئەو وەڵاتە بەرەبەرە دەبوویە گەورەترین وەڵاتی هاوقازانجی ئابووری لەگەڵ ئێران لەچوارچێوەی هەمان سیاسەتی ئاشتیخوازانە و نەرم و نیان راپۆرتێكی ٤٠ لاپەرەیی لەدژی موجاهیدین لە لایەن وەزارەتی دەرەوە دەركرا و بەمجۆرە رژیمی ئێران لەبوونی هەر مەترسیەك لەلایەن ئەوە وەڵاتەوە دڵنیا كرایەوە.دیارە ئەو كاتە بە رەسمی موجاهیدین لە لیستی ترۆر دا جیگر نەكرا بەڵام لەدوای هاتنە سەر كاری محەممەدی خاتەمی رژیمی ئیران هەموو هەولێكی خستە گەڕ بۆ ئەوەی بتوانێ‌ بە رەسمی موجاهیدین بخاتە ناو لیستی رەشی ئەمریكاوە. كلینتۆن بۆ راكێشانی زیاتری سەرنجی رژیمی ئێران و بردنە پێشەوەی بەرژوەندییە ئابوورییەكانی وڵاتەكەی بە رەسمی موجاهیدینی خستە ناو لیستی ترۆری ئەمریكا و لەدوای ساڵێكیش شۆرای میللی موقاومەت كە بە پێی پێوانەكانی لیستی ترۆر نەدەكرا بە ترۆریستی بناسرێ خرایە ناو لیستی ترۆری ئەمریكاوە. مارتین ئیندیك بەرپرسێكی باڵای دەوڵەتی كلینتۆن بە ئاشكرا ساڵی ٢٠٠٢ لە ووتووێژێكدا ووتی خستنە ناو لیستی ترۆری موجاهیدین وەك نیەت پاكی دەوڵەتی ئەمریكا لەبەرانبەردەسەڵاتی ئێران دێتە ئەژمار و بەشێك بوو لە سیاسەتی نزیكبوونەوەی كلینتۆن لەرژیمی ئێران.

ساڵی ١٣٨٠ ش نۆرەی یەكێتی ئورووپا گەیشت. ئێران لە رێگەی موعامەلەیێكی ٨ میلیارد دۆلاری توانی موجاهیدین بخاتە ناو لیستی ترۆری یەكێتی ئورووپا. ناو نانی موجاهیدین لە لایەن یەكێتی ئورووپا وەك ترۆریست لە رێگەی داوای رەسمی بریتانیا ( جەك ئیسترا) و بەشداری فەرانسە (دوو ویلپەن) بەرێوەچوو و ئەوە رێگەخۆشكەرێك بوو بۆ بۆمبارانكردنی شاری ئەشرەف و لەدواییش دا هێرشی ١٧ی ژوئەنی ساڵی ٢٠٠٣ كە تێدا سەرجەم بنكە و بارەگا و ئەندامانی موجاهیدین لە وەڵاتی فەرانسە هێرشیان كرایە سەر. لەدوای ٧ ساڵ و ٧ حوكمی دادگای ئورووپا ساڵی ٢٠٠٩ موجاهیدین بە رەسمی لە لیستی ترۆریستی یەكێتی ئورووپا هاتە دەر و پێشتریش لە ساڵی ٢٠٠٨ لە لیستی رێكخراوە ترۆریستیەكانی بریتانیا هاتبوو دەرەوە و لەئاكامدا ماوەێك لەمەوبەر بە رەسمی ناوی موجاهیدین لە لیستی ئەمریكاش سڕایەوە.

سڕینەوەی ناو و پەیامەكان:
لەماوەی ٣٢ ساڵی رابردوو ئەمریكا لە پێناو نزیك بوونەوەی و گۆرینی سیاسەتەكانی رژیمی ئاخوندی هەولێكی زۆری دا و هەرجارە و بە سیاسەتێكی نوێیەوە هەوڵی رازی كردنی ئاخوندانی داوە.وەك سیاسەتی (دیالۆگی رەخنەیی، كۆنترۆڵی دوولایەنە، تەوەری شەرئەنگێز و گۆرینی سیاسەتی رژیم(نەك گۆرینی رژیم) و...هتد ، بە بەردەوامی لەهەوڵدابووە رژیمی ئێران لە خۆی نزیك كاتەوە و ئاڵوگۆر بە سەر سیاسەتەكانی دا بێنێ‌. لەبەرانبەردا رژیمی ئاخوندیش بە باشترین شێوە توانیوێتی كەڵك وەرگرتن لە سیاسەتانەی ئەمریكا بۆ بەردەوام بوون لەسەر دەستڕاگەیشتن بە ئامانجەكانی و بردنە پێشەوەی سیاسەتەكانی وەرگرێ‌. یەكێك لە ئامانجەكانی رژیم لەماوەی ئەوچەند ساڵەدا و لەماوەی ووتووێژەكانی لەگەڵ رۆژئاوا و ئەمریكا بەربەست كردنی ئۆپۆزسیۆن و بەتایبەتیش بە ترۆریست ناساندنی رێکخراوی موجاهیدینی خەڵقی ئێران بووە.

بە ئاوەڕدانەوەێك لەو مێژووە دەردەكەوێ‌ كە لیستی ترۆر هیچ بناغەێكی حقوقی و یاسایی نییە وتەنیا وەك چەكێك بۆ بردنەپێشەوەی مەرامەكانی ئەمریكا و وەلاتانی رۆژئاوایی و پێوشوێنگرتنی سیاسەتە باڵا و ئابوورییەكان كەڵكی لێوەرگیراوە. بەڵام لە كۆتاییدا وەرەق هەڵگەڕاوەتەوە و چیتر متمانە و سەرمایەدانان لەسەر رژیمی ئێران بۆ گۆرانكاری لە هەلس و كەوتی، لۆژیكانە نایەتە بەرچاو و ئەو چەكەی كە ساڵیانی ساڵ رژیم كردەوەی تێكدەرانە و ئاژاوەچیەكانی لەژێر ناوی ئەوەی كە ئێران خۆی وەڵاتێكی قوربانی ترۆرە، پەردەپۆش دەكرد، چیتر لە دەستی دا نەماوە و ناتوانێ‌ چیتر لەسەرئەو تەوەرەیە مانۆر بدا.

بە باوەری من گەورەترین پەیامی ئەو رووداوە ئەوەیە كە لەپاش ساڵیانێكی دورودرێژ ئیتر كۆشكی سپی هاتۆتە سەر ئەو باوەرەی رژیم بە هیچ شێوەیێك گۆرانكاری بەسەر دا نایە و ئەو رووداوە دەتوانێ‌ وەك هێماێكی بەرچاو بۆ وەرچەرخانی سیاسەتی كۆشكی سپی لەهەمبەر رژیمی ئاخوندی لە سیاسەتی دیالوگ و نەرم و نیانی بۆ سیاسەتی فشارهێنانی بەردەوام لێی برواندرێ‌.

خالێكی دیكەی جێگە سەرنج ئەوەیە كە رەنگە ئەوە سەرتایێك بێ بۆ ئەوەی كە ئەمریكا پشتیوانی لە سیاسەتی گۆرینی رژیم لە رێگەی پشتیوانی لە ئۆپۆزسیۆن و خەڵكی ئێران بكا و پێدەچێ چیتر هیوای بە ئیسلاح لەناو سیستەمی ئاخوندی و لەرێگەی باڵەكانی رژیم نەمابێ. ئەوەی جێگەی سەرنجە و لەهەمان كاتدا مەترسیەكانیش جیددی دەكاتەوە ئەوەیە كە رژیم لەئێستا دا ئامادە نییە موعامەلەێكی تر لەسەر ئەو دۆسیەیە بكات و لەگەڵ ئەوەی یەكجار هەوڵی دەدا بۆ مانەوەی موجاهیدین لە لیستی رەش بەڵام چوونكە ئەوەی كە پێویستە لەبری وەدەست هێنانی بیدا بە لایەوە بابەتی مان و نەمانە ، ئامادە نییە چیتر واریدی ئەو گەمە سیاسیە بێ. رژیمی ئیران سیاسەتی ئێستای هەنگاونانی خێرا بەرەو دەستراگەیشتن بە چەكی ئەتۆمیە و رەنگە زیاتر لەوەی كە چاوەروان دەكرێ‌ نزیك بووبێتەوە لە ئامانجەكانی و هەر ئەوەش ئەوەندەی تر وەڵاتانی رۆژئاوایی و ئەمریكای نیگەران كردووە.

بێگومان لەسەر لاچوونی بەربەستەكان لەسەر گەورترین هێزی ئۆپۆزسیۆنی رژیم و گۆرانی بەرچاوی سیاسەتی نیودەوڵەتی لەراست رژیمی ئاخوندی ئێران، گڕوتینێكی زیاتر دەدا بە خەبات بۆ رووخانی رژیم و هەر لەو چوارچێوەیەش دا وەك سەركەوتنێك بۆ سەرجەم ئازادیخوازان و بەخەمەوبووانی جێگركردنی دیموكراسی لە وەڵاتی ئێران دێتە ئەژمار.