نەوەی نوێی رۆژهەڵات و ئاسۆیەکی لێڵ لە هەستی نەتەوایەتی

13:03 - 11 خەزەڵوەر 2714
Unknown Author
هەڵمەت مەعرووفی

پێشەکی:

دۆزینەوەی دەوری زێڕینی رۆژهەڵاتی کوردسستان لە پەروەردەکردن و خەمڵاندنی هەست و هزری نەتەوایەتی کورددا بە گشتی کارێکی ئەستەم نییە و بە پیاسەیەکی ساکار لەناو لاپەڕەکانی مێژووی پڕ کارەسات و رووداو و تارمایی و رووناکی کوردستاندا ئەم راستیە دەردەکەوێت.

یەکەمجار سمایل ئاغای سمکۆ کۆتایی بە بوونی هزری ئایینی – نەتەوەیی گشتگیر لە ناو شۆڕشی چوار پارچەی کوردستان دێنێت و رووپەلی بزاڤی تەنیا نەتەوەیی بەرەوڕووی کورد دەکاتەوە و کۆتایی بە کاریگەرییەکی دێرین لەسەر خەباتی کورد دێنێت، هەر لە رۆژهەڵاتیشە کە یەکەم حیزبی سەردەمیانەی کوردی واتا حیزبی دێمۆکرات دێتە ئاراوە و هەر لە رۆژهەڵاتی کوردستانیشە کە یەکەم کۆماری کوردی و هزری هەبوونی دەوڵەتی کوردی بە شێوەیەکی سەردەمیانە و پێشکەوتوو دێتە کایەوە و بە پێی توانا و دەرفەت کوردەکانی پارچەکانی تریش لە دەوری یەکتری کۆ دەبنەوە و وەک یەک وڵات خۆیان لە ژێر سێبەری یەک ئاڵا و سەرۆک کۆماردا دەبیننەوە، هەمدیسان لە رۆژهەڵاتە کە کەسایەتییەکی وەک شەهید دوکتور قاسملوو پێ دەنێتە مەیدانی سیاسەت و کورد بە جیهان دەناسێنێت و بە پێی برەو و بوردێک کە بەرهەمی کەسایەتی و تواناییەکانی بوو، دۆستگەلێکی زۆری بۆ کورد دروست کرد و ناساندی، لە نەوەدەکانەوە (مەبەست ١٩٩١ی زایینی) رۆژهەڵات دەکەوێتە قۆناغێکی تر کە بە قۆناغی \"کڕی\" پێناسە دەکرێت، قۆناغێک کە لەودا رۆژهەڵات بوونی هەیە، بەڵام ئاڵاهەڵگر نییە. گەلۆ لەو ناوەدا دەبێ ئەو نەوەی کە لەو بیست تا بیست و پێنج ساڵەدا پێی ناوەتە ژیان و ئێستا نەوەی چالاک و کارییە لە چ دۆخێک لە هەستی نەتەوەیی دابێت و هەستی نەتەوایەتییەکەی چڕ و پڕ بێت یان هەر رۆژەی بە گێژەڵووکەیەک بەرەو ئاقارێکی نوێ (ئەرێنی یان نەرێنی) بڕوات یان ئەوەی کە بێبەریە لە هەستی نەتەوایەتی؟

تێبینی: هەڵبەت ئەوە بە واتای نەنرخاندن و سڕینەوەی شۆڕش و هەست و هزری نەتەوایەتی پارچەکانی تری کوردستان نییە و ناکرێ بۆ نمونە نکۆڵی لە دەور و زەحمەت و مەینەتیەکانی جەلادەت بەدرخان نەکرێت لە باکوری کوردستان، بەڵام بابەتی ئەو نووسراوەیە زۆرتر پەیوەستە بە رۆژهەڵاتی کوردستان.

حیزبە کوردیەکان و کەلێن (بۆشایی) نەوەکان:

لە ناو نەوەی پێشوو و نەوەی ئێستا و هەروەها نەوەی ئێستا و نەوەی داهاتوو، بەردەوام کەلێن و بۆشاییەک دەبینرێت کە بە کەلێنی نەوەکان (generation gap) پێناسە دەکرێت، ئەو جیاوازیانە دەتوانێت لە رووی شێوازی ژیان و کەلتوور و سیاسی و ئابووری و ...هتد، ببێت. لە سەردەمی ئێستاشدا کە بە سەردەمی تەکنەلۆژیا ناسراوە و قەبڵێندراوە و تەکنەلۆژی سەرجەم کەلێن و بوارەکانی خەڵکانی داگرتووە، بێگومان ئەو کەلێنە لە بەراورد کردن لەتەک نەوەکانی پێشوودا زیاتر دەبینرێت، هەر بۆیەش شێوازی پەیوەندیکردنی نەوەکان و گوتاری ئەو دوو نەوەیە، گرینگییەکی‌تر دەگرێتە خۆی و پێویستە بە هەستیارییەوە مامەڵەی لەگەڵ بکرێت کە ئەم لێک دوور بوونەوە لە ناو حیزبەکان و لە ڕادە و شێوەی هەستی نەتەوایەتی ئەو دوو نەوە جیاوازەشدا، گرینگی خۆی هەیە و بە ڕادەیەکی زۆر دەبینرێت، ئەو جیاوازییە لە کاتێکدا کە حیزبە کوردیەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان، لەو ماوە زەمەنی دوور و درێژە لە دوور کەوتنەوەیان لە ناوخۆی وڵاتدا، بە دڵنیاییەوە زۆرت دەبێت و زۆر جار کەلێنێک دێتە ئاراوە کە پڕ کردنەوەی ئەستەمە.

هەر وەک لە پێشەکیدا ئاماژە پێکرا، هەستینەتەوایەتی لە رۆژهەڵاتی کوردستان مێژوویەکی پڕ و دووری هەیە و ئەو مێژوو ترووسکەدارە، بۆی هەیە وایکردبێت هەستی نەتەوایەتی لە رۆژهەڵاتی کوردستاندا لە پارچەکانی تر بە گوڕتر و درەوشاوەتر و هەرماوتر بێت، بەڵام ئەوەی کە لێرەدا جێگەی پرسیارە ئەوەیە کە ئایا ئەو مەودا درێژە لە دووری و کەلێنی نێوان حیزبەکان و نەبوونیان لە ناوخۆ و رازی بوون بە نیشتەجێ بوون لە باشوور، وای نەکردووە کە ئەو هەستە بکەوێتە ناو گەردەلوولەوە؟ یان ئەوەی کە نا کاریگەری نەبووە و هەر وەک خۆی ماوە؟

بە پشت بەستن بەو خاڵانەی خوارەوە دەتوانرێت بسەلمێنرێت کە مخابن ئەو هەستە پڕ و بە گوڕە، بەبێ لەبەرچاوگرتنی رێژە و ئاستە و جۆرەکەی لە بەراورد لەگەڵ رابردوو، زۆر جار بۆتە قوربانی و کەوتۆتە بەر گێژەڵوکە و تا ئێستاش مەکۆیەکی دڵنیای بۆ نیشتنەوە نەدۆزیوەتەوە و زۆر جار بازرگانی پێوە کراوە. خاڵەکان بریتین لە:
١) لێکدابڕان و شەقار شەقار بوونی حیزبەکان کە زۆرتر هۆکاری تاکە کەسی و دەسەڵاتخوازی هەبووە تا جیاوازی و دژایەتی لە ستراتێژی و هزر و رێبازدا
٢) دوور بوونەوەی حیزبەکانی رۆژهەڵات لە مەیدانی کرداری ناوخۆ و تەرە بوونیان
٣) بەهێزبوونی کاتی یان بەردەوامی خەبات و حیزب لە پارچەکانی تر و هەندێ جار سەرەڕۆیی و قۆرغ کردنی ئەو حیزب ا پارتانە

ئەو هۆکارانە و لەوانەشە زۆر هۆکاری تر، بوونە هۆکاری بڵاوی و بێ ئاسۆیی هەستی نەتەوایەتی لە ناو نەوەی نوێی رۆژهەڵاتی کوردستان کە من وەک خۆم بە لێڵ بوونی ئاسۆی هەستی نەتەوایەتی پێناسەی دەکەم و بە دڵنیاییشەوە حیزبە کوردیەکانی رۆژهەڵات لە داهاتوو و لە ئیستاشدا دەبی وڵامدەرەوە بن. هەڵبەت ئەو بێ ئاسۆییە و ئەم لێڵ بوونە هەر لە ناو خەڵکدا نییە و لەناو حیزبەکانیشدا، رەگ و رێشە و بنج و بنەوانی حیزبەکانی پارچەکانی تری کوردستان دەبینرێت و زۆر جار ئەدەبیاتی سیاسیی ئەو حیزبانەش کۆپی و پاشکۆی ئەو حیزبانەی پێوە دیارە.

هەڵبەت ئەوە لە کاتێکدا ناتوانێت ببێتە پرسکرێک کە هەستی نەتەوایەتی لەو پارتانەدا (پارتەکانی پارچەکانی تری کوردستان) بەو شێوە پێناسە کراوەی رۆژهەڵات بوونی هەبێت کە مێژوو و شێوازی خەباتی ئەو پارت و لایەنانە دژی ئەو ڕاستیەمان بۆ دەدرکێنێت و ئەوەش خەسارێکە کە بە زیانی خۆمان و بە قازانجی ئەوان لە ماوەیەکی کاتیدا کەڵکی لێوەرگیراوە و هەر ئەوەشە هەستی نەتەوایەتی لە رۆژهەڵات بەرەو هەڵپروکان و ترازان و بێ بناغەیی دەبات.

لێرەدا وەک نموونە دەتوانین باس لە دوو فاکت بکەین کە رەنگدانەوەی ئەو کاریگەریانە دەسەلمێنێت.

یەکەم: رەنگدانەوەی ئەدەبیاتی پ ک ک (پارتی کرێکارانی کوردستان) لە ئەدەبیاتی هەندێک لایەن و پارتی رۆژهەڵاتی کوردستان کە وەک نمونە دەتوانین ئاماژە بە (پارێزەرانی رۆژهەڵات) بکەین. هاتنە ئارایئەو زاراوە سیاسییە لە کاتێکدایە کە ئەو دەستەیە (مەبەست تاقمەکەیە نەک حدک) تەنیا یەک لقن و ئەویش لە رۆژهەڵاتی کوردستان خەبات دەکات کەواتە کەڵک وەرگرتن لە وشەی رۆژهەڵات چ پیویستییەکی هەیە؟ هەروەها وشەی (پارێزەر) لە حاڵێکدا کە وشەی پێشمەرگە لە رۆژهەڵاتی کوردستان داهێندراوە و پیرۆزترین وشەی سیاسییە لە ناو خەڵکدا.

دووەم: پارتی ئازادی کوردستان بە سەرۆکایەتی کاک عەلی قازی: ئەو پارتە هەم وشەی پارتی لە پارتی دێمۆکراتی کوردستان بە میرات وەرگرتووە کە لە رۆژهەڵات باوی نییە و هەر حیزب بەکار دێت، هەمیش لە سەرجەم ئەدەبیات و کردەوە و لاگیرییەکانیدا، پاشکۆی پارتی دێمۆکراتی کوردستانە و تەنانەت باس لە راگرتنی خەبات لە سەردەمی ئێستادا لە رۆژهەڵات دەکات و بە زیانی باشووری پێناسە دەکات و زۆر ئاشکرا دەریدەبڕێت و نکوڵی لێ ناکات.

دەتوانین بە روونی ئاماژە بەوە بکەین کە خامۆشی و تەریک بوونی حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان، بۆشاییەکی قووڵی خوڵقاندووە کە هەر کەس و بە حەزی خۆی کەڵک لە هەستی نەتەوایەتی خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان وەربگرێت و ئەو خەڵکە داماوەش لە پێناو پاراو کردنی هەستی نەتەوایەتیان و لە کاتی گەران لە دەلاقەیەک بۆ لەناونەچوون، وەدوای هەر کەس و لایەنێک بکەون کە هێزی هەیە و خەباتی بە روویەوە دیارە و هێشتا ژەنگی تەریک بوونەوە بە روویەوە نەنیشتوە، لە هەمان کاتیشدا ئاخ بۆ رۆژانی زێڕینیان هەڵبکێشن و لە کۆتاییشدا بێبەش و پار، تەریک بکەونە رەخنەگرتن و خۆخواردنەوە.

لە ماوەی ئەو بیست تا بیست و پێنج ساڵەدا، نەوەیەکی نوێ پیی ناوەتە ژیانەوە و گەورە بووە، نەوەیەکی کە نە خوێن و نە خەبات و نە پێشمەرگەی بینیوە (لە تەلەیزۆنەوە نەبێ)، نەوەی بەر لەویش زۆربەی شکست خواردووە و کونجی دۆش دامانی هەڵبژاردووەو زمانی نەوەی ئێستاش بە باشی نازانێت، کەواتە لێرەدا هەن و دەبن کەس و لایەنگەلێک کە هەستی نەتەوایەتی مێژوویی ئەو بەشە لە کوردستان بە قازانجی خۆیان بەکار بێنن و دواتریش نکوڵی لە بوونی بکەن.

زۆرێک لە هێماکانی نەتەوەیی لە ناو زۆربەی هەرە زۆری نەوەی ئێستای رۆژهەڵاتدا نامۆیە چ بگات بە نەوەی داهاتوو، هەر بۆیەش زۆر بە ساکاری دەتوانرێت، هێماکان بدزرێت و بگۆڕێت و نکوڵیشی لێ بکرێت، دەکرێ ئەو هەستە نەتەوایەتییە رواڵەتێکی تری پێوە بنرێت کە بە رواڵەت نەتەوەییە و لە ناخدا دژ بە نەتەوە و دەوڵەتی کوردی و خەونی کورد.

قسەی کۆتایی:

حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە بەرانبەر ئەو کەلێنە بەرینە کە هەیە، بەرپرسیارن، راستە و نکوڵی ناکرێت کە ئەوان بە شێوەی تر هەر بەردەوامن و بەردەوام بوون و خەباتیش لە شێوەی خۆیدا هەیە، بەڵام ئایا ئەوە کۆتا هێز و حەزی ئەو حیزبانەیە؟ کەواتە بۆ ئەوەی کە ئەو کەلێنە لە نەوەی داهاتوودا قووڵتر نەبێت، دەبێت و پێویستە حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان هیممەتێک بنوێنن و لەو خەونووچکەیە هەستن و وەنەوزی تر نەدەن و داهاتوو لەو تارماییە رزگار بکەن کە هەم بەرژەوەندی وان و هەم بەرژەوەندی نەتەوەیی تێدایە، ئەگینا رۆژهەڵاتی کوردستان زیاتر لەوەی کە ئێستا بازرگانیی پێوە کراوە، بازرگانیی پێوە دەکرێت و رۆژێک دادێت کە لە بازاڕەکانی بەرژەوەندی تاکە کەسی و تاکە لایەنیدا وەک کاڵایەکی بێ نرخ، فرۆشیار و کڕیاریشی نامێنێت.

پیویستە حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان، ئاوڕێک لە نەوەی نوێ بدەنەوە و خۆیان بۆ پێناسە بکەن، بۆ ئەو گرینگەش پێویستە سەرەتا نەوەی نوێ بناسن و پێناسەی بکەن و زمان و ڕامانی ئەو نەوەیە فێر ببن و لێی تێبگەن کە کارێکی ئەستەم و نەکراو نییە و سەختتر نییە لە لەناوچوون.

شەپۆلێکی بەرین لە هەستی نەتەوایەتی بە شێوەی جۆراوجۆر لەناو رۆژهەڵاتدا پنگدەخواتەوە و بوونی هەیە، لە بەرانبەریشدا راوچی بە توانا زۆرن، ئەو هەستە نەتەوایەتییە بە هەمان رێژە کە دەتوانێت ئافرێنەر بێت بە هەمان رێژە و بگرە زیاتریش دەتوانێت رووخێنەر و هەڵەشەکارانە بێت، کەواتە ئیستا کاتی جووڵانەوە و وەخۆهاتنەوەی حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستانە، پیویستە سەرەتا خۆیان لە پاشکۆ بوون دەربێنن و دواتر بەرەو یەکگرتنەوە و لێک نزیک بوونەوە هەنگاو بنێن و شیوازی گونجاو بگرنە بەر بۆ نزیک بوونەوە لە نەوەی نوێ و پێناسە کردنی خۆیان بەو نەوەیە کە ئیستای لە دەستەو خەریکە داهاتوو دەنووسێتەوە.

ئەم بابەتە روانگەی نووسەرەکەیەتی و ئاژانسی کوردپا لێی بەرپرسیار نییە.