نامەیەکی عەباس کەمەندی لەسەر ژیانی و حاڵ و گوزەرانی خۆی

20:40 - 3 جۆزەردان 2714
Unknown Author
و: ئاڵا وشیار

عەباس کەمەندی: ئەوەی پشتی من بدات لە عەرز ئابڕوی ئەچێت و دەکەوێتە ژێر پرسیاری کۆمەڵگە - جگە لە قاچ ئێشەو ژانەدڵ و سووکایەتی هیچمان دەست نەکەوت _ پشتی بێ‌هیز و بێ دەسەڵات لە عەرزدان بە بیلا شانازی و هونەر نییە کاتێک کە حاجی مەحەمەدئەمین مرد و جەستەکەیان لە حەوەشەکە هێنایە دەر من منداڵێکی بچووک بووم و لە کۆڵانەکە سەیرم دەکرد. سەعاتێکی پێ‌نەچوو کە گووتیان، بووکی ماڵی حاجی مەحەمەد کوڕێکی بوە و هەواڵەکەی ماڵ و ماڵ گەڕا ،هەمان رۆژ کوڕی حاجی مەحەمەد چاو بە گریان لە مەرگی باوکی ناوی باوکی لە کوڕەکەی نا! من لە دایکم پرسی ئێستە ناوی ئەو کوڕە حاجی مەحەمەد ئەمین‌ە؟ دایکم گووتی: نە، هەر مەحەمەد ئەمین‌ە، جارێ تا گەورە بێت و پیر بێت و ئەگەر خوا بێهەوێت بڕوات بۆ حەج و بێ بە حاجی، ئەو کات دەبێ بە حاجی مەحەمەد ئەمین.

پرسیم: بۆچی کەسێک دەمرێ و کەسێک لە دایک ئەبێ؟ وەڵامی دایەوە:من نازانم رۆڵەگیان بەڵام ئەوە کاری خوایە کە هەموو رۆژێک هەزار کەس دەمرن و هەزار و یەک کەس لە دایک ئەبن. پرسیارم کرد: بۆچی؟ لە پڕ توڕە بوو و گووتی:خوا نەکات گوێی خۆڕاێی دەستی تۆ بستە باڵا کەوێت! ئینسان شێت ئەکەیت! من لە کوێی بزانم بۆچی و لە سەرچی؟! بێدەنگ کەوتمە بیرکردنەوە و بە خۆمم گووت: وەڵامەکەی دژوار نییە، حاجی ئەمین‌ێکی گەورە مردوە و حاجی ئەمین‌ێکی بچووک بە دونیا هاتووە. شەو پرسیارم لە دایکم کرد: من لە جێگەی کێ هاتمە بوون؟ دایکم وەڵامی دایەوە خوا عالمە.

لێم بوو بە مەتەڵ کە ئاخۆ بە جێی یەکێ لەو هەزار کەسە لەدایک بووم یان ئەو یەک دانەی ئاخری هەزارەکە؟ دەبێ خۆم بم؟ رۆژگار هات و چوو و منیش بەرە بەرە باڵام هەڵکشا و گەورە بووم و رۆچووین بە دوایی دۆزینەوەی مەعنا و مەعاناتدا، لە کات و ساتێکدا لە پێرەپیاویکی هەورامی پەندێکم بیستبوو، کە دواتر خۆم بە شێوەی نەزم دامڕشتەوە: ڕسمێۆه‌ن مه‌بون یه‌کی بمیرو تا یه‌کێ کی تر، سامان بگیرو ئەمە رەسمە ئەبێ یەکێ بمرێ، تا یەکێ سەر و سامان ئەگرێ. لەو کات و ساتەدا بوو کە هاتن و چوون لەم دونیا بۆم زۆرتر کرایەوە و لە مەبەستی گەیشتم.

باوکم مرد. باپیرەم مرد. دایکم مرد، بە کورتی باو و باپیرەم ،هەموو کەسێکم مرد بەڵام من سەر و سامانم نەگرت و تێگەیشتم من ئەو تاکەکەسەی ناو هەزار و یەک کەسەکەم کە وەک قاچک هەڵتۆقاوم و سواری جێگەی خۆمم و بە جێگەی کەس نیم! بە تەنیای تەنیا! لە سەرپێی خۆم وەستام، ژنم هێنا و بووم بە خاوەن مناڵ، چوون بە جێگەی خۆم لە دایک بووم و بە جێگەی کەس نەبووم، فێڵ باز و دووڕوو، گۆپاڵ و ماستاوچای نەبووم.

باوکم کاتێ کە من سێ مانگە بووم بە دەستی براکەی خۆی کوژراوە. حاكمی عادڵ دۆسییەکەی لە بەرانبەر هەموو حەفتەیەک دڵ و جەرگی مەڕدا کە باوەگەورەم بۆی ئەنارد سامانی منی لە کوژرا گرت و بەخشی بە بکوژ و مافی منی بە تامی جگەر فرۆشت! هەر لە بەر ئەوە رقم لە شاە و حکوومەتی شاهەنشاهی بوو هەموو نایەکسانیکەم لە چاوی ئەو ئەدی؛ لە بەر ئەوە کاتێک کە ساڵی ١٣٥٧ شاە هات بۆ سنە ئاغای شوکروڵڵای بابان، بەرپرسی ئەوکاتی تەلەڤیزیۆن، هونەرمەندەکانی کۆ کردەوە تا لە لایەنی تەلەڤیزیۆنەوە لە کۆشکی جەوانان بۆ پێشوازی لە شا بەرنامە ساز بکەن من سەرپێچیم کرد و گووتم بە داوایی لێبوردن... لە لایەن هونەرمەندانەوە بەرنامە بۆ شا ساز درا و رۆژی دواتر ماشێنیکی لاندێوەر هاتە بەر دەرگای ماڵەکەم و منی لە گەڵ خۆی پەلکێش کرد بۆ ساواک و کەسێک بە ناوی ئاغای نەجەفی کە هەر دوو برۆکەی هێنابووە یەک و دەمووچاوی تێک نابوو پرسیاری کرد پەیوەندیت لە گەڵ کێ هەیە؟ لە خزمەتیدا گووتم، زۆرکەس، گووتی: ناوەکانیان؟ گووتم، من لە گەڵ هەموو کەسێکدا لە پەیوەندی‌دام، بەڵام بە داوای لێبوردن ناوی هەموویان نازانم! گووتی: مەبەستی من ئەو کەسانەیە کە وەک تۆ بیر ئەکەنەوە و یان تۆ وەک ئەوان بیر ئەکەیتەوە؟ پێم گووت، روون و بێ‌گرێ قسە بکە سوێند دەخۆم کە راست و رەوان وەڵامت بدەمەوە.

گووتی: گوایە لە تۆ داوا کراوە کە بەشداری ئەو بەرنامە بکەیت کە بۆ شای ئێران ساز کرابوو بەڵام تۆ بەشدارنەبوویت؟ وایە؟ گووتم:\"بەلێ\" تەواو راستە. پرسی بە چ هۆ و مەبەستێک؟ گووتم: ئاغای نەجەفی، بەرپرسی ئورکسترای موسیقا ئاغای میکایلزادە دەزانێ من کاتێک چاوم بە چوار کەس ئەکەوێت هەمووگیانم ئەلەرزێ و رێگەرۆیشتنم لە بیر ئەچێتەوە! ئێستە تۆ وەرە بیر لەوە بکەرەوە کە شاهـ بەو هەموو گەورەیی و شان و شەوکەتەوە لە سەر کورسێیک دابنێشێ روو بە من و پەردە لە سەر سێن لاچێت جا خۆ من دڵم ئەوەستێ، بەرنامە وا بەڕێوە ئەچێ؟! بزەیەک گرتی و گووتی:ئاواهی!\"بەڵێ\"ئەوە هۆکارەکە بوو بەراستی هەر ئەوە بوو. بەڵام کاتێک کە دەنگۆی ئەم باسە بڵاو بوویەوە کۆلێک شان و شەوکەتی شۆڕشگیریان پێدام بەڵام، خوا بۆ خۆی دەزانێ کە لە دەڕبرینی راستی هیچ کات ترسم نەبووە.

لە جەرگەی راپەڕینیدا، تەنیا جارێک دۆستێکم بە ناوی مەحموود بە زۆر پەلکێشی کردم بۆ ریزی یەکەمی ئاپۆڕەی خەڵکەکە لە شەقامی فردەوسی بەرەو مەیدان، کاتێک گەیشتین بە چوارێەکەی مەیدان و بە بینینی سەربازەکانی ئەرتەش کە چواردەوری مەیدانەکەیان گرتبوو، و لوولەی چەکەکانیان روو لە ئێمە بوو، وەستاین و هەموومان پڕ بە گەڕوو هاوارمان ئەکرد \"مەرگ بۆ شاە\"مەرگ بۆ شاە\" بەڵام، من بێدەنگ بووم و چاوم بڕیبوە یەکێک لە سەربازەکان کە سەیری منی ئەکرد رەنگ بە روومەوە نەمابوو و تف لە قوڕگما وشک ببوو، جووڵەم لێ بڕابوو، چەن جار هەوڵمدا باڵم لە دەست مەحموود رزگار بکەم و خۆم لە ریزەکە بکشێمەوە، بەڵام مەحموود تون و تۆڵ گرتبوومی و گووتی: بۆچی بێدەنگی و لە گەڵ ئێمە هاوار ناکەیت؟ گووتم، سەیرکە ئەو سەربازە چاوم لێ‌هەڵناگرێت ئەترسم هەر هاوار بکەم تەقەم لێ بکات! دەرەفتم بۆ رێکەوت و خۆم لە دەستی مەحموود قوتار کرد. بەم ئەزموونی خەباتەی من، چاوەڕوانی ئەوەم نییە کە وەک کەسێ کە سینەی قەڵغان کردوە لە بەر فێشەک دەوڵەت خزمەتی من بکات. من لە زۆر بواردا تەنانەت وەک کەسێکی ئاسایی و شارۆمەندێکی ئینقلاب نەدیو لە ئینقلاب بەشم نەبردوە. گلەیشم نییە، بەڵام چاوەروانی زوڵم و زۆریش ناکەم. ئەم دوو نموونە هەموو خزمەتی من بوو، لە سەردەمی ئینقلاب‌دا. بەم خزمەتی خەباتەوە خۆم بەراورد ناکەم لە گەڵ ئەو کەسەی کە سینەی داوەتە بەرفێشەک، هەموو مرۆڤێک وێژدانی ناوەکی هەیە و لەتەنیاییدا گووشار بۆ وێژدانی خۆی دەهێنێ و هەست بەوە دەکات و دەزانێ کە بەهای خەباتی من لە بەراورد لە گەڵ ئەودا چەن نرخ و بەهای هەیە؟ بە هیچ هۆ و هۆکارێک چاوەروانی ئەوەم لە ئینقلاب نەبووە و داوام نەکردوە ماڵ و عاماراتم بۆ دروس بکەن.

نەمگووتووە پێم بدەن، گووتوومە لێم مەگرنەوە، من مرۆڤێکی لاوازم و لە توانا و تاقەتمدا نییە جەریمەی چەن ملیۆنی بدەم و ماڵم داگیر بکەن. ئەگەر سەیارەی کوڕەکەم دزیاریيە ئەی دزەکە لە کوێیە؟ ئەگەر جەعل(تەزویر) رووی داوە کوا ئەو کەسەی کە جەعلی کردوە؟ پارەم داوە و کەرەسەیەکم بە هەموو ئەو شتە یاسایانەی کە بوویتی سەندوومە. کوا جاعل و دزەکە؟ من بە دوای مافی کوڕەکەمدا سەرگەردانم؟ دووساڵە کاکی حاکم لە جێگەی گەرم و نەرما دانیشتوە و ئاگای لێ نییە بۆ سەندنی ئەو ماشێنە من وامم لە بانکی \"تيجارەت\"وەرگرتوە.

\"سەرپێچی لە نەدانەوەی بانک جەریمەی لە دوایە\"، بۆچی بە شێوەیەک کار دەکەن کە بۆ نمونە ئەگەر پارەی ماشێنەکە لە دزەکە ئەسێننەوە و دەچیتە خەزینەی بانک و دواتر لە کانادا سەر دەربێنێ؟ خوایش بەوە رازی نییە، کەرامەت و وێژدان بۆ مرۆڤ باشە. بۆچی بانکی \"مسکن\" سەر ڕای ئەوە کە تکام لێ‌کرد کە وامەکەم دابەش کات، بەڵام نەیکرد و زۆری بۆ هێنام کە نیوەی ماڵەکەم هەراج بکەم بە نیوە قیمەت بۆ ئەوە جەریمەی ئەوان بدەمەوە؟ هەشت ملیۆن تمەن جەریمەی کردم. بۆچی ناوەندی تەلەفزیۆن پرۆژەکەم دەبات و بەرماوەکەی دەنێرێتەوە بۆم؟ بۆچی کەس وەڵامدەرەوەی ئەو هەموو زوڵم و تەعدا کردنە نییە؟ ئەگەر کوێخایەک نییە چارەسەری بکات خۆ خوایەک هەیە. بترسن لە ناڵەی مەزڵوومان و بەش خوراوان. من هاوارم گەیاندوەتە لای بەرپرسەکانی دەوڵەت و سەرۆک کۆمار و بەردەستەکەی ئەگەر لە لای ئەوان وەڵامم دەست نەکەوێت روو دەکەم لە دەرگای \"مقامى مەعەزەمى رێبەری\"(خامنەایی) بەس بکەن ئیتر! کۆمەلێک کەس سەری دۆژمنایەتی‌یان لە گەڵ مندا هەیە خوا خۆی شاهێدە کە باوکمان لە مزگەوتێکدا نوێژیان پێکەوە نەکردوە. ناوی منیان دووربەدوور بیستووە، پێیان وایە توریش مێوەیە کە بە هیوان من و بنەماڵەم بکێڵن و بە سەر من و بنەماڵەمەوە خۆيان بنوێنێن کە خاوەن هێزن! لە نووسراوەیەک کە ماوەیەک لەوە پێش لە رۆژنامەو گۆڤارەکاندا بڵاو کرایەوە باسم کرد کە ناوەندی کرماشان چی بە سەرمدا هێنا! پرۆژەیەکم پێشکەش کردن کە بە دروستکردنی جگە لە کۆمەڵێ شانازی نیشتمانی لە رووى مادیشەوە بۆ زۆر کەس بە سوود ئەبێ.کاتێ بەرپرسی تازەی کرماشان دەعوەتی لێ کردم .یەکێ لە خۆیان گووتی: ئاگات لە خۆت بێ بە هیوان پرۆژەکەت بە هەرزان لە دەس بسێنن ئەزانن هەژاری و پێویستت بە پارەیە! هەر کە چوومە ژوری بەڕێوەبەر هەر چوار بەرگ سناريۆکە \"زهر افعی\"ــیم لێ سەندنەوە و بۆ سنە گەڕامەوە تا پێیان بسەلمێنم کە ئەوەی لە ئەسپ داکەوت لە ئەسڵ داکەوتوو نییە.بۆچی؟!بۆ من کەسم خواستوە بێتە گۆڕەپان؟ کاکە ،ئاغا،وەلا و بیلا ئەوەی پشتی من بدات لە عەرز ئابڕوی ئەچێت، و دەکەوێتە ژێر پرسیاری کۆمەڵگا، دڵنیا بن. من جگە لە خوای گەورە و مەچەک و بازوی خۆم هەرگیز پشتم بە کەس نەبەستووە. بەڵام، تاقەتی زوڵم و تەعدام نییە، پڕ بە گەرووم هاوار ئەکەم هەڵبەت نە زۆر بەرز، لە پێشدا، نەرم نەرم و هێواش هێواش، ئەگەر کەس نەبوو گوێ رادێرێ ئەوجار لە گەروومدا زمانم دەگەڕێ لە قوڕگمدا هاوارێک پۆنگ ئەخوا و دەنگم بە گوێی فەلەک ئەگا و لە بنی کولەکەکە ئەدەم.

هەی لە فێڵ و فزی هەی لە درۆ، بەسی بکەن، با بەس بێ هێز نواندن، خۆ فش کردن، خۆ گرژ کردن، خۆ گڤ کردن، بە درۆ با لە قوڕگ کردن. پشتی بێ‌هیز و بێ دەسەڵات لە عەرزدان بە بیلا شانازی و هونەر نییە. بۆ پاڵەوان ئەوە شانازيیە پشتی بە مەچەک و بازو لە عەرز بدات .کەسێک کە لە خاکدا گەوزاوە هێزی نەماوە کوا شانازیە لە عەرزی دەی! خودا دەزانێ بە هیچ کلۆجێ چاوەروانیم نەبوە، ئەگەر چاوێکیان لێم بووە لە رووی گەورەیی و رەوشت بەرزى ئینقلاب و دەوڵەت و دەسەڵاتدارە بە شەرەفەکانی ئەم شار و نیشتمانە بووە، من پیاوێک نیم قاچ زیاتر لە بەڕەی خۆم راکێشم، داواکاری ئەوەش نەبووم. من لە سەردەمی منداڵیەوە آغای رەحیمی (بەردەستی یەکەمی سەرۆک کۆمار) دەناسم و لە گەڵ بەڕێزیان کە جوانێکی خۆشپێکەوتوو و شیکپۆش و خاون کەسایەتی بوو، سڵاوێکی سەرێ رێگەمان بووە، خۆشم لە کەسایەتی هاتووە بەڵام، بەرێزیان بەردەوام بە چاوی خۆشەویستی و لوتف تێی روانییوم، گەورەی نواندوە؛ سەردەمی پارێزگاری ئەو کە سەردەمی زێڕینی ئاودانکردنەوە بوو لەم شارەدا، داوای لە من کردوە کە بۆ سناریۆی سەنجەرخان برۆمە حزووری و منیش چووم، حاڵ و ئەحواڵی پرسیووم لە کارەکانی پرسیومەتەوە، لە حزووریدا بووم. فەرمووی: هەر پێشنیار و پرۆژە و پلان و بەرنامەیەکەت هەیە کە بۆ کوردستان و ئاوادانی ئەم وڵاتە بەسوودە دەبێ پێشکەشی بکەیت، ئێمە یارمەتیت ئەدەین، هەتا ئەو سەردەمە شتی وا رووی نەدابوو، نە لە کاتی شادا و نە لە سەردەمی ئینقلابدا کە پارێزگارێک لە حاڵی و کار و باری هونەرمەندێک پرسێتەوە، دوو هێندە شەیدای کەسایەتی بووم، پلانێکم پێشکەشی کرد، تەنانەت باسی کافەسەرایەکم بۆ بەڕێزیان کرد کە بە شێوازی سەردەمی قاجار و بە کەژاوە هاتووچووی بۆ بکرێ و یادگار وەبیرهێنەرەوەی شێوازی سەفەری کۆن بێ کە لە سەر جادەی گشتی بە شێوە کوێرەرێ تا (بان شیڵانە) درێژەی دەبوو و بە هیچ شێوەیەک رەنگ و رووی دونیای مودڕن و گەشە بە خۆیەوە نەبینێ تا خەڵکی بتوانن دڵ و دەروونێک لەم دونیا پر لە دەنگەی پێشکەوتنە بتارێنن و زاخاوی مێشک بدەن، لە بیرمە بەرێوەبەری \"ئیرشادی ئەوکات\"زۆر پێشوازی لەو پلانەم کرد، بەڵام داخی داخان بەخت مەودای نەدا و بە داخەوە کۆمەلێک دەست کەوتنە گەڕ و ئاغای رەحیمی‌یان لەم شارە هەڵکەند. و بەرنامەکانی منیش ئیستە تۆزی لە سەر نیشتووە و لە سووچی ماڵ بە چاویدا فرمێسک دێتە خوار. یەکێ لەو ئەخلاقە رۆحیانەی من لەبەر چاوی بوختان و تۆمەتی نا بە جێی خەڵکی نامەرد و بیانووگر ئەوەیە ئەگەر لە گەڵ کاربەدەستێک یان باڵا دەستێک ناسیاوی و دۆستایتی و ئاشنایم هەبێ هەوڵ ئەدەم بە هیچ شێوەیەک قەرەی نەکەوم و دووری لێ بگرم هەر وەکو تای ترازوو هەتا ئەو بەرز بێتەوە لە دەسەڵات و پیشەکەی، من زیاتر دەچمە خوار و دووری لێ دەگرم و لە کۆتاییدا هەوڵ ئەدەم لە بەرچاویدا نەمێنم، ئەم رووداوەیش لە گەڵ ئاغای رەحیمی‌دا روویدا بەڵام ئاغای رەحیمی هیچ کات نەیهێشتووە سایەی لە سەر منی حەقیر(بچووک) ببڕێت؛ هەتا بە ئەمرۆ هەر کەس لە کوردستانەوە چووەتە خزمەتی پرسیاری کار و چالاکی من و ئەحواڵ و سڵاو و رێزی بۆم ناردوە، منیش هەتا قەرەی قیامەت چاکەی ئەوە گەورە پیاوەی کوردستان لە بیر ناکەم و خۆم بە قەرزاری دەزانم؛ دەور و بەری دوو ساڵ لەوە پێش زوڵمێک لە لایەن چەن کەسێک لە دەنگی و رەنگی \"صدا و سیما\"کرماشان لە من کرا و بوو بە هۆی بەرز بوونەوەی رێژەی خوێنم و بوو بە رێگە خۆشکەر بۆ کوێر بوونی چاوم. زوڵم نامەیەکم نووسی لە گۆڤارەکاندا بڵاو کرایەوە، ماوەیەک دواتر لە سەر پێشنیاری ئاغای رەحیمی جەنابی حاجی ئاغای شەهبازی پارێزگارئ بەرێز دەعوەتی لێکردم و منیش چوومە حزووری.حاڵ و ئەحواڵی ماڵ و مناڵی پرسیم ،لەخزمەتیدا گووتم هەموویان گەورە بوون و بەتاڵ‌پێ دەسورێنەوە بێکار و بێ بار،گووتی :ئەوراقەکانیان بێنە، ئەوراقی یەکێ لە کچەکانم لە زانکۆی ئورومیە\"ارومیە\"بوو چووین و \"شەهری\"کانی ماندا و ئەوراقمان هێناو رادەستی حاجی‌ئاغامان کرد لە خۆشیدا بسکەی سمێلم دەهات لە دڵەوە شاگەشکە بووم و گووتم: ئیتر بە ئاسوودە چاوەکانم دەنووقێنم و بێ خەم و خەفەت دەمرم. خودی جەنابی حاجی ئاغا زاوەکەمی کە لیسانسی وەرگرتبوو و چووبوو بۆ سەربازی هەڵیبژارد کە دای‌بمەزرێنێ و بۆ دامەزراندنی ئێمەی رووبەرووی ئاغای(ح)کرد .

کۆمەڵە کێشەکانی ئەو زاڵم‌خانەی کرماشان. زوڵم و زۆری بانکی\"مسکن\"و هەڕاجی ماڵەکەم لە بەر دانەوەی جەریمەی ئەوان. چوارسەدهەزارتمەنی پارەی ئاو و بڕق\"کارەبا\" نەدانی پارەی \"رایانە\"بە ئێمە. بێ‌نرخ و بەها سەیرکردنی کارەکانم لە لایەن دەنگ و رەنگی کرماشان\'ەوە و خراپتر لەوانە دەست گرتن بە سەر ماشێنی کوڕەکەمدا بە ناوی دزیاری کە من دەستی حەوتم لە مەممورێکی خانەنشینی ئیدارەی ئاگاهی سەندبوو. جەنابی حاجی ئاغای شەهبازی هەر لەوێدا لە پێش‌چاوی خۆم لە گەڵ هەموویان پەیوەندێ گرت و لە دانە بە دانەی ئەو سازمان و دایرەو ئیدارەانە داوای کرد کە کێشەی من چارەسەر بکەن و هەر وەک روڵی هەمیشەیی ئەوانیش \"بەلێ\" قوربانیان دەکرد و بە بەڵی و بەسەرچاو وڵامیان دایەوە. ئێمەیش دڵمان خۆش بوو و بە دوای رەفع و رجوو کردنی کێشەکاندا هەڵهاتین.جەنابی حاجی ئاغاى شەهبازی ژومارەی تەلفوونی خۆی پێ‌دام و گووتی: لە هەر کوێ گرێ کۆڵە کەوتە کارەکەت تەلەفوونم بۆ بکە.\"بەڵی\" بە سەرچاوم کرد و بۆ هەرشوێنێک چووین و گیرۆدە بووین و گرێەکە بە خۆمان نەدەکرایەوە تەلەفوونمان بۆ حاجی ئاغا کرد گوایە لە کۆبوونەوەدا بووە و نەیتوانیەوە وەڵام باتەوە چیتر موزاحمی کات و ساتیان نەبووم و لەو هەموو کێشە تەنانەت یەک کێشەی چارەسەر نەبوو! خێزانم یەک مانگی تەواو لە دوای وەرگرتنی \"یارانە\" بوو کە لەم دەس بیگرین و بەو دەسی تر بیدەینەوە بە خۆیان بەڵام، لە کۆتاییدا بە روو گرژی وڵامیان دایەوە؛ تەنیا ئێوە نیین کە \"یارانە\"تان تیا چووە. ئێوەیش وەک ئەو خەڵکە.خێزانم گوتبووی ئەی بە چ حسێبێ چوارسەدهەزارتمەن پارەی بڕق\"کارەبا\"تان لە ئێمە سەندوە؟ گووتبوویان بە حسێبی بە کار هێنان. کاتێ هەستم کرد کە جگە لە پێ ئێشەو و مەزاج تێک چوون شتێکمان پێ ناگات چارەسەری کێشەکانم دا دەستی خوا بەڵام، هاوارم لە دووی ئاغای(ح)رۆیشت. دووساڵی تەواو زاوەکەمی لە دوای خۆی تاو دا و لە کۆتاییدا دوو پارچە وەرەقەی لە ناو مێزەکەی دەرهێناوە و گووتوویتی:ئاغای شهبازی جگە لە تۆ دووکەسی تری بۆ دامەرزاندن بە ئێمە ناساندوە بەڵام، شوێنمان نییە و پێویستمان بە کارگوزار و کارمەند نییە. زاوەکەم پێی دەلێت: ئەم قسانە لە سەر لاپەڕەیەک بنووسە و پێم بدە چوون ئاغای شەهبازی لە باوکی خێزانم دەپرسێتەوە کار و بارت بە کوێ گەیشتووە؟آغای(ح)فەرمووبووی:ئاغای شەهبازی بە هیچ شێوەیەک باوکی خێزانت ناناسێ. ناوی لە بیر کردوە من بیرم هێناوەتەوە. برۆ. کوڕەکەی من لێرە کار دەکات و ئەگەر خۆشی لە پێشەکەی نەهات و ئەگەر لێرە چوو من جێگەی ئەو ئەدەم بە تۆ! \"قەولی سەر خەرمان\". وەرگرتنی پەیوەندی لە گەڵ بەرپرس ناحیە ئەستەم و دژوار بوو دیسانەوە رۆیشتم برۆمە خزمەتی لە سەفەر یا لە کۆبوونەوەدا بوو. ئەمری پارێزگارێک، ئەمری سەرۆک کۆمارە و نابێ لە بەرچاوی نەگرین! بەرێز حاجی ئاغای شابازی مرۆڤێکی لە سەرخۆ، هێمن و مێهرەبان و خۆش ئەخلاق و زمان خۆشە؛ بە جۆرێک قسە لە گەڵ خەڵکدا ئەکات کە هەست ئەکەیت، کەسەکە بەرپرسەو ئەو رەشۆک. رۆژێک کە من بۆ یەکەم جارچوومە خزمەتی لە ماوەی سێ بۆ چوار دەقە بە شێوەیەک لە گەڵ من قسەی کرد و بە دەمەوە هات و رەوانەی کردم کە هەستم کرد ماوەیەکی زۆر دوور و درێژە کە هاوڕی و هاوماڵ و دۆستی نزیک و خۆشەویستی یەکین. بۆ هەرکەس کە تەلەفوونی دەکرد، دەیگووت: تکا دەکەم کێشەی ئاغای کەمەندی چارەسەر بکەن! هەڵبەت ئەم شێوە هەڵسووکەوتە لە گەورەیی بەرێزیان سەرچاوە دەگرێ، بەڵام لە بەرانبەر کەسێکدا کە هەستی پێ بکات و پێی بزانێ و پێی وا نەبێ لە \"کەڵەپیاو\" بوونی خۆیەتی. سروشت لەم بوارەدا مامۆستایەکی هەرە گەورەیە. سەرنج بدەن، تاکو هەور سەروچاوی تێک نەدا و خۆی نەهێنێتە یەک و رەش هەڵنەگەرێ، تاکوو هەورەتریشقە سینەی هەوڕ شەق نەکات و عەرز نەخاتە لەرزە بارانی بە پیت و بەرەکەت داناکات. لە گەڵ کۆمەلێک کەس دەبێ وەک هەورەگرمە هەڵسووکەوت کەیت تا وڵامی باشت وەگیر کەوێت. ئاغای(ح)کە ئامادە نییە گفت و کەلامی خۆی راشکاوانە و پاکانە بداتە دەست پارێزگار و دەست ئەگرێت بە وتن و دەربڕینی راستیەوە چوون رێی تێ ئەچی هەتا کورەکانی و خالۆزاکانی و پورزاوکانی و میمکەزاکانی بن بۆ ئێمەو مانان کار و باری بێت و وەڵامی دڵخۆشکەری بۆ ئێمە بێت چۆن ژیانی خۆش بۆ زاوەکەی من بە رەوا دەبێنێ؟ گوێ رادێرن و بیر بکەنەوە لەو قسە ئاغای شهبازی ناوی باوکی خێزانتی لە بیر کردوە و من بیرم هێناوەتەوە! نە راشکاوانە یەعنی بۆ پارێزگاریش گرنگ نییە کە ئێوە دەستان بە دەمی خۆتان بگات و بن بە خاوەن کار و پیشەیەک! بە هەر حاڵ چوون لەم دووساڵە سەرەرای زەحمت و ماندوبوونی بەرێزیان هیچ یەک لە کارەکانمان رانەپەڕا بە ئەرکی خۆمم زانی پێی راگەینم و لە خزمەتی دا بێژم: جگە لە قاچ ئێشەو سەر ئێشەو دەم ئێشە هیچ‌مان دەس نەکەوت دە دەردی تر سەر رای ئەو هەموو دەردەم زیادی کرد. ماشێنی کوڕەکەم دوو ساڵە دەستی بە سەرا گیراوە دیار نییە لە کوێیە و بۆ کوێ براوە، جەریمەی بانک‌مان لێ وەردەگرن و رۆژ لە سەر رۆژ زیادیش دەکات و وامی ماشێنەکە رۆژ لە سەر رۆژ زیاتر دێتە سەری، پارەی \"یارانە\"یش هیچ، واخەریکم ماڵ و حاڵم هەراج ئەکەم ئەو نیوە ماڵە کە ماومە بە هیوام هەراجی بکەم تا پارەی \"عەوارزی\"شارەوانی بدەم وەلحاسڵ ژیانمان بووە بە دۆزخ‌نە سەری دیارە نە بەری مەگەر خوا بۆ خۆی بکات چارەسەری.ئاغای رەحیمی هەتا مردن خۆشم دەوێت و ممنونم و سپاست دەکەم .سپاسی بەرێزت دەکەم بۆ ئەو هەموو چاکانەت.جیگەی خۆیتی سپاسی ئاغای شاهرودی نوینەری مقام موعەزەمی ریبەری(خامنەای) بکەم کاتێک لە نەخۆشخانە کەوتبووم حاڵ و ئەحواڵی پرسیم. بە قەولی کۆچکردو خەسرەو شەکیبای \"حاڵم باشە بەڵام ئێوە بڕوا مەکەن\" بۆ ئاغای(ح) من قەناعەتم وایە بە تۆ، بە هەرشتێک کە پێکەوە هەمانە نە، بیر نەکەیتەوە کە لە دووری تۆ دەمرم ژیان شیرینە پێت وانەبێ لە سارد و سڕی نیگات دەلەرزم من سەرنج بدە! قەندیلی سەر چاوانم داخی کورسیەکی گەرم حەسرەتیکی لە مێژینەیە من بە رێژەی کێویکی \"سەهۆڵ\" بە هەوای زستانی تۆ عادەتم کردووە.

جولای ٢٠١٢ی زایینی - شاری سنە