مەترسی لە بەشار ئەسەد ناکرێ

13:21 - 19 بانەمەڕ 2713
Unknown Author
جەماڵ پوورکەریم

ئیسرائیل دەتوانێ هێرشی ئاسمانیی دیکەش بۆ سەر سووریە ئەنجام بدا، بە ئامانجی ناردنی پەیامێکی ڕوون بە رژیمی ئێران. لەو نێوەدا تاقمێک لە خۆیان دەپرسن سەبری حاکمی سووریە تا چ ڕادەیەکە !! ؟.

ڕێبەرایەتیی ڕژیمی سووریە ئەمجارە بە شێوەیەکی چاوەڕواننەکراو کۆمەڵیک زانیاری بڵاو کردەوە. هەواڵدەری دەوڵەتیی سانا رۆژی دووشەممە کۆمەڵێک وێنەی جۆرواجۆری لەگەڵ ڕێژەی خەسارەکانی ئەو وڵاتە ((بە هۆی هێرشی ئیسرائیل )) بڵاو کردەوە .

لەو وێنانەدا وێرانەیەک نیشان دەدرێ کە لۆدێرێک تێیدا خەریکی کارکردنە، هەروەها وێنەی دەواجینێکی ( شوێنی پەروەردەی مریشک) خاپوورکراو بڵاو بۆوە. لە حاڵێکدا پێشووتر حکوومەتی سووریە لە بارەی هێرشەکانی دیکە بێدەنگی هەڵدەبژارد ئەو جارە زانیاریی ڕاست و دروستی چاوەڕواننەکراوی درکاند : لە نامەیەکی فەرمی بۆ نەتەوەیەکگرتووەکان رژیمی ئەسەد نووسیویەتی: کاتژمێر یەک و چل خولەکی بەیانیی رۆژی یەکشەممە هێزی ئاسمانیی ئیسرائیل سێ بنکەی نیزامی کردە ئامانجی هێرشە مووشەکیەکانی، یەک لەوانە فڕۆکەخانەیەکی نیزامی
.
بە پێی ئەو نامەیە بنکەیەک لە باکووری رۆژهەڵاتی جمرایا بۆتە یەک لە ئامانجەکان؛ لە نزیک ئەو شوێنە، ناوەندیکی لێکۆڵینەوەی نیزامی لێبووە کە لە کۆتاییەکانی مانگی ژانویەش جارێکی تر هێرشی کراوبووە سەر .

دەوڵەتی ئیسرائیل هەروا لە بارەی ئەو هێرشانە بێدەنگی دەنوێنێ. بڵاوکراوە ئیسرائیلیەکان بە هۆی سانسۆڕی نیزامی، تەنیا ئاماژە بە ڕاپۆرتی بڵاو کراوە بیانییەکان دەکەن، ئەگەر چی بڵاو کراوە بیانیەکانیش بۆ خۆیان لە زمان ئیسرائیلیەکانەوە هەواڵەکان دەگوازنەوە. نوێنەرێکی ئەرتەشی ئیسرائیل کە ئاماژە بە ناوەکەی نەدراوە لە وتووێژ لە گەڵ هەواڵدەریی AP باسی لە سێ بنکە کردووە کە رۆژی یەکشەممە بوردومان کراون. گوتراوە کە لەو سێ شوێنە کۆمەڵێک مووشەکی فاتحی ١١٠ ی لێبووە کە لەو ماوەیەدا لە ئێرانەوە هەناردەی سووریە کرابوون. بە پێی زانیارییەکانی نیۆیۆرک تایمز هێرشی رۆژی هەینی بە دژی مووشەکەکان تەواو بەرنامە بۆ داڕێژراو بووە چونکە بەشی بەرچاوی ئەو مووشەکانە لە کاتی هێرشەکەدا لە فڕۆکەخانەی نێونەتەوەیی دیمێشق لە عەمبار دابوون .

پاش هێرشی سێهەم لە ماوەی سێ مانگ و نیودا، فشارەکان لە سەر حکوومەتی بەشار ئەسەد بۆ تۆڵە سەندنەوە پەرەیان سەندووە، بەتایبەتی بە هۆی ئەوەی ڕێژەیەکی زۆر بوونەتە قوربانی. رۆژنامەکانی ڕووسیە هەواڵی کوژرانی ٣٠٠ کەسیان بڵاو کردەوە، دوکتوورێک لە نەخۆشخانە باسی کوژرانی سەدان سەربازی کردووە، دژبەرانی ئەسەد ڕێژەی کوژراوەکانیان ١٥ کەس ڕاگەیاندووە. سەرەڕای ئەوانە لە ئیسرائیل مەترسیی ئەگەری هێرشی سووریە یا حیزبوڵلای لوبنان بۆ سەر ئیسرائیل بە هیچ شێوەیەک لە گۆڕێدا نییە. ژنەراڵ یایر گولان کە بەرپرسی باکووری ئیسرائیلە گوتی : ئیسرائیل بە تەواوی هێزەوە ئامادەی شەڕە، بەڵام ((شنەبای شەڕ)) هەڵیناکا. یایر گولان دەڵێ : پێشووتر داواکاریی خەڵکی ناوچەکە بۆ وەرگرتنی دمامکی دژە گاز زۆر چووبووە سەرێ. ناوچەی ئاسمانی کە رۆژی یەکشەممە داخرابوو ، رۆژی دووشەممە دیسان بۆ فڕینە ئاسایی و غەیرە نیزامیەکان کرایەوە.

دانی تاتووم کە پێشووتر سەرۆکی مووساد بووە گوتی: (( ئەرتەش و دەسەڵاتی سووریە بۆ مانەوەی خۆیان شەڕ دەکەن. ئەوانیش حەز بە کرانەوەی بەرەیەکی تازەی شەڕ بە دژی ئیسرائیل ناکەن.))

بە بڕوای دانی تاتووم ئەو بابەتە بۆ ئێران و حیزبوڵڵاش هەر بەم شێوەیە . بە ڕای سەرۆکی پێشووی مووساد ، گرینگترین ئامانجی ئێران و حیزبوڵڵا لە ئێستا دا ڕاگرتنی بەشار ئەسەدە لە دەسەڵات دا. بە پێی هەندێ لە زانیاریەکان دەوڵەتی ئیسرائیل رۆژی یەکشەممە لە پەیامێکی نهێنیدا ڕێبەریی سووریەی ئاگادار کردۆتەوە کە بە نیاز نییە دەستیوەردان لە شەڕی ناوخۆیی سووریە دا بکا. هەندێ لێکۆڵەری سیاسی وەک یاتووم لە سەر ئەو باوەڕەن کە بەشار ئەسەد لە ئەگەری هێرشێکی دیکەی ئیسڕائیلدا هیچ چارەیەکی دیکەی لە بەردەم دانییە جگە لەوەی وەڵامی نیزامیی ئیسڕائیل بداتەوە.

\"12573.jpg\"
ئیمکانی تۆڵەسەندنەوەی بەشارئەسەد کەم و سنووردارە
دوور نییە هێرشی ئاسمانیی دیکەش لە لایەن ئیسرائیلەوە بۆ سەر سووریە بەڕیوە بچێ . بەڵام سێ زنجیرە بوردومان لە سووریە لە کۆتاییەکانی ژانوییەوە دەریدەخا کە ئیسرائیل ناتوانێ پێش بە ناردنی مووشەک لە لایەن سووریە و هاوپەیمانەکانی بۆ لوبنان بگرێ؛ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل بێنیامین نتانیاهۆ پێدانی مووشەکی لەم شێوە و هەروەها چەکی شیمیایی بە لوبنانی وەک ((هێڵی سوور)) دیاری کردبوو. رۆژی دووشەممە لە ئیسرائیل ئەو ڕەخنەیە هاتە گۆڕێ کە سووریە لە ماوەی مانگی مەی دا و لە ماوەی ٤٨ ساعەتدا دوو جار بۆمباران کراوە . بۆ وێنە رۆژنامەی یەدعووت ئەحرەنووت نووسی : ((ڕەوایە ئەگەر لەو هەلومەرجە زەمانیەی ئێستا دا، لە پشت پێویستیی ئەم هێرشە، هێمای پرسیار دابندرێ .))

خەڵکانێکیش لە خۆیان دەپرسن ئەرێ سەبری بەشار ئەسەد تا کوێ درێژەی دەبێ و تا کەنگێ دەخایەنێ: ئەو سەبرە لە دەیەی پێشووتر بە هۆی ئەو هێرشانەی بە ناوی ئیسرائیل لە قەڵەم درابوون تاقی کراوەتەوە. بۆ وینە لە سێپتامبری ساڵی ٢٠٠٧ لە باشووری سووریە رێئەکتۆرێکی ئەتۆمی بە تەواوی خاپوور کرا کە گۆیا پلۆتۆنیۆمی بەرهەم دێنا. ساڵێک دواتر عیماد موغەنیە ، بەرپرسی باڵی نیزامیی حیزبوڵڵا ، لە هێرشێکدا لە ناوەراستی دیمێشق کوژرا.

لە ڕوانگەی ئیسرائیلەوە ئیمکاناتی ئەسەد بۆ تۆڵە کردنەوە کەم و سنووردارە؛ لە ئورشەلیم دەوترێ ،ئەسەد دەزانێ ئیسرائیل لە وەها دۆخێکدا بە هەموو توانایەوە کاردانەوە لە خۆی نیشان دەدا و بەرگریی ئاسمانیی سووریەش کە بە هۆیەوە ئەسەد لە ئاستی سەرووتر لە ئۆپۆزیسیۆن دایە نابوود دەکرێ ، بۆیە ئەسەد لە بەرانبەر بەو هێرشانەش دا بێدەنگ دەبێ،

ئەرتەشی سووریە کە بە هۆی شەڕی ناوخۆیی لاواز بووە، لە ئیسرائیل وەک ڕکابەرێکی بەهێز و مەترسیدار نایەتە ئەژمار.تەنیا زەرادخانەی مووشەکی و چەکە شیمیایەکانی سووریە و ئیمکاناتی نیزامیی هاوپەیمانانی سووریە واتە ئێران و حیزبوڵڵان کە بۆونەتە هۆی نیگەرانیی هێزە نیزامیەکانی ئیسرائیل .

هەر بۆیە هەندێ لە کارناسانی ئەمنیەتیی ئیسرائیل باوەڕیان وایە کە ئەو هەوڵە نیزامیانەی ئەو ماوەیە زیاتر بۆ ئەوە نەبووە کە پێش بە ناردنی مووشەک بە حیزبوڵڵا بگیردرێ. بە ڕای ئەوان بڕیارە ، زیاتر رژیمی ئێران کە مووشەکی فاتحی بۆ سووریە ناردووە تێبگا و لە ڕاستیدا ئامانج ئەوەیە کە لەو هێرشانەدا ئێران پەیامێکی روونی وەرگرتبێ. سەرۆکی پێشووی ڕیکخراوی ئیتلاعاتی نیزامیی ئیسرائیل ((ئامووس یادلین)) لە رادیۆی ئیسرائیل گوتی:((ئێران پێداگریی ئیسرائیل و ئەمریکا لە پێوەندی بە ((هێڵی سوور )) تاقی دەکاتەوە. رژیمی ئێران دەبێ لە سووریەوە تێ بگا کە لانی کەم هەندێ لە لایەنەکان ئەو ((هێڵە سوورە )) بە جیددی وەردەگرن))