لە سەر پێویستی بە ستراتێژی رۆژنامەگەری نەتەوایەتی لەرۆژهەڵاتی کوردستان دا

16:53 - 2 بانەمەڕ 2715
Unknown Author
مەجید حەقی

ئەمرۆ ١١٧مین ساڵرۆژی دەرچوونی یەکەم رۆژنامەی کوردی \"کوردستان\" لە قاهیرە بە دەستی میر میقداد بەدرخان لە ٢٢.٤.١٨٩٨دا، رۆژی رۆژنامەگەری کوردیە. سەروتاری یەکەم رۆژنامەی کوردی لە سەر \"پێویستی بوونی راگەیاندن، گەیاندنی زانیاری و ئەزموونی وڵاتانی دیکە لە بەرێوەبردنی وڵاتیان، هونەری شەڕ، ئابووری و بەرەوپێش بردنی خوێندن و کۆمەڵگایان\" دەست پێ دەکات. پێویستیەک، ئەمرۆش دوای ١١٧ ساڵ لە دەرچوونی یەکەم رۆژنامەی کوردی هەست پێدەکرێ و رۆژەڤی کۆمەڵگای کوردیە.

رۆژنامەگەری کوردی لە دەسپێکیەوە تا ئەمرۆشی لە گەڵ بێت، نەیتوانیوە بەو شێوەیەی کە پێویستە ببێتە ئامرازێکی کۆمەڵایەتی – ئابووری سەربەخۆیی خۆی بپارێزێت. لە ماوەی زیاتر لە بیست ساڵی رابردوو باشووری کوردستان تەنیا ناوچەیەکی کوردستان بووە کە هەلی سەر‌هەڵدانی رۆژنامەگەری نیوەسەربەخۆ و پرۆفیشۆناڵ بۆی رەخساوە. رۆژنامەگەری لە جیهانی بگۆڕی ئەمرۆدا تەنیا ئەرکی بوون بە میدیا و رۆژنامەی بەرگری نیە. بەڵکوو ئەوان وەک کەرەسە و کاناڵێکن بۆ پەروەردەی بەکۆمەڵ لە دەوری بایەخە هاوبەشەکانی نەتەوایەتی و گەشەپێدانی دێموکراسی و فرەچەشنی و هاوسازی کۆمەڵایەتی و بەرەوپێش بردنی هەستی بڕوابەخۆ بوون و دۆزینەوەی هونەری کات بەسەر بردنیشە.

\"26147.jpg\"
بە بۆنەی ١١٧مین ساڵڕۆژی رۆژنامەگەری کوردی
رۆژنامەگەری وەک هەموو دیاردە ئابووری و کۆمەڵایەتیەکانی جیهان ئاڵوگۆری زۆری بەسەردا هاتووە. پێناسەکانی کلاسیکی رۆژنامەگەری سەدەی راگەیاندن و فرەمیدیاییدا ئاڵوگۆریان بەسەردا هاتووە و رۆژنامە تەنیا ئەو بڵاو کراوەیە نیە کە لە هەفتەدا لانی کەم جارێک چاپ بکرێت. بوونی هەلی تەکنیکی و بەرنامە و ئەپلیکێشنەکانی داهێنانی ناوەرۆک ئەو دەرفەتەی بۆ هەمووکەس خوڵقاندووە کە ببێتە وەشێنەر و بڵاوکەرەوەی \"رۆژنامە\" و \"میدیا\" و ئەمەش لە لایەک دەبێتە هۆی پێکهێنانی قەیرانی ناسنامەیی لە ناو کۆمەڵگادا و لەلایەکی دیکەشەوە دەبێتە هۆی گەشەکردنی توانا و بەرهەمهێنانی نوێ. لەو رووەوە سەرەرای بوونی هەلی تەکنیکی بۆ داهێنانی ناوەرۆک، کۆمەڵگا پێویستی بە میدیای بەهێز هەیە کە لەودا توانا و بۆچوونە جۆراوجۆرەکان لە چوارچێوەی پرەنسیبی هاوبەشدا خزمەتی راگەیاندنی درێژخایەن و بە ستراتێژیک بە کۆمەڵگا پێشکەش بکەن و ببنە ئەستوونێکی شوێندانەری کۆمەڵایەتی – سیاسی و ئابووری و هاندەری کۆمەڵگا بۆ بەرەوپێشچوونی بە کۆمەڵ.

رۆژهەڵاتی کوردستان لەو هەلومەرجەدا رەنگە زیاترین پێویستی بە میدیایەکی نەتەوەیی و لەسەر بنەمای ستراتێژی \"پەیمانی ئاشتی سیاسی و کۆمەڵایەتی\" هەبێت. لە رەوشێکدا کە رۆژهەڵاتی کوردستان لە دەست قەیرانی بڕوا و رێبەریدا دەناڵیت بوونی میدیایەکی فرەچەشن و هەمەگر لە سەر بنەمای ستراتێژیەکی ئاوەدانکەرەوەی دیالۆگی نەتەوایەتی پێویستیەکی ئەمرۆییەو و هەنگاونان لەو پێناوەدا لە دەرەوەی سنووری حیزبی و تەشکیلاتیەوە دەتوانێت خزمەت بە پرۆسەی بەرەوپێش چوونی خەباتی نەتەوایەتی و رۆشنبیری لەو بەشەی کوردستاندا بکات. لەو پێوەندیەدا بەکارهێنانی کەرەسەکانی تەکنۆلۆژی هۆشمەندانە و فرەمیدیایی دەتوانێت بەهینەی کارەکان بە بەرزترین ئاستی خۆی بگەیەنێت.

ستراتێژی راگەیاندنی نەتەوایەتی لە رۆژهەڵاتی کوردستاندا دەبێ بەشێوەیەک دابرێژرێت کە وەڵامی هەموو پێویستیەکانی سیاسی، کۆمەڵایەتی، کولتووری و ئابووری کوردستان بداتەوە و گەشەکردنی کۆمەڵایەتی و سیاسی، بەهاکانی سەوز و ژینگە خۆشەویستی، گەشەکردنی ئابووری و بازرگانی بەرهەمهێنەرانە لە رۆژهەڵاتی کوردستان، یەکسانی نێوان ژن و پیاو لە هەموو بوارەکانی سیاسی و کۆمەڵایەتی، گەشەکردنی وێکگەیشتنی کۆمەڵایەتی (توسعە تفاهم اجتماعی)، تەندوروستی، زانست و پەروەردە، پەرەپێدانی پەروەردەی سەردەمیانەی مناڵان و سەر ئەنجام زمانی هاوبەش یان یەکگرتووی کوردی بکاتە ئامانجی خۆی و پلان و بەرنامەی بۆ دابرێژێت.

لە هەلومەرجێکدا کە حیزب و رێکخراوە سیاسیەکانی کوردی سەرەرای دروشمەکانیان لە دەرەوەی بازنەی یەکگرتنی نەتەوایەتی و بڕوای کۆمەڵایەتی دا دەسوورێنەوە، پرسی گرنگ لەو پێوەندیەدا ئەوەیە کە چۆن دەکرێ مدیایێک بخوڵقێندرێت کە بتوانێت سەرەرای بوونی جیاوازیەکان بە باشترین شێوە خزمەت بکات بە گەشەکردن وپێشڤەچوونی گشتی کوردستان و بەشداری خەڵک لە دیاری کردنی چارەنووسی خۆیان، دابەشکردنی زانیاری و تواناییەکان لە هەموو ئاستەکاندا بەرەو پێشبردنی رەوتەکانی پێشڤەچوونی کۆمەڵایەتیدا. بۆیە گەڕان بە دوای دامەزراندنی سیستەمێکی گونجاو و گەشەی بەردەوام گرنگیەکی تایبەت هەیە لە دانانی ستراتێژی راگەیاندنی نەتەوایەتی لە رۆژهەڵاتی کوردستاندا. لەو پێوەندیەدا پرسی خاوەندارێتی نەتەوایەتی لە قۆناغی بەرگری و خەباتی مەدەنیدا و ئاستی بەشداری ئابووری، سیاسی، مرۆڤی و شارەزایی لایەنەکان و بەشداری کردنی پسپۆران و شارەزایان خاوەنی گرنگیەکی تایبەت و چارەنووس سازن.

سروشتیە بەلەبەرچاو گرتنی دابەشبوونی سیاسی و تەشکیلاتی لە رۆژهەڵاتی کوردستاندا هەرکام لە حیزب و ریکخراوەکان لە روانگەی ستراتێژی و تەنانەت تاکتیکی رکەبەری تەشكیلاتی خۆیانەوە بەو پرسە نزیک بنەوە. بەڵام گرنگە ئەوە ستراتێژیەک دابرێژرێت کە لەودا بەها هاوبەشە نەتەوایەتیەکان رێنوێنی هەموو لایەنەکان و لە سەر بنەمای خزمەت بە بەرەوپێشچوونی ساسی، کۆمەڵایەتی، دامەزراوە دێموکراتیکەکان، کولتووری، ژینگە پارێزی و هاوکاری و گەشەپێدانی هەستی یەکگرتووی نەتەوایەتی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان هاوکات هاوسازی و گەشەپێدانی هاوکاری لە گەڵ نەتەوەکانی هاوسێ و هاوبەش لە جوغرافی سیاسی ئێراندا بێت.

ئەو بابەتە ڕا و سەرنجی نووسەرەکەیەتی و ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا لە ناوەڕۆکەکەی بەرپرسیار نیە.