لاوازیی حکومەت و بێدەنگیی خەڵکی ئێران و بێ هێزی ئۆپۆزیسیۆن

12:53 - 10 رەزبەر 2712
Unknown Author
سمکۆ بێکەس

هەر لەگەڵ هەڵگیرسانی شۆڕشی گەلانی ئێران دژی رژیمی پاشایەتی و دزینی بەرهەمی ئەو شۆڕشە لەلایەن ئاخوندەکانی دەسەڵات ویستەوە یەکەم هەنگاو، دژایەتی کردن بوو لەگەڵ بە قەولی خۆیان ئیستکباری جیهانی واتە ئەمریکا و ئیسرائیل و بۆ ئەوەش یەکەم هەنگاو گرتنی سەفارەتی ئەمریکا بوو لە ئێران و بەدوای ئەوەدا شەڕ دژی ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی بەتایبەت گەلی کورد و دواتر شەڕی ئێران و عیراق و بەمەش نەوەستا کەوتە دەستگیر کردن و ئیعدام کردنی هەزاران کەسی بێتاوان و گوشاری زۆر بۆ سەر خەڵکی ئێران و هەزاران بەڵای تر، دواترینیان ترسی زۆری لە ئینترنیت و سەتەلایتەکان کە ئێستا بوتە هۆی ئەوەی کە رۆژانە کاری گرووپی نیزامی کۆ کردنەوەی ماهوارە و کونترۆل کردنی ئینترنیت و کافی نیتەکانە، گرانی و بێکاری و مادە هۆشبەرەکان و زۆر دەردی نەخوازراوی دیکە لەناو کۆمەڵگای ئێراندا و لەگەڵ ئەمەشدا شەڕی ناو دەسەڵات و لابردنی مۆرەکانی ناوخۆ کە رۆژانێک خۆش خزمەتیان بەم رژیمە کردووە و تەنانەت گرتن و کوشتنیان لەلایەن دەسەڵاتەوە ئیتر ئەوپەڕی زەبوونی ئەم رژیمەیە و رژیمی خستۆتە ئەوپەڕی قەیرانەوە کە دەرچوونی ئاستەمە و لەسەروبەندی لەناوچوون دایە، بۆیە کە سەرنج بدەین بە دوای هاتنە سەرکاری کۆماری ئیسلامی ئێران لەگەڵ ئەوەی کومەڵە هێزیکی لە پێشدا دامەزراو هەبوو، کۆمەڵە هێزێکی تری نوێش دروست بوون، ساڵ بە ساڵ هێزی ئۆپۆزیسیۆن بە شێوەیەکی بەربڵاو و لەژێر ناو ودروشمی جیاوازدا زیاد بوون چەند حیزبێکی تارادەیەک گەورە و زۆر حیزبی بچوکیش دامەزراون و کەم و زۆر پێگەی جەماوەرییان لەناوخۆ و دەرەوەی کوردستانیش هەیە.

ئەم هێزانە بەردەوام هەوڵیان دا تا لە چوارچێوەی ئێرانی ئیسلامیدا داخوازییەکانی خەڵک بەدی بێنن، بەڵام رژیمی جمهوری ئیسلامی کە بڕوای بە نەتەوەی جیاواز و بیروڕای جیاواز نیە و دەسەڵاتی رژیم تەنیا لەناو وەلایەتی فەقیدا داڕێژراوە کە لادان لە ولایەتی فەقیه کوفرە و نابێ و ناکرێ، بۆیە هەر لە سەرەتاوە ئۆپۆزیسیۆن کەوتنە بەرەی دژەبەری جمهوری ئیسلامی ئێران و بەناوی \"زیدی ئینقلابی ئیسلامی\"، واتە دژی شۆڕشی ئیسلامی ناودێر کران و شەڕ بەدژی ئەم هێزانە دەستی پێکرد و بەناوی کافر و بێ دین و زۆر شتی‌تر لە هەموو هێزی دەسەلات و هەموو جۆرە چەکێک کەڵک وەرگیرا بۆ سەرکوت کردنی هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆن و بەتایبەت کوردەکان کە بەداخەوە بووە هۆی ماڵویرانی و شەهید کردن و بریندار کردنی هەزاران رۆڵەی کورد و گوشاری زیاتر بۆ سەر ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی کە تەنانەت بستە خاکێک نەما لە هەموو ئێراندا کە جێگەی ئۆپۆزیسیۆنی دژبەری کوماری ئیسلامی تێدا بێتەوە و بە ناچار لە سنوورەکان و شارەکانی باشوری کوردستان و عیراق و تەنانەت دەرەوەی وڵات نیشتەجێ بوون، کە ئەمەش لە قورسایی هێز و دەسەڵاتی نێو ئۆپۆزیسیۆنی هەم لەناو خۆیان و هەم لەناو خەڵکدا کەم کردەوە تا ئەو رادەیەی کە زۆر کەم رەنگ بوون.

کێشەکە هەر بەمە کۆتایی نەهات، بەڵکوو لەلایەکی ترەوە لەلایەن دەسەڵاتی شوومی ئاخوندییەوە پیلانی تیرۆر دەستی پێکرد و لە باشووری کوردستان و دەرەوەی وڵات بە دەیان و سەدان کەس کە پێشمەرگە و کادر و رێبەرانی ناوداری ئۆپۆزیسیۆنی ئیرانی و کوردی بوون تیرۆر کران و لەپێناو بەرژەوەندیی ئابوریدا شوێن ون کران و بوونە سەودای بازرگانیی بەرژەوەندیی کۆماری ئیسلامی و ئەو وڵاتانەی کە تیرۆرەکانیان تێدا ئەنجام درابوو. لە لایەکی ترەوە بەداخەوە شەڕی ناوخۆیی و خۆ خواردن و پارچە پارچە بوون و پەروازە بوونی شۆرشگێرانی ئیرانی و بە تایبەت کورد بۆ دەرەوە، بووە هۆیی زیاتر لاوازی ئۆپۆزیسیۆن و تا ئەو رادەیەی کە هەرچی هێزەکان لەت و کوتیان زیاتر لێ دەبێتەوە بەناوی جۆراوجۆر، زیاتر خەڵک بڕوا و متمانەیان بە شۆڕش و شۆڕشگێران نامێنێ و ئەمەش دەبێتە هۆیی سەرەکی بۆ بێدەنگ بوونی خەڵک کە نەزانن کێ رێبەرییان دەکات بۆ بزوتنەوەیەکی جەماوەری، بویە بێدەنگ بوونیان هەڵبژاردووە لەم کات و ساتە گرینگەدا کە هەموو وڵاتانی دیکتاتۆری خەریکی داڕمانن و پایەی دەسەڵاتی زاڵمان رۆژ لەگەڵ رۆژ زیاتر بەرەو رووخان دەچێ و پایەی رژیمی جمهوری ئیسلامیش بەهۆی ئەو هەموو گەمارۆ ئابوورییەی کە لەسەریەتی و گوشاری لەرادەبەدەری دوڵەتانی دنیا و بەتایبەت ئەمریکا و ئیسرائیل کە لەباری دەروونییەوە شەڕێکی نەخوازراوی بۆ دەسەڵاتدارانی ئێرانی دروست کردووە کە شەو و رۆژ بیر لە شەڕێک بکەنەوە کە دەیانهەوێ بە هەر نرخێک بێت خۆیانی لێ لابدەن و حکوومەتە لەرزۆکەکەیان لەسەر پێ رابگرن و لەلایەکی تریشەوە بە هەڵبژاردنی نمایشی بە دنیای دەرەوە بڵێن دێمۆکراسی لە ئێراندا هەیە و سەیر بکەن کە ئازادی لە ئیراندا چەند زۆرە کە خەڵک بە دڵی خۆیان پەرلەمان سەرکۆمار هەڵدەبژێرن کە لەراستیدا نە سەرکۆمار و نە پەرلەمان هیچ دەسەڵاتێکیان نییە و ئەوە تەنیا وەلایەتی فەقییە کە داڕێژەری قانوونەکانە و دەسەڵاتدار هەرکەس بێت دەبێ وەک توتی تەنیا ئەو وشانە بڵێتەوە کە خامنەیی دەیڵێ وەک یەکەم کەسی رێبەری ئێستای ئێرانی ئیسلامی و ئەو قانوونانە دەبێ پەیڕەو بکرێ کە ویلایەتی فەقی دایڕشتوون.

هەروەها گرینگە بزانین لە هەموو ئەو وڵاتانەی کە سەرهەڵدانی جەماوەری تێیایاندا دروست بووە دوور نین لە ئێرانەوە، لەگەڵ ئەوەی بیرو بۆچوونی زۆر جیاواز لەنێو شۆڕشە جەماوەرییەکاندا بەدەر دەکەوێ، بەڵام لە یەک شتی گرینگدا هەمویان یەک را و یەک بۆچوونن، ئەویش ئازادی و رووخانی دەسەڵاتی زۆردارییە.

گەر کوردەکان پێیان وایە لەناو ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانیدا ناتوانن داواکانیان بگونجێنن ئەمە هەر زۆر ئاساییە، چونکە زۆرێک لەوان کورد هەموو کات بە جودایی خواز دەناسن، بۆیە دەبێ بەوان بوترێ کە کورد داوای ماف و ئازادی و خاک لە کەس ناکات، بەڵکوو ئەوە خاکی کوردستانە کە مافی کوردە و برای فارس یان برای تورک یان عەرب و بەلووچ و هەر کەسێکی‌تر تۆش خاکت هەیە و نەتەوەت هەیە زۆر پێتان خۆشە با بە یەکەوە وەک برا لە حکوومەتێکی فیدراڵیدا بین، گەر پێتان خۆش نەبوو. بێ منەتانە پێیان بڵێن ئێوە ماڵی خۆتان و ئێمەش ماڵی خۆمان، باشە هێزێک نییە کە فارس یان تورک یان عەرەب بن کە تەنانەت سەد کەسیان هەبێت و ئۆپۆزیسیۆنیش بن ئەگەر بە ژمارە هیزەکانیان بژمێرین. ئیتر بۆ دەبێت کورد بەدیان هەزار شۆڕشگێرەوە و بە خەڵکێکی شۆڕشگێرەوە کە خاوەنی دەیان هەزار شەهید و بریندار و خەباتێکی بەردەوامە و داوای دێمۆکراسی و فیدراڵی و ئازادی لە کەسێکی بێ هێز و دەسەڵات بکات، کە هەرلە ئێستاوە هیچی بەدەست نییە، بەڵام دژی داخوازییەکانی نەتەوەی کوردە. تاکەی دەبێ ئێمە داوا بکەین، بۆ نابێ یەکجار بڵێن ئەمە مافی خۆمانە و خۆمان خاوندارین.

بۆیە گەر ئۆپۆزیسیۆنی ئیرانی و بەتایبەت کوردی را و بۆچوونەکانیان زۆر جیاوازە و یەک ناگرێتەوە کە ئەمە هەر زۆر ئاسایییە وەک دەڵێن زۆر جار دوو براش لە ماڵێکدا وەک یەک بیر ناکەنەوە، بەڵام گرینگە بزانین هەموو ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی و بەتایبەت کوردەکان لە یەک خاڵدا هەمویان هاوبەشن کە رووخانی جمهوری ئیسلامییە و ئازادی خاکی ئیران لەدەست ئاخوندەکانە، بەم هۆیە گرینگەیە کە دەبێ ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی و کوردی پلاتفۆرمێکی هاوبەش دابڕێژن لەسەر تەنیا یەک خاڵ کە بێدەنگیی خەڵکی ئیران و رۆژەهاڵاتی کوردستان بشکێنی و سەرهەڵدانی لێ بکەوێتەوە بۆ ئازادی و رزگاریی خەڵکی ئێران لەدەست رژیمی ئاخوندەکان، ئەویش تەنیا ئازادی و رووخانی کۆماری ئیسلامی ئیرانە کە هەموویان لەسەری هاوبیر و هاوڕان، بویە بە هیوای ئەوەی کە هەموو ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی و بەتایبەت کوردستانی لەژێر چەتری \"بەرە و ئازادی و رووخانی کۆماری ئیسلامی\" دا بکەونە یەک بەرەوە بۆ خرۆشانی شۆڕشێکی جەماوەری و شکاندنی بێدەنگیی خەڵک کە ئەمە دەتوانێ سەرکەوتنی خەباتی چەندین ساڵەمان بۆ مسوگەر بکات و گەل بە ئازدی بگات، با جارێ لە دابەش کردنی دەسەڵات و کورسی واز بێنین و هەموو حیزبەکان و تاکەکان بیریان بیری ئازادیی خاکی ئێران لە دەست ئاخوندەکان بێت، ئەوکات گەل سەنگی مەحەکە و دەنگی خەڵکە کە دەتوانێ کورسیی دەسەڵات دابەش بکات، بۆ ئەو کەسانەش کە حەزیان لە دەسەڵات و پلە و مقامە بێخەم بن و دڵنیا بن کورسی دەسەڵات ئەوەندە زۆرە کە بەشی هەموو دەسەڵاتداران و دەسەڵات ویستان دەکات و کەس بێبەش نابێت، بۆیە با وێڕای ئەوەی بۆچوونی جیاوازمان، هەیە بەڵام لە یەک خاڵی هاوبەش و رێگایەکی هاوبەش و یەک بۆچوونی هاوبەشدا کە رووخانی رژیمە یەکگرتوو بین و ببینە هاندەری شۆڕشێکی جەماوەریی خەڵکی ئێران و کوردستان و با کوردستان بکەینە دەروازەی راپەڕین و خەڵکی کورد و ئێران لەم رژیمە نگریسە رزگارییان بێت و یەکگرتن بکەینە هەوینی سەرکەوتن بە تەنیا دروشمی \"بەرەوە ئازادی ئیران لە دەست رژیمی ئاخوندەکان\" بەو هیوایە بە زووترین کات هیوا و ئاواتی هەموو ئازادیخوازانی ئیران بەدی بێت و ئێرانێکی ئازاد و فیدراڵ بێتەدی کە خەونی هەموو ئازادیخوازانە.