فەرهاد پیرباڵ کەسایەتییەک کە بە سەر سەد شاخە پەڕیوە؟!!!

23:09 - 3 خەرمانان 2713
Unknown Author
حسێن مەعرووف پوور

فەرهاد پیرباڵ کەسایەتی ناسراوی کورد وەک کۆمێدیەکی تاڵ وایە. زۆر جار وتەکانی فەرهاد، تەنانەت شێعر و پەخشانەکانی، زیاتر لەوەی هەست ببزوێنێ و مرۆڤ گیرۆدەی ناوەرۆکی تێکستەکە بکات پێکەنین و بزە دەخاتە سەر لێوی خوێنەران و گوێگر و بینەران.

دەتوانم بڵێم فەرهاد وەک هەموو کوردێک هەڵقوڵاوی داب و نەریتی کوردەوارییە کە بەهۆی ژیان لە هەندەران ئەو نەریتە کوردەوارییانە تێکەڵاوی نەریتی رۆژئاوایی بووە و لە جیاتی ئەوەی شتێکی جوان بخەمڵێنێ دەژایەتی ساز کردووە کە هەر ئەو دژایەتیە بۆتە هۆی پێکەنینی هۆگران.

گەشەی بیری پیرباڵ کە لە هەندەران سەری هەڵداوە. کاتێک ئەو بیرە نوێیە لە گەڵ کەسایەتی ئەو کە لە ناو خێزان و کۆمەڵگای کوردەواری چێ بووە تێکەڵ دەبێت ئاساییە کە شتێک زیاتر لە دژایەتی ساز نەکات. دژایەتییەک کە تەنیا پێکەنین بۆ گوێگرانی و خوێنەرانی فەرهاد بە خەڵات دێنێ.

بە لای من تەنیا نۆستالۆژی کوردەواری هۆکاری سەرەکی گەرانەوەی پیرباڵ بۆ کوردستان بوە \" وەک خۆی باسی دەکات هەفتەیەک دوای تەواوکردنی دوکتۆراکەی لە زانکۆی سۆربۆن، لە بواری مێژوویئەدەبی نوێی کوردیدا گەراوەتەوە کوردستان و لە زانکۆی سەلاحەدین دامەزراوە \".

ئەو کە قۆڵی بۆ هەڵتەکاندنی ئەو نیزامە کۆنەی زاڵ بە سەر کۆمەڵگای کوردەواری هەڵ کردوە بەرهەمی بۆتە تەنیا پێکەنینی خەڵک.

بە رای من راستێکی حاشا هەڵنەگرە کە شێعر و وتەکان فەرهاد خاوەنی ناوەرۆکێکی قووڵە و ئاوێنەی خواستەکانی پیرباڵ لە کۆمەڵگا و مرۆڤە و بە هیوای رێفۆرم وتراون.

هەرچەند پیرباڵ لە نێو کورد ناسراوە و ناوبانگی ڕۆژەرێیەک رۆیوە، بەڵام شێعرەکانی بە یەک هۆ نەبوونەتە وێردی زمانی خەڵکی: چوونکە فەرهاد بە زمانی خەڵک شێعر ناڵێت. هەڵبەت ئەوە خاڵی قوەتی فەرهادە کە بۆ خۆیشی شانازی پێ دەکات.

فەرهاد یەکەمین نووسەری کوردە کە پۆست مۆدرنیسم لە نێو نوسراوەکانی سەری هەڵداوە و نیۆ ماتریالیسم لە زۆربەی کارەکانی دیارە.

فەرهاد پۆست مۆدرنیسمی تێکەڵاوی وشەی کوردی کردوە و خەمڵاندوویەتی و لە بەردەستی خەڵکی داناوە ئاخۆ لە کۆمەڵگایەک کە لە نێوان مۆدرمیتە و نەریت گیری خواردوە و هەنووکە نەیتوانیوە مۆدرنیتە پەسەند بکات و نەریت وەلا نێت، هەڵەیە ، چاوەروانی ئەوە بی لە پۆست مۆدرنیسمی ناوەرۆکی نوسراوەکانی فەرهاد تێ بگات و کارێکی لە خۆراییە و ئاکامەکەی تەنیا دەبێتە پێکەنین و گاڵتە جاری.

ئەوەی لە کەسایەتی فەرهاد سەرسوورهێنەرە و یەکجار زۆر جێی رەخنەیە ئەوەیە کە پیرباڵ تەنیا یەک رێگەی نەگرتۆتە بەر. ئەو بە دەیان ڕێگە و گۆرەپان و پیشە سەرقاڵە، لە نوسینی شانۆ دەست پێدەکات ، دەست دەکات بە لێکۆڵینەوە لە مۆسیقا، مێژووی کورد دەنوسێتەوە و رۆمان دەنوسێ، بە دەیان شێعر و پەخشان دەداتە دەر و وەک شاعیرێک دەردەکەوێ و لەو ئاخرانەش وەک هونەرمەندێکی شێوەکار دێتە گۆرەپانی شێوەکاری و ئێستاش کە فەرهاد کۆنسێرتێکی گۆرانی ساز کردوە و دەیهەوێ ئاڵبۆمێکی ئاواز و مۆسیقا بداتە دەرێ.

لەوانە سەیرتر ئەوەیە کە دەمێکە فەرهاد گیرودەی زمانی فارسی بووە و بە فارسی شێعر دەڵێت هەرچەند ئاستی زانینی زمانی فارسی لای ئەو زۆر کەمە و زۆر بە لاوازی فارسی دەزانێت و بۆتە قەشمەری، بەڵام وەک لاوازی نەقاشییەکانی سوورە لە سەر فارسی وتن.

لە نێو کەسایەتییەکانی ئەدەبی و فەرهەنگی کورد پیرباڵ کەسێکە بە سەر سەد شاخە پەریوە و هەموویانی بە ناتەواوی جێ هێشتوە.

ئەو قەت وەک کەسایەتێکی پرۆفشاناڵ هەڵسوکەوتی نەکردوە و بۆیە نیتوانیوە لە بابەتێکی تایبەتی ڕێ و شوێنێکی دیار بۆ خۆی بکاتەوە کە قسەی هەبێت بۆ کوتن.

فەرهادی شاعر، فەرهادی نوسەر،   فەرهادی لێکۆڵەر، فەرهادی رۆمان نووس، فەرهادی مۆسیقا ناس، فەرهادی مێژووناس، فەرهادی فیلەسۆف، فەرهادی مامۆستای زانکۆ و فەرهادی وێنەکێش و نەقاش و شێوەکار، فرهادی ڕوناک بیر و ڕەخنەگر و گۆرانی بێژ...

 ئەوەی راستی بێ لە هیچیان وەک کەسایەتێکی پرۆفشناڵ دەرنەکەوتووە چوونکە سوور نەبوە لە سەر پەرە پێدان و گەشە کردنی لە سەر یەک بوار و یەک بابەت.

پەڕینی فەرهاد بە سەر دەیان شاخەی ئەدەبی و کلتوری، و فارسی خوازی ئەو دواییانە، ئاخۆ ئاماژە بۆ نێوناگ خوازی ئەو کەسایەتیە نیە؟

ئاخۆ فەرهاد لە سەر پەرە پێدانی خۆی لە یەک بوار تێبکۆشێت قازانجی بۆ خۆی و کۆمەڵگا زیاتر نابێت؟