عەتا ڕەحمانزادە بە دانانی بارمتە لە گرتنگە ئازاد کرا
ڕۆژی دووشەممە ٦ی بەفرانبار، هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی "عەتا (شەماڵ) ڕەحمانزادە"، خەڵکی سەقز، پاش تەواوبوونی لێپرسینەوەکەی بە دانانی بارمتە لە گرتنگە ئازاد کرا.
ڕۆژی پێنجشەممە ۲ی ڕێبەندان، ئەو هاووڵاتییە، لە ناڕەزایەتی دەربڕین سەبارەت بە سووکایەتیکردنی دەنگ و ڕەنگی حکوومەتی ئێران بە جلوبەرگی کوردی، لە مەیدانی "هەڵۆ"ی سەقز بە جلوبەرگی کوردی ئامادە بووە کە لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە بە بێ بەڵگەی یاسایی دەسبەسەر کرابوو.
ئەو هاووڵاتییە کوردە، مانگی بانەمەڕی ۹۷، لە لقی ۱ی دادگای ئینقلابی سەقز بە تۆمەتی "پرۆپاگەندە دژی نیزام"، بە یەک ساڵ زیندانیی تەعزیری مەحکووم کرابوو و لە تۆمەتی "تێکدانی نەزمی گشتی"، بێتاوان ناسرابوو.
پاش ناڕەزایەتی دەربڕینی ئەو هاووڵاتییە کوردە بە حوکمە داسەپاوەکەی، ئەو حوکمە لە دادگای پێداچوونەوەی سنە، بە سێ مانگ زیندانیی تەعزیری گۆڕدرا و پشتڕاست کرابووە.
ڕۆژی پێنجشەممە ۲۷ی بەفرانباری ۹۷، عەتا ڕەحمانزادە بۆ تێپەڕاندنی حوکمەکەی، بۆ زیندانی ناوەندیی سەقز ڕاگوێزرابوو.
ئەو هاووڵاتییە کوردە، ٤ی ڕەزبەری ۹٦، پاش بەشداری لە کۆبوونەوەی پشتیوانی لە ڕێفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان دەسبەسەر کرا و ڕەوانەی گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سەقز کرابوو.
ناوبراو پاش یەک مانگ دەسبەسەری بە دانانی بارمتەی ۷۰ ملیۆن تمەنی لە زیندانی ناوەندیی سەقز بە شێوەی کاتی ئازاد کرابوو.