شێعری کاڵ: "تەماتە"ی رێبوار سیوەیلی وەک نموونە

20:51 - 2 گەلاوێژ 2713
Unknown Author
ئەسعەدی مەلا مستەفا

\"شیعر پەیامە\". ئەمە وتەی عەبدوڵڵا پەشێوە کە لە پێشەکی دیوانی برا کوژیدا نووسیویەتی.

بەر لە هەر شتێک شێعر دەبێ پەیامێک ببەخشێتە خوێنەر. ئەگەر شێعرێک بەتاڵبوو لە پەیام، زۆر بە دەگمەن لەژێر چەتری شیعردا جێی دەبێتەوە. شیعری \"تەماتە\"ی رێبوار سیوەیلی بەر لە هەر شتێک پەیامێکە دژی بە دیکتاتۆرکردنی وڵاتە؛ دژی خنکاندنی گەرووی ئازادە؛ دژی لەناوبردنی بنەماکانی سەربەستییە. من قسەم لەسەر پەیامی شیعرەکە نیە؛ بە بڕوای من، پەیامێکی زۆر جوان دەبەخشێتە خوێنەر، جا چ سیاسی بێت، یاخود کۆمەڵایەتی.

من سەرنجم هەیە لەسەر رستەسازی و ناوەرۆکی شێعرەکە کە تێیدا شاعیر سروشتی کردۆتە قوربانی لە پێناو گەیاندنی پەیامەکەیدا. دیارە ئەمەش بەرهەمی ئەو پەلەکردنەیە کە پەتی ئارامی شاعیری پساند و وایکرد دەستبەجێ رق و نارەزایی خۆی بخاتە سەر پەڕەو بیوەشێنێ، بێ ئەوەی چاوەڕێ بکات \"تەماتە\"ەکەی پێبگات ئینجا لێیبکاتەوە.

تەماتە وەک ناونیشان و کەرەستەی سەرەکی شێعرەکە بە کارهاتووە، ئەمەش لەوەوە سەرچاوەی گرتووە کە ناحەزانی ئازادی بە تەماتەو هێلکە هێرشیانکردە سەر دکتۆر کەمالی سەید قادر، کاندیدێکی هەڵبژاردنی ئایندەی سەرۆکایەتی هەرێم.

بۆچی شاعیر کەرەستەیەکی سروشتی بەکاردێنێ بۆ دژایەتی کردنی دیکتاتۆری؟ تەماتە یەکێکە لە سەرەکیترین و بەربڵاوترین ئەو بەرهەمە خۆراکیە سروشتیانەی کە مرۆڤ بەکاری دەهێنێت لە خواردنا، بۆ مانەوە لە ژیانداو رزگاربوون لە فەوتان. واتە تەماتە وەک بەرهەمێکی سروشتی دەبێتە چەکێک بۆ مرۆڤ تا بمێنێتەوە لە ژیاندا، بەڵام لەم شیعرەدا شاعیر \"تەماتە\"ی وەک بەرهەمێکی خۆراکی بێ نرخ بەکارهێناووە:\" تازه ‌ئه‌ویش خۆیدایه‌ده‌ست، ژەنگ و ده‌روونی ڕقاوی.\" ناگونجێت تەماتە خۆی بداتە دەستی \"رق و ژەنگ و دەروونی رقاوی\" چونکە خۆی لە بنەرەتدا کەرەستەیەکە بۆ جوانی دەستدەدات. کەم تا زۆر پەیوەندی بە تەماتەکەوە نیە، بەڵکو ئازادی کوژەکان بەتۆپزی تەماتەیان بەکارهێناووە. کەواتە، بەکارهێنانی تەکنیکی \"گیان بەبەرداکردن\" (Anthropomorphism) کە یەکێکە لە ئامرازە گرنگەکانی رەوانبێژی بۆ مەبەستێکی نەشیاو بەکارهاتووە. واتە، شاعیر هەربەتۆپزی تەماتە دەکاتە \"هاوبەشی تاوانەکە\"، ئەمەش نارەوایە.

هەروەها، تێگەیشتنی رێبوار سیوەیلی وەک شاعیر لەو تەماتە بارانکردنە جێی سەرنجە، چونکە لەجیاتی ئەوەی بەشی زۆری شیعرەکە تەرخانبکات بۆ ئەنجامدەرانی تاوانەکە، تەماتەکە تاوانباردەکات؛ هەر بە تۆپزی تەماتەی کردۆتە چەکێک لە کوشتنی \" ئازادی\"دا.

لەبەرئەوەی \"تازە خۆی دایە دەستی رق و ژەنگ و دەروونی رقاوی\" ئیدی چی تر ناگونجێ بەکاربێت وەک کەرەستەیەکی ئەرێی و ئیستاتیکی لە ووێژەدا، چونکە لە رووداوێکی وەک ئەوەی دکتۆر کەمالی سەید قادردا بەژداربووە. کەواتە تۆ دێیت بە تۆپزی جوانی رەگ داکوتاوی چەند هەزار ساڵ تەمەنی تەماتە لە رەگ و ریشەوە دەردێنیت و مانایەکی تری پێ دەبەخشیت. ئەمەش کارێکی زێدە مەترسیدارە بۆ شاعیر.

بەشی دووەمی شێعرەکە تەواو شیکردنەوەکەی من دەسەلمێنێت، کە دەڵێت:
كه‌مردم ته‌ماته‌م تێگرن،
یان به‌ته‌ماته‌بمكوژن!
بامنیش بچمه‌پاڵ ده‌نگێ
كه‌پڕ پڕه‌له‌ئازادی..

لێرەدا تەماتە وەک کەرەستەیەکی ئەرێی بەکارهاتووە؛ واتە شاعیر شانازی دەکات بەوەی بە تەماتەتێگرتن \"بکوژرێت\"، چونکە تامەزرۆیە بچێتە پاڵ \"دەنگێک کە پڕ پڕە لە ئازادی\". وەلێ لە کۆتاییدا نەفرەت دەکات لە \"هاویشتن\" و بە کارێکی \"شەرمەزارکەر\"ی ناودەبات، ئەمەش دژیەکەو شاعیر خۆی خۆی رەتدەکاتەوە:
هاویشتن شه‌رمه‌زارییه‌،
له‌پێناوی هه‌ر شتێكدا
پیاكێشانم په‌سه‌ند نیه‌،
من ڕووخسارم فێری كردووم،
وشه‌بكه‌مه‌په‌یوه‌ندی.

جگە لەوەی پێچەوانەی بەشەکەی پێشوو دەنووسێت کە تیایدا \"کوژران\" بە تەماتە دەکاتە کارێکی پیرۆز، کرداری \"هاویشتن\" بە گشتی سەرزەنشتدەکات. واتە، رەگەزێکی تری رەوانبێژی کە \"زیادەرەویە\" (hyperbole) بە نارەوا بەکارهاتووە , ئەمەش توانای شیعری شاعیر دەخاتە ژێر پرسیارەوە. بۆ نمونە، تۆ ناتوانی \"فیشەک هاویشتن\" سەرزەنشت بکەیت ئەگەر بۆ سەندنی مافی رەوای میللەتێکی چەوساووە بێت. روونتر قسەبکەین، ناکرێ مێژووی کوردایەتی کەرەتی سفر بکەین \"چونکە کرداری \"هاویشتن\"ی تیادا بەکارهاتووە، وەک فیشەک تەقاندن کە بەشێكە لە کرداری \"هاویشتن\". هەروەها، دەکرێت \"هاویشتن\" بۆ دەیان چالاکی ئەرێی تری دوور لە مەترسی گیانی بۆسەر مرۆڤ بەکاربهێنرێت وەک \"راوکردن\"، \"نیشانەگرتنەوە\"، \"یاریکردن\". کێشەکە لێرەدایە.

شاعیر بەبیستنی ئەو رووداووە تەواو پەشۆکاو بووە بە شێوەیەک کە چاوی هیچ شتێكی تر نەبینێت؛ پەلەی کردووە لە دەربڕینی هەست و سۆزی شاعیریدا. راستە پەیامی شێعرەکەی لە جێی خۆیدایە، بەڵام دەکرا کەمێک ئارامی بگرتایەو پاکنووسێکی بکردایە تا شێعرێکی کامڵتر لەدایکبووایە.

لە کۆتاییدا، ئایا شێعر ئەوەندە بێ نرخە کە لە چەند ساتێکی کەمدا بنووسرێت و رەگەزو تەکنیکە شێعریەکان فەرامۆشبکرێن؟ ئایا شێعرنووسین دەکرێ بێ هەڵەچنی و پاکنووسکردن بڵاوبکرێتەوە؟ ئایا ئەمە بێ نرخکردنی شێعر نییە؟ کەس گومانی لە تواناو هەستە ناسکیەکانی رێبوار سیوەیلیدا نییە، بەڵەم ئێستا ئەم شێعرە ماڵە بەسەریەوە؛ ناکرێت ئەم شێعرەی لەرووی توانای شێعریەوە بچوێنین بە شێعرەکانی تری وەک \"قەسیدەی زمانی عەشق و زەمەنی ئەنفال\". دەکرێت وەک شیعرێکی لاواز لەرووی تواناو تەکنیکی رەوانبێژیەوە هەژماربکرێت. بە بڕوای من \"تەماتە\"ەکەی رێبوار سیوەیلی تەماتەیەکی کاڵە لە نێو باخێکی جوان و پێگەیشتووی تەماتەکانی تریدا.