شل و تووندکردن لەگەڵ ئێران وەڵامدەر نییە، جەنابی سەرۆک

20:15 - 22 خەرمانان 2714
Unknown Author
ن: جێنیفێر رۆبین- واشنگتن پۆست

و: مەنسوور پیرۆتی


پوان بدە، کاتێک پوان­دان کارێکی شیاوە. لە حاڵێکدا کە هەموو سەرنجەکان، تەرکیزیان لەسەر هەڕەشەی دەوڵەتی ئیسلامی­یە و ژمارەیەک چاوەدێر بەرگری لە هاوپەیمانێتی­یەکی پەراوێزی لەگەڵ ئێران دەکەن، ئەوە \"هێنری کیسینجێر\"ە وەبیرمان دەهێنێتەوە کە:
\"لە ئێستادا، چەشنێک کەوانەی شیعە لە تاران، بەغدا تا بەیروت دروست بووە؛ و ئەوە، دەرفەتی دامەزراندنەوەی ئیمپڕاتۆری لەمێژینەی فارس، ئەو جارە بە مارکی شیعە، بۆ ئێران دەڕەخسێنێ. لە روانگەی ژێئۆستراتێژیک، من ئێران بە هەڕەشەیەکی جیددی­تر لە داعش دەبینم. دەوڵەتی ئیسلامی عێراق و شام، گروپێکی سەر بە گێچەڵ، بە ئیدئۆلۆژی­یەکی هێرشبەرانە و زێدەخوازانەیە. بەڵام، ئەوان بەر لەوەی کە ببنە راستی­یەکی دایمی ژێئۆستراتێژیک، دەبێ ناوچەی زیاتر و زیاتر بخەنە ژێر رکێفی خۆیان. من لەسەر ئەو باوەڕەم کە پێکدادان لەگەڵ داعش –بەو گرینگیەتی­یەی کە هەیەتی- زۆر کۆنترۆڵ­کراوتر لە رووبەڕووبوونەوە لەگەڵ ئێرانە\".

راستی­یەکەی ئەوەیە کە داعش مۆرەیەکی بەردەست­ترە، تا جەنابی سەرۆک، جەخت لەسەر رێبەرایەتی خۆی بکاتەوە و بەرامبەریان دژکردەوە نیشان بدا.

بە سەرنجدان بە هەوڵی بەردەوامی تاران بۆ دەست­وپێڕاگەیشتن بە چەکی ناوکی، دەستێوەردان لە کاروباری عێراق، پشتیوانی­کردن لە گروپە تێرۆریستی­یەکانی سەرتاسەری جیهان و یەک لەوان حەماس، یارمەتیدانی شێلگیرانەی \"قەسابی دەمێشق\"، یان سیاسەتی پەراوێزخستنی درواسێ سوننەکانی لە ناوچە، کۆماری ئیسلامی ئێران مەترسی­یەکی گەورەیە بۆ سەر ناوچە بە گشتی و ئیسرائیل بە تایبەتی­. باڵوێزی پێشووی ئەمریکا لە عێراق \"رایان کراکێر\"، هۆشداری دەدا کە:
\" ئێمە دەبی لە هەر شێوە هاوپەیمانێتی­یەک لەگەڵ ئێران و گروپە نیزامی­یە تووندڕەوەکانی سەر بەو وڵاتە خۆ بپارێزین. بەپێچەوانە، لەگەڵ لادانی زیاتری لایەنە سوننەکانی عێراق رووبەڕوو دەبینەوە، کە تا ئێستاش لە دەرەنجامی سیاسەتە فێرقەگەرایانەکانی سەرۆک وەزیرانی پێشوو نوری ئەلمالیکی زۆر ناڕازین. جگە لەوە، ئەو سیاسەتە، پێوەندی­یەکانی ئەمریکا و لایەنە سیاسی­یەکانی سەرەکی ناوچە وەکوو عەرەبستانی سعودی تووشی کێشە دەکا. بە هەمان شێوە، پێویستە ئێمە لە ناردنی ئەو سیگناڵە بۆ جیهانی دەرەوە خۆ بپارێزین کە عەمەلیاتی سەربازی لە سوریە، بە مەبەستی پشتیوانی­کردن لە رێژیمی بەشار ئەسەد لەبەر چاو گیراوە\".

راستی­یەکی حاشاهەڵنەگرە، کە بە لەبەرچاو گرتنی سیستمی سیاسی کۆماری ئیسلامی و رۆڵی ئێران لە ناوچە، هاوکاریکردنی ئەو وڵاتە لە رووبەڕووبوونەوە لەگەڵ مەترسی گروپی تێرۆریستی دەوڵەتی ئیسلامی، سیاسەتێکی مایەپووچ و بێ­سوود دەبێ و واشنگتن، لە رووبەڕووبوونەوە لەگەڵ مەترسی زۆر گەورەتر، واتا هەڕەشەی ئێرانێکی تەیار بە چەکی ناوکی، دەستەوەستان دەمێنێتەوە. نیگەرانی و دڵەڕاوکێی واشنگتن دەبی دوو رەهەندی بێ. لەپێناو گەیشتن بە رێککەوتننامەیەکی ناوکی لەگەڵ تاران ( کە پێدەچی ئامادەی پاشەکشە لە پرۆگرامی ناوکی­یەکەی بێ)، ناتوانین ئیزن بدەین کە ئێران ببێتە داشەهارەی ناوچە و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست کۆنترۆڵ بکا. راوێژکاری پێشوو و رەخنەگری ئێستای کابینەی ئۆباما، \"دێنیس راس\"، مانگی ژوئەنی پێشوو، ئاماژەی بەوە کرد کە:
\" هەر دوو لایەن، واتا ئیسرائیلی­یەکان و وڵاتانی عەرەبی هاوپەیمانی ئەمریکا لەسەر ئەو باوەڕەن، کە ئێمە تامەزرۆی گەیشتن بە رێککەوتننامەیەکی ناوکین، و بەو پێیە لێدوانەکانی واشنگتن لە چوارچێوەی ئەو ستراتێژی­یە کە \"نەگەیشتن بە رێککەوتن، لە گەیشتن بە رێککەوتنێکی لاواز و بێ­ئاکام باشترە\"، زۆر بە جیددی وەرناگرن. ئەوان، بینەری حەولە بەردەوامەکانی ئێران بۆ گۆڕینی هاوسەنگی هێز لە ناوچەن و، و بمانهەوێ یان نەمانهەوێ، ئەو سیگناڵەیان پێ­گەیشتووە کە ئێمە خۆمان بۆ کێبڕکێ لەگەڵ ئێران و هاوپەیمانەکانی ئامادە کردووە، هەر بە هەمان شێوە کە بۆخۆشیان کاریان بۆ کردووە. ئەو شێوە سیاسەتە، هاوپەیمانانی ناوچەیی واشنگتن بەو قەناعەتە دەگەیەنێ کە ئێمە، گەیشتن بە رێککەوتننامەیەکی ناوکی لەگەڵ تاران­مان بە چاوپۆشی لێکردن لە رەفتاری ئێران لە ناوچە بەستۆتەوە. ئیستدلالی فەرمی کۆشکی سپی لەمەڕ جیابوونی بابەتی ناوکی، لە هەڕەشە و کێشەخوڵقاندنەکانی تری ئێران لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ناوچە بە گشتی، نەیتوانیوە ئەو باوەڕە زاڵەی وڵاتانی هاوپەیمانی ئەمریکا بڕەوێنێتەوە کە لە روانگەی واشنگتن، گەیشتن بە سازان و رێککەوتنی ناوکی لەگەڵ تاران، کارتی براوەی ئەمریکا و کلیلی چارەسەری هەموو کێشە و بابەتەکانی ترە.

بە کورتی دەکرێ بڵەین کە سەرۆک ئۆباما، خراپترین سێناریۆکانی رووبەڕووی جیهان کردۆتەوە. ئیسرائیل و هاوپەیمانانی سوننەی ئێمە چی­تر باوەڕمان پێ­ناکەن. ئێران باوەڕ ناکا کە ئێمە سوورین لەسەر بەربەست­کردنی رەوتی زێدەخوازی­یەکانی ئێران لە پرۆگرامی ناوکی و پاشەکشە پێکردن بە مەترسی روولەزیاد بوونی دەوڵەتی ئیسلامی.

ئەوە تەقریبەن جێی سەرسووڕمانە کە هەموو بەرپرسانی فەرمی وڵاتە یەکگرتووەکان، لە درێژەپێدان بە رەوتی گرژی­سڕینەوە لەگەڵ ئێران،بەرژەوەندی گرینگبۆ ئەمریکا دەبینن. راوێژکاری پێشووی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیی، \"ئەلیۆت ئابرامز\" ئەم تێڕوانینە بەو شێوە شی دەکاتەوە: \" ئێرانی­یەکان، خراپترینەکان بۆ ئێمە بە ئاوات دەخوازن. ئێرانی­یەکان، لە رۆڵگێڕانی ئەمریکا لە عێراق ناڕازین، و لەراستیدا خوازیاری کۆنترۆڵ­کردنی عێراقن. ئایەتوڵلا خامەنەیی لە وڵاتە یەکرتووەکان بێزارە و ئێرانی­یەکان دوژمنی وڵاتە یەکگرتووەکانن. ئەوەیە رێبازی کۆماری ئیسلامی.\" جگە لەوە، ئەوان لەشوێن سڕینەوەی ئیسرائیڵ لەسەر نەخشەی جیهانن و بۆ ئەو مەبەستە لە گروپە تێرۆریستی­یەکانی سەرتاسەری جیهان کەڵک وەردەگرن. هەوڵەکانی واشنگتن بۆ راکێشانی سەرنج و یان میانەڕەوکردنی رەفتارەکانی ئێران، ئاکامێکی جگە لە بەهێزتربوونی دوژمنی سەرەکی ئێمە، واتا ئێران، و کەوتنەمەترسی نزیکترین هاوپەیمانەکانمان لە ناوچە نابێت.

ئەوە تەنیا میسری­یەکان نین، کە باوەشی ئۆبامایان بۆ حکومەتی \"ئیخوان المسلمین\" بینی و ئێستا بە گومانەوە سەیری هەوڵەکانی ئۆباما بۆ پێکهاتن لەگەڵ ئێرانن. \"مایکل دۆران\" لە ئەنستیتوی بروکینگز نووسیویەتی:\" سەرۆک ئۆباما، لە خولیای گەیشتن بە سازانێکی مێژوویی لەگەڵ ئێران دایە. تەعقیب­کردن و هەوڵدان بۆ گەیشتن بەم سازانە، رەهەندی سەرەکی ستراتێژی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی کۆشکی سپی پێک­دەهێنێ. دەستەبەرکردنی ئەو ئامانجە، خاوەن گرینگی­یەکی تایبەتە و هەر بابەتێکی تر بە بەراورد بەو بابەتە، پەراوێزی و بێ­بایەخ دەبینرێ.

گەیشتن بەو سازانە، بە واتای دۆزینەوەی چارەسەر بۆ بەشێکی بەرچاوی کێشەکانی بەردەم سیاسەت­وەرزی ئەمریکا لە ناوچەیە، تەنانەت لەو بابەتانەی کە بە رواڵەت ناپێوەندیدار بەو ستراتێژی­یە سەرەکی­یەن، بۆ نمونە ئاگربڕی نێوان ئیسرائیل و حەماس\". دۆران، ئاماژە بەوە دەکا کە:
\"جێی سەرسووڕمان نییە کە سیاسەتەکانی ئۆباما لەرزۆک و ناجێگیرن. ئیمکانی سەرکەوتن لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەبێ بوونی هاوبەشی ناوچەیی زۆر مەحاڵە، و تا کاتێک کە ئەمریکا کار بۆ بەهێزبوونی ئێران و هاوپەیمانەکانی( کە لە هەر دەرفەتێکی شیاو، بۆ دەربڕینی بێزاری خۆیان لە ئەمریکا و سیاسەتەکانی کەڵک وەردەگرن. ) بکا، هاوپەیمانە نەریتی­یەکانی ئەمریکا پشتیوانی لە گەڵاڵەکانی واشنگتن ناکەن. ئەو دۆخە، ورووژێنەری پرسیارێکی سەرەکی­یە: کاتێک کە لە نەهایەتدا ئەو بابەتە دەردەکەوێ کە سیاسەتەکانی سەرۆک هیچکات وەڵامدەر نابن و تەنیا ئاستی تووندوتیژی­یەکان و رەشەکوژی و کوشتارەکان بەربڵاوتر دەکا، ئایا سەرۆک ئۆباما پاشگەز دەبێتەوە و رەوتێکی پێچەوانە دەگرێتەبەر؟ \"

کۆمەڵێک نیشانەی گرینگمان چوارشەممە شەوبۆ دەرکەوت. بەڵام، بە ئاشکرایی، تێوەگلاندنی هاوپەیمانە راستەقینەکانی ئێمە (بۆ نمونە میسر)، بەکارهێنانی هێزی سەربازی بە دژی دەوڵەتی ئیسلامی، یارمەتیدانی کوردان و عێراقی­یەکان بۆ شکست­دانی دەوڵەتی ئیسلامی و هەوڵدان بۆ رێکخستنەوەی عەشیرەتەکانی عەرەبی سوننە بۆ بەرەنگاربوونەوە و پاشەکشەپێکردن بە داعش، هیچ پێویستی­یەکیان بە پێکهێنانی هاوپەیمانێتی لەگەڵ ئێران نییە. بەپێچەوانە، ئێمە دەبینە رێگەخۆشکەر بۆ ئەوەی ئێران زێدەخوازی­یە ناوکی­یەکانی درێژەپێبدا، چەکوچۆڵ و تەسلیحات رەوانەی ناوچە جیاجیاکان بکا و هەوڵی کۆنترۆڵ­کردنی عێراق بدا، کە لە ئاکامدا دوورکەوتنەوەی هاوپەیمانە سوننەکانی ئەمریکا لە گوتار و گەڵاڵەکانی واشنگتنی لێدەکەوێتەوە. سپاس بۆ سیاسەتی دەرەکی ئۆباما-کلینتۆن-کێری؛ ئێمە ئێستا دوو دوژمنی مەترسیدارمان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەیە – بەرەی ئێران و هاوپەیمانەکانی و دەوڵەتی ئیسلامی عێراق و شام. پێویستە واشنگتن رووبەڕووی هەردووکیان بێتەوە، نەک ئەوەی کە بەرامبەر یەکیان بوەستێو دەست لەوی تریان بشواتەوە.