شادی کوردیلەکانمان .. شادی گەلەکەمانە

17:32 - 9 رەزبەر 2713
Unknown Author
رەزا شوان

بێگومان هەموو دایکان و باوکان، لە ناخی دڵیانەوە، هیواخوازی ئەوەن، کە جگەرگۆشەکانیان بە ئەوپەڕی شادی و کامەرانییەوە بژین .. ژیانیان پڕبێت لە خۆشی و لە خۆشەویستی .. لە هیوا و لە خەونی شیرین و سەوز ، لە خەندە و لە پێکەنین .

دایکان و باوکان، بێ ئەوەی بیر لەژیانی خۆیان بکەنەوە، بێ ئەوەی ژیانی سەختی رابردووی خۆیان بێنەوە بەرچاو .. بە ئەوپەڕی توانایانەوە هەوڵی ئەوە دەدەن، کە منداڵەکانیان بەختەوەر و شاد بکەن .. بە باشی و دروستی گەورەیان بکەن .. تا بتوانن ببن بە کەسانێکی ئاسایی و لەگەڵ دەوروبەرەکانیاندا بسازێن و بە باشی و دروستی و سەردەمیانە رەفتاربکەن .. بێ ئەوەی هیچ گرێ و گرفتێکی دەروونی و رق و کینە و بوغز لە دڵە پاک و قنجەکانیاندا شوێنیان هەبێت .. دایکان و باوکان بۆ هێنانەدیی ئەم ئامانجە پیرۆزەیان .. ئامادەی ئەوەن لە پێناوی شادی و کامەرانی و خۆشگوزەرانیی منداڵەکانیان .. قوربانی بە خۆشی و بە ژیانی خۆشیان بدەن .

هەموومان ئەوە دەزانین، کە کوردیلە چاوگەشەکانی ئەمڕۆمانن، کە دەبنە تاک و بە کۆمەڵی کۆمەڵگای کوردیمان .. تا زیاتر بە دروستی و شیاوی رەفتاریان لەگەڵدا بکەین .. تا زیاتر پێویستی و پێداویستییەکانی گەشەکردنیان جێبەجێ بکەین .. تا زیاتر هۆکانی شادی و خۆشیان بۆ دابین بکەین .. تا زیاتر هاوکار و پاڵپشتی گەشەکردنی بەهرە و خولیاکانیان ببین ..تا زیاتر رێز لە بیر و را و لە بۆچوونەکانیان بگرین .. تا زیاتریش ئازادی و سەرفرازیان پێببەخشین، زیاتر بە نەرم و نیانی و رووخۆشی و بزە و پێکەنینەوە لە ئامێزیان بگرین .. ئەگەر سۆز و خۆشەویستیی زیاتریان پێ ببەخشین .. زەمینەیەکی ئەوتۆیان بۆ بڕەخسێنین ، کە زیاتر بە هێمنی و ئاشتی و بە ئاسوودەیی و دڵنیاییەوە بژین .. تا زیاتر .. و .. زیاتر ... هتد .

منداڵەکانمان زیاتر بڕوا و متمانەمان پێدەکەن و .. زیاتریش دڵنیا دەبن لە دڵسۆزی و لە خۆشەویستیمان بۆیان ..ئێمەش دڵنیا دەبین ، کە لە داهاتوودا دەبنە تاک و کۆمەڵی کۆمەڵگایەکی کوردیی دروست و تەبا .. کەواتە چۆنییەتی گۆشکردن و پەروەردەکردن ، چۆنییەتی رەفتارکردن لەگەڵ منداڵانی ئەمڕۆدا .. بە باشی و دروستی یان بە خراپی و سەقەتی، کاریگەری و رەنگدانەوەیان لەسەر ئەمڕۆی کوردیلەکانمان و .. لە داهاتووی گەل و نیشتمانەکەمان دەبێت .. لەم روانگەیەوە، چارەنووس و داهاتووی کورد و کوردستان .. بەندە بە رادەی چۆنییەتی پەروەردەکرن و رێنمایی وئاراستەکردن و ئامادەکردن یمنداڵە چاوگەشەکانی ئەمڕۆمانەوە .. کورد وتەنیش : \" چی بچێنین .. ئەوە دەدوورینەوە \"
تا زیاتریش دایکان و باوکان، وریا و شارەزابن، تا لەسەرخۆتر و دڵفراوانتربن .. بە خۆشەویستی و دروستییەوە، مامەڵە و هەڵسوکەوت لەگەڵ هەڵەکانی منداڵەکانیاندا بکەن ، تا زیاتر لە سروشت و لە سیماکانی قۆناغەکانی ژیانی منداڵێتی بگەن .. ئەوەش بزانن کە خواست و پێویستییەکانی منداڵانی ئەمڕۆ .. هەمان خواست و پێداویستییەکانی نەوەی پێشتریان نین .. یا بڵێین وەکو ئێمەی گەورە نین .. منداڵانی ئەمڕۆمان منداڵانی سەردەمی تەکنۆلۆژیای تازە و داهێنانی سەیر و سەمەرە وجیهانگیرین .. بۆیە خەون و خواست و پێویستییەکانیان لەگەڵ منداڵانی پێش خۆیاندا جیاوازن .. پێویستە دایکان و باوکانی ئەمڕۆمانئەو راستییانە لەبەرچاوبگرن ،نابێ کۆنەپەرست و رابردووخواز بن .. نابێت شیوازی پەروەردە و گۆشکردنی کلیشەداری رابردوو دووبارە بکەنەوە .

دایکانی میهرەبان و باوکانی دڵسۆز، وا تێ مەگەن کە شادی منداڵەکانتان، تەنها بە پارە و سامان و بە جلوبەرگی ئاڵاواڵای جوان و بە خواردنی خۆش و بە پاک و تەمیزی و ، بە دابین کردنی بابەتی سەیر و سەمەرەی یاری کردن و ، بە رازانەوەی ژووري جوان .. دێتە دی. شادی شتێکی ماددی نییە، کە وەکو دیارییەکی قەشەنگی جوان پێچراوە پێشکەشی منداڵەکانتانی بکەن .. شادی پێویستییەکی دەروونی و رووحی منداڵانە .. شادی کليلی ژیانێکی خۆشە .. شادی بە پارە و بە هەموو زێڕ و زیوی دنیا نایەتە دی .. چونکە لە زێڕ و زیویش زۆر گرنگتر و بەنرخترە .. دەبێ ئەوەش بزانین کە شادی لە ئاسمانەوە نابارێت .. بەڵکو ئێمە لە زەویدا دەیڕوێنین و بەرهەمی دێنین .. ( جیان پاول)دەڵێ : \" شادی باڵەکانمانن .. ناخۆشیش شوێن پێیەکانمانن .. \"
رووخۆشی و کرانەوە و زەردەخەنە و پێکەنینی منداڵان .. گرژی و گریان و تۆران و گۆشەگیریی منداڵان .. ئەم دیاردانە رەنگدانەوەی شتە شاراوەکانی ناخی دڵ و دەروونی منداڵانن .. دەشێ منداڵان بە زەردەخەنەی ناسکیان ، بە رووخۆشیان ، بە چاوەکانیان ، بەچەپڵەلێدان ..بە هەڵبەزینەوەیان.. گوزارشت لە شادی و خۆشیی خۆیان بکەن .

چۆن دەتوانین منداڵەکانمان شاد بکەین ؟

( یەکەم ): گرنگترین هۆی شادی کردنی منداڵەکانمان ، ئەوەیە کە پێویستە ئەوپەڕی خۆشەویستییان پي ببەخشین .. بە تایبەتیش خۆشەویستی لەلایەن دایکان و باوکانەوە .. هەر ئەوەش بەس نییە، کە لە ناخی دڵمانەوە خۆشیانمان بوێت .. بەڵکو پیویستە بە وشەی باش وجوان و بە رستەی شیرین ، بە لە ئامێزگرتنیان ، بە ماچ کردنیان ، بە دەستهێنان بە سەریاندا .. خۆشەویستی و دڵسۆزی و سۆزی خۆمانیان بۆ دەربڕین و ئاشکرای بکەین .. دەربڕینی رووبەڕووی سۆز و خۆشەویستیمان، کاریگەرییەکی گرنگی لەسەر منداڵەکانمان هەیە ..

منداڵەکانمان هەست بەوە دەکەن، کە بە راستی خۆشیانمان دەوێن و شیرینن لەدڵماندا .. ئەم گوزارشتکردنەمان ، وا لە منداڵەکانمان دەکات خۆیان و کەسانی تریشیان خۆشبوێ ..ئەم خۆشەویستییەش لەگەڵیدا گەورە دەبێت. ( دیگۆن راسکن ) دەڵێ : \" گەر کەمێک خۆشەویستی بە منداڵەکەت ببەخشیت .. لە پاداشتی ئەم خۆشەویستییەت سوودێکی زۆرت پێدەگات .. \"

( دووەم ) هۆیەکی گرنگی تری شادی منداڵان .. تەبایی و پێکەوسازانی ئەندامانی خێزانە .. بە تایبەتیش خۆشەویستی و پەیوەندی باشی نێوان دایکان و باوکان ..خێزان بەردی بناغە و بچووکترین یەکەی کۆمەڵایەتییە .. ماڵیش یەکەمین ژینگە و یەکەمین قوتابخانەی منداڵانە .. بۆیە چۆنییەتی پەیوەندی و رەفتار و دوان و هەڵسوکەوتی نێوان ئەندامانی خێزان، بە باشی یا خراپی کاریگەریان لەسەر ژیانی ئەمڕۆ و ، لە داهاتووی منداڵان دەبێت .. کاریگەرییان لەسەر شادی و ناشادییان دەبێت .. تا دایکان و باوکان زیاتر تەبا بن و یەکتریان خۆشبوێ و ، رێز لەیەکتری بگرن ..بە رووخۆشی و گەشی و زەدەخەنەوە پێشوازی لە یەکتری بکەن .. دوو هێندەش منداڵەکانیان هەست بە شادی و خۆشی و کامەرانی دەکەن ، هەست بە ئارامی و دڵنیایی و ئاسوودەیی دەکەن .. هەست بەوە دەکەن، کە لە سایەی خۆشەویستی و نازی دایکان و باوکانێکی رێک و تەبادا بە شادی دەژین .. کەواتە دایکان و باوکان، پێویستە ئەم هۆیە گرنگە لە بەرچاو بگرن.

( نووسەری ئەم بابەتە : لە ساڵی ـ ١٩٨٥ـ دا، کە مامۆستا بووم ، لە قوتــــابخانەی تێکەڵاوی (عائیشە)، لە گەڕەکی رەحیماوە لە شاری کەرکوک-ی کوردستان ، وانەی بیرکاریم بە پۆلی شەشەم دەوتەوە و، ڕابەری ئەو پۆلەش بووم .. یەکێک لە کچە قوتابییەکانم کە ناوی ( نیان) بوو ، تا بڵێی کچێکی جوان و ژیر و سەلار و زیرەک و هێمن بوو ،بەڵام هەميشە کز و مات و مەلوول و گۆشەگیر بوو، لە دەموچاویدا ، لە قووڵی هەناسەکانیدا، لە کەم دووییدا، بۆ ئەوە دەچووم کە نیان خەمێکی گەورە لە ناخی دڵیدا پەنگاوەتەوە و دەری نابڕێت .. رۆژێک لە پۆلدا پسوولەی قوتابخانە ـ البطاقةالمدرسیة ـ ی قوتابییەکانی پۆلەکەم پڕ دەکردەوەکە ساڵانە، لە نزیک کۆتایی ساڵی خوێندندا پڕ دەکرایەوە، بێجگە لە کۆمەڵێک زانیاری و سەرنج و تێبینی مامۆستای رابەر دەربارەی هەر قوتابییەک، کە بە نهێنی پڕمان دەکردەوە ، هەچ گۆڕانێکیش لە باری خێزانیدا لەو ساڵەدا گۆڕانیان بەسەر بهاتایە ، بە ئاشکرایی لە قوتابییەکانمان دەپرسی و تۆمار دەکرد .. ئەوانەی کە ـ مامۆستان ـ دەزانن ئەو زانیاریان چی بوون لە ( پسوولەی قوتابخانە) دا هەبوون، ئێستا نەماوە .. (نیان)لە سەرەتای ساڵەوە لە بەغداوە گەرابوونەوە بۆ کەرکوک، کە گەیشتمە سەر پڕکردنەوەی پسوولەکەی ئەو ، لێم پرسی : باوکت لە ژیاندایە ؟ نیان وەڵامی دامەوە : \" باوکم مردووە \" کە لەوە پێشتر نووسرابوو(زیندووە) منیش رەشم کردووە و نووسیم ( مردووە ) کە زەنگی کۆتایی وانە لێدرا و پۆلم بەجێهێشت، نیان بە دوامدا هات .. رەنگی زەرد ببوو.. پێی گوتم: \" مامۆستا ئەگەر کاتت هەیە حەزدەکەم ، دووبەدوو کەمێ قسەت بۆ بکەم \"
پێکەوە چووین لە ژووری وێنەکێشان دانیشتین، نیان زۆر بەکۆڵ دەستی بە گریان کرد و چاوە گەشەکانی لە فرمێسکدا نوقم بوون .. لێتانی ناشارمەوە منیش بەبێ ئەوەی بزانم کە کێشەی نیان چییە، چاوەکانم پڕبوون لە فرمێسک، زانیم کە نیان کێشەیەکی گەورەی هەیە .. پێیم گوت نیان : \" من بە برا گەورەی خۆت دانێ، تۆ هەر قوتابیم نیت، بە خوشکی خۆمت دەزانم ..کێشەکەت چییە؟ بۆ دەگری...؟ بەڵێن بێ، بە ئەو پەڕی توانامەوە یارمەتیت دەدەم ، نهێنییەکەشت دەپارێزم .. مەگری و قسەم بۆ بکە ؟ \" فرمێسکەکانی نیانم سڕی .. دوای ماوەیەکی گریان، بەدەم هەنیسک دانەوە .. نیان گوتی : \" مامۆستا .. منیش نەک هەر مامۆستامی .. لە برایەک زیاتر خۆشتم دەوێی .. من درۆم کرد و ، باوکم نەمردووە .. خۆزگە بمردایە .. باوکم پیاوێکی شەڕانی ، دڵڕەق، بێ بەزەیی ، گۆماناوی ، ئيش نەکەر .. دڵپیس ، جوێن پیس ، ماڵمانی کردبوو بە دۆزەخ .. رۆژ نەبوو تێر و پڕ لە دایکم نەدات، هەر رۆژەی بیانوویەکی پێ دەگرت .. بڕوا ناکەم لە دنیادا ژنێک هەبێت .. هێندە دایکم دڵی گەورە بێت و، بەرگەی ئەو هەموو ناهەقی و ستەمە بگرێت .... رۆژێک هاوڕێیەکی باوکم هات بۆ ماڵمان ، بۆ لای باوکم هاتبوو، هاوڕێی خواردنەوەی بوو ، لەوە پێشیش چەند جارێک، لەگەڵ باوکمدا هاتبوو بۆ ماڵمان، کورد بوو ، دایکیشم فەرمووی لێکرد ..دانیشە لەوانەیە پاش کەمێکی تر بێتەوە .. کە باوکم هاتەوە و چاوی بە هاوڕێکەی کەوت .. دڵی لە دایکم پيس کرد .. هێندەی تر ماڵمان بوو بە ئاگر و دۆزەخ .. کەس وەکو دایکم و منی بەسەرنەیات .. زۆر جار بەبێ هۆ لەگەڵ دایکمدا تێر لە منیشی دەدا .. تا ساڵی پار باوکم هاوڕێکەی کوشت، دادگا بڕیاری بیست ساڵ بەندکردنی‌دا ، ئێمەش هاتینەوە بۆ کەرکوک، من و دایکم لەگەڵ نەنکم لە ماڵی خاڵمدا دەژین .. جا مامۆستا، باوکێ وابێت .. کەی باوکە .. بە شەرمەزارییەوە بە باوکم ناوی دەبەم؟ تاوانباری وا قەت بە باوکمی نازانم... بۆیە بە تۆم گوت مردووە .. ببوورە مامۆستا .. ئەگەر زیانی بۆم نییە .. هەر بنووسە مردووە .. \" نیان دیسان دەستی بە گریان و فرمێسک رشتن کرد ..ئەگەرچی مانگێک مابوو بۆ کۆتایی ساڵی خوێندن ..بەڵام هەموو رۆژێک چاوم بە نیان دەکەوت و زۆر دڵیم دەدایەوە و قسەم بۆ دەکرد و ئامۆژگاریم دەکرد و .. تا ورەی بەرز بکەمەوە .. چەند چیرۆکێک و سەرگوزشتەی ژیانی منداڵێتی پڕ لە نا خۆشی و کوێرەوەری و و خۆڕاگرتن و کۆڵنەدان و هیوانەبڕان و تێکۆشانی ، هەندێ لە کەڵە ناودارانی جیهانم بۆ کرد .. کەلە سایەی بڕوابەخۆبوون و تێکۆشاندا توانیان زاڵبن و ژیان دروست بکەن .. توانیم تا رادەیەکی باش هیوا و ئومید بخەمە دڵی نیانەوە .. لە هەفتەی کۆتایی ئەو مانگەدا ، دایکی نیان هات بۆ لام و زۆر سوپاسی کردم و .. گوتی : \" بە راستی نیانت لە خەم و لە بێ ئومیدی رزگارکرد، ئێستا ئەو دڵی من دەداتەوە \" ئ نازانم ئێستا نیان کەوتۆتە کوێوە و، چی لێ هاتووە .. بەڵام هەرگیز ئەو رۆژە و دیمەنی نیان و گریان و فرمێسکەکانیم لە یاد ناچن ... (تێبینی: نیان ناوێکیخوازراوە بۆ ناوە راستییەکەی ئەو قوتابییەم )ئەمەی بۆم گێڕانەوە.. چیرۆکێکی هەڵبەستراو نییە ، بەڵکو راستییەکە .. بۆ ئەوەش باسم کرد... تا بزانن کە ئاژاوەی نێوان دایک و باوک، چ کاریگەرییەکی خراپی دەروونی و جەستەیی لەسەر ژیانیمنداڵان هەیە .. پەندێکی کوردیشمان دەڵێ : \" نە پێڵاوی تەنگ .. نە ماڵی بە جەنگ \"

( سێیەم ) رەخنە و سەرزەنشت و تەریق کردنەوە و لۆمەی زیاد لە پێویست و بە شێوازێکی زەق و رەق و زمانێکی زبر .. وا لە منداڵان دەکات متمانە و بڕوایان بە خۆیان نەبێت و ، خۆیان بە کەسانێکی بێدەسەڵاتی شکستخواردوو بزانن .. لە جیاتیرەخنە و لۆمە .. پێویستە هەڵەکانیان بە شێوەیەک بۆ روون بکەینەوە ، کە هەستیان بریندار نەکەین و ، سەرکوێریان نەکەین .. لە شیوەی خۆشەویستی و رێزگرتن .. بۆ نموونە بە منداڵی هەڵەکردوو بڵێین : تۆ خۆشەویست و بەڕێز و راستگۆی ، ژیر و باش و دلۆڤانی .. لەو بڕوایەدا نەبووین ، کە دووچاری ئەم هەڵەیەببیت .. یا کارێکی وات بکردایە ، هەموومان هەڵەدەکەین ، بەڵام پێویستەهەڵەکانمان راست بکەینەوە .

( چوارەم) پێویستە، کەشوهەوایەکی وا بێنینە کایەوە، کە منداڵەکانمان هەست بە ئاسوودەیی بکەن .. شێوازی مامەڵەکردنمان لە گەڵیاندا دووربێت لە زمانی هەڕەشە و گوڕەشە .. زۆر لە دایکان و باوکان ، دەیانەوێ بە توند و تیژی و چاوسوورکردنەوە و لێدان ، منداڵەکانیان ناچاری فەرماییشەکانیان بکەن ، یا بە شێوازێکی هەڵە و نادروست ئازاری دەروونییان دەدەن .. بۆ نموونە : ئەگەر ئەوە بکەیت خۆشتم ناوێیت ، ئەگەر بە قسەم نەکەیت .. قسەت لەگەڵ ناکەم .. بچیتە دەرەوە خوێڕی دەبیت ، لەوە زیاتر چەنە بازی مەکەو دەمت داخە .. بۆیە ( یۆنامات) دەڵێ : \" تا تەمەنی سیازە ساڵیم ،وامدەزانی کە ناوم ـ دەمت داخە ـ یە..\" ئەو قسە نەشیاوانە وشیوە هەڵانە ، منداڵان تووشی رەشبینی دەکات .. فێری ترس و دڵەڕاوکێیان دەکات ، فێری کەلەڕەقی و دڵڕەقی و یاخی بوون و لاساریان دەکات .. هەست بە خۆشی و خۆشەویستی و شادی ناکەن .

( پێنجەم )ستایش و پیاهەڵدان و دەستخۆشی و ئافرین و سوپاس کردنیان لەو کارانەی کە ئەنجامیان دەدەن ، هۆیەکی گرنگی تری شادی و خۆشیی منداڵانن .. دەستخۆشی لێکردنیان دەبێتە هاندەر بۆ درێژەدان و بەردەوامبوون لە کارە پوخت و جوانەکانیاندا .شەکسپیر دەڵێ : \" هیچ شتێک هێندەی ستایش و پیاهەڵدان ، کار لە منداڵان ناکات \"

( شەشەم ) پیویستە دایکان و باوکان کاتی گونجاویان هەبێت ، کە لەگەڵ منداڵەکانیاندا بەسەری بەرن ، کاتی یاری کردن ، کاتی گەڕان و پیاسەکردن ، چون بۆ باخچەیەک ، چون بۆ شاری یاری ، بۆ پارکێکی گشتی ، بۆ سەیران لە سەیرانگایەکدا ، بۆ ئاهەنگێک ، بۆـ بەشی منداڵان ـ لە کتێبخانەیەکی گشتیدا... هتد .( جاکسۆن براون) دەڵێ : \" کاتی گەڕان و یاری لەگەڵ منداڵەکانتدا دوامەخە .. ئەو کاتانە چۆن بۆ تۆ گرنگن ، بۆ ئەوانیش ئەوها گرنگن .. \"

( حەوتەم ) پیویستە رێ بە منداڵەکانمان بدەین ، کە بە ئازادی و راشکاوی گوزارشت لە را و بیر و بۆچوونی خۆیان بکەن .. یا بە دڵی خۆیان هەڵبژێرن .. چونکە ئەگەر بە تۆبزی و زۆر را و هەڵبژاردنی خۆمانیان بە سەریاندا بسەپێنین .. لە رووڕووماندا هەڵدەگەڕێنەوە و ، سەرپێچی و رقەبەرایەتیمان لەگەڵدا دەکەن و ، گوێ بە قسەکانمان نادەن ، با لە دانانی نەخشە و پلان و پرۆژەکانیاندا ، لە هەڵبژاردنی پێویستییەکانیاندا .. هاوڕێ و هاوکاریان بین ، نەک خۆسەپێن و زۆرداریان بین .

( هەشتەم ) گیڕانەوەی چیرۆک و مەتەڵ و نوکتە و سوعبەتی خۆش بۆ منداڵەکانمان ، بە تایبەتیش لە شەواندا ، پێش نووستنیان ، بە مەرجێ ئەو چیرۆک و مەتەڵانەیان بۆبگێڕینەوە کە دوورن لە ترس باشتریش وایەئەو چیرۆک و مەتەڵانە بن کە پێکەنین و هەڵویستی خۆش و قسەی شیرینیان تێدایە ، دەکرێت کە لە کتێبێکی چیرۆکی وێنەداری رەنگاوڕەنگدا ، بە شیوازێکی خۆش ، چیرۆکێک یا چیرۆکەشیعرێکیان بۆبخوێنینەوە ..باشتر وایە بە شادی و دڵخۆشییەوە منداڵەکانمان بکەینە خەو .. ( رووباردکبلنک) دەڵێ : \" جوانترین دیمەن لەژێر ئاسماندا .. دیمەنی منداڵێکە کە پێدەکەنێ .. \"

( نۆیەم ) ئەو منداڵانەی کە شاد و دڵخۆشن ، دەتوانن گەشە بە بەهرە و تواناکانیان بدەن و ، کەسایەتی خۆیان دەربخەن و ، لە ئەنجامی ئەو تاقیکردنەوانەی دێنە رێیان و ئەنجامیان دەدەن ، کەسایەتی خۆیان بنیات دەنێن .. دەشتوانن بە دروستی مامەڵە وهەڵسوکەوت لەگەڵ دەوروبەر و کۆمەڵگاکەیاندا بکەن .. خووگرتنیان بە ئەمرەفتار و رەوتە باشانەی ئەمڕۆیانەوە ، لە گەورەییشیدا رەنگدانەوەی باش و دروستیان دەبێت.

( دەیەم ) رۆڵی تایبەتی دایک لە شادی و دڵخۆشی منداڵاندا .. منداڵ لە باوەشی دایکیدا چاو هەڵدێنێت و ، بە شیری دایکی گۆش دەکرێت ، بۆیە بەهێزترین خۆشەویستی ، خۆشەویستی نێوان دایکان و جگەرگۆشەکانیانە .. هەر دایکانن قوربانی بە خۆشی و شادی وژیانی خۆشیان دەدەن ، لە پێناوی شادی و خۆشیی منداڵەکانیاندا .. دایکان یەکەمین و دڵسۆزترین مامۆستان .. دایکان بە سۆزترین و میهرەبانترین مرۆڤن .. دایکانبەرخودانترین کەسن .( تۆماس ئەدیسۆن) دەڵێ : \" دایکم دروستی کردم \"

( شەکسپیر ) دەڵێ : \" لە جیهاندا سەرینێک نییە .. کە لە باوەشی دایک نەرمتر بێت \"

دایکانی دڵسۆز و پیرۆز ، قسە زۆر زۆرن دەربارەی میهرەبانی و شکۆداری و سۆز و خۆشەویستیی بێ سنووری ئێوە .. بۆیە پێویستە ئەم رۆڵە گرنگەی خۆتان لە بەرچاو بێت .. چونکە هەموو کەڵەپیاو و ئافرەتە ناودار و هەڵکەوتووەکانی جیان قوتابی ی باوەشی تۆن و ، دەرچووی قوتابخانەکەی تۆن .. ( جان جاک رۆسۆ ) دەڵێ : \" ئەگەر جیهان لە چنگێکدا بێت و ، دایکم لە چنگەکەی تریدا بێت ، دایکم هەڵدەبژێرم \".. دایکان ، ئێوە زۆر زیاتر لەم وتە و قسە و پیاهەڵدانانەش ، شایستەتر و مەزنترن .. ئەی هەر دایک نەبوو ، کە بەستەڵەکی رق و کینەی دڵی ( تەیمورلەنگ )ی دڵڕەق و خوێنرێژی توانەوە و ، سەری پێ نەنواند .

( یانگزەیەم ) رۆڵو کاری حکومەت لە شادی و کامەرانی منداڵاندا ، لەسەر حکومەت پێویستە ، بەبێ جیاوازی و تایبەتمەندی ، هۆ و پێداویستییەکانی گەشەکردنی بەهرە و ئارەزووەکانی منداڵان دابین بکەن ، هاوکار و پاڵپشت و زەمینەخۆشکەری هێنانەدیی خەون و خولیا و حەز و خۆزگە و ئارەزووەکانیان بن .. پیوستە ئاوڕێکی جیدیش لە منداڵانی خێزانە هەژار و کەمدرامەتەکان بدەنەوە و مووچەیان بۆ ببڕنەوە .. بایەخێکی تایبەتيش بە ـ منداڵانی خاوەن پێداویستییە تایبەتییەکان ـ بدەن .. پێویستە حکومەتی کوردستان منداڵەکانمان هەر بە منداڵانی ئێمە نەزانن .. بەڵکو بە منداڵانی حکومەت و بە گرنگترین سامانی کوردستانیان بزانن .. پێویستە مافە رەواکانی منداڵانمان فەرامۆش نەکەن و لە پێشەوەی هەموو مافەکانی تری بزانن .. چی تریش توندوتیژی بەرانبەر منداڵان نەکرێن و ، کاری قورس و مەترسیداریان پێ نەکەن .. تا تەواکردنی پۆلی دەی بنەڕەتیش ئەرێنی بێت خسێندن بە زۆر بێ .. جێ بەجێکردنی ئەمپێویستییانە ، دەبنە مایەی شادی و خۆشی منداڵەکانمانو ،بە دروستی گەورە دەبنو خێردەدەنەوە.

( دوانگزە) نووسەران و هۆنەرمەندانیش رۆڵێکی گرنگیان هەیە ، لە شادی و خۆشی منداڵاندا .. چ بە نووسینی شیعر و چیرۆک و شانۆنامە و ئۆپەرێتی خۆش و مەبەستدار بۆ منداڵان ، کە لە کتێب و گۆڤاری رەنگاوڕەنگی جواندا پێشکەشیانی بکەن .. یا بە کردنەوەی پێشانگای وێنەی منداڵان .. یا پێشکەش کردنی شانۆگەری ، کە ئەکتەرەکان منداڵان خۆیان بن ..هەموو ئەمانە هۆیەکی گرنگن بۆ شادی و خۆشنوودی منداڵان .

( سیانزەیەم ) رۆڵی یانە وەرزشییەکان لە شادی خستنە دڵی منداڵانەوە .. منداڵان بەبێ جیاوازی هەموویان حەز لە یاری دەکەن و ، یاری پێویستییەکی زۆر گرنگی منداڵانە و بەشێکە لە ژیانیان ، منداڵان لە رێی یاری کردنەوە تواناو حەزی خۆیان دەردەخەن و ، گوزارشت لە شادی و لە خۆشی خۆیان دەکەن .. خۆزگە تیپە وەرزشییە فوتبۆڵەکانی ئێمەش لە کوردستاندا ، لە کاتی یاریی کێبڕکێی نێوان دوو تیپی باڵادا .. وەکو تیپەکانی وڵاتە پێشکەوتووەکانی جیهان .. هەر یاریزانێک دەستی خونچە گوڵێک یا کاکەلەیەکیدەگرت و دەچوونە ناو گۆڕەپانی یارییەوە .

( چواردەیەم ) رۆڵی میدیا و تەلەفزیۆنە لۆکاڵی و سەتەلایتەکانی کوردستان ، لە شادی و دڵخۆشکردنی کوردیلەکانماندا ، کە پێویستە بایەخێکی زیاتر بە ماوەی بەرنامەکانی منداڵانمان بدەن و ، بابەتی گاڵتەجاڕی و پێکەنین و خۆشیش فەرامۆش نەکەن .. تا بتوانن پێکەنین و خەنە بخەنە سەر لێوی منداڵانی کوردمان .

( پانزەیەم ) جیابوونەوەی دایک و باوک لە یەکتری ، کە بە زۆری منداڵان دەبنە قوربانی و ، باجی ئەم جیابوونەوەیان دەدەن و .. لێیان دەشێوی و ، دووجاری گرێ و ئازاری دەروونی و بێ نازی دەبن .. شادی وخۆشی و گەشی لە روخساریاندا بەدی ناکرێن .. هەروەها مردنی دایک یا باوک ، هۆیەکە بۆ بێ نازی و ناشادی منداڵان .

(شانزەیەم )رۆڵی قوتابخانە و مامۆستاکان ، پێویستە هەر قوتابخانەیەک ساڵانە چەند ئاهەنگ و چالاکییەکی خۆشی و هونەری سازبکەن ، بۆ نموونە : ئاهەنگ گێران بە بۆنەی ساڵی خوێندنی تازەوە ، ئاهەنگ گێڕان بە بۆنەی جەژنی جیهانی منداڵانەوە ، سیمینارێک بۆ ئەدەبی منداڵان ( شیعر ـ چیرۆک ـ پەخشان ) کە لە لایەن منداڵانەوە پێشکەش بکرێن .. ساڵانە چەند شانۆگەرییەکی منداڵان پێشکەش بکەن .. سازدانی ئاهەنگێک بە بۆنەی یادی رۆژی هەڵکردنی ئاڵای کوردستان .. سازدانی ئاهەنگێک بە بۆنەی کۆتایی ساڵی خوێندن و دەرچوونی قوتابیان .. ئاهەنگ گێڕان بە بۆنەی رۆژی دایکانەوە .. چەندین بۆن و یاد و رۆژی تر هەن، کە قوتابخانەکان دەتوانن سوودیان لێ وەربگرن ، ئاهەنگی شایستەی تیا بگێڕن و .. منداڵانیش توانا و بەهرەکانی خۆیان بنوێنن و ، بە ئازادیگۆزارشت لە خۆشی و شادی خۆیان بکەن .. لەرێی ئەم چۆست و چالاکییانەوە .. جگە لەوەی خۆشی و شادی دەخەنە دڵی منداڵەکانمانەوە و .. گیانی خۆشەویستی و رێز و کوردستان پەروەری و هاوکاری و قبوڵکردنی یەکتریش لە دڵە پاکەکانیاندا دەڕوێنین .. لە هەمان کاتیشدا گەلێ ئامانجی پەروەردەیی و دەروونی و زانیاری و رۆشنبیری و کۆمەڵایەتی و مرۆیی دێنە دی.

دڵنیام کە ئێوەی خوێنەری دڵسۆزیش ، کۆمەڵێک را و بۆچوون و پێشنیار و سەرنج و تێبینی ترتان هەیە ، بۆ شادی و خۆشی و کامەرانی و بەختەوەریی جگەرگۆشەکانمان .. پێویستە درێغی نەکەین و ، بە ئەوپەڕی توانامانەوە هاوکاربین بۆ دابینکردنی شادی بۆ کوردیلەکـانمان .. ئەمەش بە ئەرکـێکی پێـویست و پیـرۆزی ئەستۆمانی بـزانین.