٩٧٠ سەر مەڕوماڵاتی کاسبکاران لە سنووری سەلاسی باوەجانی دەستی بەسەردا گیرا
شەوی دووشەممە ١٤ی ڕەزبەر، هەنگی سنووریی پایگای "بێزڵ" لە سنووری سەلاسی باوەجانی دەستیان بەسەر ٩٧٠ سەڕ "کاوڕ"ی پێنج کاسبکاردا گرت.
سەرچاوەیەکی ئاگادار لەوبارەیەوە بە ئاژانسی کوردپای ڕاگەیاند: "هەنگی سنووریی سەلاسی باوەجانی دەستی بەسەر کاوڕی ئەو کاسبکارانەدا گرتووە و هەنووکە ئەو کاوڕانە لە پایگای بێزڵ ڕاگیراون و ڕادەستی خاوەنەکانیان نەکراوەتەوە".
ئەو سەرچاوەیە هەروەها ڕایگەیاند: "ئەو ٥ کاسبکارە خەڵکی شارەکانی سەلاسی باوەجانی و پاوەن و مەئموورانی پایگای بێزڵ ئەو کاوڕانەیان بە بیانووی قاچاخ گرتووە".
لەو پەیوەندییەدا و چەند ڕۆژ پێش، فەرماندەی هەنگی سنووریی حکوومەتی ئێران لە پاوە، باسی لە دەسبەسەرداگرتنی ١٠٨ سەڕ مەڕوماڵاتی کاسبکاران لەلایەن مەئموورانی سنوورپارێزی لە سنووری ئەو شارە کرد.
کاناڵی "نەبزی کرماشان" لە زاری فەرماندەی هەنگی سنووریی پاوە بڵاوی کردووەتەوە کە هەنگی سنووریی پاوە دەستیان بەسەر ١٠٨ سەر مەڕی هاووڵاتییاندا گرتووە.