سێ هاووڵاتیی کورد بە زیندان مەحکووم کران

ڕۆژی پێنجشەممە ١٢ی پووشپەڕ، سێ هاووڵاتیی کورد بە ناوەکانی "مەلا عەبدوڵڵا مەعرووفی"، "ئەحمەد ئیلاهی" خەڵکی مەهاباد و "خالید غەفاری" خەڵکی شاری سەردەشت، هەر کامەیان لەلایەن لقی ٢ی دادگای ئینقلابی ورمێ، بە سەرۆکایەتی دادوەر "شێخلوو" بە ١ ساڵ زیندانی تەعزیری مەحکووم کران.

لقی دووی دادگای ئینقلابی شاری ورمێ، ئەو سێ هاووڵاتییە کوردەی بە تۆمەتی "پڕۆپاگەندە دژی نیزام" تاوانبار کردووه.

 ئەو سێ هاووڵاتییە کوردە لە هاوینی ساڵی ٩٧، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کراون.

ڕۆژی پێنجشەممە ١٢ی پووشپەڕ، لە لقی ٢ی دادگای ئینقلابی ورمێ بە سەرۆکایەتی دادوەر "شێخلوو" هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی "مەحیەدین تازە وارد" خەڵکی شاری شنۆ، بە ئێعدام و ٦ هاووڵاتیی دیکە بە ٣٣ ساڵ زیندانیی تەعزیری مەحکووم کران.

بەپێی ئەو حوکمە، "مەحیەدین تازە وارد" کوڕی "یووسف" خەڵکی شاری شنۆ بە تۆمەتی "مەحاربە" بە ئێعدام، "عەبدولسەلام مەردان" کوڕی "محەممەد" خەڵکی شنۆ، بە تۆمەتی "ئەندامبوون لە گرووپە توندڕەوە مەزهەبییەکان" بە ١٠ ساڵ زیندانیی تەعزیری، "حیسام محەممەدی خاجلوو" کوڕی "حوسێن" خەڵکی شنۆ بە تۆمەتی "پڕوپاگەندە دژی نیزام" بە ساڵێک زیندانیی تەعزیری، "نیزام نادری" کوڕی "ڕەحمان" خەڵکی بۆکان بە تۆمەتی "پڕوپاگەندە دژی نیزام" بە ساڵێک زیندانیی تەعزیری، "عەلیڕەزا فەتاح مورادی" کوڕی "سدیق" خەڵکی بۆکان بە تۆمەتی "ئەندامبوون لە گرووپە توندڕەوە مەزهەبییەکان" بە ١٠ ساڵ زیندانیی تەعزیری، "جەلال ڕۆستەمی نەوروزلوو" کوڕی "ئەبووبەکر" خەڵکی مەهاباد بە تۆمەتی "پڕوپاگەندە دژی نیزام" بە ساڵێک زیندانیی تەعزیری و مەلا "ڕەحمەت نسوحی" خەڵکی مەهاباد بە تۆمەتی "ئەندامبوون لە گرووپە توندڕەوە مەزهەبییەکان" بە ١٠ ساڵ زیندانیی تەعزیری مەحکووم کران.