سیاسەتی فەرهەنگی

16:39 - 13 رێبەندان 2712
Unknown Author
مەسعوود بابایی

بەرایی
سیاسەتی فەرهەنگی چیە؟ پێوەرەكانی سیاسەتی فەرهەنگی چین؟
سیاسەتی فەرهەنگی بریتییە لە گرتنەبەری جۆرە سیاسەتێك بەگوێرەی یەكانگیركردن و گونجاندنی فەرهەنگی كۆمەڵایەتی لەگەڵا پەروەردە و سیستمی سیاسی و پێكهاتە و بونیادی بیرۆكەی سیاسیی سیستمی دەوڵەتی بەشێوەیەك كە لەگەڵا هیرارشی و ئامانجی رێژیمی سیاسی بگونجێت. بەدەر لەوەی كە سیستم چ جۆرە سیستمێكە بەڵام فەرهەنگسازی كرۆكی سەرەكیی رێكخستن و مۆبیلیزە كردن و هاوئاهەنگكردنی دەوڵەت و یاسا و خەڵكە.

هیچ بزووتنەوەیەكی ناسیونالیستی لە دنیادا شك نابەین كە شۆڕشی فەرهەنگیی نەخستبێتە بەرنامەی كاری خۆیەوە، تەنانەت كۆمۆنیستەكان و ئیسلامییەكانیش هەوڵیانداوە ئایدیۆلۆژی و فەرهەنگ پێكەوە بگونجێنن.مەسەلەكە ئەوەیە فەرهەنگسازیی دێمۆكراتیكیش بە شێوەیەك لە شێوەكان بە زەبری دەسەڵاتی یاسایی و ئوتۆریتەی دەسەڵات نۆرمە خوازراوەكانی خۆی دەسەپێنێ‌، ئەمە لە ناسیونالیزمدا بە ئوتۆریتەی زیاتر و زەبری زیاترەوە ئەنجامدەدرێ‌. مەسەلەكە رۆحی هێژمۆنیكی مودێڕنیتەیە كە دەخوازێ‌ دیسپلین و پرنسیپ و كۆنترۆڵا وەك رێكاری ئاراستەكردنی گەل بەرەو ئۆرگانیزاسیۆن رێنوێنی بكات. گونجانی باری كولتوری لەگەڵا ئاخێو(دیسكۆرس) ی سیاسی هۆكاری ئەم لێڕوانین (رویكرد)ەی مودێڕنیتە و سیاسەتی مودێڕنە.

پێوەرەكان :
لە گرتنەبەری هەر سیاسەتێكی فەرهەنگیدا ئەم قۆناغانە دەبێ‌ ببڕین :
ـ پەیدۆزیی سەركەوتنەكان (شناسایی موفقیت ها) (لەمەڕ رۆژگارانی رابردوو)
ـ پەیدۆزیی شكستەكان (شناسایی شكست ها)
ـ پەیدۆزیی دەرفەتەكان (شناسایی فرصت ها)
ـ پەیدۆزیی هەڕەشەكان (شناسایی تهدیدها) (ئەم دوو هۆكارە بۆ سەردەمی داهاتوون)
پاش پەیدۆزیی ئەو فاكتەرانەی سەرەوە دەبێ‌ نیشان بدەین كە ئایا سەركەوتنەكان زیاتر بوونە یا تێكشكان و هەرەسەكان.

هەروەها دەبێ‌ پێشبینی بكەین كە دەرفەتەكان زیاترن یا هەڕەشەكان.
لەسەر بنەمای ئەو دەرفەت و هەڕەشانەی كە رێمان لێدەگرن دەتوانین بە گرتنەبەری سیاسەتێكی فەرهەنگی بۆ داهاتو لە ئاستی گشتگركردن و بڕیاردان (بەرنامەڕێژی و كاركردن) بچینە پێشەوە.
مێتۆدۆلۆژیی پێشنیاركراو بۆ ئەم بابەتە لە 5 هۆكار (فاكتەر) دا دەشێ‌ تێبینی بكرێت:
ـ كردەوە(عمل) : چی بكرێت What, which
ـ هۆكار: ئەنجامدەران چ كەسێك یا چ كەسانێك بن who, whom
ـ گۆڕەپان : كارێك كە دەمانەوێ‌ ئەنجامی بدەین كەی و لەكوێوە دەبێ‌ ئەنجام بدرێت when, where
ـ كەرستە : لە چ ئامرازێك بۆ ئەم كارە دەبێ‌ كەڵك وەربگیردرێ‌ how
ـ ئامانج : دەبێ‌ وەدیاربخەیت كە ئەم كارە بە چ ئامانجێكەوە ئەنجام دەدرێ‌ Why
ـ بەرلەوەی لەمەڕ دانانی سیاسەتی فەرهەنگی كارێك بكەین ( یا خۆ هەر چەشنە سیاسەتێكی نوێ‌ بگرینەبەر) سەرەتا دەبێ‌ هەرەپێویستیی وەرچەخان وەبیر بێنینەوە و شیتەڵی بكەینەوە. بەزۆری بۆ وەرچەرخان دەبێ‌ لەهەمبەر روونكردنەوەی چەند بابەتێك هەوڵا بدەین و لە ئەنجامدانی هەركام لەوانە دڵنیا بین :
1ـ ئاگایی لە پەنەوازی (نیاز) بە وەرچەرخان Awareness
2ـ تامەزرۆیی و تاسە بۆ ئەنجامدانی وەرچەرخان Desire
3ـ زانیاری و ناسینی پێویست بۆ وەرچەرخان Knowledge
4ـ تواناییی پێویست بۆ رەخساندنی وەرچەرخان Ability
5ـ سەقامگیركردنی وەرچەرخان بۆ درێژەپێدانی Reinforcement

فەرهەنگ
فەرهەنگ سامانی مەعنەویی كۆمەڵگەیە. واتە دابونەریت و ئەدەب و وێژە و رەفتار و نۆرمی تاكەكەسی و كۆمەڵایەتی تێكڕایان توخمی فەرهەنگین و ئەمە لەگەڵا باری ماتریالیستیی ژیانی كۆمەڵایەتی و سیاسی و ئابووری دەتوانن ژیار پێكەوە بنێن.

سیاسەت :
لە باری واتای وشەییەوە سیاسەت بەواتای (فێڵ) و (فێڵبازی) یە و لە زمانی عەرەبیدا (سّیاس)بە واتای فێڵباز دێت. كاتێك دەوترێت \" سیاسەتمان لەگەڵا دەكات\" وەك ئەوە وایە بوترێ‌ فێڵمان لێدەكات. لەباری چەمكییەوە (هونەری بەڕێوەبردن واتای سەرەكیی سیاسەتە و هونەری لواو (ممكن) شتێكە لەئاستی بەڕێوەبردن و سەرتر لەویش. ئەگەریش وەك \"تەڵەكە\" و \"تەڵەنانەوە و تەڵەزگە\" ش لە سیاست تێبگەین ئەوە واتای\"تەڵەكە\" نزیكە لە واتای (شگرد)ەوە.

سیاسەتی فەرهەنگی
رێكخستنی فەرهەنگە لە رەهەندی ئوتۆریتە و هێژمونیی سیاسیدا كە لە خزمەتی power politics دایە. مەبەستمان ئەوەیە ئەم سیاسەتە رەهەندی بەهێزكردنی دەسەڵات و دەوڵەتە لە دیسكۆرسێكی نەتەوەییدا. ناسیونالیزم نەتەوە و دەسەڵات و فەزای جوگرافیایی ژیانی نەتەوە لە گوتەزایەكی یەكگرتوودا كۆدەكاتەوە و ئەمە هێز بە دەوڵەتی نەتەوەیی دەبەخشێ‌ تاكوو شوناسی نەتەوەیەك بێنێتە نێو پرۆسەیەكی مێژووییەوە، واتە نەتەوەیەك لە دایك دەبێت كە پێگەی سیاسیی خۆی لە مێژوودا بەگوێرەی شوناسی سیاسی دەدۆزێتەوە. لەم سۆنگەوە پێناسەی مودێڕنیتە لە نەتەوە بەستراوەتەوە بە دەسەڵاتی سیاسییەوە، واتە لێرەدا نەتەوە مێژووكرد نیە، بەڵكوو دیاردەیەكی مودێڕنە. هەڵبەت روانگەی ئاڵمانیی ناسیونالیزم پێداگری لەسەر مێژووكردبوونی نەتەوە دەكات، لەگەڵا ئەوەشدا كەڵك لە تیۆریی مودێڕنیتە و رێكارەكانی نەتەوەسازی وەردەگرێ‌. ئێمە دەتوانین بڵێین كە تێكڕای پرۆژەی سیاسەتی فەرهەنگی لەپێناوی نەتەوەسازیدایە، چونكە ناسیونالیزم نەتەوە لە دۆخی فەرهەنگییەوە دەخاتە نێو دۆخێكی سیاسییەوە، پێناسەیەكی سیاسی بە كۆمەڵە خەڵكێك دەبەخشێ‌ كە تۆكمەیی فەهەنگییان هەیە.

بارودۆخ
بارودۆخی فەرهەنگیی كۆمەڵگەی كوردی بەتەواوی كەوتوەتە بەر مەترسی. مەترسییەكانی ئەم بارودۆخە بە هاوكاریی دوژمنەكانمان! زیاتر لە جاران تەشەنەی كردووە.
بەڕاشكاوی دەبێ‌ بگوترێ‌ كە جاری وا هەیە ئۆپۆزیسیۆنی كوردیش لەبەر نەزانی دەكەوێتە رێچكەی دوژمنەكانەوە. دابڕانی ئێمە لە فەزای نێوخۆیی و ئاگادارنەبوون لە دۆخی نالەباری كۆمەڵایەتی و فەرهەنگی و زانیاریی چەوت لەلایەن كەسانێكەوە كە بە ئەنقەست دەمانخەنە هەڵەی زەقەوە هەموویان هۆكاری تێكچوونی دۆخی كولتورین.

خێڵگەری، ناوچەگەری، تایفە و بنەماڵەگەری و زار و زارۆچكە و شێوەزارگەری، زاڵكردنی ئەدەبیاتی لۆكاڵە بەسەر سیمای گشتیی ئەدەبیاتدا. بەپێچەوانەی چەواشەكاریی هەندێ‌ كەس و لایەن و خۆگێلكردن، بزووتنەوەی رزگاریخوازی بەتایبەت لە رۆژهەڵاتی كوردستان خەریكە دەگاتە بنبەست.

كەڵكئاوەژووی كاریزما ناوچەییەكانی حزبە كوردییەكان لە خێڵا و ناوچە و لەهجە بە ئامانجی پاوانكردنی دەسەڵاتی سیاسی لە ناوچەكانی خۆیاندا كە دواجار حزبیش لەبەر هێژمونیی ناوچەییان ناتوانێ‌ لێیان بپرسێتەوە و بەستنەوەی جەماوەری حزبێك بە كەسێكەوە و درووستكردنی بژیوان لەنێوان (كەس ـ حزب ـ جەماوەر) بووەتە مایەی زەقكردنەوەی كاریزمایەكی ناوچەیی لەبەرانبەر كاریزمایەكی نەتەوەیی و ئەمە مایەی لێكترازان و شیرازەترازان و جیابوونەوەی هەرچی زیاترە. نموونەكان دیارن و لە میانی گفتوگۆكان لەمبارەوە دەشێ‌ باشتر بخرێنەڕوو.

لۆكاڵیتەبوونی راگەیاندنی حزبێكی نەتەوەیی بەمانای دابەزاندنی ئاستی دیسكۆرسی نەتەوەییە بۆ عەقڵییەتی خێڵەكی. ململانێی شوومی حزبەكان لەسەر ئەم دیاردانە، خەریكە رووناكبیران و ئەدەیبان و توێژی فەرهەنگسازی كۆمەڵگە دەخاتە بەرەی نەیارانی حزبەكانەوە. ئەم رەوتە راستەوخۆ حزبەكانی خستووەتە تەڵەی سیاسەتی بەناو (بومی سازی/ بەناوچەییكردن) ی دوژمنەوە.
داتاشینی پاساوی سەیر و سەمەرە و مێژووی ساختە بۆ ناوچە و لەهجەیەك تەنیا هەوڵی كەسانی ناوچەگەرایە بۆ ئەوەی لە دەسەڵاتدا بمێننەوە و لە هەستی پاكی خەڵكی ناوچەكان بۆ مانەوە و قۆرخكردنی دەسەڵاتی سیاسی كەڵكوەردەگرن. ئەم دیاردەیە دەبێتە هۆی درووستبوونی مافیایەكی ناوچەیی و بەرەبەرە نێوەرۆكی راستەقینەی حزبەكانیش لەبار دەچێ‌. كۆمەڵێك بنەماڵەی دەسەڵاتدار سەرهەڵدەدەن كە دەبنە خەسارێكی گەورە بۆ بزووتنەوەی كوردایەتی.
ئامانجی ئێمە خولانەوە لە بازنەی مێژوودا نیە، نەتەوەسازی و ناسیونالیزم پێكبەستراوی یەكدین. مێژوو لە ناسیونالیزمدا فاكتەری یەكپارچەییە نەك لێكترازان.

ناسیونالیزم فەرهەنگی پارچەپارچە و شیرازەترازاو قبووڵا ناكات، چونكە دەبێتە هۆی لەبارچوونی ئوتۆریتە و هێژمونیی سیاسی. هیچ دیاردەیەكی مێژوویی، هیچ توخمێكی مێژوویی و هیچ رووداوێكی مێژوویی بەو چەشنەی كە مێژوو و مێژووزانان باسی دەكەن سەریهەڵنەداوە و بەو چەشنەش رووی نەداوە. زانستی مێژوو ـ بەتایبەت بە سەرهەڵدانی مودێڕنیتە ـ زیاتر درووستكردن و گەڕان بەدوای هەڵقە بزربووەكانی زنجیر و زنجیرەی رووداوەكان و بەسترانەوەیان بە یەكدییەوە بووە، وەك بڵێی ئەمانە لە چواچێوەی خودئاگاییەكی بەكۆمەڵا و لەئاكامی گرتنەبەری رێچكەیەكی پێشتر داڕێژراو روویانداوە، بەڵام دیارە هەموو رووداوەكان پێڕەوی دۆخێكی لۆژیكی و دیالكتیكی نین، بەپێچەوانەوە رەفتاری پێشبینینەكراوی مرۆڤ رێچكەی رووداوەكانی گۆڕیوە و یاساكانی كارلێككردنی رووداوەكانی هەڵوەشاندوەتەوە.

سیاسەت وەكو هێزی دیسپلین و پرنسیپ و ئۆرگانیزاسیۆن هەمیشە مێژووی وەك رەواداری (مشروعیت /شەرعیەت) و بزوێنەر (محرك) و هاندەر لەپێناوی هاوگەرایی بەكارهێناوە. هەربۆیە لە سیاسەتدا مێژوو وەك هەقیقەت سەیر نەكراوە، بەڵكوو وەك میكانیزمی درووستكردنی ئوستورە لەپێناو ئێستادا بەكار هاتوە.

هەڵبەت ویستی كاریزماش گەلێ‌ جار لەسەرووی خودئاگاییی بەكۆمەڵا شەپۆلی جەماوەری بەقازانجی رەخساندنی قەوارەیەكی كولتوری ـ سیاسی خستووەتە گەڕ كە دواجار دەسەڵات (هێز) ـ سیاسەتی لێكەوتوەتەوە. مۆبیلیزەكردنی جەماوەر بەمانای جەماوەریچییەتی نیە. ئاراستەكردنی جەماوەر بەمانای سواربوون لەسەر شەپۆلی جەماوەر نیە.

بە كورتی دەبێ‌ سیاسەتی فەرهەنگی وەك پێویستییەك و مەودای دووری سیاسەتی كوردیش سەیر بكرێ‌. حزبیش نابێت ئەمە بە دەوڵەتی داهاتوو بسپێرێت. لە پێوار (غیاب) ی دەوڵەتی نەتەوەییدا حزبە نەتەوەییەكان ئالتەرناتیڤی دەوڵەتن و ناتوانن لەم بەرپرسیایەتییە خۆیان بدزنەوە.

میكانیزمەكان
ـ رێكخستنی زمانی سیاسەتی فەرمی و راگەیاندنی فەرمی
ـ ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵا هەڕەشەكانی لۆكاڵیتە و ناوچەگەری كە سەرەتا لە لەهجەگەرییەوە دەست پێدەكات.

ـ رێكخستنی سیاسەتی راگەیاندن و چواچێوەكانی لە بواری فەرهەنگدا.
تێبینی: هەڵبەت كۆمەڵێك خاڵی دیكە هەن كە لە دووتوێی ئەم سێ‌ خاڵە سەرەكییەدان. نموونەكان و پێشنیار و وردەكارییەكانی دیكە لە ئەنجامی باس و گفتوگۆدا دەخرێنەڕوو. ئەمە لایەنی تیۆریی باسەكەیە كە هیوادارین بە پاساوی باسی رووناكبیرانە پشتگوێ‌ نەخرێت، چوونكە ئەمە باسێكی رووناكبیرانە نیە و بەتەواوی پڕۆژەیەكی سیاسییە.

سەرنج : ناوی هاوكاران و راوێژكاران لە ئامادەكردنی ئەم پڕۆژەیە كە هەوێنی گەڵاڵەیەكە، پارێزراوە و ئەگەر پێویست بكات دەكرێ‌ ناوی هاوكاران و راوێژكارەكان بە لایەنی پێوەندیدار بدرێت.

ناوەندی فەرهەنگی، ئەدەبی و هونەریی وێژان