سۆرانی و هەورامی هیچیان زمان نین

22:24 - 24 گەلاوێژ 2712
Unknown Author
وەڵامێكە بۆ كاك موختار كەریمی و ئەوانەی وەك ئەو بیردەكەنەوە!

ئامانج سەیدسادقی
چەند رۆژێك لەمەوپێش نووسینی كەسێكم بەرچاو كەوت لەژێر سەردێڕی \"شۆڤێنیزمی زمانی سەرنووسەری ماڵپەڕی سبەی بەرامبەر بە زمانی هەورامی\" من لێرەدا دەمەوێت وەڵامیكی ئەو بەڕێزە و ئەوانەی وەك ئەو بیر دەكەنەوە بدەمەوە، ئەم بەڕێزە لەبەر بڵاونەكردنەوەی بابەتێكی لە ماڵپەڕی سبەی كە بە زاراوەی هەورامی نووسیویەتی، وشەی شۆڤێنیزمی زمان و وشەی رەگەزپەرستی بەكار هێناوە، واتە بە ئینگلیزییەكەی مەبەستی لەو وشە\" racist\"ـە. من دەمەوێت لە یەكەم وشەی سەردێڕەكەوە وەڵامی بدەمەوە كاك موختار دەڵێت:
شۆفێنیزمی زمان، من پێم وایە ئەم وشەیەی بە ئاسماندا هەڵداوە، بۆیە ناوچەوانی خۆی دەگرێتەوە! چۆن گەر سەرنجێكی بابەتەكەی بەڕێزیان بدەین زیاتر لە\"١٧\"جار زاراوەی هەورامی بە زمان ناو بردووە، بەڵام لە بەرامبەردا تەنها \"٥\"جار ئاماژەی بە سۆرانی كردووە، تەنها بە سۆرانی ناوی بردووە زاراوەشی پێ رەوا نەبینیوە، هەرچەند من وەك سۆرانی ئاخێوێك سۆرانی تەنها بە یەكێك لە زاراوەكانی زمانی كوردی دەزانم نەك زمان.

بەڕێزیان وشەی رەگەزپەرستی بەكار هێناوە كە من پێم وایە لە دوو رووەوە ئەم وشەیەی بەهەڵە بەكار هێناوە 1 ـ هەورامی و كورد یەك نەژادن، بۆیە بەكارهێنانی ئەو وشەیە هەڵەیە
لێرەدا بەكارهێنانی ئەو وشەی بەڕێزیانم وەك وشەی بێگانەیەكی ئینگلیزی نەزان دێتە بەرچاو كە
هەموو شتەكانی دەورووبەری لا نامۆیە، بۆیە كاتێك ئینگلیزییەكی لووت بەرز دەبینێت
یەكسەر بە \" racist \" تۆمەتباری دەكات، لە كاتێكدا ئەم كەسە سروشتی وایە تەنانەت
لەگەڵ هاونەژادەكانی خۆشیدا بە هەمان شێوەیە واتە ئەو كەسە\"snobby \"نەك\"racist \" واتە لووت بەرزە نەك نەژادخواز.
٢ـ وشەی رەگەزپەرست من بە هەڵەی دەبینم هەرچەند زۆربەی راگەیاندنەكان و نووسەران و هتد..
ئەو وشەیە بەكار دەهێنن كاك موختاریش بە هەمان شێوە. ئایا بۆچی وشەی رەگەزپەرست هەڵەیە؟!
كاك موختار بەردەوام دەبێت و تانە لە وەڵامی سەرنووسەری ماڵ!پەڕی سبەی دەدات كە وتوویەتی هیچكام لە كارمەندەكانیان هەورامی نازانن و دەڵێت: جیگای شەرمە كە كەسێك زمانی رەسەنی خوی كە بە هەزاران ساڵە دراوسێیەتی هیچی لێ نەزانێ، بەڵام زمانی داگیركەرەكانی كە هیچ پێوەندیان بە زمانی خویەوە نیە بزانێت.

منیش لێرەدا بە كاك موختار دەڵێم: ئەی ئایا شەرم نیە كەلە كوردستانی رۆژهەڵاتدا بە سەدان هەورامی ئاخێو هەیە نازانێت یان وانیشان ئەدات كە نازانێت بە سۆرانی ئاخاوتن بكات، بەڵام فارسییەكی وەها قسە دەكات كە توركێكی ئازەری لەدایك بوو و نیشتەجێی تاران ناتوانێت وەك ئەو بەبێ كەموكورتی قسە بكات؟! پاشان گەر سەرنووسەر لە ناوەرۆكی بابەتی هەر كەسێك تێنەگات چۆن بێ ئەملا و ئەولا، هەڵی بداتە سەرماڵپەڕەكەی، خۆ لەوانەیە لەسەر یەك دێڕی بابەتەكە سبەی پەلكێشی دادگا بكرێت.
بەردەوام دەبێت و دەڵێت: ئەم دانپێدانانە كە هیچیان هەورامی نازانن پیشاندەر و سەلمێنەری دوو راستیە:
١- هەورامی زمانە نەك زاراوە، هەموو تایبەتمەندییەكانی زمانی سەربەخۆی هەیە.
2 ـ زمانناسەكان دەڵێن: ئەگەر دوو كەس لە شێوازی قسەكردنی یەكتری تێنەگەن، ئەو ئەو دوو كەسە ٢ زمانی جیاوازیان هەیە.

منیش ئەڵێم ئەو زمانناسانە سەریان دای لە تاشە بەردەكانی هەورامان.
باشە گەر چوار هاووڵاتیی خەڵكی سلێمانی، كرماشان، ئامەد و قامیشلوویەك هەر چواریان لە یەك نەگەیشتن مانایی وایە ئەمانە خاوەنی چەند زمانێكی جیاوازن كەوابوو نەژادیشیان جیاوازە ئەبێ كامیان كورد بێت؟!
لێرەدا ئەزانم نووسەر مەبەستی لەو رستەیەی چیە كە دەڵێت هەورامی زمانە نەك زاراوە، و هەموو تایبەتمەندییەكانی زمانی سەربەخۆی هەیە. پێم باشە وەڵامی كاك موختار و چەند كەسێكی دی بدەمەوە كە وەك بەڕێزیان بیر دەكەنەوە و لەو بارەوە دواون، كە یەك لەوانە لە خزمەكانی خۆمن، كە لەمێژە خزمایەتیمان هەیە لەگەڵ چەندین ماڵباتی هەورامی ئاخێو، كە رووبەڕوو چەندین جار بەمنیان وتووە كوردی كەی زمانە، چونكە لە كاتی بانگ كردندا نێر و مێی تێیایدا نیە كوڕ بێ هەر ئەوترێت و كچیش بێت هەر بەهەمان شێوە، ئەوە هەڵەیە كە كەسێك تەنها سۆرانی شارەزایە و دەڵێت كوردی هەر زمان نیە، چونكە سۆرانی یەك لە زاراوەكانی زمانی كوردیە نەك زمان.

بۆ ئەم مەبەستە گەڕانێكم بە \"گووگڵ\"دا كرد و چاوم بە بابەتی كەسێك كەوت بەناوی هەورامان عەبدولڕەحمان كە وەڵامی هونەرمەند كاك \"قادر ئەلیاسی\"ی داوەتەوە لەسەر بابەتێكی بەڕێزیان كە \"هەورامی\"ی بە یەكێك لە زاراوە كوردییەكان ناو بردووە. هەرچەند ئەم بابەتە ساڵێك لەمەوپێش بڵاو كراوەتەوە، بەڵام من لێرەدا پێم باشە وەڵامی ئەو بەڕێزە بدەمەوە بۆ زیاتر بەرفراوان كردنی ئەم بابەتە.
كاك هەورامان ئاماژە بەوە دەكات كە زۆربەی زمانە كوردییەكان لە رووی گراماتیكەوە بەتایبەتی \"نێر و مێ\"وە ناتوانن شانبەشانی زمانی هەورامی دەرچن. گەر سەرنج بدەین ئەم بەڕێزە هەموو شێوە زاراوەكانی زمانی كوردی بە زمانە كوردییەكان ناو بردووە! گرنگ لای ئەم تەنها ئەوەیە زاراوەكەی خۆی بە زمان بناسێنێت، بۆیە ئامادەیە هەموو شێوە زارەكان بە زمان ناو ببات. پاشان بەردەوام دەبێت و دەڵێت: لەبۆ نموونە لە زمانی هەورامیدا \"ئاد\" واتە ئەو بۆ نێر\" ئادە\" واتە ئەو بۆ كچ، بەڵام لە بەرامبەردا وا نیە كە هەمان زەمیر بەكار دێتەوە كە وشەی \"ئەو\"ە كەواتە لە هەورامیدا \"ئاد\" و \"ئادە\" لە بەرامبەردا تەنها\" ئەو\"مان هەیە. هەروەها بەردەوام دەبێت و دەڵێت: لەلایەكی تریشەوە لە هەورامان ئاوەڵناو كۆ دەكاتەوە كاتێك ناوەكان كۆ بن یان تاك، بۆ نموونە لە هەورامان دەڵێن: \"تووتەی چەرمە\" واتا سەگی سپی، بەڵام لە هەمان كاتیشدا دەڵێن: \"تووتێ چەرمێ\" بۆ كۆ واتە سەگی سپی بە كۆ یان وردتر بڵێین كۆمەڵێك سەگی سپی، لە هەورامیدا \"تووتە\" واتای یەك سەگ دەدات \"تووتێ\" واتای سەگی زۆر دەدات، بەڵام لای كاك ئەلیاسی سەگی سپی یەك بێت یان كۆمەڵێك، هەر سەگی سپی دەكات. منیش دەڵێم قوربان بەو پێوەرە نابێت گەر ئەمە پێوەر بێت؟ دەبوایە عەرەب ئاخێوەكان گاڵتەیان بە زمانی ئینگلیزی بكردایە و زمانی ئینگلیزی نەگەیشتبایە بە تۆزی بەرپێی زمانی عەرەبی! راستە لە زمانی ئینگلیزیدا وشەیەك هەیە كە نێر و مێ لێك جیا دەكاتەوە ئەویش\"he\"و \"she \"ـە.

بۆ نموونە: She is a teacher نێر بێت یان مێ هەمان وشەی \"تیچە\" بەكار دەهێنرێت، بەڵام لە زمانی عەرەبیدا بۆ نێر ئەوترێت \"موعەلیم\" وە بۆ مێ\"موعەلیمە\" بەڵام لە زمانی ئینگلیزیدا تەنها تیچە بەكار دەهێنرێت ئایا ئەمە هیچ لاوازییەكی لە زمانی ئینگلیزیدا دروست كرووە؟! هەروەها لە زمانی عەرەبیدا ئەنتە بۆ نێر و ئەنتی بۆ مێ بەكار دێت لە كاتێكدا كەسەكە لە روو بێت، لە بەرامبەر ئینگلیزی تەنها وشەی \"you\" بەكار دێنێت نێر بێت یان مێ. هەروەها سەبارەت بە ناوی كۆ گەر چەند وشەیەكی زمانی ئینگلیزی بەراورد بكەین، تەنها بە زاراوەی سۆرانی با بزانین: گەر كەسێك لە روودا بێت سۆرانی ئاخێو دەڵێت\" تۆ\" گەر لە یەك كەسیش زیاتر بوو كۆ هەیە دەوترێت ئێوە، بەڵام لە زمانی ئینگلیزیدا یەك كەس لە روودا بێت یان روونتر بڵێن لەگەڵ یەك كەس قسە بكەی پێی دەڵیت\" یوو\" وە لە یەك كەس زیاتریش بن هەر پێیان دەڵێیت\"یوو\" ئەمە لە هەمان كاتدا گەر باسی خۆت بكەی لە بەرامبەر ئەو كەسە یان ئەو كۆمەڵە دەڵییت\" ئای ئام\" گەر تەنها خۆت بیت وە گەر یەك كەس یان زیاترت لەگەڵ بوو دەووترێت\" ووی\" باشە گەر ئەم وردە شتانە پێوەر بێت ئەبێ سۆرانی ئاخێو بڵێت زمانی ئینگلیزی ناتوانێت شان بە شانی زاراوەی سۆرانی بڕوات!!

نووسەر لە دێڕێكی دیكەدا وتەی كەسێك دەكات بە نموونە كە زۆر لەگەڵ وتەكەیدا هاوڕایە، بۆیە خزاندوویەتییە نێو بابەتەكەی و نووسیویەتی: \"ماكس وەینزەیچ\" قسەیەكی گەورەی هەیە سەبارەت بە جیاوازیی زمان و دیالێكت كە دەڵێت: زمان ئەو دیالێكتەیە \"زاراوەیە\" كە خاوەنی سوپا و هێزی دەریایە، كە مەبەستەكەی دەكاتە ئەوەی كە هەتا دەوڵەتت نەبێت، زمانەكەت دیالێكتە، بەڵام كە دەوڵەتت بوو دەبێتە زمان. باشە ئەتوانین بپرسین چۆن بوو دیالێكتەكەی بەڕێزتان بوو بە زمان؟! هەورامی كوردی نیە و ئاخێوەرانی ئەو زمانە كورد نین! ئەمە وتەی من نیە، وتەی كاك هەورامان عەبدولڕەحمانە. بۆیە من دەڵێم كورد بوون شانازییە پێم باشە لێرەدا وتەیەكی شاعیری گەورەی عەرەبی فەلەستینی \"مەحموود دەروێش\"بە نموونە بهێنمەوە كە لێیان پرسی بۆچی شیعرت بۆ كورد نووسیوە؟! لە وەڵامدا دەڵێت: لەبەر ئەوەی بە دوو شتی كورد سەرسامم، یەكەم چونكە كورد بەرامبەر بە دوژمنەكانیشیان رقیان نیە، ئەوان تەواو لێیان روونە كە دوو لەسەر سێی عەرەب دوژمنیانە كەچی هەر دەڵێن: برا عەرەبەكانمان.

دووەم: سەرسامی یەكی دیكەشم ئەوەیە كورد بە ئیرادەتر و نەتەوەی ترن!
عەرەب بە یەك زللە، حاشا لە عرووبەی خۆی دەكات، بەڵام كورد بە درێژایی مێژوو بە قەد پەلك و گەڵای درەخت لێیان كوژراوە، كەچی هێشتا دەڵێن: هەر كورد بووین و هەر كورد ئەبین.

گەر باسێكی نەژاد بكەین ئێران وەك نموونە بهێنینەوە، لە ئێراندا نەژادی زۆرینە توركی ئازەرییە، بەڵام فارسەكان وشەیەكی نەشیاویان خستۆە پاڵیان كە پێیان دەڵێن توركی *** كە من نامەوێت ئەو وشەیە بنووسم وەك رێزیك بۆ نەژادی جیاواز لە خۆم، بۆیە توركەكان زۆر جار پێیان شەرمە بڵێن توركین دەڵێن فارسین، بەڵام كوردبوون لە هەر ناوچەیەكی ئێراندا بیت مایەی شانازییە، هەر ئەم\"فارس نەژادەی خۆی بە باشتر دەزانێت لە ئاست توركدا و توركە ئازەریەكە پێی باشترە بڵێت فارسم ئەم فارسە نایابانە چەندەهایان هەیە لە ئەوروپادا هەر بەدرۆ سەرێكی
خۆیان دەكەن بە كورد دەڵێت: دایكم یان نەنكم و هتد كوردە، خۆی دەكات بە نیوە كورد و خۆی فێری چوار وشەی كوردی كردووە هەتا لە كورد نزیك بێت، خۆ دڵنیابە ئەو فارسە بدە لە ملی ئامادە نیە گەر هەر بە درۆش بێت بڵێت سەرێكم توركە.!

لە ماڵپەڕی دەنگەكاندا بابەتێكی دیم بەدی كرد كە بەناوی \"هەورامان عەبدولڕەحمان\"، بۆ ئەوەی بە هەڵەدا نەچم وابزانم هەمان كاك هەورامانە نوسەرەكەی، هەرچەند وێنەی لەسەر هەر دوو بابەتەكە بەدی دەكرێت، بەڵام لێرەدا شێوەی كەم شێوەی ئەو دەدات، بەهەرحاڵ ئەم كاك هەورامانە رەخنە لە كۆنفرانسی زمانی كوردی دەگرێت و نووسیویەتی: جێگەی سەرسووڕمانە ئەمڕۆ لەژێر سایەی حكوومەتی كوردی خۆماڵیدا كۆنفرانسێك بگیرێت لە هەولێر بۆ زمانی كوردی، بەڵام نوێنەرێك بۆ زمانی هەورامی لە هەورامانەوە بانگهێشت نەكرابێت! كە دەبوا زمانی هەورامی لە سەرووی دیوەخانی كۆنفرانسەوە دابنیشتایە پرس و را بەو بكرایە.!

سەرنج بدە خۆ بە زیاتر زانینێك بەدی دەكرێت لە سەرووی كۆنفرانسەوە دابنیشتایە پرس و را بەو بكرایە! بۆیە من دەڵێم گەر كۆنفرانسی زمانی كوردی رێگە بە هەورامی ئاخێوەكان بدات وەك زاراوەیەكی زمانی كوردی بەشداربن ئەوە مافی خۆیانە وە ئەبێت بتوانن بەشدار بن، بەڵام گەر وەك زمانێكی سەربەخۆ رێگە بدرێت ئەوا پێویستە توركمان و پێكهاتە جیاوازەكانی دیكەش مافی ئەوەیان هەبێت بەشداربن، چونكە ئەم كۆنفرانسە هەوڵێكە بۆ دروست كردنی زمانی ستاندارد یان با بڵێین زمانی یەكگرتوو، من وەك خۆم گەر ئێستا بڕیار بێت سۆرانی ببێتە زمانی ستاندارد ئەوا من ناڕازیم، بەڵكو دەخوازم زمانێك بێتە ئاراوە هەموو وشە رەسەنەكانی زاراوەكانی دیكە لەخۆ بگرێت تا زمانێكی زەنگین بێت، هەڵبەت ئەم كارەش كاتی دەوێت تا نەوەیەك لە رێگەی خوێندنگە و زانكۆ و لە راگەیاندنەكانەوە ئاشنا ببن بە وشە جیاوازانەی زاراوەكانی تر، یان ناوچەكانی دیكە بەكاری دێنن، رەسەن و گونجاون.

بۆیە لە كۆتاییدا دەڵێم من وای پێناسە دەكەم كە زمانی كوردی درەختێكە زاراوەكانیشی لق و پۆپەكانی، بێگومان ئەم درەختە بە هەموو لق و پەل و پۆكانییەوە جوانە، بە بڕینەوەی هەر لقێك لەم درەختە كەمێك لە جوانییەكەی لەدەست دەدات ، بەڵام لقی لادراو مەترسیی وشك بوونی لەسەر دەبێت.
تێبینی: بەندە بەهیچ شێوەیەك سەرنوسەری ماڵپەڕی سبەی ناناسم، و تەنها من خۆم پێم باش بوو ئەم وەڵامە بدەمەوە.