٣٦ ساڵ كوردكوشتن لە ئێران

13:26 - 6 رەشەمه 2714
Unknown Author
هاوار بازیان

سەرەتای توندوتیژی و كوشتاری كورد لە مێژووی نوێی ئێراندا بۆ یەكەم رۆژانی هاتنە سەركاری دەسەڵاتی كۆماری ئیسلامی پاش سەركەوتنی شۆڕشی گەلانی ئەو وڵاتە بەسەر ریژیمی شا لە ساڵی ١٩٧٩ دەگەڕێتەوە. ئەو پرۆسەیە تا ئێستە شێوە و روخساری زۆری هەر لە گرتن و ئازاردان و كوشتن و سێدارە بەخۆوە بینیوە كە بەشێكی زۆریان تۆمار نەكراون، بەڵام لێرەدا هەوڵ دەدرێ بەپێی سەرچاوە رەسمییەكان و بەكورتی باسی لانیكەم ئەو بەشە لە رووداوەكانی دژی كورد لە ئێران بكرێ كە بە ژمارە تۆمار كراون و وەك ئامار وەردەگیرێن كە بەشێكی زۆریان كۆمەڵكوژی و سێدارەن.

سەرەتای كێشەكان و دەستپێكی كوشتار
لەگەڵ هاتنە سەركار و جێگیربوونی سیستەمی \"كۆماری ئیسلامی\" لە بەهاری ١٩٧٩، هەوڵێكی بەربڵاو بۆ گفتوگۆی نێوان كورد و دەسەڵاتی نوێی تاران درا كە هەر خێرا و لە ماوەی ٦ مانگی یەكەمیدا تووشی شكست هات. سەرنەكەوتنی گفتوگۆی نێوان حكوومەتی نوێی ئێران و هێز و لایەنە كوردییەكانی كوردستان رێگەی توندوتیژی لە وڵاتە خۆش كرد كە قوربانییەكی زۆری هەر لە خەڵكی مەدەنی تا سەربازی و چەكدار لێكەوتەوە.

١. كۆمەڵكوژییەكەی گوندی \"قارنێ\" لە ١٩٧٩.٩.٢ بە بناخەی راگەیاندنی شەڕ دژی كوردستان لەلایەن دەسەڵاتی كۆماری ئیسلامی دادەنرێ كە تێیدا ٦٨ كەس لە خەڵكی بێگوناهی ئەو گوندەی كوردستان لە نەغەدە كۆمەڵكوژ كران.

رووداوەكە پاش ئەوە هات سوپای نوێی كۆماری ئیسلامی بەناوی تۆڵەكردنەوەی چالاكییەكی سەربازیی پێشمەرگە لە (دوئاوان، ناوچەی نەغەدە) سوپایەكی پڕچەكیان بە تانك و تۆپ هێنایە سەر گوندی قارنێ كە تێیدا مەلا حەسەنی (نوێنەری خومەینی لە دەڤەری ورمێ) رۆڵی كارای گێرا.

رۆژنامەی رەسمی و حكوومی ئیتلاعات لە ١٢ Dec. ١٩٧٩ لەزاری یەكێك لە هێرشبەرانی سەر گوندەكە ئاوای باس دەكا: خەڵكی بێگوناهیان هەر لە ژن و منداڵ و پیر و گەنج كوشت و سەربڕی. لەنێویاندا مامۆستای مزگەوتی گوند بوو كە هەوڵیدا بە قورئانەوە رێگە لە كوشتاری خەڵك بگرێ، بەڵام چەكدارانی دەوڵەت دەستبەجێ سەریان بڕی و تا ئێستەش سەری نەدۆزرایەوە. دایك و منداڵ و كۆرپەڵە بەیەكەوە دەكوژران و ... هتد.

ئەو رووداوە هەرچەندە بە رواڵەت هەوڵ درا لە هەردوو لایەنی كورد و دەوڵەتەوە سەرپۆش بكرێ و پۆزشی بۆ بێتەوە، بەڵام ماوەیەكی زۆر وەك هاندەرێكی بەهێز بۆ بڵاوبوونەوەی توندوتیژیی نێوان كورد و سوپای كۆماری ئیسلامی بەتایبەت خەڵكی توركی ناوچەكە مایەوە. تەنانەت ئێستاكەش هەست بە شوێنەواری ئەو رووداوە لەسەر خەڵكی شاری نەغەدە دەكرێ كە لە كورد و تورك پێكهاتوون و ناكۆكن. (بێجگە لەو رووداوە، شەڕی ناسراوی نەغەدەش بەهۆیەكی تری ئەو گرژییە دادەنرێ).

٢. ئەو رووداوە دۆخی نێوان كورد و حكوومەتی نوێی لە ئێران تەواو خستە ژێر كاریگەریی خۆی كە بەرەو گرژیی زیاتریش رۆیشت. هەر لەو سەروبەندە و لەوساڵدا بوو مەلا حەسەنی كە دەسەڵاتی راستەوخۆی خومەینی (رێبەری باڵای كۆماری ئیسلامی) لە پشت بوو چەندین هێرشی دیكەی بۆ پاكسازیكردنی نەیارانی لە گوندەكانی تری كوردستان ئەنجامدا. لەوانە: گوندی نەڵۆس لە ناوچەی شنۆ، سەروكانی و كولیج لە ناوچەی پیرانشار، سۆفیان، شادلە، قەرەقشڵاق، ئیندرقاش و داشخانە و ... هتد.
٣. كۆمەڵكوژییەكەی ١٩٧٩.١١.٤ لە گوندەكانی مهاباد و شاروێران و وسوكەند كە پاش ئەوەی ژمارەیەك چەكداری مەلا حەسەنی لە ناوچەكە دەكەونە بەر هێرشی پێشمەرگە و بەناچار پاشەكشە دەكەن بۆ ناو گوندەكان، دەست بە كوشتاری بەكۆمەڵی خەڵكی ناوچەكە دەكەن و لە ماوەی ٢ كاتژمێردا زیاتر لە ٣٥ كەسیان كۆمەڵكوژ كرد.
٤. كۆمەڵكوژییەكەی گوندی سۆفیان/شنۆ لە ١٩٧٩.١١.٨ كە تێیدا چەكدارانی حەسەنی بەمەبەستی پاككردنەوەی نەیاران هێرشیان كردە سەر ئەو گوندە و جگە لە مامۆستای مزگەوتی گوند و مامۆستای قوتابخانە، بەگشتی ١٣ كەسیان كوشت و ٢٠ برینداریان بەجێهێشت.
٥. كۆمەڵكوژیی گوندی قەڵاتان/نەغەدە لە ١٩٨٠.٣.٢٦ كە تێیدا ١٣ كەس كوژران.
٦. كۆمەڵكوژیی گوندی سۆفیان/نەغەدە لە ١٩٨٠.١١.١٨ كە تێیدا ١٢ كەس كوژران و تەمەنی ٧ كەسیان سەرووی ٥٠ ساڵ بوو.
٧. كۆمەڵكوژیی گوندی بایزاوێ/نەغەدە لە ١٩٨١.١١.٨ كە ١٢ كەس كوژران.
٨. كۆمەڵكوژیی كرێكارانی كورەخانەی ساروقامیش/بۆكان لە ١٩٨١.٩.١٣ كە ١٨ كەس كوژران.
٩. كۆمەڵكوژیی گوندی قەرەگۆل/مهاباد لە ١٩٨٢.١.٢٦ كە ١٨ كەس كوژران كە تەمەنی زۆربەیان لە سەرووی ٥٠ ساڵی بوو و تەنانەت ٧٠ ساڵی و ٩٥ ساڵی تێدا دەبینرا.
١٠. كۆمەڵكوژی لە گوندەكانی دیلانچەرخ، حەلب، كۆیكان، كارێزەی شكاكان لە ناوچەی نەغەدە.
١٢. كۆمەڵكوژیی گوندەكانی دێمەسور، جەعفەراوێ و مەرجان ئاوێ لە مهاباد.
١٣. كۆمەڵكوژیی گوندەكانی هەلقۆش و گیجە لە ناوچەی سۆمای ورمێ و گوندەكانی چەقەڵ مستەفا، خەلیفەلیان و گۆرخانە لە نەغەدە.
١٤. كۆمەڵكوژیی گوندەكانی جەبریلاوێ، گوندەوێڵە و دواو لە ناوچەی شنۆ.
١٥. له سێدارەدانی ٥٩ لاوەكەی مهاباد/ ١٩٨٤.٦.٢
لە راستیدا دەتوانین بڵێین لە نێوان ساڵانی ١٩٧٩-١٩٨٣ زیاتر لە 14 هێرشی دەوڵەت بۆ سەر كوردستانی ئێران ئەنجام درا كە سەدان كەس بوونە قوربانی.

لەسێدارەدان بەتاك و كۆمەڵ
لەنێوان ئەو رووداوانەی باسكران، بەشێكی زۆریش كورد لەلایەن حكوومەتەوە بە دیل دەگیران یان بەبیانووی تر رەشبگیر دەكران. بەپێی (بەشی تۆماری رێكخراوی چاك) لە نێوان ساڵانی ١٩٧٩-١٩٩١ لانیكەم ٨٣٢ كەس لە كوردستانی ئێران لەسێدارە دراون و تیرباران كراون. بەشێكی هەرە زۆری ئەوانە سەر بە هێز و لایەنە كوردە نەیارەكانی كۆماری ئیسلامی بوونە، بەڵام ٧٩ كەس لەوانە خەڵكی ئاسایی و سڤیل بوونە. لەلایەكی ترەوە بەپێی راپۆرتی لێبووردنی نێودەوڵەتی لە ساڵی ١٩٩١، لە نێوان ساڵانی ١٩٧٩-١٩٩١ زیاتر لە ٥٠ هەزار كورد لە ئێران كوژراوە و لە نێوان تەنیا ساڵانی ١٩٨٧-١٩٩١ بەلایەنی كەمەوە ١٠٥ كورد لەو وڵاتە لەسێدارە دراون.

١. دیاردەی سێدارەدانی بەكۆمەڵ لە ئێران، یەكەمجار لە شاری مهاباد لە ١٩٨٤.٦.2 لە سەر ٥٩ لاو جێبەجێ كرا كە دواتر سێدارەكانی بەكۆمەڵی لە ساڵانی ١٩٨١, ١٩٨٣, ١٠٩٤ و ١٩٨٦ دژی كورد لە ئێران بەدوادا هات كە بە تۆماری سێدارەدانی ١٦٣ كەس لە ساڵی ١٩٨١ و ١٦٠ كەس لە ١٩٨٣ بە رەشترین ساڵانی كورد لە ئێران دادەنرێ، جگە لەوەی ژمارەیەكی زۆری سێدارەدانی كورد لە ناوچە دوورەكانی كوردستانی ئێران هەر تۆمار نەكراون.

٢. لە سێدارەدانی بەكۆمەڵ و ئاشكرا، دیسان لە ساڵانی ١٩٨٨-١٩٨٩ لە سەرجەم زیندانەكانی ئێران جێبەجێ كرا كە ٥٩ كەسی لە هەردوو حزبی دیموكرات و كۆمەڵە تێدا بوو و بەر كوردستان كەوت.

هەروەها بەگشتی ئەوەی ئاشكرا و دیارە، لە ساڵی ١٩٩٠ سێدارەدانی ٨ كورد، لە ١٩٩١ سێدارەدانی ٢٥ كورد، لە -١٩٩٥-١٩٩٤ بەسێدارە و تیرۆری دەیان كەسی تر ئەو پرۆسەیە بەردەوام بووە.

٣. ئەوەی دواتر بەئاشكرا دیارە و كەوتووەتە بەرچاوی رێكخراوەكان: سێدارەدانی ٦ ئەندامی حزبی دیموكرات لە شاری سەقز لە ساڵی ٢٠٠٤ بوو. هەمان ساڵ ٤ كەسی تر بەتۆمەتی سیاسی لەدار دران. لە ساڵی ٢٠٠٥-٢٠٠٧ بەئاشكرا ٤ كەسی تر بەتۆمەتی ئەندامێتی لە هێزە نەیارە كوردەكانی ئێران لەسێدارە دران. هەروەها لەسێدارەدانی ئیحسان فەتاحیان لە ٢٠٠٩.١١.١١.

٤. كۆمەڵكوژییەكەی یەكشەمی سووری ٢٠١٠.٥.٩ كە تێیدا فەرزادی كەمانگەر، عەلی حەیدەریان، فەرهاد وەكیلی، شیرین عەلەم هولی و مەهدی ئیسلامیان لە سێدارە دران.

٥. دواتریش لە سێدارەدانی حوسێن خزری لە ٢٠١١.١.١٥، حەبیبوڵا گوڵپەری پور لە ٢٦.١٠،٢٠١٣، شێركۆ مەعارفی لە ٢٠١٣.١١.٤ و سابیر موخەلید ماوانە لە 2015.1.6.

٦. لە نوێترین پێشهاتیشدا، بڕیاری لە سێدارەدانی ٦ زیندانی تری كورد بەناوەكانی سامان نسیم، حەبیبوڵا ئەفشاری، عەلی ئەفشاری، سیروان نژاوی، ئیبراهیم شاپوری و یونس ئاقایان كە پێنجشەمی رابردوو (٢٠١٥.٢.١٩) بەمەبەستی جێبەجێكردنی حوكمی سێدارەیان بۆ شوێنێكی نادیار گواسترانەوە، هەرچەندە ئاماژەكان باس لە جێبەجێبوونی حوكمەكە بەسەر لانیكەم ٣ كەس لەوانەدا دەكەن، بەڵام تا ئێستە هیچ هەواڵێكی رەسمییان لەسەر بڵاو نەبووەتەوە كە زیاتر پەیوەندیی بەو فشارە ناوەخۆیی و ناودەوڵەتییانەوە هەیە لەسەر كۆماری ئیسلامی درووست بووە تا ئەو بڕیارە جێبەجێ نەكا، بەتایبەت كە سامان نەسیم لەكاتی دەستگیریدا تەمەنی ژێر ١٨ ساڵ بووە.

ئەنجام
ئەوەی باس كرا گۆشەیەكی بچووك بوو لەو سیاسەتە توند و گرژەی نێزیكەی ٣٦ ساڵە لە ئێران بەرامبەر كورد جێبەجێ دەكرێ و درێژەی هەیە و هەر ئێستە سەدان زیندانی سیاسیی كورد لەو وڵاتە هەن كە بەشێكیان حوكمی سێدارەیان بەسەردا سەپێنراوە. سیاسەتێك كە لەلایەن دەسەڵاتی تارانەوە پشتی بە دانانی كورد وەك دوژمنێكی چەند لایەنە بەستووە. كورد وەك نەتەوەیەك كە داوای مافەكانی لە دەسەڵاتی فارسی دەكا و كورد وەك سووننە كە ناچیتە ژێر هیچ بارێكی شیعە. بەهێزبوونی كۆماری ئیسلامی لە كێشەی كوردی ئێراندا هاوكاتە لەگەڵ بێ هێزی و پەرتەوازەیی كوردی ئەو بەشەی كوردستان كە تا ئێستە سەركەوتوو نەبوونە ئەو هەمووە قوربانی و مەینەتانەی سەر گەلەكەیان بكەنە هەوێنی رزگاربوون و ئازادی.

\" target=\"_blank\">سەرچاوەكان:
آرشیو روزنامه اطلاعات / آرشیو روزنامه کیهان / آرشیو روزنامه انقلاب اسلامی / آرشیو مرکز فرهنگی چاک (کوردوساید) / مجله ی جنگ در کردستان / وبلاگ کتاب شناسی بهزاد خوشحالی و کتاب های 20 گانه اش / خبرنامه  گویا / سایت سازمان دفاع از حقوق بشر کردستان / سایت مجموعه فعالان حقوق بشر / سایت حزب دمکرات کردستان ایران / سایت حزب کومله / سند UN, CD /872-12/9/88,  کنگره خلع سلاح / سند e/cn.4/sub.201988,UN / سندUN، e/cn.4-31/4/1992 شورای اجتماعی اقتصادی سازمان ملل / سند UN شورای امنیت s/23685/add9/31992 / سند  un، e/cn/.4/1993/45 شورای اقتصادی اجتماعی / گزارش عفو بین اللمل MDE 14/1/1988/ / گزارش عفو بین اللمل MDE 14/3/1989// گزارش عفو بین اللمل MDE 13/10/1992/ / ایران :نقض حقوق بشر 1987 تا 1990سازمان عفو بیل املل MDE 31/12/1992 / مجموعه اسناد کمیسوین حقوق بشر کردستان. ماستریخت 27/11992

ئەم بابەتە روانگەی نووسەرەکەیەتی و ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا لێی بەرپرسیار نییە