زیندانی ورمێ؛ سۆعدا خەدیرزادە، ژنی دووگیانی دەسبەسەرکراو، لە دەیەمین ڕۆژی مانگرتندایە

"سۆعدا خەدیرزادە" ژنی دووگیانی دەسبەسەرکراو، خەڵکی شارستانی پیرانشار کە ڕۆژی سێشەممە ڕێکەوتی ٦ی بانەمەڕ لە بەندی ژنانی ورمێ مانی لە خواردنی چێشت و دەرمان گرتبوو، لە دەیەمین ڕۆژی مانگرتندایە.

یەکێک لە هاوبەندییەکانی ئەم هاووڵاتییە بە کوردپای ڕاگەیاند: "دوای مانگرتنی سۆعدا، بەرپرسی زیندان ناوبراوی بانگهێشت کرد و ئەوی خستە ژێر گوشارەوە کە مانگرتنەکەی بشکێنێت".

ئەم سەرچاوەیە زیادی کرد: "تا ئێستا بەرپرسانی زیندان لەمەڕ دۆخی ئەم ژنە دووگیانە کەمتەرخەم بوونە و وڵامدەری نین. مانگرتنی سۆعدا نیگەرانیی بنەماڵەکەی لێکەوتووەتەوە و لە ماوەی دوو ڕۆژی ڕابردوو، ناوبراو لەگەڵ بنەماڵەکەی پەیوەندیی تەلەفۆنیی نەبووە".

لە ڕۆژی سێشەممە ٦ی بانەمەڕەوە سۆعدا خەدیرزادە بە نیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕین بەهۆی ناڕوونیی چارەنووسی لە بەندی "نسوانـ"ـی زیندانی ورمێ، مانی لە خواردنی چێشت و دەرمان گرتووە.

ڕۆژی شەممە ١٠ی بانەمەڕ، بەرپرسی زیندانی ورمێ چاوی بەو ژنە کەوتووە و داوای لێ کردبوو کە کۆتایی بە مانگرتنەکەی بهێنێت، بەڵام ئەو ژنە داواکارییەکەی بەرپرسی زیندانی ورمێی ڕەت کردبووه‌وە.

ڕۆژی شەممە ١٠ی بانەمەڕ، یەکێک لە نزیکانی ئەو هاووڵاتییە بە کوردپای ڕاگەیاند: "هەتا ئێستا ناوەندە ئەمنییەتی و نیزامییەکان ڕێگرن لە ئازادکردنی کاتیی سۆعدا و هێزە ئەمنییەتییەکان ئەو ژنەیان وەکوو بارمتە ڕاگرتووە".

پێشتر ئەو ژنە هاووڵاتییە لە دوو نامەدا بۆ دادستانی پیرانشار خوازیاری گۆڕینەوەی بڕیاری کاتیی دەسبەسەری بە بارمتەی کردبوو، بەڵام دادستان و بەرپرسی دۆسیەکەی لەگەڵ ئەو داخوازییە دژایەتییان کردبوو.

سۆعدا خەدیرزادە لەو داخوازییەدا ڕایگەیاندبوو کە لە ئێستادا لە بارودۆخێکی خراپ لە زینداندایە و بەهۆی دووگیانی، زەختی خوێن، تووشبوونی گورچیلەی بە نەخۆشی و پشتئێشە و هەتا دوایی، مانەوە لە زیندان ژیانی ئەویان تاڵ کردووە.

ڕۆژی دووشەممە ١٧ی خەزەڵوەری ١٤٠٠ ئەو ژنە دووگیانە لە گرتنگەی ئیتلاعاتی سپای پاسداران بۆ زیندانی ناوەندیی ئەو شارە ڕاگوێزرابوو.

ڕۆژی پێنجشەممە ٢٢ی ڕەزبەری ساڵی ١٤٠٠، هێزە ئەمنییەتییەکانی حکوومەت ئەم هاووڵاتییەیان بەبێ نیشاندانی حوکمی دادوەری دەسبەسەر کردبوو.

سۆعدا خەدیرزادە خێزاندار و خاوەن دوو منداڵە.

تا ئێستا لە هۆکاری دەسبەسەرکردن و تۆمەتی وەپاڵدراو دژی ناوبراو، زانیارییەکی ورد لەبەر دەستدا نییە.