زمانی شیرینی دایك و كەمتەر خەمی كوردەكانی دەرەوەی وڵات

20:05 - 1 رەشەمه 2711
Unknown Author
زمانی شیرینی دایك و كەمتەر خەمی كوردەكانی دەرەوەی وڵات
سمكۆ بێكەس

زمان یەكێك لە گرینگترین شوناسی هەر نەتەوەیەكە بۆیە گەلی كورد بە زمانی كوردی و زاراوەی جیا جیا قسە دەكات و هەر ئەم قسە كردنە بۆتە هەوێنی ئەلف و بێ كوردی و نوسینی كوردی ئاسان كردووە كە بە سەدان هەزار كتیبی كوردی ئیستا لە بەر دەست دایە لە هەموو بوارەكان دا. تەنیا بەشێك لە چوارپارچەی كوردستان كە باشوری كوردستانە لە مێژ ساڵە خوێندن بە زمانی كوردی رەسمی یە و لە پارچەكانی تری كوردستاندا بە داخەوە كوردی خوێندن و نووسین هەر بڤەیە، نامهەوێ باسەكەم بۆ ئەم بابەتە تەرخان بكەم ، چونكە ئەوەی من دەمهەوێ لە سەری بدوێم زمانی كوردی لە ناو كوردانی دەرەوەی وڵاتە.

بە لە بەر چاو گرتنی ئەو ماوەی كە من لە دەرەوەم كە یازدە ساڵە و لە نزیكەوە لە گەڵ زۆربەی هەرە زۆری كوردەكان دا هات و چۆ و ناسینم هەیە دەتوانم ئاكامی زمانی كوردی لە بۆ چونی خۆمەوە بەم شێوە هەڵ سەنگێنم.
بە داخەوە دەبێ بڵێم زۆربەی هەرە زۆری دایك و باوكەكان نەك هیچیان بۆ منداڵەكانیان نەكردووە بەڵكو ناراستەو خۆ بوونەتە هۆی فەوتان و نەمانی زمانی كوردی.

بۆ وێنە لەسەدا 99‌ی منداڵانی تاراوگە ناتوانن كوردی هەر بخوێننەوە و دەتوانم بڵێم لە سەدا پەنجای هەر ناتوانن بە كوردی قسە بكەن تەنیا لە چەند وشە یان چەند رستەی تێك و پێك شكاو و تێكەڵ و پێكەڵ كە سەر و بنی قسەكان دیار نین.
بۆیە منداڵەكان بە زۆری لە نێوان خۆیان دا و تەنانەت جار و باریش لە گەل بنەماڵەكانیان تەنیا بە زمانی ئەو وڵاتە قسە دەكەن كە تێدا دەژین
داخوا كێشەكان چین و بۆ وایە؟

كێشەی یەكەم
لە دەرەوە زۆربەی هەرە زۆری بنەماڵەكان ناچارن منداڵەكانیان بنێرنە داینگەكان و لەوێ یەكەم شت ئەوەیە كە لە نێوان منداڵانی تردا تێكەڵ دەبن و منداڵ ناچارە بە زمانی ئەم وڵاتە شارەزابێت و هەر لە گەل پشكوتنی زمانی بە وشە و قسە كردنی ئەم وڵاتە ئاشنا دەبێت و زمانی ئەم وڵاتە بە كار دێنێ. بۆیە زمانی دایكی لا ئەستەم دەبێت ئەگەر بنەماڵەكان هەوڵی جیدی نەدەن بۆ فێر كردنی منداڵەكانیان ئەوە فێر نابن.

من لە وڵاتی نۆروێژ دەژیم و بە پێی قانوونی ئەم وڵاتە لە ناو قوتابخانە رەسمی ییەكان دا ئیزن نادرێ زمانی دایكی لە پاڵ زمانی ئەم وڵاتە دا بخوێندرێ، واتە دەكرێ ماموستای كوردی بە قەولی ئەوان ماموستای زمانی دایك هەبێت بۆ منداڵەكان بەڵام ، دەبێ وانەكانیان بۆ شەرح بكات كە رۆژانە دەیخوێنن كە تایبەتن بە دەرسەكانی قوتابخانە و بە هیچ شێوەیەك منداڵ بۆیی نییە كتێبێكی ئەلف و بێ زمانی كوردی ببات بێجگە لە و كاتژمێرە كە لە حەوتوو دا بۆ زمانی دایك تەرخان كراوە ئەوە بخوێنێ، بۆیە ناراستەو خۆ ئەم وڵاتە لەم بەشەدا رێگرە لە خوێندنی زمانی دایك لە پاڵ زمان و خوێندنی ئەم وڵاتەدا.

بەڵام لە گەڵ ئەوەش دا رێگەیەكی تریان بۆ چارەسەری ئەم گرفتە كردۆەتەوە كەئیزن بە هەر كەس و ریكخراوێكی كۆمەڵایەتی دەدات و تەنانەت یارمەتیان دەدات ئەگەر بیانهەوێ كلاسێكی زمانی دایك دابمەزرێنن جا لە هەر نەتەوە و زمانێك بن، بۆیە كوردەكان بە ئاسانی دەتوانن ئەگەر بیان هەوێ، شوێن و ئیمكاناتی دەرسی بۆ منداڵە كوردەكان دابین بكەن لە رێگەی دەزگا پێوەندیدارەكان و بێ هێچ كێشەیەك تەنیا ، كەمێك كاری ئیداری دەوێ و فیداكاری چەند كوردێكی دڵسوز و لە خۆ بردوو كە بتوانن وەك هاوكاری دەرس بڵێنەوە. یان داوای هاوكاری بكەن لەم وڵاتانە و ئەوانیش بە پێی ئیمكان هەم ئیمكاناتی دەرسی و هەم شوێن دابین دەكەن بۆ ئەم كارە. كە بە داخەوە زۆر جار هەم شوێن دابین كراوە هەم كەسێكی خۆبەخش ئامادە بووە وەك ماموستا دەرس بڵێتەوە بەڵام منداڵەكان ئامادە نەبوون بچنە ناو كلاسی زمانی دایكەوە یان تەنیا چەند منداڵێك لە یەكەم رۆژەكان هاتوون و دواتر ماموستا ماوەتەوە لە گەڵ مێز و كورسییەكان و كلاسێكی خاڵی، كە ئەمە جێگەی داخە و دەگەرێتەوە بۆ ئەوەی كە كورد نەیتوانیوە گرینگی زمانی دایك بزانێ بە تایبەت لە دەرەوەی وڵات.

كێشەی دووهەم.
بنەماڵەكان و منداڵەكانن. بە هۆیی ژیانی سەختی ئەم وڵاتانە دەبێ بەردەوام دایك و باوك كار بكەن تا بتوانن خەرجی ژیان و گوزەران و كرێ خانوو و كارەبا و زۆر شتی تر دابین بكەن ، بۆیە كاتیان زۆر كەم دەبێت تا بۆ منداڵەكانیان تەرخانی بكەن و بە تایبەت گەر بۆ نمونە شوێنێك وەك قوتابخانە بكرێتەوە لە یەكێك لە گەرەكەكانی شارێك دا ، هات و چو ئاسان نابێت چونكە هەر كوردە و لە گەرەكێك و تەنانەت شارێكی ترە و دووری رێگە كە و نەبوونی كات، دەبێتە هۆی ئەوەی كە هەموو كەس بە ئاسانی نەتوانێ هەوڵ بۆ چارەسەی ئەم كێشەیە بدات تا بتوانن هاوكار بن بۆ فێر بوونی زمانی شیرینی دایك بۆ منداڵەكانیان.

كێشەی سێهەم
لەلایەكی ترەوە بە داخەوە منداڵەكان لەسەدا یەكی ئارەزویی خویندنی زمانی دایكی نییە و گەر دایك و باوكەكە هەوڵێكی زۆریش بدەن و كار ئاسانیان بۆ بكەن منداڵەكەیان نایهەوێ و ئامادە نیە لە كلاسی زمانی دایك دا بەشدا بن و بۆیان گرینگ نییە بە داخەوە زۆر بێ بایەخ سەیری زمانی دایك دەكەن چونكە بە قسەی زۆرێك لەوان وا باشترە بە سەر زمانی ئەم وڵاتەدا زاڵ بن كە تێدا دەژین دەتوانم بڵێم لە سەدا نەوەدی زیاتر هەر سەیری تەلەفزیونی كوردی ناكەن و هەواڵەكانی كوردستان هەر بۆیان گرینگ نییە، بۆیە ئەمە كارەساتێكی ئێكجار سەختە كە بە سەر ئێمەی كورد دا تێپەردەبێت كە بە سەدان هەزار كورد لە وڵاتانی ئوروپایی دا دەژین.

بە سەرنجدان بەم خاڵانەی سەرەوە بە داخەوە زۆربەی هەرە زۆری بنەماڵەكان لەو پروسە گرینگەدا شكستیان خواردووە، و هەر ئەوە بوەتە هویی ئەوە كە منداڵانی ئیرە بە داخەوە زمانی دایك نازانن و ناتوانن نە بە باشی قسەی پێ بكەن نە پێی بنوسن و نە بیخویننەوە، بۆیە ئەمە دەكەوێتە سەر كەم كاریی كوردەكانی دانیشتوی ئەم وڵاتانە، كە بە داخەوە ئیكجار زۆرن ئەو بنەماڵانەی كە گوێ نادەنە ئەم پرسە گرینگە و زمانی شیرینی دایك چەند ساڵێكی تر لەم وڵاتانە بەرەو فەوتان دەچێ و ئیتر كوردەكان بە زمانی هێما و زمانی بێگانە تدەبێ‌لەگەڵ یەكتر بدوێن.

بۆیە هیوادارم كوردەكانی دەرەوەی وڵات خەمی ئەم كێشە گرینگە بخون و هەوڵی جیدی بدرێ بۆ زیندوو راگرتنی زمانی شیرنی دایك لە ناو بنەماڵەكانمان دا و لە ناو كوردانی دەرەوەی وڵات دا كە لە ئەو پەری پشت گوێ خستن دایە و ئیتر بە داخەوە گرینگی پێ نادرێ.