"زارا" کچی نیشتمان
سۆران شەمسی
پێشێلکردنی سیستماتیکی مافی سەرەکەی ژنان لەلایەن ڕێژیمی ولایەتی فەقییەوە بەپێی یاسای بنەڕەتی و یاساکانی دیکەی ڕێژیم بووەتە ھۆی بەربڵاوی و قووڵایی زیاتری سەرەڕۆییەکانی ئەو ڕێژیمە، بەتایبەت لە بەندیخانەکان و ئاکامی یەکەمی دڵساردی و نائۆمیدی و چوونەسەرەوەی ئاماری خۆکوژی ژنان لە ئێراندا، بەڵام شتێک کە زۆر لەبەرچاو و ڕوونە، خۆڕاگری و ڕاوەستانی ژنانی دڵێری ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێرانە کە ڕێژیمی تووشی داماوی و سەرشۆڕی کردووە.
ژنان لەناو ئێراندا دۆخێکی ناخۆشیان ھەیە، باوەڕبەخۆبوونی ژنان لە بڕیارەکانی خۆیان و پەیوەندیدار بە مافەکانی خۆیان و سەبارەت بە کاریگەریی دەوڵەت ئەگەر بە سیاسەتی ھەڵاواردنی پۆزەتیڤ نەبێت، کەمڕەنگە.
هەبوونی ژنان لە کار و چالاکیی ئابووری گەورە لە دەورووبەری سفردایە و چالاکیی ئابووریی ناوەندی و زۆر لە خواریش کە لەبەرچاو نییە، ژنان لە چالاکیی مەدەنی بەربەستیان بۆ دروست دەکرێت و لە شارە گەورەکان ماونەتەوە و ئەویش لەگەڵ کێشە و گرفتی جددی و زۆر ڕووبەڕوویە کە زۆربەی بەستەر چالاکییەکانیانی لێ ئەستاندووە.
بەڵام لە بەرانبەردا ئاماری دەستدرێژی بۆ سەر ژنان و کچان لە تەمەنە جۆرواوجۆرەکاندا، خۆسووتاندن، کوشتن، بەردباران و ... هتد زۆر لەسەرەوەیە و ھەموو ڕۆژێک میدیاکانی ڕێژیم ھەواڵی ڕووداوێکی دڵتەزێن بڵاو دەکەنەوە.
ئاماری لەدەسدانی دایک و باوک و بوونی ژنان بە سەرپرشتیی بنەماڵەکان ڕۆژانە زیاد دەکات، ئەگەر چاو لە هەموو یاسا و ڕێساکانی ڕێژیمی ئێسلامیی ئێران بکەین، دەتوانین قووڵایی زوڵم و ستەم بەڕانبەر بە ژنان لە کۆمەڵگادا ببینین، ھەڵاواردنی ڕوون و لەبەرانبەری یاسا و مافێکی فەرمی بەخۆی گرتووە و رێژیمی ئێران بە دەستدوەداوێنی ئەم یاسایە ژنی لە جێگاییەکی زۆر خوارتر لە بەرانبەر پیاودا داناووە.
یاساکانی ڕێژیمی ئێران بە شێوازێک نابەرانبەریی پیاو و ژن لە ھەموو بواریکەوە دیاری کردووە، ژن لە ھیچ پۆستێکی باڵای حکوومەتدا وەکوو ڕێبەری، سەرککۆماری، دەسەڵاتی دادپەروەری، بەرپرسیارەتی سەربازی و ... هتد جێ ناگرێت.
مافی ژنان لە ئێراندا لە پێوانی دەورەکانی سیاسی و مێژوویی جۆرواوجۆر گۆڕانکارییەکی زۆری بەسەردا ھاتووە، ئەم مافانە بریتین لە مافی شووکردن، مافی تەڵاق، مافی خوێندن، مافی لەبەرکردنی جلوبەرگ (حیجاب) و مافی سڵامەتی وەکوو (دوو گیانبوون، پێکھێنانی بنەماڵە و مافی دەنگدان) و مافەکانی تر دەبێت، بەپێی ڕیپۆرتی جیھانییەکان لە نێوان ١٣٥ وڵاتدا ئێران پلەی ١٢٧می لە بواری نابەرانبەری نێوان ژن و پیاودا ھێناوە.
ھێندێک لەو کارانەی کە دژی ژنان لە ئێراندا بەکاری دێنن، بە ڕوونی بۆ لایەنگرانی ژنان دیارە و ڕوانگە و بیروبۆچوونی کەسایەتییەکان و گرووپەکانیش لەم بوارەوە ڕوون و ئاشکرایە، چل ساڵ لە هاتنە سەرکاری ڕێژیمی ئێسلامیی ئێران تێپەڕ دەبێت، شۆڕشێک کە ئەگەرچی بۆنیاتنەری لە یەکەم دەربڕین و خۆپیشاندانی سیاسیی خۆی لە حکوومەتی پەھلەوی بە دانی مافی ھەڵبژاردن و کاندیداتۆری بۆ ژنان دژایەتی کرد و لە سەرەتاوە ڕۆخساری ڕاستەقینەی خۆی نیشان دا و بە سەرکوت و لەسێدارەدان و حوکمی جیھاد بۆ مانەوەی خۆی و پتەوکردنی بناغەی دیکتاتۆریەتی خۆی لە ھەر کار و ھەر ڕەوشتێک کەڵک وەردەگرێت.
ڕێژیم لە زارا محەمەدی دەترسێت.
ڕێژیمی ئێران لە زارا محەمەدی ڕەقی ھەیە و بە مافی خۆشی دەزانێت، چون زارا کوردە و ڕاستگۆ ئەو ژنێکی ڕاستەقینەیە و شارومەندێکی ئەرک وەخۆگرە، ژن بوون، کورد بوون، ڕاستگۆبوون و لە ھەمووی گرینگتر ئەرکی شارومەندی جێبەجێکردن تاوانی زارە محەمەدییە، لیستی تاوانەکانی زارا قۆرسە، چۆن ئەو مرۆڤایەتی دەپاراست، ئەو بەھۆی فێرکردنی زمانی کوردی بە منداڵان، بە تۆمەتی یارمەتی بە لێقەوماوانی بوومەلەرزە و لافاولێدراوەکان و بە تۆمەتی چالاکبوون، زیاتر لە سێ مانگە کە لە گرتنگەیەکی ترسناک بەبێ جیاوازی بەندکراوان و تاوانبارەکانی تر و دۆخێکی بێخەبەری سەداسەد ڕایان گرتووە.
٢ی پووشپەڕ سێ کەس لە بەڕێوبەرانی ئەنجۆمەنی فەرھەنگی_کۆمەڵایەتیی نەوژین بە ھێرشی ھێزە ئەمنییەتییەکانی ڕێژیم بە ماڵەکانیان لە شاری سنە دەسبەسەر کران، ئەم سێ کەسە بریتین لە: "زارا محەممەدی"، "ئێدرێس و ڕێبوار منبەری" کە لە بواری زمانی کوردی و ژینگەپارێزیدا چالاک بوون.
دوو کەس لە دەسبەسەرکراوەکان بە ناوەکانی ئێدریس و ڕێبوار منبەری، چوار ڕۆژ دوای گرتن بە دانانی بارمتە ئازاد بوون، بەڵام دوای ھەفت ڕوژ زارا محەمەدی بەردەوام لە گرتنگە بوو.
زارا محەمەدی، تەمەن ٢٧ ساڵ، لە ماوەی دەستبەسەرکردنیدا تەنیا یەکجار لە چوارشەممە، ٨ی پووشپەڕدا بۆ چەند خولەک توانی لە ڕێگای تەلەفوونەوە لەگەڵ بنەماڵەی قسە بکات، بەڵام تا هەنووکە نەیتوانیوە لەو دۆخە کە تێیدایە و لە چە جێگاییەکە بدوێت.
لە مانگی ڕابردوودا دۆخی ئەمنییەتی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا تووندتر بووەتەوە و دەستبەسەرکردن و بانگھێشتی چالاکانی مەدەنی، چالاکانی ژینگەپارێز و کرێکاری زیادی کردوە، ئەم جارە ھێزە ئەمنییەتییەکان سەندیکا جەماوەرییەکانیان کردووەتە ئامانج، شەپۆلی گرتنی چالاکانی مەدەنی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا لە ڕەشەممەی ساڵی ڕابردووەوە دەستی پێ کرد، چالاکانی کورد کەسانێکن کە یان دەستبەسەر کراون، یان لە ژێر زەخت و چاودێریدان.
وەزارەتی ئیتلاعات و بەڕێوەبەرایەتی ئیتلاعاتی سپای پاسداران ھەردوو دەزگاکە لە گرتن و دەسبەسەرکردنی چالاکان و بەتایبەت چالاکی کورددا ڕۆڵی بەرچاویان ھەیە.
سنە، بەندیخانەی تایبەت بە ژنانی نییە، ھەر بۆیە ژنە دەسبەسەرکراوەکان لە ماوەی دەستبەسەربوونی کاتی و تاکوو پێش بڕیاری حوکمەکەیان و ناردنیان بۆ بەندیخانەی ژنان لە شارەکانی تردا، لە ناوەندەکانی چاکسازی (اسلاح) و "تەربیەتـ"ـدا ڕادەگیردرێن.
تەنیا چالاکییەکی دیکەی "زارا"، جیا لە فێرکردنی زمانی کوردی، یارمەتی بە لێقەوماوانی لافاو و بوومەلەرزەلێدراوان لە پارێزگاکانی کرماشان و ئیلام و لوڕستان بوو، "زارا" لە کارەساتی بوومەلەرزەی کرماشان و لافاوی ئیلام و لوڕستان و خووزستاندا، لە چوارچێوەی ئەنجومەنی نەوژین و بە یارمەتی ئەندامانی ئەو ئەنجومەنە، یارمەتیی خەڵکیان کۆ دەکردەوە و ڕەوانەی ناوچە لێقەوماوەکان دەکرد، چۆن "زارا محەمەدی" وەکوو ھەر بەندکراوێکی دیکە لە ژێر ئازار و ئەشکەنجەی ڕۆحی، بێڕێزی و تیرۆری کەساییەتیدایە، ھەر ئەوەی کە زیاتر لە سێ مانگە ھەموو ڕێگاکانی پەیوەندی لەگەڵ بنەماڵەی پچراوە خۆی گەورەترین ئەشکەنجەیە بۆ ھەر بەندکراوێک، بەتایبەتی بەندکراوێک کە بە بیانوو و تۆمەتی ناڕەوا دەستبەسەر کرابێت.
"زارا"یان بەبێ ھیچ ھۆکارێک دەستبەسەر کردووە و ئێستایش ئەیانھەوێت بە وەرگرتنی دانپێدانانی زۆرەملێ، ھۆکارێک بۆ پاساوێکی بێبنەما سەبارەت بە دەستبەسەرکردنی بێنێنەوە.
دۆخی مافی مرۆڤ لە وڵاتی ئێراندا ھەم لەلایەن خەڵکی وڵات و ھەم لەلایەن چالاکانی مافی مرۆڤ، نووسەران و ڕێکخراوەکانی مرۆیی نێونەتەوەیی ڕخنەی لێ گیراوە، لە کاتی هاتنە سەرکاری ڕێژیمی ئیسلامیی ئێراندا نەتەوەیەکگرتووەکان ھەموو ساڵێک، بڕیارنامەیەکی لەسەر پێشێلکردنی مافی مرۆڤ لەلایەن حکوومەتی ڕێژیمی ئێرانەوە بڵاو دەکاتەوە و لە بڕیارنامەی نەتەوەیەکگرتووەکاندا بە ژمارەی "١٧٦⁄٦٤⁄RES/A" کە لە خاکەلێوەی ساڵی ١٣٨٩ بڵاو کراوەتەوە، ئەم ڕێکخراوەیە ڕێژیمی ئاخوندی لە زۆربەی بوارەکانەوە مەحکووم کردووە.
وەکوو کردەوەی دەوڵەت لەگەڵ ناڕازییەکانی ئاکامی ھەڵبژاردنی سەرککۆماری، ڕێژیمی ئیسلامی ئێران بە شێوازێکی تووندتر ئازادییە مەدەنییەکانی وەکوو ئازادی ئاخاڤتن، میدیا، ڕۆژنامەوانی و بڵاوکراوەکان، کۆبوونەوەکان، ڕێکخراوەکان و ئازادی تاکەکەسیشی پێشێل کردووە و لەسەر ڕێگای ئازادییەکانی ئایینیش لەمپەری داناوە.
ناوەرۆکی ئەم بابەتە روانگەی نووسەرەکەیەتی و ئاژانسی کوردپا لێی بەرپرسیار نییە.