دەنگ دان و دەنگ نەدان

21:12 - 28 جۆزەردان 2713
Unknown Author
ئارەش ساڵح

لە ماوەی چەن رۆژی رابردوو دا باسێکی زۆر سەبارەت بە بانگەشەی دەنگ نەدانی حیزبەکان و بەشداری زۆری خەڵک لە ناو هەڵبژاردنەکانی سەرکۆماری ئیران دا هاتۆتە ئاراوە. دیارە زۆربەی ئەم باسانە لەسەر چەن پرسیار دا خۆیان ئاراستە دەکەن. یەکەمین پرسیار ئەوەیە کە ئایا سەرەڕای بەشداری کردنی خەڵک لە ناو هەلبژاردنەکانا ئایا ئەمە سیاسەتێکی راستە کە لە لایەن حیزبەکانەوە هەلبژاردنەکان بایکۆت بکرێن یان نا؟ دوهەمیان هەڵدەگەڕیتەوە بۆ ئاڵتیرناتیڤ و ئەو پرسیارە ئاراستە دەکرێت کە ئاخۆ ئەگەر هەڵبژاردن بایکۆت بکرێت چ ئاڵتێرناتیڤێکی دی هەیە بۆ گٶڕان.

بە باوەڕی من وەڵامی پرسیاری یەکەم هەڵدەگەڕێتەوە بۆ دانانی جیاوازی لە نێوان حیزب و تاک و مانای رەفتاری سیاسی هەرکام لەو دوانە لە باروودۆخی ئیستای ئێران دا. دەنگ دان وەکوو رەفتارێکی سیاسی زەق لە کۆمەڵگای ئیمڕۆی ئێران دا بۆ هەر کام لەم دوو یەکینەیە واتای جیاواز لە خۆ ئەگرێت. لە باروودۆخێکی ئاسایی، پشتگیری کردنی حیزب یان لایەنیکی سیاسی لە پاڵێوراوێک بە مانای پەسەند کردنی بەرنامەی ئەو پالێوراوە و بەشداری کردنیەتی لە ئاڵتێرناتیڤێک کە ئەو پاڵێوراوە پێیەتی بۆ داهاتوی کۆمەڵگا. لە پڕۆسەی بەشداری سیاسی دا ئەگەر حیزبێک هانی خەڵک بدات بۆ دەنگ دان بۆ پالێوراوێک بەو مانایەیە کە لە هەموو ئیمکانی تەشکیلاتی و کەسایەتی حقوقی خۆی کەڵک وەردەگرێت بۆ بە دەسەڵات گەیشتنی ئەو پاڵێوراوە و لە ئاکام دا لە بەرامبەر لایەنگران و تەشکیلاتی خۆی بەرپرس ئەبێت بۆ ئەو هەڵوێستانەی کە دەوڵەتی ئەو پاڵێوراوە دەیانگرێتە بەر. بۆیە عەقڵانیەتی سیاسی حوکم دەکات کە هاندانی خەڵک بۆ بەشداری لە هەڵبژاردن دا هاو کات بێت لەگەڵ هەندێک میکانیسم کە بە هۆیانەوە ئەو حیزبە بتوانێت لانی کەمێک لە کاریگەری لەسەر بڕیارەکانی ئەو دەوڵەتەی هەبێت.

لە لایەکی ترەوە لە بارودۆخی ئێمڕۆی ئێران دا ئەگەر چی رێژەی بەشداری خەڵک ناتوانیت هۆکارێک بێت بۆ چارەسەری قەیرانی رەوایی بەڵام پاڵپشتیی حیزب و رێکخراوە مەدەنی و سیاسەکان ئەتوانیت نیشاندەری ئەوە بیت کە لایەنە جۆربەجۆرە سیاسیەکانی نێو کۆمەڵگا رازی بە رێژەی بەشداری خۆیانن لەو پڕۆسەی سیاسیە دا و ئەتوانێت دەرخەری رەوایی رژێمی سیاسی هەبوو لە هەر وڵاتێک بێت. لە چوارچێوەی هیچ عەقڵانیەتێک دا ناگۆنجێت کە ئۆپۆزیسیۆنێک کە هەڵگری ئەو ئیدعایەیە کە رژێمی سیاسی هەبوو رەوایی نیە بانگەشە بۆ بەشداری کردن لە هەڵبژاردن و متمانە بە نەهادە سیاسیەکانی ئەو رژێمە بکات.

ئەگەر بە بێ لایەنگری بە دوور لە هەندێ کلیشەی باو لە نێو چالاکانی ناوخۆ کە بوونەتە حوکمێکی ئەزەلی و ئەبەدی چاو لە چەمکی حیزب و بەشداری سیاسی بکرێت رەفتاری سیاسی ئەو لایەنانە سەیرتر و دوورتر لە عەقلانیەتی سیاسیە کە کەسایەتی حقوقی و هێزی کەم یان زۆری خۆیان ئەکەنە تێچوو بۆ دەنگ هێنانی پاڵێوراوێک کە بە هیچ شێوە خۆی بەرپرس نازانێت لە بەرامبەریان. دیارە لە کۆمەڵگای ئێمڕۆی کوردستان و ئێران دا هەندێک کلێشە جێگەی لێکدانەوە و لێکۆڵینەوەیان گرتۆتەوە کە چالاکانی ناوخۆ بە دوور لە هەرچەشنە رێڕەوی زانستی (روش علمی) هەمووکات خەریکی دووپات کردنەوەیانن و وەکوو ئامرازێک بۆ کوتانی لایەنی بەرامبەری خۆیان کەڵکیان لێ وەردەگرن. ئەوەی کە ئێمڕۆ ئەو پرسیارە بەرەو رووی حیزبەکان دەکاتەوە سەرچاوەکەی نەک هەڵە بوونی بریارەکەیانە بۆ بایکۆتی هەڵبژاردن، بەڵکوو لە نەبوونی توانایانە لە ئاراستە کردنی بنەمای تیۆریک بۆ هەڵوێستەکەیان و کەڵک وەرنەرگرتیانە لە ئەدەبیاتی زاڵ لە کۆمەڵگای ئێمرۆی ئیران دا.

بەڵام لە لایەکی تروە و بە پێچەوانە بەشداری تاکەکانی کۆمەڵگا ئەتوانیت بە شیوەیێکی تر لێک بدرێتەوە. بەشداری کردنیان و دەنگ دانیان بە پاڵێوراوێک کە دوورترە لە گوتاری زاڵ ئەتوانێت دەرخەری ئەو راستیە بێت کە رژیمی سیاسی هەبوو لە ئێران دا ناتوانێت خاوەن پێگەیێکی جەماوەری بێت. حیزبی سیاسی ئەتوانێت ئاراستە و بۆچوونی خۆی لە هەمبەر دیاردە سیاسیەکان و هەڵبژاردن روون بکاتەوە بەڵام لە ئاکام دا ئەوە تاکەکانی ناو کۆمەڵگای ئێرانن کە بە لەبەر چاو گرتنی هەموو فاکتەرەکان بڕیار دەدەن کە بە چ شێوەیێک لە تەنیا هەل بۆ دەرخستی خۆیان کەڵک وەربگرن. بەشداری نەکردنی حیزبەکان لە هەڵبژاردن دا کە بە دروستی ناوی شانۆیان لێ ناوە بەو مانایە نیە کە تاکی ناو کۆمەڵگا نەتوانێت بڕیار بدات بە شێوەیێکی سەربەخۆ لە ناو ئەو شانۆیە دا رۆڵیک بگێڕێت کە بە دروستی ئەزانێت و لە دژی بەرنامەکانی شانۆگێڕە هەر بەم چەشنە بەشداری کردنی خەڵک لە کۆمەڵگای ئێمڕۆی ئێران دا ناتوانێت بەو مانایە بێت کە حیزبێک بە شیوازێکی پۆپۆلیستی هەڵسووکەەت کات و بە دوای مەوجی گشتگیری ناو کۆمەڵگا بکەوێت. هەرکام لەم رەفتارە سیاسیانە خاوەنی واتای خۆیانن و لە هەمان کات دا دروستن و ئیلزامەن لە دژی یەک نین.

یەکێکی تر لەو پرسیارانە کە ورووژێنەری ئەم باسەیە پرسیار لە ئالتیرناتیڤە. دیارە هەندێک هۆکاری تایبەت کاریگەر بووە لە پێک هاتنی قەیرانی ئیستراتێژی لە نێو ئۆپۆزیسیۆن بە گشتی و لایەنە کۆردیەکان بە تایبەتی، بەڵام ئەمە شتێک لە باسەکە ناگۆرێت. ئەویش ئەوەیە کە باس لە ئاڵتیرناتیڤ بۆ ئیستراتێژی رێفورمخوازانە دەکرێت پێویستە بگوترێت کە شتێک بە ناوی ئێستراتیژی رێفورمخوازانە هەر بوونی نییە کە ئاڵتێرناتیڤی بۆ دەسنیشان بکرێت. ئەگەر مەبەست لە ئێستراتێژی ریفۆرمخوازانە ئەوەیە کە هەر چوار ساڵیک بەرەو تاران بینەوە کە لەگەڵ کاندیداکان لە سەر چەن خاڵ و ئۆستاندرێیک رێک بکەوین ئەوا پێویستە بگوترێت کە دەرکمان لە ئیستراتیژی دەرکێکی ناتەواوە.

بە گشتی لایەنی ریفۆرم لە ئیران دا لە ساڵی ٧٦ ەوە هەتا ئێستا نەیتوانیوە خاوەن ئیستراتیژێێک بێت بۆ گۆڕان. ئەمە نەتەنیا لە کردەوەیا دەر دەکوێت بەڵکوو زۆرجار بۆشایی ئیستراتیژیک یەکێکە لە بنەماکانی رەخنەکانی لێکۆڵەرەوەکان و خەسارناسیەکانی ریفۆرمخوازی لە ئیران دا. لە لایێکی ترەوە ناکارامە ترین شێوازی رووبەروو بوونەوە لەگەل رەخنە ئەوەیە کە بە لایەنی بەرامبەر بگوترێت تۆ چیت پێیە. یەکیک لە بەربەستەکانی پێک هاتنی ئاڵتێرناتیڤێک بۆ ئاراستەی گٶڕینی سەرەوخوار سێبەری قورسی ئەو لایەنانەیە کە لە درێژایی نزیک بە دوو دەیە لە ڕانتی دەوڵەتی بۆ زاڵ بوون بەسەر میدیا و پانتایی گشتیدا کەڵکیان وەرگرتوە و ئێستا بە شیوازێکی دزێولەو ئێمکانە بۆ تەختەئەی هەرچەشنە رەخنەیێکی بنەمایی لە ئاراستەی مردووی گۆڕانی سەرەوخوار کەڵک وەر دەگرن. یەکەمین هەنگاو بۆ لە دایک بوونی شێوازێکی کارامە تر ئەوەیە کە باوەڕ بێنین کە شێوازی پێشوو مردووە.
ئەم وتارە روانگەی نووسەرەکەیەتی و ئاژانسی کوردپا لەمەڕ نێوەرۆکەکەی بەرپرسیار نییە.