دێمۆکراسی و هەڵبژاردن

22:23 - 5 بانەمەڕ 2713
Unknown Author
قەرەنی قادری

لە جیهانی ئەمڕۆدا، هەڵبژاردن لە هەردوو سیستەمی دیکتاتۆری و دێمۆکراتیدا بەڕێوەدەچێت، بەڵام ئەوە خاڵی هاوبەشی ئەوان نییە. پێناسە و تایبەتمەندییەکانی هەڵبژاردنە، کە دیواری چین لە نێوان ئەم دوو سیستەمدا هەڵدەچنێت.

دێمۆکراسی بەبێ هەڵبژاردن هیچ مانایەک نادات. هۆکارەکەیشی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، کە حکوومەتێکی دێمۆکراتیک دەبێ بنەماکەی لە سەر ویست و دەنگی هاووڵاتیانەوە بنیات بنرێت. هەروەها هەر بە ڕێگەی هەڵبژاردنەوەیە کە دەسەڵات لە کەشوهەوایەکی ئاشتییانە و هێمنانەدا دەستاودەست دەکرێت. لەبەر ئەوە، هەڵبژاردن بەشێکە لە دێمۆکراسی و لێی جیا ناکرێتەوە. هەر لەم ڕوانگەیەوە، هەڵبژاردن تاکتیک نییە، چونکە لە سیستەمێکی دێمۆکراتیکدا هاووڵاتیان بە ڕێگەی هەڵبژاردنەوە پرس و کێشەکان یەکلا دەکەنەوە.

ئەزموونی زیاتر لە ٢٥٠٠ ساڵەی دێمۆکراسی و ڕەوتە ئاڵۆز و گەشەسەندووی هەڵبژاردن، ئەوەمان پێ دەڵێت، ئەم دوو چەمکە (دێمۆکراسی و هەڵبژاردن) پێکەوە جێبەجێ دەکرێن و گەشە دەستێنن.

ئەزموونی ئەو وڵاتانەی کە لەسەر بنەمای دێمۆکراتیک دروست کراون و هەڵبژاردنەکانیش لە وادەی خۆیاندا بەڕێوەدەچن و دەوڵەمەند دەکرێن، هەروەها گەڵاڵەکردنی فکر و هزری هەڵبژاردن کە لە لایەن دامەزراوە جیهانییەکانەوە پوختە کراوە، باس لەوە دەکەن، هەڵبژاردنێکی (ئازاد، تەندروست و دادپەروەرانە)، لانیکەم بە پێی (٧) پێوەر بەڕێوە دەچێت.

وادەی هەڵبژاردن. ئەوەیان ڕێککەوتنە کە هەڵبژاردنەکان لە نێوان ٢، ٤، یان ٦ ساڵدا بەڕێوەبچێت. بە پێی یاسا، ئەم کاتانە دەستنیشان دەکرێن و هاووڵاتیان ڕوو لە سندووقەکانی دەنگدان دەکەن و دەسەڵاتەکان دەستاودەست دەکرێن.

هەڵبژاردن دەبێ گشتی و بە ئامار بێت. تۆماری دەنگدەران لەگەڵ ژمارەی ئەو کەسانەی کە لە بواری یاسایییەوە مافی دەنگدانیان هەیە، ڕێک بێت. گشت ئەندامانی کۆمەڵگە کە بە تەمەنی یاساییی دەنگدان دەگەن، دەبێ مافی دەنگدانیان پارێزراو بێت. هیچ تاک یان گرووپی کۆمەڵایەتی، ئایینی و نەتەوەیی نابێت پەراوێز بخرێت. تەنانەت سندووقەکانی دەنگدان دەبێت بچێتە زیندانەکانیشەوە.

هەڵبژاردن دەبێ تەندروست بێت. واتە، ئاکامی هەڵبژاردنەکان لەگەڵ تۆماری دەنگدەران یەک بگرێتەوە. بەو مانایەی کە ئەو دەنگانەی هاووڵاتیان خستوویانەتە ناو سندووقەکانی دەنگدانەوە، دەبێ لەگەڵ تۆماری دەنگدەران و ڕێژەی بەشداربووان لە هەر ناوچە و بازنەیەکی هەڵبژاردندا یەک بگرێتەوە.

دەسکارینەکردنی دەنگی ناو سندووقەکان، یەکێکە لە پێناسە سەرەکییەکانی هەڵبژاردنی تەندروست

هەڵبژاردن دەبێت ئازاد بێت. هەموو حزب و ڕێکخراو و گرووپە سیاسییەکان بە بیروڕای جیاوازەوە، مافی بەشداریکردنیان لە هەڵبژاردندا (خۆپاڵاوتن و دەنگدان) هەبێت. هەروەها ئەم گرووپانە بە نوێنەرانی ژن و پیاویانەوە بۆیان هەبێت خۆیان بۆ پۆستە هەستیار و بڕیاردەرەکان (سەرکۆماری، سەرۆکوەزیران، سەرۆکی پەرلەمان و ...) کاندید بکەن.

هەڵبژاردن دەبێت دادپەروەرانە بێت. ڕەخساندنی دەرفەتی یاسایی بۆ پروپاگەندە لە گشت بوارەکاندا، خۆپێشاندان، کۆڕوکۆبوونەوە، ئەنجامدان و بڵاوکردنەوەی ڕاپرسی. وەڕێخستنی باس و لێدوان لەسەر کاندید و بەرنامەکان. دادپەروەرانەبوون ئەو مانایەش دەبەخشێت، کە حزب و لایەنە سیاسییەکان بەبێ بەربەست پیشانگەیەک لە بیروڕای خۆیان کە بە شێوەی جۆراوجۆرەوە بەڕێوەی دەبەن، ڕوو لە هاووڵاتییان بکات.

سەربەخۆیی و بێلایەنیی کۆمیسیۆنی بەڕێوەبەریی هەڵبژاردن. بۆ ئەوەی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردن بتوانێت بە شێوەیەکی سەربەخۆ کار بکەت تا ئاکامێکی جێی ڕەزامەندیی گشتی بێنێتە دی، دەبێ سەربەخۆ و بێلایەن بێت. نابێت حکوومەت و دامودەزگاکانی دەست دە کاروباری کۆمیسیۆنی بەڕێوەبەریی هەڵبژاردن وەربدەن. کۆمیسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان دەبێ بەرپرسی کاروباری تۆماری دەنگدەران، ناونووسکردنی حزب و لایەن سیاسییەکان بۆ دەنگدان و خۆپاڵاوتن بێت، هەروەها بە ڕێگەی ئەو کۆمیسیۆنەوە ڕێسا و یاساکانی هەڵبژاردن و هەڵمەتەکەی بە ڕای گشتی ڕادەگەیێندرێت. ئەو کۆمیسیۆنە دەبێت جێی متمانەی گشت پارت و لایەنە سیاسییەکان بێت.

ئازادیی دەستاودەستکردنی زانیاری لە کاتی هەڵمەتی هەڵبژاردندا

بۆ ئەوەی هاووڵاتیان بتوانن لە پرۆسەیەکی دادپەروەرانەدا بڕیار بدەن، دەبێ زانیاریی تێروتەسەلیان لەسەر پاڵێوراوان، پلان و بەرنامەی ئەوانەوە پێ بگات. ئەمەش تەنیا بە ڕێگەی ئامرازی ڕاگەیاندنی گشتییەوە دەکرێت. لە جیهانی ئەمڕۆدا، هەڵبژاردن بەبێ ئامرازی ڕاگەیاندن هیچ مانایەکی نییە.

ئاسایشی کارکردن بۆ کەرەسەکانی ڕاگەیاندن و ڕاگەیاندکاران بە گشت ڕەنگ و چەشنەکانیەوە دەبێ لە لایەن یاساوە دابین بکرێت و حکوومەتیش دەبێ پارێزگارییان لێ بکات.

کاتێک هەڵبژاردن جێی متمانە دەبێت، کە سێ چەمکی (ئازاد، تەندروست و دادپەروەرانە) لەخۆ بگرێت. ئەم سێ واتایە کۆ و بنەمای هەڵبژاردنێکی دیموکراتیکن و، دەتوانن بە شێوەیەکی هێمنانە دەسەڵات دەستاودەست بکەن. ڕێکخستنی دیموکراسی، هەڵبژاردن و دەستاودەستکردنی زانیاری دەبێ بە ڕێگەی یاساوە بێت، ئەمەش مانای سەروەریی یاسا دەگەیێنێت.