دێموکراسی و ئه‌رک و ئامانجه‌کانی

حه‌مه جاف

مرۆڤەکان لەسەرەتای درووست کردنی جۆگرافیا و سنووردانانی وڵات و دامەزراندنی حکوومەت و دەسەڵات لە بیری چاکسازی و بەڕێوەبردنی حکوومەتێک و دەسەڵاتێکی باشتر بوون تا ئێستا بۆ بەڕێوەبردنی کارەکانیان، بۆیە سیستمێک دامەزرا بەناوی \"دێموکراسی\" کە تا هەنووکەش خودی ئەو سیستمە لەچاکسازیدایە.

دێموکراسی یەکێکە لە باوترین سیستمە سیاسیە هاوچەرخە‌کان کە سەرەڕای کەموکۆڕیەکانی بەدڵخوازترین سیستمی مەوجود بەبەراورد لەگەڵ سیستمە سیاسیەکانی دیکە بە ئەژمار دێت. ئەوەی کە ئەرک و ئامانج و تایبەتمەندییەکانی دێموکراسی چن و چۆن خۆیان لەگەڵ کۆمەڵگاکان دەگونجێنن، تەوەرێکە کە لەم بابەتەدا شرۆڤەی دەکەین. ئەرکی دێموکراسی بریتییە لە دەستەبەر کردنی پێداویستیەکانی هۆشیارکردنەوەی سیاسی، فراوان کردنی چوارچێوەکانی ڕۆشنبیری گشتی، تۆکمەکردنی بەهاکانی مافی‌مرۆڤ و دادی کۆمەڵایەتی لە کۆمەڵگادا، دابین کردن و تاوتێکرنی مەسەلەکانی بیری هاوچەرخ و کەرەستەی پێویست بۆ پێگەیاندنی هەر تاکێک لە کۆمەڵگا، لەهەموو بوارە هەمە جۆرەکانی ڕۆژانەی کۆمەڵگادا.

پێویستی بە کۆمەڵە پێشمەرجێک هەیە بۆ ئەوەی سەرکەوتوانەتر کاربکات پێویستی بە دانیشتوانێکی دەوڵەمەند و خوێندەوار و ڕۆشنبیر هەیە پێویستی بە میدیای کۆمیونیکاسۆنی گشتی هەیە بۆ ئەوەی بکرێ ئایدیاکان وبۆچوونەکان سەربەستانە بڵاو ببنەوە پێویستی بە سیستەمێکی یاسایی کردارەکی هەیە کەشایستەی ڕێزی خەڵک بێت و ...هتد.

پێویستە کۆمەڵگا ڕۆژبەڕۆژ ڕوو لە ئارامی و هێژموونییەکی فراوان و سەقامگیرییەکی ئێگجار زۆر بکا و حکوومەت هەلومەرجێک دابین بکات کە خەڵکی لەسایەیدا بتوانن ژیانێکی بێ مەترسی و ڕوو لەگەشە بژین و دڵنیابن لە نەترسی ڕادەربڕین و پێشکەوتن و داهاتووی ژیانی خۆیان.

پێویستە هەرتاکێک لەو کۆمەڵگا مافی سیاسی، ئایینی، کولتووری، ڕەگەزی و... هەبێت و بسەلمێندرێ کە هەموو کەسێک لە هەبوونی یەکسانی و بەرابەری دەستکەوتی هەبووە و لە هەموو گرینگتر گەنجینەی دەسەڵاتی سیاسی بەرژەوەندیەکانی خەڵک بە باشترین شێوە پارێزگاری لێبکرێت و ڕۆڵێکی بێ سنوور بدرێ بۆ هەڵبژاردنی هاوڵاتیان لە حکوومەت‌دا.

یەکێکی‌تر لە ئەرکەکانی حکوومەتێکی دێموکراتیک ئەوەیە دابینکردنی خزمەتگوزارییە گشتیەکان لەو وڵاتە وەدی بێنێ ئەمانە لەفۆرمی زۆر جیاوازدا بەرجەستە دەبن، بۆ نموونە؛ ئەو سودانەی هەمووان وەری دەگرن و ناکرێ کەس لێی بێبەش بێ، ئاو و هەوای خاوێن، بەرگری لەبەرامبەر شەڕانگێزی دەرەکی، هەبوونی ڕێگاو شەقام، پارکەکان، پێویستییە کولتووریەکان، میدیای پەیوەندیکردن و...هتد.

لە سیستمی دێموکراسیەکانی ئەمڕۆی خۆرئاوادا، مشتومڕەکانی پێویست بە پێگەی ژنان و گرووپە کەلتووریە کەمینەکان سەرنجێکی سیاسیی زۆر بەلای خۆیاندا ڕادەکێشن. فێمینیست و فرەکەلتوورگەراکان زۆرجار بانگەشەی ئەوە دەکەن کە ئەو کێشانە پەیوەندییان پێیانەوە هەیە؛ لەڕاستیشدا، سروشتی سیاسەت ئێستا گۆڕانی بەسەردا هاتووە؛ ئێستا کەمتر پەیوەندی هەیە بەوەی چی لە دامەزراوەکانی حکوومەت ڕوو دەدات و زیاتر پەیوەندی هەیە بەوەی چی لەنێوان تاکەکاندا ڕوو دەدات، پیاوان و ژنان، سپی پێست و ڕەش پێستەکان، مەسیحیەکان و موسڵمانەکان، لە کردارەکانی ڕۆژانەیاندا. بۆیە پێویستە دێموکراسی بەسرنجێکی ئێگجار تەواو بێتە ئاراوە و دادوەری لەنێوان پرۆلاریسمی دینی و ڕەگەزی و کولتووری‌دا بکا.

نزیک بوونەوەیەکی زۆر لە دێموکراسییەت پێویست بە ئاشتکردنەوەی زۆرینەو کەمینەیە، ڕازیکردنی گرووپی کەمینە بە قبووڵکردنی بڕیاری زۆرینە و لەهەمان کاتدا ڕازیکردنی زۆرینە بەوەی کە پێ نەخاتە سەر ئاوات یان بەرژەوەندیەکانی کەمینە ڕەنگ و بۆنی دێموکراسی لە کۆمەڵگایەکدا زۆر لە بەرچاوە کە خەڵکی بە گشتی متمانە بەیەکتری دەکەن، کەمتر نیگەرانن لە بوون بەکەمینە لەبەرامبەر هەندێ کێشەدا و ئامادەیێەکی زۆریان هەیە بۆ ڕێگەدان بەزۆرینە بۆجێبەجێکردنی بڕیاراتی درووست لەسەر ئەو بنەمایەی کە زیانێکی گەورەیان پێنەگات.

یەکێک لە تایبەتمندییەکانی دێموکراسی لەو وڵاتانەی کە دێموکراسی تێیاندا حاکمە و ڕۆژبەڕۆژ ڕوو لە گەشەو بوژانەوە دەکەن ئەوەیە کە، ئیجازە بە خەڵکی دەدرێت هەڵبژاردنی کارەکانیان، هەواڵەکانیان، بیروباوەڕەکانیان، ئەوجلەی لەبەری دەکەن، ئەو مۆسیقایەی گوێی لێدەگرن و ...هتد. لەو سیستەمەدا بەبێ هیچ کێشەو گرفتێک قبووڵ دەکرێ و هەروەها هەرکەسێک ئەو ستایڵەی ژیان دەدۆزێتەوە یان دایدەهێنێت کە بە باشترین شێوە لەگەڵیدا دەگونجێت و کەڵکی لێ‌وەردەگرێ.

بەڵام ئەمە لەکۆمەڵگەیەکدا کە زۆربەی خەڵکی شوێن‌پێی دایکان و باوکانیان هەڵدەگرن بۆئەوەی لەژیاندا بمێننەوە و هەڵبژاردنێکی کەمی پیشە، سەرگەمی سنووردار، ئاینێکی باو و هیتریان لەبەردەمدایە، تا چ ڕادەیەک واتادەرە؟ بیابانێکی بەرەهوت لە شوێن خۆیان جێ دەهێڵن کە بە ئەستەم ڕێگە بە هزرو بیرو بوژانەوەی دێموکراسی دەدا.

لە کۆمەڵگایەکی دێموکراسی دا هیچ وەکوو ئەوە گرینگ نیە کە پێش بە کێبڕکێی ئانارشیستەکان لەگەڵ دەوڵەت گەراکان، دێموکراتەکان لەگەڵ نوخبەگەراکان، لیبراڵەکان لەگەڵ دەسەڵات خوازەکان، ناسیۆناڵیستەکان لەگەڵ جیهان گەراکان و...هتد نەگیردرێ و پێویستە لە حاڵەتی بڕیارە سیاسیەکاندا میکانیزمێکی وەها لە ئارادابێ و ئەنجامی خەڵکی لەواقیع دوور نەکرێتەوە نابەرپرسانە ڕەفتار نەکرێ.

ئامانجی سەرەکی سیستمی دێموکراسی لە بنەڕەت دا هەر لەسەرەتای دامەزراندنی تا ئێستا تەنها بۆ چاکسازی کۆمەڵگاو باشتر ڕاپەڕاندنی کاری ڕۆژانەی حکوومەت و دەسەڵات و تەنانەت بگرە بنەماڵەکان و تاکەکەسی نێو کۆمەڵگا ئەوسیستمە دامەزراوە، بوونی دێموکراسیەت لەهەر وڵاتێک دەبێتە هۆی بەخشینی ئازادی بیرو ڕا دەربڕین و داخوازیەکانی ئەو کۆمەڵگا؛ لەوڵاتێک دا ئەگەر تەنیا دەرفەتی بۆنکردنی دێموکراسی بە هاوڵاتیان بدرێ و بتوانن لە کونجێکەوە هەوای دێموکراسی هەڵمژن بە دڵنیاییەوە ئەو وڵاتە ڕۆژ بەدوای ڕۆژ ڕوو لە گەشەکردن و پێشکەوتن دەکا بەڵام بە مەرجێک کە؛ هەبوونی مودیریەتی بەجێ و بەرنامە و پلانی کارامەو تۆکمەیان هەبێ تا دێموکراسی مسۆگەر و جێبگرێ و حاکمیەتی خۆی بچەسپێنێ.

بەڵام لەم سەردەمەدا ئێمە لە کۆمەڵگایەکدا دەژین کە بەخۆشحاڵیەوە تەواو لەجوڵەدان؛ لە ڕویەکەوە کە خەڵکی بە جۆرێک دەتوانن بەشێوەی فیزیکی و هۆشیاریەکی تەواو و ئاسان بجوڵێنەوە و لەڕویەکی ترەوە نەسڵێکی نوێ و تازە پێگەیشتوو و ئامادە هەیە کە هاوکار و پاڵپشی دەکەن.

بەسەرەنج دان بەو بابەتە و هاتنەبەرباس دەردەکەوێ کە ئەرک و ڕەسالەتەکانی دێموکراسی لەم سەردەمەدا بەردەوامەو پێویستی بوونی ئەم سیستمە لەوڵاتانی جۆراۆجۆردا ڕۆژلەدوای ڕۆژ زیاتر هەستی پێدەکرێت و هاوکات هەوڵدان بۆ چارەسەرکردنی گیروگرفتەکان یان لابردنی لەمپەرەکانی سەر ڕێگای ئەوسیستمەش لەنێو خودی سیستمەکەش ڕێگە پێدراوە، هەر ئەمەشە کەدەبێتە هۆی بەردەامی و هەستانەوەی دێموکراسی لەپاش هەر نسکۆ و لاواز بوونێک، بەجۆرێک کە وەکوو سیتمێکی زیندوو و دینامیک و ڕولە داهاتوو چاوی لێدەکرێ.

ئەم بابەتە روانگەی نووسەرەکەیەتی و ئاژانسی کوردپا لە ناوەڕۆکی بەرپرسیار نییە