دیسانەوە چوون بۆ بەغدا

14:52 - 11 پووشپەڕ 2714
Unknown Author
بێستوون هەورامی

لەمێژوی زیاتر لە٩٠ساڵی ئەم وڵاتەدا كە ناوی عێراقە حكوومەتە یەك لەدواییەكانی بەهۆی جیاوازیە جۆراو جۆرەكانەوە شكست ئەهێنن و سەركردایەتی بزووتنەوەی رزگاریخوازی گەلەكەمان لەهەردوو عەرەبی شیعە و سوننە بە پەرۆشترن بۆ بونیادنانەوەی، لەكاتێكدا هیچ حكوومەتێك ئامادەی پێدانی سادەترین ماف بەگەلی كورد لەم وڵاتەدا نەبووە ، ئەم ئاماژەیە ئەگەر بەدیوی سیاسیدا بیخوێنینەوە پێموایە لەغەیری ساویلكەیی هیچ پێناسێكی دیكە بەباڵای ئەقڵیەتماندا نابڕێ‌، لەدوای پڕۆسەی ئازادی گەلانی عێراق وامانزانی ئیدی ئەمە دواین دەرفەتە كە بتوانین سوودی لێوەربگرین لەمەڕ دیاری كردنی جوگرافیای هەرێم، بەڵام هەر ئەوەندە ئەم ئاماژەیە خرایە ناو چوارچێوەی مادەیەكی دەستووری وەك مادەی ١٤٠ەوە ئیدی دووبارە سەركردایەتی سیاسی كورد تەواوی توانای خۆی بۆ بونیادنانی عێراقێكی بەهێز خستەگەڕ و تاوەكو ئەمڕۆشی لەسەر بێ‌بەرپرسانی حكومەتی بەغدا نەك هەنگاوێكی دڵخۆشكەریان بەڕوی ئێمەی كورددا هەڵنەهێناوە، بگرە چەند جارێكیش هەوڵیانداوە بەهێزی سەربازی روبەڕوومان ببنەوە و سەرئەنجام هەموومان لەوە گەیشتین كە گەورەترین هەڵەمان لەبونیادنانەوەی حكوومەتێكی نوێ‌كردووە، بەڵام سەركردایەتی سیاسی كورد ئامادەی پێلێنانی نیە و ئەمڕۆش كە١١ساڵە چاوەڕێی جێبەجێ‌كردنی مادەی ١٤٠داین .

خۆشبەختانە هێرشە كاریگەرییەكانی ئەم دواییەی چەكدارانی داعش وایكرد دەرفەتێكی زێڕین بۆ سەركردایەتی هەرێم بێتە ئاراوە كە ئەو خاكەی بەدرێژایی مێژوو لێمان زەوت كراوە بەكەمتر لەو نرخەی چاوەڕێمان دەكرد هێزی پێشمەرگە دوابستی كۆنترۆڵ بكات، هەرچەندە پەلامارەكانی داعش و جوڵەی هێزی پێشمەرگە گەلێك كاردانەوەی ناوخۆیی نێودەوڵەتی و هەروەها تاوەك سەردانی وەزیری دەرەوەی هەردوو وڵاتی ئەمەریكا و بەریتانیای لێكەوتەوە و لەم نێوەندەشدا سەرۆكی هەرێم لەوتارێكیدا جێبەجێ‌كردنی مادەی ١٤٠و داوای ئامادەكاری بۆ ریفراندۆمی لەنەتەوە یەكگرتووەكان كرد لەمەڕ ڕاگەیاندنی دەوڵەتی سەربەخۆی كوردی، هەر چەندە وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا ئەم بابەتەی ڕاگرت، بەڵام ئەوەی زیاتر وڵاتانی بەركەوتەی نەتەوەی كوردی هێنایەگۆ ڕاگەیاندنی دەوڵەتی سەربەخۆی كوردی بوو نەك داعش !؟ بەو پێیەی كەداعش دروست كراوی دەستی خۆیانە هەركات بیانەوێ‌پێشڕەوییەكانی ڕادەگرن كاریگەریێكی ئەوتۆی لەسەر خاك و بەرژەوەندی وڵاتانی عەرەب نابێ‌، بەڵام ئەم ئاماژەیە بۆ كورد بەپێچەوانەی دەزانن، بەهەرحاڵ لە هاتنە ئارای ئەم ڕەوشەدا هەرێمی كوردستان وێڕای ئەوەی لەڕوی مرۆڤایەتیەوە بووەتە پەناگایەك بۆ ئاوارەكانی وڵاتی سووریە و پارێزگای موسڵ و چەند شار و شارۆچكەیەكی دیكەی عێراق، بەڵام لەرووی یەك وتاری و سەربازییەوە جۆرێك لەشپرزەیی پێوە دیارە و ئەمەش كاریگەری ئەو دابەش بوونە بەرەیەی وڵاتانی ناوچەكەیە لەسەری، هاوكات ئەوەی زیاتر لای كۆمەڵانی خەڵك مایەی سەرسووڕمان و هەروەها جۆرێكیش پێكەنیناویە ئەوەیە پەرلەمانتارانی كوردی خولی سێیەمی پەرلەمانی ئێراق بەبڕیاری سەركردایەتی سیاسی هەرێم لەبەروای ٣٠/٦دا بۆ یەكەم ڕێوڕەسم و كۆبونەوەی پەرلەمانی عێراق چوونە بەغدا و لەبڕی هەموو پێشوازی كردنێكیشیان لەلایەن پەرلەمانتارانی لیستی دەوڵەتی یاساوە هەرێمی كوردستانیان بەهاوكاری كردنی چەكدارانی داعش تۆمەتبار كرد!؟، لێرەدا ئەم لێدوان و تۆمەت بەخشینەوەی پەرلەمانتارانی لیستی ناوبراو مایەی نیگەرانی و سەرسووڕمانی خەڵكانی سیاسی و ڕۆشنبیر نیە، بەڵكو ئەوەیەی مایەی ئەم ئاماژەیە نوری مالیكی تاهەنوكە بودجە و موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی ڕاگرتووەو هەروەها لەم ڕەوشە ئاڵۆزەشدا كەخۆی و سوپاكەی تێیكەوتون ئامادەی بچوكترین سازش كردن نیە لەهەنگاوە دیكتاتۆریەكانی دەرهەق بەگەلی كورد، كەچی كورد لەلایەك سەنگەری هێزی پێشمەرگە قایم ئەكا بۆ ڕاگەیاندنی سەربەخۆی لەلایەن سەرۆكی هەرێمەوە هەروەها هەر ئەم سەركردایەتیەی هەرێم ڕەزامەندە لەسەر چونەوەی پەرلەمانتارانی كورد بۆ بەغدا لەمەڕ بونیادنانەوەو پێدانەوەی هەموو جۆرە هێزێكی یاسایی و دەستوری بەو حكومەتەی كەوا چاوەڕوان ئەكرێ‌نوری مالیكی بۆ جاری سێیەم ببێتە سەرۆك وەزیرانی .