دۆسیەی دوو قوربانیی مین بێئاکام ماوەتەوە

دۆسیەی دوو قوربانیی مین بە ناوەکانی "مەنسوور مورادی"، دانیشتووی سەقز و "ئومید حەیرانی"، دانیشتووی گەڕەکی "ترخاناوا"ی بانە، سەرەڕای بەدواداچوونەکان هەتا ئێستا بێئاکام ماوەتەوە.

مەنسوور مورادی ڕۆژی ١٥ی بانەمەڕی ١٣٩٧، لەکاتی کۆکردنەوەی گیای بەهاری لە چیاکانی دەورووبەری گوندی "ئیسحاقاوا" سەر بە بەخشی سەرشیوی سەقز، بەهۆی تەقینەوەی مین هەر دوو لاقی لەدەست داوە.

ئەو قوربانیی مینە کە وێڕای هاوژین و دوو کچەکەی لە یەکێک لە گەڕەکەکانی پەراوێزخراوی سەقز ژیان بەسەر دەبەن، بژێویی ژیانیان نالەبارە و بەدواداچوون بۆ دۆسیەی ناوبراو هیچ ئاکامێکی نەبووە.

هەروەها بەدواداچوون بۆ دۆسیەی ئومید حەیرانی، یەکێکی دیکە لە قوربانییانی مین، پاش ٣٢ ساڵ هەتا ئێستا بێئاکام ماوەتەوە و ناوبراو خوازیاری پێڕاگەیشتن بە دۆسیەکەیەتی.

ئومید حەیرانی، لە وەرزی زستانی ساڵی ١٣٦٧ی هەتاوی، کاتێک کە قوتابیی پۆلی یەکەمی سەرەتایی بووە، لە گوندی "دۆسینە" سەر بە بەخشی نەنووری بانە کە لە ٢٠ کیلۆمیتریی ئەو شارە هەڵکەوتووە، وێڕای هاوڕێیەکانی چاشنییەکی مینیان دۆزیوەتەوە و لە کاتێکدا کە لەگەڵ خۆیان بردوویانەتەوە لەناکاو میەنەکە تەقیوەتەوە و"ئومید" چاوی ڕاستی لەدەست داوە و یەکێک لە هاوڕیکانیشی هەر دوو دەستی لەدەست داوە.

مانگی خاکەلێوەی ١٣٩٨، عوسمان موزەییەن، پارێزەری دادگا، هەندێک ئاخافتنی لەسەر یاسای چاوەدێر لەسەر قوربانییانی مین و ڕواڵی کۆمیسیۆنەکانی مادەی ٢ی فەرمانداری لە پێڕاگەیشتن بە مافی ئەو قوربانییانەی شی کردووەتەوە.

موزەییەن ڕایگەیاندووە: "بەپێی یاسا کاتێک کەسێک بەهۆی تەقینەوەی مین گیانی لەدەست دەدات یان بریندار و کەمئەندام دەبێت، دەبێ دۆسیەی ئەو کەسە لە کۆمیسیۆنی فەرماندارییەکان ناسراو بە کۆمیسیۆنی مادەی ٢ بخرێتە ڕوو".

ئەو پارێزەرە هەروەها لەبارەی ڕەوتی پێڕاگەیشتن بە دۆسیەی قوربانییانی مین ڕایگەیاند: "بونیادی شەهید و ئومووری ئیسارگەران، بەڵگەنامەکانی ئە دۆسیەیە کۆ دەکاتەوە و دۆسیەکە ڕادەستی کۆمیسیۆن دەکات، بەڵام ئەو کێشەیە کە قوربانییانی مین لە ناوچە کوردنشینەکان لەگەڵی بەرەوڕوون ئەوەیە کە زۆربەی دۆسیەکان، هەندێکیان ١٠ ساڵ، ٢٠ ساڵ و یان زیاتر لە ٢٠ ساڵ لە کۆمیسیۆن بوونیان هەیە و بارودۆخ و چارەنووسی تاکی قوربانی یان بەجێماو، ناڕوونە و هۆکارێنێکی جۆراوجۆر بۆ ئەم پرسە هەیە.

عوسمان موزەییەن جەختی کردەوە: "بونیادی شەهید کە خۆی لایەنی بەرانبەرە لەم کۆمیسیۆنەدا ئامادەیە، بونیادی شەهید و ئومووری ئیسارگەر، لەگەڵ ئەوەیکە ئەو کەسانە بە شەهید یان کەمئەندام بناسێندرێن و پارەیەک بۆ بژێویی ژیانیان لەبەرچاو بگیردرێت، دژایەتی دەکەن و لە چوارچێوەی کۆبوونەوەکاندا، بونیادی شەهید و ئومووری ئیسارگەران دژبەری ئەوەن کە قوربانییانی مین وەکوو شەهید یان کەمئەندام لە قەڵەم بدرێن".

وێنە: ئومید حەیرانی و مەنسوور مورادی