داڕمانی بەربەستەکان و گەڕانەوە بۆ رۆژهەڵات

ئەفشین ئیسماعیلی 

گۆڕانکارییەکان زۆر خێرا و چاوەڕواننەکراون. دەیەی رابڕدوو بە سەرەتای پرۆسەی گۆڕانی سیاسی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دادەنڕیت. گۆڕانکاری لە ناوچەیەک که زۆر بە ئاسانی دیکتاتۆرەکان تێیدا دەسەڵات بە دەستەوە دەگڕن و رژێمەکانیان بەڕەنگاری نۆرم و ترێندە جیهانییەکان دەبنەوە. دەتوانرێت بەشێک لەم گۆرانکارییانە ببەسترێتەوە بە چەندین فاکتەری جیاواز وەکو نەبوونی هاوسەنگی نێوان دەوڵەت و نەتەوە (واتە نەبوونی یەک نەتەوە یاخود پێکهاتە لە چوارچێوەی سنووری ئەم دەوڵەتانەدا و پەراوێزخستنی کەمینەکان)، یاخود نادادپەروەری کۆمەڵایەتی، سیاسی و ئابوووری.

کوردستانیش وەکو وڵاتانی تری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەدوور نەبووە لەم گۆڕانکارییانە و بە تایبەتی لە دەیەی رابڕدوودا بەشێوەیەکی خێرا هاوسەنگی و هاوکێشەی دەسەڵات لەو رژێمانەدا کە کوردستانی بەسەردا بەشکراوە لە گۆڕاندان.

زاتی ئەم گۆڕانانە لە کوردستان پەیوەستن بە یەکەوە و بەشێوەیەک تەواوکەری یەکترن. ئەگەر گۆڕانکاری بونیادی سیاسی، ئابووری و کۆمەڵایەتی لە کوردستان بۆ رابڕدوویەکی نە چەندان دوور و رووخانی رژێمی عێراق بگەرێنینەوە، ئەوا دەبینین کە لەگەڵ رووخانی ئەم رژیمە کیانێکی بەهێزی کوردی گەشەی سەند. لە لایەکی ترەوە رووخانی ئەم رژیمە بوو بەهۆی دروستبوونی پرۆژەی ئیسلامی توندەرەو لە کۆتاییدا پەدیدەیەک بەناوی داعش کە بەرهەمی ئەم گۆڕانە خێرایانە بوو سەری‌هەڵدا. هاتنی داعش وتەحەداکردن لە سنوورەکانی سایکس پیکۆ یارمەتیدەر بوو لە بەهێزبوون و خۆگرتنی کیانێکی کوردی‌تر لە رۆژئاوای کوردستان سەرەڕای توندوتیژی و کارە قیزێونەکانی داعش بەرامبەر بە کورد. لە میانەی ئەمەدا ئەفسانەی خۆڕاگری کورد و کۆبانی دروستبوو. ئەفسانەیەک کە جگە لە پێشاندانی کورد وەکو هێزی دژه تاریکی بوو بەهۆی تەحەدا کردن لە دەسەڵاتی ئەدۆگان لە تورکیا. لەراستیدا ئەوەی لە کۆبانی روویدا، گەمارۆ خستنی کۆبانی لەلایەن داعش لەلایەک و تورکیا لەلاکەی تر کاریگەرییەکی زۆری هەبوو لەسەر بەهێزبوونی پێگەی کورد لە تورکیا و زیادبوونی دەنگی کورد و هەدەپە لە هەڵبژاردنەکانی تورکیادا.

لەسەر بنەمای ئەم پرێمیسانە، ئیستدلالێک زۆرپەرە دەسەنێت و زاڵ دەبێت کە کرۆکی گۆڕانکارییەکان وەکو هێلێکی راست وایە و هاوکات لەگەڵ سەرکەوتنی بەرەبەری کورد لە باکوور، رۆژئاوا و باشوور بەهەمان شێوە ئەمانە کاریگەرییەکی ئەوتۆیان دەبێت لەسەر گۆڕانی هاوسەنگی و هاوکێشەکان تەنیا پارچەیەک لە کوردستانی گەورە کە بۆ ماوەی دوو دەیەیە پەراوێز خراوە. بۆیە پرسیاری سەرەکی ئەوەیە کە ئایا گۆڕانکارییەکان بەگشتی و سەرکەوتنی هەدەپ بە تایبەتی دەتوانێت کاریگەری لەسەر هەرێمی دەسەڵاتی پەکەکە و دواتر لەسەر رۆژهەڵاتی کوردستان دابنێت؟ ئایا گۆڕانکارییکان کە کاریگەری خۆیان لەسەر پارچەکانی تری کوردستان دانەوه، دەبنە هۆی زیندووکردنەوەی جارێکیتری شۆرش لە رۆژهەڵات؟

پەکەکە و لە دەستدانی شەرعییەتی چەکداری

شەری شۆرشگیرانە تەنیا وەلامێکی لۆژیکی و ناچارانەیە بۆ دۆخی سیاسی، ئابووری و کۆمەلایەتی لە دژی رژێمە داگیرکەرەکانی کوردستاندا. بەداخەوە خاوەن نیعمەتی چەندین بەدیلی جیاواز نیین. ئیمە رووبەرووی زەرورەتێکی سیاسی بووینەتەوە، ئەویش شەری چەکدارییە. پارتە شۆرشگێرییە کوردییەکان لە قۆناغ و شوێنی جیادا شەرعییەتی خۆیان لەناو خەڵکدا لەرێگەی جەنگی چریکی و چەکداری وەرگرتووە و لە کاتێکدا ئازادی رووی تێکردوون ئەم شەرعییەتە بە قۆناغی گواستنەوەدا شەرعییەتێکی نیمچە دێموکراسی وەرگرتووە. باشووری کوردستان نموونەیەکی بەرچاوی گواستنەوەی شەرعییەتی چەکدارییە بۆ دێموکراسییەکی مەشروع.

ئەوەی لە باکووری کوردستاندا خەریکی روودانە نموونەیەکی تره لەهەمان شێوە قۆناغی گواستنەوە لە باشووری کوردستان و بەرەبەرە شەرعیەتی یاخیبوون، لە شاخبوون، شۆڕشگێر بوون وخەباتی چەکداری لە چوارچێوەی باکووری کوردستاندا لە پەکەکە دەستێنێتەوە. بەم شێوەیە پەکەکە چیتر تێروانینێکی فکری بەهێز و توانای جەزبکردنی تاکی کوردی لەمەڕ پرسی کورد لە باکوور بۆ چیاکانی باشووری کوردستان نامێنێت. هەرچەندە پەکەکە هەوڵیداوە بۆ ئەوەیکە پرۆژەیەکی مۆدێرن لە پێکەوەژیان لە کۆمەڵگەیەکی نوێ پێشکەش بە نەوەی نوێ بکات، بەڵام ئەمە سنوورداربۆتەوە بۆ باکوور و رۆژئاوای کوردستان و بناغەیەکی پتەوی سیاسی، فکری و کۆمەڵایەتی لە رۆژهەڵات و باشووریش نییه. بۆیە پەکەکە دوو ئەلتەرناتیڤی لەبەردەمە، یەکێکیان ئەوەیە کە مەحکوومە بە لاواز بوون و ناچارە پەیوەست بێت بەم پرۆسەی دانانی چەک و لەوانەشە بۆ مانەوەی باڵی چەکداری پەکەکە هێزی چەکدارییەکانی زۆرتر بەرەو رۆژئاوا بجووڵێنێت بۆ پارێزگاری کردن لە کیانی سیاسی کوردی مەوجوودوە یاخود لووله تفەنگەکانی بەرەو رۆژهەڵات شۆر بکاتەوەو و خەباتێکی چەکداری نوێ لە دژی رژێمی ئێران دەستپێبکات.

لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ رەزا ئاڵتون بەرپرسی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی پەکەکە بە روونی ئاماژەی بەوە کرد کە بە سەرکەوتنی پرۆسەی ئاشتی لە باکوور ئیتر پەکەکە چەکەکانی بەرەو رژێمی ئێران دەسوڕێنێت. جەمیل بایەکیش لە تازەترین ئاخاوتنی بۆ بی‌بی‌سی جەختی لەسەر ئەوە کردۆتەوە کە هیچ پەیوەندییەکان لەگەڵ ئێران نەماوە. هەرچەندە ئەم ئارگۆمێنتانە زۆر بەهێز نین بۆ ئەوەی لە داهاتوویەکی نزیکدا ببن بە پاڵنەری سەرەکی بۆ هەڵگیرسانی خەباتێکی نوێی چەکداری پەکەکە لەگەڵ رژێمی ئێران بین. په‌كه‌كه‌هه‌روه‌ها له‌رێگه‌ی پژاكه‌وه‌و بۆ به‌هێزكردنی هه‌ژموونی خۆی له‌رۆژهه‌ڵات هه‌وڵده‌دات كه‌خود مه‌شروعییه‌كی هاوشێوه‌ی رۆژئاوا به‌خۆی بدات، به‌ڵام به‌دووباره‌جووله‌پیكردن هێز و جیگیربوونه‌وه‌ی حیزبه‌نه‌ریتییه‌كانی رۆژهه‌ڵات ئه‌م گفتمانه‌ی په‌كه‌كه‌هاوشێوه‌ی پارته‌كانی سه‌ر به‌په‌كه‌كه‌له‌باشوور به‌ره‌و لاوازی ده‌روات. بۆیە پەکەکە بەمشێوەیە پێگەکەی لە رووی چەکدارییەوە لاواز دەبێت و لە هەمان کاتیشدا شەرعییەتی هەڵگرتنی چەک و بوونی لە شاخەکانی سنووری رۆژهەڵات و باشوورلە نێو ڕای گشتی دا لەدەست دەدات.

گەڕانەوە بۆ رۆژهەڵات

پەراوێزبوونی حیزبە‌کانی رۆژهەڵات سەرەکیترین مەترسی بووە بۆ سەر ئەو رێکخراوانە. هەوڵەکان لەم دواییەدا بۆ جوولەپێکردنی هێز بۆ سەر سنوورەکانی رۆژهەڵات هەرچەندە سیستماتیک و تۆکمە نەبووە بەڵام تاڕادەیەک سەرکەوتوو بووە لە وروژاندنی ڕای گشتی لە رۆژهەڵات و بەخشینی تروسکایەک بە نەوەی نوێ. ئەگەر حیزبێکی چەکداری بەشێوەیەکی تۆکمە رێکخراو نەبێت ئەوا جەماوەری بەهیچ شێوەیەک ناتوانن هێز و توانایی خۆیان لە خەبات لە دژی دوژمندا پێشان بدەن. باشترین شوێن بۆ رێکخستنی چەکداریش ئەوە چیاکانن. ماهیەتی گشتی ئامانجەکانی کوردی رۆژهەڵات وپێویستی زاڵبوون بەسەر سرووشتی دەستپێشخەری و بەردەوامی شەڕی چەکدارانە بانگەشە بۆ یەکگرتنی هەموو رێکخراوە سیاسیەکانی رۆژهەلات دەکات.

هەرچەندە پەکەکە لەلایەن حیزبە رۆژهەڵاتییەکانەوە بە یەکێک لە بەربەستەکانی بەردەم جوولەپێکردنی هێز دادەنرێت، بەڵام دەبێ زۆر بە وریایی مامەڵه لەگەڵ پەکەکە بکرێت. نابێ لە یادبکرێت کە ئەم هێزە بەشێکە لە دیسکۆرسی نیشتمانی و لەهەمان کاتدا لەرووی کارامەیی ئەزموونی سەربازییەوە خاوەن توانایەکی زۆرە.

مەبەست ئەوەیە کە دەبێ چاوەڕوان بکرێت کە پەکەکە ئەجێندا و دیسکۆرسی خۆی لەگەڵ سەرکەوتنەکانی کورد لە باکوور ئەپدەیت بکاتەوە و بزانڕیت کە دوای پێکهاتنی حکوومەت لە تورکیا ستراتیژی پەکەکە بەرەو چ ئاقارێک دەروات. لە هەمان کاتیشدا بە سەرکەوتنی کورد لە هەڵبژاردندا پەکەکە چیتر ناتوانێت کەڵک لە هێندێک پاساو وەڕبگڕێت بۆ دروستکردنی بەربەست لەبەردەم حیزبەکانی رۆژهەڵات کە پێشتر بەکاریدەهێنان. بەم شێوەیە سنوورەکان زۆرتر ئاوەلە دەبن بۆ جوولەپێکردن و سەقامگیرکردنی هێزی چەکداری حیزبەکانی رۆژهەڵات.

ئەم جوولەپێکردنەی هێز دەبێت بەرەبەرە بێت و بە میدیاییکردنی لە بەرژەوەندی حیزبەکاندا نییە. تێگەیشتن و پێگەیشتنی شۆرشگێرانە حیزبەکان لە دوژمنی دڕندە جیادەکاتەوە. ئەمە دەتوانڕێت بگوازرێتەوە بۆ ئەو ناوچانەی کە حیزبەکان خاوەن پێگە و نفوزی سیاسین بۆ ئەوەی لەم رێگەیەوە بتوانرێت زۆرترین هێز و وزە بۆ لای حیزبەکان بکێشرێن. حیزبێکی سیاسی کاتێک بەشێوەیەکی واقیعی بە شۆرشگێری راستەقینە دادەنرێت کە توانای رێکخستنی جەماوەر و مەشق پێکردنی کادڕەکانی هەبێت. بەم شێوەیە دەبێت ئۆرگانەکانی هێزی سیاسی خەڵک لەسەر رێکخستنی کۆمەڵگا و هۆشیارکردنەوەی کۆمەڵگا بنیاد بنێت.

لە کۆتاییدا دەتوانین بەو دەرئەنجامە بگەین کە بەرەبەرە رێگەکان خەرێکن هەموار دەبن بۆ دووبارە هەڵگیرسانەوەی بڵێسەی شۆرش. پاڵنەر و ئەنگیزەکان زۆرن. بوونی ئێرادەیەکی هەمەلایەنە هاوکات لەگەڵ رێبەرایەتییەکی شۆڕشگێر و کارامه دەتوانێت حیزب و تاکی کورد لەم قەتیس مانەوەیە رزگار بکات و لەپێناو بەرژەوەندی کورد لە رۆژهەڵات کەڵک لەم هەلە مێژووییانە وەربگڕێت.

ئەم بابەتە روانگەی نووسەرەکەیەتی و ئاژانسی کوردپا لە ناوەڕۆکی بەرپرسیار نییە