داعش لەنێوان پەلاماری واشنتۆن و تاراندا

16:10 - 20 پووشپەڕ 2714
Unknown Author
بێستون هەورامی

هێرشەكانی ٩ی حوزەیرانی چەكدارانی داعش بۆسەر سوپای ئێراق بەتەنها مالیكی نەبوو ئەم جۆرە هێرشانە بەمە ترسی بۆسەر وڵاتەكەی بزانێ،‌ بەڵكوو سەرەتا هەریەک لە ئەمەریكاو ئەوروپاو ئێرانیش هەمان بۆچوونی مالیكیان هەبوو، بەڵام پاش سەردانی وەزیری دەرەوەی ئەمەریكاو بەریتانیا ئەوكاردانەوە چاوەڕوانكراوەی هەردوو وڵات بۆ دەیان پلە دابەزی و تارانیش پاش گەفگەلێک لەبەر پەرچدانەوەی چەكدارانی داعش جۆرێک لەپاشگەزبوونەوەی پێوەدیارەو بەم پێیەش ئێستا مالیكی بەتەنها لەگۆڕەپانەكەدا ماوەتەوەو لەم نێوەندەدا نەک هەرپێی شەرمە داوای هاوكاری لەهەرێم بكات، بەڵكو لەوتاری ئەم هەفتەیەیدا هەولێری بەداڵدەدانی بەعسی و هاوكاری داعش و هتد. تۆمەتباركرد؟!

لێرەدا قسەمان لەبارەی ئەمجۆرە تۆمەت بەخشینەوەی مالیكی و هاوڕاكانی نییە لەبەرئەوەی بە درێژایی مێژوو هەركات بەرپرسانی بەغدا شكستیان هێنابێ‌ ئەمجۆرە تۆمەتانەیان داوەتە پاڵ كوردو نەیارە تائیفی و سیاسیەكانیان بەڵكو پرسیار ئەوەیە بۆچی حكوومەتی تاران لەبەشداری كردنی بەهێزی سەربازی بۆسەر چەكدارانی داعش پاشگەزبوویەوە؟ لەكاتێكدا داعش ئەو مەزارگەی ئەو سوننەو شیعانەی دەستی بەسەرداگرتون لەشارو شارۆچكەكاندا خاپوری كردن!! خۆئەگەر ئەم ئاماژەیە بەلای ئەهلی سوننەوە هندێكجار ئاسایی بێ‌ ئەوا بەلای شیعەوە جێگای قبوڵ نییەو نەبووە ، لێرەدا ئەگەر تۆزێک بەوردی لەمێژوی پەیوەندییەكانی واشنتۆن و تاران لەسەركەوتنی شۆڕشی ئیسلامی ئێرانەوە بڕوانین ئەوا ساتەوەختێكی دڵخۆشكەر و ئاشتەوایی لەنێوانیاندا بەدی ناكەین، تاكە هاوڕاییەک کە پێکەوە هەیانبووە، لەكاتی لێدانی ڕێكخراوی قاعیدەدا بووە لە ئەفغانستان ئەویش لەهەمبەر ئەوەی ئەو ڕێكخراوە سوننەی ڕادیكاڵ بوو، بەڵام بەدەیان بەرانبەر لەم ئاماژەیە تاران كۆسپی گەورەی شكست پێهێنانی ئەمەریكا بووە لەئێراق و باقی ناوچەكەدا، هەرچەندە ئەمەریكا ئەمڕۆ لەجیهاندا رابەرایەتیی بەرەی دژە تیرۆر ئەكات، بەڵام جێگای خۆیەتی ئەگەر حكومەتی تاران بییەوێ‌ بەهێزی سەربازی هاوكاری مالیكی بكات، ئەمەریكا هەمان ئەزمونی ١٩٧٩ی یەكیەتیی سۆڤیەتی لەئەفغانستاندا بۆ ئێران لەئێراقدا دوبارە بكاتەوە، چونكە هەمووكات لەسیاسەتدا لەپێناو ئامانجێكی گەورەدا پێچەوانەكاری ڕویداوە، پێشموایە تاران هەستی بەم پیلانگێڕیەی ئەمەریكاو هاوپەیمانەكانی لەم ناوچەیەدا كردووە بۆیە تەنها چەند فڕۆكەیەكی سیخۆی كارپێكراوی گەیاندە بەغدا، چونكە بەتێوەگلانی تاران لەشەڕی داعش، ئەمەریكا وێڕایی ئەوەی بەرەیەكی دیكەی هاوشێوەی سوریا بۆ حكوومەتی تاران ئەكاتەوە، لەهەمانكاتدا لەبەرانبەر تێكنەشكاندنی ئەو هیلالیە شیعە لە دوو جێگاوە تاران زیاتر ناچار دانوستان لەبارەی پرۆگرامە ئەتۆمیەكەی ئەكات، خۆ ئەگەر بەدیوێكی دیكەدا لەم دۆخەی ئەمڕۆی ئێراق بڕوانین، حكومەتی تارانیش گەڕانەوەی سەربازانی ئەمەریكاو هاوپەیمانەكانی بەدەرفەتێكی هاوشێوەی ڕۆژگاری بەر لە كشانەوەیان لەئێراقدا ئەزانێ‌، بۆیە پێموایە ئەم جۆرە دوو بیركردنەوە داعش لەنێوان پەلاماری واشنتۆن و تاراندا، تەمەن درێژتر دەكات لەئێراقدا.