خەوێکی خۆشی بەشار ئەسەد

12:29 - 3 رەشەمه 2712
Unknown Author
سمکۆ بێکەس

لە قەدیمەوە وتوویانە کوێر هەتا دەمرێ بە تەمایی چاوە، دیارە ئەم وتەیە بۆ کەسێکێ پاکی نابینا تا بڵێی جوانە کە لە ناو دڵە پاکەکەی دا تەنیا ئاواتی بینینی دنیای جوان و رۆناکی ژیان بێت، بەڵام لە لای دەسەڵات دارانی خوێن رێژ دا ئەمە نەک هەر مومکین نی یە بەڵکو نامومکینەو نابێ و ناکرێ جارێکی تر چاو بە دەسەڵاتێکی کوێر بدەی کە دژی گەلەکەی خۆیی بێت.

لە دوایین چاو پێ کەوتنی خۆیدا بەشار ئەسەدی خوێن رێژی سوریا لە گەڵ واشینتن تایمز داوتی کە ئامادەیە جارێکی تر خۆی بۆ پوستی سەرۆکی سوریا کاندید بکاتەوە لە ساڵی ٢٠١٤ دا و گەر ئەمەش نەکات واتە گەر مەیلی دەسەڵات و خۆێن رشتنی نەما ئەوە دەست دەکات بە ژیانی ئاسایی خۆی و وەک دوکتوری تایبەتی چاو و کلینیکی تایبەت دادەنێ لە ناو سوریا دا چونکە خاک و زێدی خۆی هەرگیز بە جێ ناهێڵێ.

سەیرترین شێوەی قسە کردن هەموو کات لە دەسەڵاتە زۆردارەکان دا دەبیستین کاتی خۆیی هەم سەدام حوسینی دیکتاتۆر و هەم سەرهەنگ قەزافی خۆیان بە سەرۆکی نەتەوەی عەرەب دەزانی و دیتمان کە دەنگی زۆرینەی گەلی عەرەب لە گەڵ رۆژ ئاوا و گەلی راپەریوی وڵاتی عیراق و لیبا کەوتن و دەسەڵاتەکەیان هەرس پێ هێنان، بۆیە گەر بەشار ئەسەد پێ وا بێت ئەوجارێکی تر دەرفەتی بە دەسەلات گەیشتن یان ژیانی ئاسایی پێ دەدرێ ئەمە ئەو پەری هەڵەیە کە لە مێشکی دا دروست ببێت چونکە ناکرێ سەرۆکێک خاوەنی ئەم رابردووە پرشەرمە بێت کە کوشتاری هەزاران هاووڵاتی خۆیی بکات و بە سەدان هەزار هاووڵاتی ئاوارە و بە ماڵ و حاڵ بکات و دیسان داخوازی دەسەڵات یان ژیانێکی ئاسایی بێت، ئەی دادگای عەداڵەتی خەڵک تۆ بڵێ لەم زاڵمەو هاو شێوەکانی ئەم زاڵمانە بێ دەنگ بێت و خوێنی ئەو هەزاران کەسە هەر وا بە فیرۆ بروات.

لەمە سەیرتر دەبێت سەیری پشت پەردەی ئەم وتارە بکەین، چونکە لە راستیدابە شار ئەسەد تەنیا بوکەڵەیەکی دەستی چەند دەسەڵات داریکی ناوچەکەیە بە تایبەت ئێران و حیزبوڵای لوبنان بۆ ئەوەی کە هێزی راپەرین لە وڵاتەکەی خۆیان دوور بخەنەوە دەستیان بە باڵی بەشار ئەسەدەوە گرتووە تا نەکەوێ بە زەوی دا، چونکە هەر لە تازەترین هەواڵی پشتیوانی دەرو دراوسێ کانی دەسەڵاتی سوریا دا حیزبوڵای پر چەک و جبەخانەی لوبنان کە هەموو سەرچاوەی چەک و دارایەکەیان لە لایەن دەسەڵات دارانی ئیرانەوە دابین دەکرێ بە زەبری هێزەوە بەرەورووی ئوپوزسیونی سوریا بونەوە و دەستیان کرد بە شەریکی راستی و بەردەوام لە گەل گەلی راپەریوی سوریا، لەو لاشەوە ئێران بەردەوام نێردراوەکانی خۆی دەنێریتە سوریا کە بەڵینی چەورتر بدەن بە بەشار ئەسەد و بەسیجی تایبەتی بۆ دروست دەکات و پر جەکی دەکات و دارایی گەلی هەژاری ئێران درژێنێتە بەر پێ ئەسەدی خوێن رێژ تا خۆی رابگرێ لە سەر دەسەڵاتە لەرزۆکەکەی ئەمە لە کاتێک دایە کە بە داخەوە لە ئێرانی ئاخوند لێدراو دا گرانی گەیشتوتە ئەو پەری خۆیی و خەڵکی هەژار و کەم دەرامەتی ئێران بە زەحمەت نانی شەویان بۆ پەیدا دەبێت و رۆژ لە دوای رۆژ ئابووری ئێران و دراوی ئێرانی بەرەو داتەپین دەچێت بەڵام بە داخەوە دەسەڵات دارانی ئێران بە لێشاو دارای و موڵکی وڵات دەبەنە دەرەوە و پێش کەش بە حیزبۆڵای لوبنان و رژیمەکەی ئەسەدی دەکەن و روسیەش لە دوایین هەلویستی خوی دا چوار کەشتی تری شەر کەری ناردە کەناراوەکانی سوریە تا دیسان بڵێ ئێمەش هەر پشتیوانی رژیمەکەی ئەسەدین لە لایەکی ترەوەو لە تازەترین شەری هێزەکانی ئوپوزسیون بەرامبەر هێزەکانی دەسەڵاتە لەرزۆکەکەی ئەسەد دا چەند پایگای گرینگ و وەک فرۆکەخانە و جبەخانە کەوتە دەست شورشگێرەکان کە یەکێک لەو پایگایانە بە قسەی ئوپوزسیون ناوەندی ناردنی چەک و تەقەمەنی بووە بۆ رژیمی ئەسەد.

سەیرەکە لەمەدایە بۆ چی بەشار ئەسەد هەر لە خەونی شیرینی دەسەڵات و دەسەڵات خوازی دایە و ئەم هەموو کوشتن و بریندار و روخان و ماڵ کاوڵ کردنە هەر بە بایی خەیاڵی دانایە و مێشێکی میوان نی یە و وا دەزانێ کە هەر رژیمەکەی چەند ساڵ پێش ئێستایە لە کاتیکا دوو لە سەر سێی خاکی سوریا لە ژێر دەسەڵاتی رژیمەکەی دا نەماوە و لە کونتروڵی ئوپوزسیون دایە ماوەتەوە بڵێن زەبرێکی قورس دەتوانێ بەشار ئەسەد لەم خەوە شیرینە راپەرێنی ئەویش تەنیا لە ناو چوونی ئەسەد و هاو شێوەکانی وەک ئەو و هاوپەیمانەکانی دەورو بەریەتی، بۆیە گەلی سوریە دەبێت لە هەموو کات زیاتر یەکگرتوو بن و ریشەی ئەم رژیمە لە بنەوە هەڵ بکێشن و کۆتایی بە رژیمی بەعسی و خوێن رێژی بەشار ئەسەد بهێنن و ئازادی بۆ گەلی سوریا دەستەبەر بێت و ئەو حکومەتانەش بناسن کە پشتیوانی ئەم خوێن رێژە بوون و لە مێژووی سوریا دا تۆماری بکەن.